riklam

داعش لە كەركوك جموجۆڵی دەستپێكردۆتەوە

ریپۆرتاژ‌ 12:42 PM - 2019-06-30
.

.

لە سەرەتای ساڵی 2019دا، چەكدارانی داعش لە رێگەی پاشماوەكانی شانەی نوستووەوە جموجۆڵی جۆراوجۆر ئەنجامدەن بەتایبەت لە سنوری قەزاو ناحیەكانی كەركوك، ئەمەش لە كاتێكدایە بەڕێوبەری ئاسایشی پارتی لە كەركوك ئاشكرایدەكات داعش لە كەركوك "سەرانە" لە هاووڵاتیان وەردەگرێت.

لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، لە گەڕەكی پەنجا عەلی شاری كەركوك لە نێو ماڵێكدا سێ چەكداری داعش كوژران، هەروەها لە گوندی عەلی موسای سەر بە ناحییەی شوان دوو تیرۆست دەستگیركران كە یەكێكیان سەركردەی داعشە‌و پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە داواكراوە بوو.

هاووڵاتیانی لادێكانی سنوری ناحیەی پردێ گەواهیدەرن كە داعش شەوان لە سنورەكە دەسوڕێنەوەو داوای هاوكاری لە هاووڵاتیان دەكەن.

(پ، م) پیاوێكی (32) ساڵ، لە گوندێكی ناحیەی پردێ باسی هاتنی چەكدارانی داعش دەكات بۆ گوندەكەیان‌و دەڵێت "داعش شەوان لەدوای كاتژمێر یەكی شەو لە دەرگای ماڵەكەمیانداو پێیانوتم كە رێبوارن‌و پێوستیان بە خواردنەو ئۆتۆمبێلەكەیان لەكاركەوتووە، بۆیە نانی پێداون، بەڵام ئەو هاووڵاتییە بە پۆشاكەكەیانەوە تێگەیشتووە كە ئەو كەسانە چەكداری داعش بوون".

چەند هاووڵاتیەكی تری ناوچەكە بۆ ژیان ئەوەیان ئاشكراكرد، كە بەهۆی ترسی خۆیان‌و كەسوكاریان لە كوشتنیان لەلایەن چەكدرانی داعشەوە، هەروەها لە ترسی بۆردومانی سوپای عێراق ناتوانن زانیاری لەبارەی هاتنی چەكدارانی داعش باسبكەن.

هاوكات ئیدرایسی حاجی عادل، جێگری لێپسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای كرد، دۆخەكە زۆر مەترسیدارەو لە ئێستادا زۆر ئاڵۆزە، چونكە قەزای داقوق ٣٥ كم لە سەنتەری شاری كەركوكەوە دوورە، بەڵام لە ئێستادا زۆرترین جوڵەی تیرۆستان بوونی هەیە، بۆیە بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە لە ماوەی مانگی رابردوودا، 12بریندارو دوو شەهیدیان هەبووە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاشكراشیكرد، 30گوندی كوردنشین لە مەترسیدان‌و لە ماوەی رابردوو حەوت گوند چۆڵیان كردووەو دەیان پڕۆژەی كشتوكاڵی زیانیان بەركەوتووە.

ئاماژەشی بەوەكرد، مەترسییەكە تەنها بۆ كورد نییە، بەڵكو عەرەبەكانیش لەهەمان گرفتدان بەجۆرێك هێزە عێراقییەكان نە زانیارییان هەیە‌و نە دەتوانن ناوچەكە بپارێزن، بۆیە تاوەكو هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە هاوڵاتیانی ناوچەكە لە ئارامیدا نابن.

لەبارەی قسەكانی بەرپرسەكەی پارتی لەسەر مەترسی لەسەر كەركوك، عبدول موتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەرەی ناحیەی پردێ‌و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ناحیەكە، قسەكانی بەڕێوبەری ئاسایشی پارتی رەتكردەوە وتی، "ئەوەی بەڕێوبەری ئاسایش وتویەتی دوورە لەراستییەوەو ئەوە ئێمەین زانیاریمان لەسەر ناحیەكە هەیە نەك برادەرانی پارتی، ئەگەر هێندەش بە خەمی كەركوكەوە فەرموو بابێنەوە بەشداربن لە پارێزگاریكردن لە كەركوك".

لەبارەی ئەو جموجۆڵەی باسدەكرێت، ئافراسیاو كامیل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك رونیكردەوە، چەكدارانی داعش لەسەرەتای دروستبوونییەوە نەیتوانیووە خەونی داگیركردنی كەركوك بهێنێتەدی، بۆیە ئێستاو دوای ئەو گۆڕانكاریانە كراوە ناتوانێت كارێكی لەوشێوەیە بكات.

وتیشی "كردەوەی تیرۆستی لە هەموو جیهان بوونی هەیەو كەركوكیش بەدەر نییە لەم دۆخە، ئێمە وەك پۆلیس وتەكانی بەڕێوبەری ئاسایش رەتدەكەینەوە هیچ كەس لە كەركوك‌و دەوربەری نەهاتووە سكالا تۆماربكات یان زانیاریمان پێبدات، بۆیە هەر چ مەترسیەك هەبوو بێت لە رابردوودا ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ هیزە عیراقییەكان چارەسەرمان كردووە".

PUKmedia  / رۆژنامه‌ی ژیان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket