riklam

مه‌لا به‌ختیار: تێگه‌یشتنی مه‌ده‌نی به‌ ته‌نها بۆ مرۆڤ نییه‌

ی.ن.ک‌‌ 07:24 PM - 2019-06-25
.

.

مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند: تێگه‌یشتنی مه‌ده‌نی ته‌نها بۆ مرۆڤ نییه‌، به‌ڵكو بۆ سروشت به‌گشتی‌و ئاژه‌ڵ‌و باڵنده‌كانیشه‌
مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، پێشوازی له‌رێكخراوی پاكۆ ده‌كات‌و رایده‌گه‌یه‌نێت: تێنه‌گه‌یشتن له‌وه‌ی كه‌ ئاژه‌ڵیش گیان‌و ژیان‌و مافی هه‌یه‌، تێگه‌یشتنێكی زۆر دواكه‌وتووانه‌یه‌..

له‌و دیداره‌دا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 25-6-2019 به‌ڕێوه‌چوو، ستافی رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌: رێكخراوه‌كه‌یان له‌ساڵی (2017)ه‌وه‌ به‌ره‌سمی له‌سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌ستی به‌كاركردنی خۆبه‌خشانه‌ كردووه‌ له‌پێناو پاراستنی ژیانی ئاژه‌ڵان‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی زیاتری كۆمه‌ڵ به‌رامبه‌ر پاراستن‌و مامه‌ڵه‌كردنێكی دروست له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵاندا. هه‌روه‌ك ئه‌و پرۆژانه‌شیان خسته‌ڕوو، كه‌ له‌به‌رنامه‌ی رێكخراوه‌كه‌یاندایه‌ بۆ زیاتر پاراستنی ئاژه‌ڵان‌و هاوكات ئامانجیانه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ریتی ئاژه‌ڵدۆستی، ئامانجیشیانه‌ تاك ناتوندوتیژ په‌روه‌رده‌ بكرێت‌و له‌وپێناوه‌شدا داوای هاوكاریی‌و پاڵپشتیان له‌لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی كرد.

له‌به‌رامبه‌ریشدا، مه‌لا به‌ختیار، دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌و هه‌وڵه‌كانیان‌و ئه‌و ئامانجانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی له‌پێناودا دامه‌زراوه‌، به‌مایه‌ی خۆشحاڵی ناوبرد، به‌تایبه‌ت كه‌ ستافێكی گه‌نج، دڵسۆز، كوردو خه‌ڵكی سلێمانی، بۆشاییه‌ك، یان نه‌خۆشییه‌كیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ نه‌خۆشی تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌مافی ئاژه‌ڵان‌و وتی: ئه‌م نه‌خۆشییه‌ش، وه‌كو هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانی تر، له‌ڕابردووه‌وه‌ بۆمان به‌جێماوه‌و نمونه‌ی ململانێ‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له‌رابردوودا هێنایه‌وه‌، كه‌ ده‌یانگه‌یانده‌ ئازاردانی ئاژه‌ڵه‌كانی یه‌كتر‌و تۆڵه‌یان به‌ئاژه‌ڵ ده‌كرده‌وه‌!

هێماشی بۆ ئه‌وه‌كرد: تێنه‌گه‌یشتن له‌وه‌ی كه‌ ئاژه‌ڵیش گیان‌و ژیان‌و مافی هه‌یه‌، تێگه‌یشتنێكی زۆر دواكه‌وتووانه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی ئۆرۆپا زۆر ده‌مێكه‌ ئه‌مه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌و مافی ئاژه‌ڵان‌و خاوه‌ندارێتی، هاوتایه‌ به‌مافی مرۆڤ. مێژووی هاتنی سوپای ئینگلیزیشی بۆ عیراق به‌نمونه‌ هێنایه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربازێك دوو ئێستری بكوشتایه‌، هاوتای كوشتنی مرۆڤێك بووه‌ له‌لایان‌و تاوان بووه‌‌و وتی: به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌عیراقدا نه‌بوو به‌نه‌ریت، به‌كه‌لتورو نه‌بووه‌ به‌ به‌شێكی ویژدانی ژیان‌و ژینگه‌یی كورد‌و ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌!

هاوكات هه‌ڵكه‌ندی بیرێكی ئاو له‌پێناو  پاراستنی ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان‌و سروشتی خانه‌قین، له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا‌و خۆشه‌ویستی‌و پاراستنی ئاژه‌ڵه‌ ماڵی‌و كێوییه‌كانیش له‌لای خێزانه‌ دیاره‌كانی ئه‌و شاره‌، وه‌ك به‌شێك له‌تێگه‌یشتنێكی مه‌ده‌نیانه‌ گێڕایه‌وه‌و هاوكاریی‌و پشتیوانییه‌كانی خۆیشی له‌و پێناوه‌دا، بۆ ئه‌وه‌گێڕایه‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی مه‌ده‌نی ته‌نها بۆ مرۆڤ نییه‌، به‌ڵكو بۆ سروشت به‌گشتی‌و ئاژه‌ڵ‌و باڵنده‌كانیشه‌.

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شیدا، مه‌لا به‌ختیار، رایگه‌یاند: سوپاستان ده‌كه‌م كه‌ رێكخراوێكی له‌م چه‌شنه‌تان دامه‌زراندووه‌، ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م كه‌ خزمه‌تتان كردووه‌و پشتیوانیشتان ده‌كه‌م كه‌ به‌رده‌وام بن‌و هاوكات له‌پێناو پشتیوانی زیاتریش، داوایكرد ئه‌ندامێتی له‌ڕێكخراوی پاكۆ قبوڵبكه‌ن.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket