riklam

له‌ فلكه‌ی‌ زه‌عیمی‌ هه‌ولێر، كوا سه‌رداری‌ سه‌عید سۆفی‌؟

ی.ن.ک‌‌ 11:28 AM - 2019-07-01
.

.

ماوەیەك بوو شەوان هەر كەدەیویست سەرخەوێك بشكێنێ‌، هەم قاچەكانی‌، هەم هزری‌، هیچ نەبێ‌ كەمێك بحەوێنەوە تالەگەڵ كازیوەیەكی‌ نوێدا قاچەكانی‌ بۆ توولەڕێی‌ سەخت و درێژتر، هزریشی‌ بۆكێشانی‌ پلانی‌ نەبەردیی گەورەو گەورەتر ئامادەبێ‌، بەڵام هەركەچاوی‌ لێكدەنا گینگڵی‌ تۆڵە خەوی‌ دەزڕاند، وێنەی‌ شەپۆلی‌ حەفتا و پێنچ مەتری‌ ئێزگەكەو كتێبە خوێناوییەكەی‌ عەبدولخالق مەعروف بەرچاویان بەرنەدەداو هەرئەویان شكدەبرد بۆتۆڵە، بەڵام ئەم شەوەیان سەرخەوی‌ نەشكاندوكەوتەڕێ‌، بەیانیەكەی‌ 19/3/1986 بوو، هەڵۆی‌ داستانان سەرداری‌ سەعید سۆفی، ئەم جارەش وەك دەیان جاری‌ دی‌ لەگەڵ دوو هاوسەنگەری‌ تری‌ ڕێی‌ هات و نەهاتی‌ گرتەبەر، سەرداری‌ تۆڵەو ئەدەبدۆست ئەوڕۆژە لەهەموو سەفەرەكانی دیكەی‌ ئاسودەتر بوو، چونكە بۆتۆڵەی‌ دوو نوسەری‌ شەهید دادەبەزییە ناوشار.

ئەو لەكوێیە؟

سەعات 8:15ی‌ بەیانی‌ سەردار منارەیەكی‌ تری‌ هەولێر بوو لەفلكەی‌ زەعیم بۆئەم تۆڵەیە، پارێزگاری‌ خۆفرۆش (برایم زەنگەنە)ی‌ دەست نیشان كردبوو، كەئەوسا گەورەترین سەری‌ تاوانی‌ بەعس بوو لەهەولێر، هەرئەو ڕۆژە سەردار بەلێنەكەی‌ خۆی‌ بردەسەرو دوای‌ گەڕانەوە، یەكێتیی‌ نوسەرانی‌ كوردستان پیرۆزبایی قەڵەمە نەدۆڕاوەكانیان لێكرد، بەڵام سەرداری‌ ڕابەری‌ جێبەجێكاری‌ دروشمی‌ ئەوسەردمە (فاشست بكوژە تاگەل بژی‌، عەفلەقی‌ بكوژە تاكورد بژی‌) هەمیشە تفەنگی‌ لەسەرپێ‌ بوو، بەهیچ نەبەردێك دڵی‌ ئاوی‌ نەدەخواردەوە، بۆیە هەرلەو پێناوەدا بەبێ‌ باكی‌ و بەپاكی‌ سەری‌ دانا.

هەموو ساڵـێ‌ كە 30/6 دادێ‌، مەلی‌ خولیایەك بەرەو رۆژانی‌ نەهامەتی‌‌و داستانە ئەفسانەییەكانی‌ ناوهەولێر هەڵمدەگرێ‌، هەمووساڵێك كە 30/6 دادێ‌ ، (فولكەی‌ زەعیم‌و 7ی‌ نیسان‌و  بەردەرگای‌ فەیلەق) دەپرسن كوا لەكوێیە ئەوهەڵۆیەی‌ بەسەرچەقۆدا دەهات؟، بەبەردەمی‌ ئێمەدا تێدەپەڕی‌‌و هیچ سەفەرێك بێ نێچیر‌و ڕاوی‌ جەللاد‌و جانەوەری‌ ئەم شارە نەدەگەڕایەوە ئامێزی‌ سەفین‌و ئاوەگرد.

هەموو ساڵێ‌ كە 30/6 دادێ‌ عاشقانی‌ ئازادیی‌ گەل‌و نیشتمان بەپێچەوانەی‌ خۆلێگۆڕاوان دەپرسن كوا لەكوێیە ئەوفریشتەیەی‌ لەزەمانی‌ گڕباراندا بەقرچەی‌ نێوەڕۆ شنەی‌ شەوبای‌ بۆدەهێناین‌و ئازارەكانی‌ ڕادەموسین.

سەرداری هەولێر

ئەوان نا، هەموو هەولێر دەپرسن، كوا لەكوێیە ئەوهەیڤەی‌ لەئەنگوستەچاوان لەئاسمانی‌ شارەكەمان هەڵدەهات، ڕازەكانی‌ لەگەڵ‌ دەگۆڕینەوە‌و زامەكانی‌ ساڕێژ دەكردین‌و خەمەكانی‌ ئێمەی‌ دەكردە تێشووی‌ هەورازە ڕێی‌ قەندیل.

بەڵێ‌ دڵسۆزانی‌ هەولێر، ئەوهەڵۆیە، ئەوفریشتەیە، ئەوهەیڤەی‌ ئێوە سەرداری‌ مام سەعید بوو، سەرداری‌ پێشەنگی‌ خۆپیشاندانەكانی‌ ساڵی‌ 1982و پەیكی‌ پەرتووكەیاساغەكانی‌ نێوان (سەیدیان‌و قەڵا)، سەرداری‌ چەقی‌ شەقامی‌ مەنتكاوەو ناو هیران‌و لوتكەی‌ كێشكێ‌، سەرداری‌ یەك ماڵ‌ لەگەڵ‌ هەژاران‌و چەوساوانی‌ گوندنشین و جیهانی‌ لێوانلێو لەورە‌و پیرۆزی‌‌و نەبەزین.

ئەی‌ هاوڕێكەم سەرداری‌ هەولێر، تۆ كەڕۆژانێ‌ تۆڵەسێنی‌ خوێنی‌ قەڵەمە دڵسۆز‌و بەهەڵوێستەكانی‌ (عەبدولخالق و دەرگەڵەیی) بووی‌ ، تۆ كەسەرتاپای‌ تەمەن تەنیا كتێب هاوڕێ‌‌و هاوسەفەر‌و هاودەمی‌ ساتە تەنیاییەكانت بوو، كۆڵە پشتەكەت جگە لەكتێب ‌و نانەڕەقە‌و چوكولات بۆمنداڵانی‌ دێیەكان، جێی هیچی‌ تر نەبوو، شەوانی‌ حەسانەوەی‌ بنكە‌و بارەگاكانیش بەگوڵاوپژێنی‌ شیعرەكانی‌ شێركۆ، (مزەفەر نواب) زاخاوی‌ دەروونی‌ هاوڕێبازەكانت دەدا ، بەڵام هاوڕێكەم دڵنیابە باڕۆژگار هەر ڕووگرژ‌و مۆن و بەقین بێ‌، تازە تۆ وێردی‌ سەر زاری‌ هەژاران‌و (بەور)ەكەی‌ سەر لوتكەی‌ دیوانەكانی‌ شێركۆ بێكەسی‌، ناوی‌ تۆ ئاوێزانی‌ كوچە‌و كۆڵان‌و شەقام بەشەقامی‌ پیرە هەولێرە، داستانەكانت لە سینەی‌ هەورێ‌‌و سەفین‌و قەرەچوغ ‌و دێدەوان بەخوێن نەخشاوە‌و گۆڕەپانی‌ سەرداری‌ سەعید سۆفی‌ لەدڵی‌ قەڵادا هەردەمێنێتەوە.

شوێنێك بۆئەو

جێی‌ داخ و نەنگییە لەو شارەی‌ تۆ ڕەمزی‌ قارەمانی‌ و ئازایەتی‌ بووی‌، تۆی‌ ئەنجام دەری‌ زیاتر لە 84 چالاكی‌ و نەبەردی‌ پێشمەرگانە لەچواردەور و ناوجەرگەی‌ ئەم شارە، جێی‌ داخە شەقامێك، گۆڕەپانێك، باخچەیەك... هتد بەناوی‌ تۆوە نەبێ‌.

لە تێپەڕینی32 ساڵ بەسەر شەهید بوونتدا هەرهێندەم لەدەست دێ‌ بەحاكمانی‌ ئەمڕۆی‌ كوردستانەكەت بڵێم: ئایا بێ وەفایی نییە سەردارێك فلكەو شەقام لەوشارە نەمابێ‌ داستانی‌ تێدا ئەنجام نەدابێ‌، كەچی دوای‌ 32 ساڵ شوێنێك نەبێ‌ بەناویەوە؟!

بەڵام دڵنیابە هاوڕێكەم پەیكەری‌ تۆ لەدڵی‌ شۆڕشگێڕانی‌ هەموو كوردستان دایەو دەمێكیشە شێركۆ بێكەس وتویەتی‌:

سەرداری‌ سەعید سۆفی‌

قەڵایەو

(پیرمام)ەو

سەفینە

لەپێش چاو ون نابێ

كورتەی ژیاننامەكەی شەهید سەردار

فەرماندەی شەهید سەردار سەعید سۆفی‌، ساڵی‌ 1966 لە هەولێر لە دایك بووە وساڵی‌ 1981 پەیوەندی‌ كردووە بەرێكخستنەكانی كۆمەڵەی‌ رەنجدەرانی كوردستانەوە.

ساڵی‌ 1983 كە لە پۆلی‌ پێنجەمی‌ ئامادەیی دەبێت، لەلایەن رژێمی بەعسەوە فەرمانی‌ گرتنی‌ بۆ دەردەچێت، بەڵام خۆی دەرباز دەكات و دەبێتە پێشمەرگە و فەرماندەیەكی دیاری شۆڕشی نوێ.

رۆژی 30/6/1987 لەكاتی‌ بەرگریكردن لە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشی نوێ، لە چیای‌ كێشكێ‌ شەهید كراو دوا پلەشی فەرماندەی‌ كەرت بوو لە تیپی‌ 85ی‌ بەڕانەتی‌.

* ئەم بابەتە بۆیادی 24ساڵەی شەهید سەرداری سەعید سۆفی لەلایەن (د. عەبدولواحید ئیدریس شەریف)ی هاوڕێی شەهید سەردارەوە نووسراوەو هەر لەو یادەشدا لەكوردستانی نوێ بڵاوبۆتەوە.

 

لینكی یاریدەدەر بۆ بینینی ڤیدیۆكە....

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket