riklam

مەلا بەختیار: هیچ بیانویەك بۆ نەبەستنی كۆنگرە نەماوە

ی.ن.ک‌‌ 10:45 PM - 2019-06-23
.

.

"داخوازی كۆنگرە بووە بەداخوازی رایگشتی سەرانسەری یەكێتی‌و،  كۆنگرە ئێستا دروشمی سەرەكی ئەم هەلومەرج‌و قۆناغەمانە‌و جگە لەكۆنگرە، یەكێتی رێگایەكی تری لەبەردەمدا نەماوە".

بەم وتانەی سەرەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی موسڵ كۆبۆوە، كە ئەمڕۆ (23/6/2019) لەسلێمانی سەردانیان كردو لەكۆبوونەوەیەكی هەمەلایەنەشدا، بەوردی گفتوگۆ لەبارەی كۆی گشتی هەلومەرجی ئێستاو قۆناغەكە بەتایبەتی‌و چۆنێتی رووبەڕووبونەوەی كرا.

لەسەرەتای دیدارەكەشدا، لەلایەن خۆیانەوە هەڤاڵانی مەڵبەندی موسڵ، پاشئەوەی رونكردنەوەی پێویستیان لەبارەی دۆخی ئێستای موسڵ‌و ناوچەكە بەگشتی خستەڕوو، ئاماژەشیان بۆ ئەوەكرد، كە: لەبەرامبەر دڵسۆزیتان بۆ بەرژەوەندیی یەكێتی، بەڕێزتان بەپارێزەر‌و داكۆكیكارێكی سەرسەختی یەكێتی دەزانین.

لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، لەسەرەتای وتەكانیدا، لەبارەی دۆخی یەكێتییەوە، سەرنجەكانی خستەڕوو و تیایدا ئاماژەی بەنەخشەی سیاسی، رێكخستن، رێكخراوەكان، رووناكبیریی‌و راگەیاندن، چۆنێتی ئیدارەدانی یەكێتی كردو لەچوارچێوەشدا هێمای بۆ كێشەو گرفتەكان كرد‌و دۆخی ئێستاو رابردووی یەكێتیشی، لەسەر ئاستی ناوخۆ لەكوردستان‌و عیراق، لەهەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی شرۆڤە كردو رۆڵی میحوەریی‌و پەیوەندییەكانیشی بەوردی لێكدایەوە.

هەروەك لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پاشئەوەی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: داخوازی كۆنگرە، بووە بەداخوازی رایگشتی سەرانسەری یەكێتی‌و كۆنگرە دروشمی سەرەكی ئێستای ئەم هەلومەرج‌و قۆناغەمانە‌و، جگە لەكۆنگرەش یەكێتی رێگایەكی تری لەبەردەمدا نەماوە‌و هیچ بیانویەكیش بۆ نەبەستنی نەماوە. بەتایبەت كە هەڵبژاردنەكان تەواو بوون، حكومەتەكان دامەزران، پاشكەوتی مووچە چارەسەر كرا، داعشیش لەناوچەكانی ئێمە ناوە، ئیتر لەسەرچی وەستاوین؟!

 وتیشی: كۆنگرە شوێنی یەكترناسین نییە، هەتا ئەندامانی كۆنگرە یەكتری تێدا بناسین‌و داوای دەنگ لەیەكتر بكەین، بەڵكو پێویستە ئەندامانی كۆنگرە، دوای هەڵسەنگاندنی كارو كردەوەی رابردووی هەر كاندێك، ئەوجا دەنگی بداتێ‌‌و راشیگەیاند: ئەم یەكێتییەی ئێستا گەیشتۆتە ئەم قۆناغە، حزبی مام جەلالە، ئەو حزبەی رۆژهەڵات‌و رۆژئاوای دنیا حسابی بۆ دەكرد.

مەلا بەختیار، لەبارەی هەڵوێستەكانیشییەوە، جەختیكردەوە: كاتێك هەڵوێستم هەیە، واتا ئامانجم هەیە‌و ئامانجەكەشم تەنها ئەوەیە كۆنگرە ببەستین‌و گۆڕانكاری لەناو یەكێتیدا دروستبكەین، هەموو ئەوەش بۆ یەكێتی‌و لەپێناو یەكێتیدایە.

تەئكیدیشی كردەوە: وەك مەلا بەختیار، لەناو كۆنگرە پەرۆش دەبم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و بۆ گۆڕانكارییەكی شایستە، چونكە من هەمیشە هەر مەلا بەختیاری یەكێتیم‌و تێكۆشەری سەنگەری یەكێتی و دیموكراسی‌و  نەتەوەكەم دەبم لەهەر چوار بەشەكەی كوردستان‌و ئەمەش ئەرك‌و لێپرسراوێتی و ئاكاری منە. چونكە ئەوەی بۆ من گرنگە پرەنسیب‌و راستگۆیەتییە، گرنگتریش ئەوەیە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، لەكوێدا هاوپەیمانێتی‌و لەكوێشدا ململانێ‌ لەگەڵ حزبەكاندا دەكات. چونكە دنیای سیاسەت هەمووی هاوپەیمانێتی‌و هەمووشی ململانێ‌ نییە، بەڵكو دەبێ‌ هاوسەنگی نێوانیان رابگیرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە: هەرگیز رێگە نادەم هیچ لایەك سوود لەرەخنەكانم دژی یەكێتی وەربگرێت، بەڵكو تەنها پێ‌ لەسەر كۆنگرە دادەگرم، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا یەكێتی بچێتە شەڕەوە، ئەوا دەچمە ناو سەنگەر. یەكێتی ململانێ‌ بكات، ململانێ‌ دەكەم‌و ئەگەر پێویستیشی بەدیفاعی من بێ‌، ئەوا بەبێگومان دیفاع دەكەم.

لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، بۆ هەڤاڵانی مەڵبەندی موسڵ، تەئكیدی كردەوە كە پێویستە هەڤاڵان رۆڵی داینەمۆ بگێڕن‌و موسڵێكی هاوتای كەركوك بهێنینە كایە، نەك لەسەر خاكەكەی، بەڵكو لەبەر پێگەكەی لەهاوكێشە سیاسییەكانی، ئابورییەكەی، جوگرافیاكەی، دەبێ‌ ئیدی یەكێتی پێگەیەكی بەهێزی لەموسڵ هەبێت. لەلایەكەوە بۆ ئاستی عەرەب‌و سوننە كاریگەریمان دەبێت‌و لەملاشەوە بۆ بەشێك لەناوچە دابڕێندراوەكان كە بەتایبەت پێكهاتەیەكی ئێجگار گرنگی وەك ئێزدییەكان‌و شەبەك وەك بەشێكی گرنگی میللەتەكەمان لەناوچەكەدان‌و لەدوای هاتنی داعشیشەوە توشی كارەسات بوونەوە. لەكاتێكدا مێژووی ئێزدییەكان مێژووی فەرمانی جینۆسایدە‌و لەمێژووی (1400)ساڵی رابردوودا، گوناهی زۆر زۆر گەورە دەربارەیان كراوە، بۆیە پێویستە یەكێتی رۆڵی جدیترببینێ‌ كە ئەم برینانە ساڕێژ بكەین‌و نابێ‌ ئەو ناوچەیە فەرامۆش بكەین، ئێوەی هەڤاڵانیش پێویستە رۆڵی خۆتان بگێڕن، كۆڵنەدەن‌و هۆشیاربن. 

PUKmedia راگەیاندنی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket