riklam

هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ

ریپۆرتاژ‌ 03:44 PM - 2019-06-23
.

.

ئەمڕۆ ٢٣ حوزەیرانی ٢٠١٩ هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردنە بریتییە لەدوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ كە لە ٣١ ئازاری ئەمساڵدا ئەنجامدرا.لەهەڵبژاردنی پێشودا بەربژێرەكەی جەهەپە، توانی بەسەر بەربژێرەرەكەی ئاكپارتیدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت.

بەڵام دواتر بەهۆی فشارە بەردەوامەكانی ئاكپارتی، ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بەكۆمەڵێك پاساوی جیاواز، بریاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆك شارەوانی ئیستەنبوڵ‌و رۆژی ٢٣ حوزەیرانیشی دەستنیشان كرد بۆ رۆژی دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكە.

ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی ئەمرۆشدا چاوەروان دەكرێت، بریتییە لەركابەریەكی توند لەنێوان هەردوو بەربژێر بیناڵی یەڵدرم، ئاكپارتی‌و ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، جەهەپە، بەراورد بە بەربژێری پارتەكانی دیكە. لەلایەكی دیكەشەوە هەدەپە، هاوشێوەی هەڵبژاردنی ٣١ ئازاری ئەمساڵ سەرەڕایی نەبونی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆك شارەوانی ئیستەنبوڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو چاوەكان لەسەر دەنگدەرانی هەدەپەیە، بەو پێیەی چاوەڕوان دەكرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی ٣١ ئازار، لەم هەڵبژاردنەشدا دەنگدەرانی كوردو هەدەپە، رۆڵی گەورە ببینن لە یەكلابونەوەی ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی یەكێك لەكاندیدەكان.

چەند زانیارییەكی گشتی دەربارەی ٢٣ حوزەیرانی شارەوانی ئیستەنبوڵ

_لەم هەڵبژاردنەدا ١٠ ملیۆن ٥٦٠ هەزار‌و ٩٦٣ هاوڵاتی ئیستەنبوڵ، لەسێ بازنەی هەڵبژاردن، روو لە بنكەكانی دەنگدان دەكەن‌و دەنگ دەدەن.

_لەم هەڵبژاردنەدا ٣١ هەزار‌و ١٢٤ سندوقی هەڵبژاردنبۆ دەنگدانی هاوڵاتیان دابین كراوە، هەر سندوقێك دەنگی ٤٠٠ دەنگدەر لەخۆی دەگرێت.

_ئەم پرۆسەیە تەنها بۆدوبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ ئەنجام دەدرێت. بۆیە تەنها یەك پسوڵە دەدرێتە دەنگدەر، ئەویش تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆك شارەوانی گەورەشاری ئیستەنبوڵ.

_ئەو پسوڵەو كارتەی كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی گەورە شارەوانی بەكاردەهێنرێن رەنگی (سپییە).

_لەم هەڵبژاردنەدا هەمان لیستی دەنگدەرانی ئیستەنبوڵ، كە پێشتر لە لایەن دەزگای باڵای هەڵبژاردنەكانەوە بۆ دەنگدان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ ئامادەكرابوو، دەنگی پێ دەدرێتەوە. واتە لیستی دەنگدەرانی ئیستەنبوڵ تازە نەكراوەتەوە. ئەوانەشی لە دوای ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ەوە پێیان ناوەتە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بۆ لیستی نوێی دەنگدەران زیاد نەكراون.

_لە كارتی دەنگدانەكەدا ریزبەندی ناوی پارت‌و بەربژێرەكان بەپێی ئەو تیروپشكەی كە پێشتر كراوە دانراوە، تیایدا ناوی پارتەكان‌و هێماكانیان هەیه، لە كۆتایی كارتەكانیشدا ناوی كاندیدانی سەربەخۆ هەیە.

_دەنگدەران مۆرێك بۆ دەنگدان بەكاردەهێنن كە لەسەری نووسراوە (بەڵێ). جگە لە مۆر هیچ نوسینێك لەسەر كارتەكان نانوسرێت.

_كاتی دەنگدان لە كاتژمێر ٨ بەیانی دەستپێدەكات، تا ٥ ئێوارە بەردەوام دەبێت.

_ لەگەڵ كۆتایهاتنی ماوەی دەنگدان، پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەست پێ دەكات‌و سندوقەكان دەكرێنەوە.
پارتە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ

لەم هەڵبژاردنەدا چوار پارتی سیاسی توركیا بەرەسمی بەربژێریان دەستنیشانكردوە بۆ پۆستی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، هاوكات ١٧ كەسیش وەك بەربژێری سەربەخۆ لەدەرەوەی پارتە سیاسیەكان خۆیان بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووە.

بەپێی ریزبەندی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنی توركیاش پارتە سیاسیە بەشدارەكانی ئەم هەڵبژاردنە بریتین لە (پارتی سەعادەت، پارتی نیشتیمان، پارتی كۆماری گەل، پارتی دادوگەشەپێدان + ١٧ كاندیدی سەربەخۆ).

كاندید یاخود بەربژێرەكانیش بریتین لە (نەجدەت غۆكنجار، پارتی سەعادەت، مستەفا ئیڵكەر یوجل، پارتی نیشتمان، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، جەهەپە،بیناڵی یەڵدرم، ئاكپارتی).

هاوكات چەند پارتێكی سیاسی‌و گەورەی توركیا، هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی ٣١ ئازار بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ نەبوو، لەنمونەی (مەهەپە، هەدەپە، ئیی پارت). بەڵام هەریەكەیان بەجیا پشتیوانی لە بەربژێرێكی پارتە هاوپەیمانەكەیان دەكەن. بۆ نمونە مەهەپە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی كۆماردا پشتیوانی لە بیناڵی یەڵدرم، بەربژێری ئاكپارتی دەكات. لەلایەكی دیكەوە (ئیی پارت) لەچوارچێوەی هاوپەیمانی میللەتدا پشتیوانی لە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، بەربژێر جەهەپە دەكات. هەرچی هەدەپەشە لەدەرەوەی هاوپەیمانێتی میللەت، ئەمجارە بەشێوەیەكی تاڕادەیەك ئاشكرا بریاریداوە پشتیوانی لە ئیمام ئۆغڵۆ بكات. بەمەبەستی شكستهێنان بەهاوپەیمانی كۆماری ئاكپارتی‌و مەهەپە لەئیستەنبوڵ، هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی ئازاری ئەمساڵ.
ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ ٣١ ئازاری ٢٠١٩

هەڵبژاردنەكانی ٣١ ئازاری ٢٠١٩، بۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، كێبركێیەكی بەهێزی بەخۆیەوە بینی لەنێوان بیناڵی یەڵدرم‌و ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆدا. لەدوای بەرێوەچونی پرۆسەكەو دەركەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوی بەربژێری جەهەپە، ٤ملیۆن‌و ١٧١ هەزار‌و ١١٨ دەنگی بەدەستهێنا، بەرامبەر بە بەڕێژەی ٤٨.٨٠٪ی دەنگەكان. لەبەرامبەردا بەربژێرەكەی ئاكپارتی (بیناڵی یەڵدرم)،٤ملیۆن‌و ١٤٩ هەزارو ٦٥٦ دەنگی بەدەستهێنا، بەرامبەر بەرێژەی ٤٨.٥٪ی دەنگەكانی ئیستەنبوڵ. بەپێی ئەم ئەنجامەش دەركەوت كە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ بەجیاوازیتەنها ٢١ هەزار‌و ٤٦٢ دەنگ بووەتە براوەی هەڵبژاردنەكان‌و سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ.هاوكات سێ كاندیدەكەی دیكەی (پارتی چەپی دیموكرات، پارتی سەعادەت، پارتی توركیای سەربەخۆ) توانیان تەنها ١٦١ هەزارو ٣٥٥ دەنگ كۆبكەنەوە، كەبەرامبەر بوو بەرێژەی ١.٨٩٪ دەنگەكانی شارەوانی ئیستەنبوڵ.

سەركەوتنی جەهەپە بەسەر ئاكپارتیدا ماناو دەلالەتی زۆری هەبوو، بەتایبەت لەرویی سیاسی‌و ستراتیژییەوە، بەو پێیەی لەدوای ١٧ ساڵ ئاكپارتی دەسەڵاتی یەكەمی شارەوانی ئیستەنبوڵی لەدەستدا. لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی پشتگیری‌و دەنگی دەنگدەرانی كوردو هەدەپەوە، بە بەربژێرەكەی جەهەپە، شكستی دوچاری بەربژێرەكەی ئاكپارتی كرد.

ئایا ئەمجاریش هەدەپە رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێت؟

هەدەپە، بەهەمان شێوەی هەڵبژاردنی رابردوئامانجیەتی رۆلی سەرەكی ببینێت لە شكستهێنان بە هاوپەیمانی ئاكپارتیو مەهەپ.

بەڵام ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا خاڵی جیاوازە بۆ هەدەپە، بەراورد بەهەڵبژاردنی پێشوو، ئەوەیە كە ئەمجارە هەدەپە زۆر بەراشكاوانەتر لەجاری پێشوو، پشتگیری بۆ كاندیدەكەی جەهەپە ئیمام ئۆغڵۆ دەربریوە، سەركردەكانی هەدەپە، لە سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە تا هاوسەرۆكانی ئێستای هەدەپە، بەئاشكرا داوایان لەدەنگدەرانی كوردو هەدەپە كردوە كە لە ئیستەنبوڵ، دەنگ بدەنە ئیمام ئۆغڵۆ، دژ بە بیناڵی یەڵدرم.

جەهەپە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا، لە ئیستەنبوڵ خاوەنی ٢ ملیۆن‌و ٤٩٥ هەزارو ٩٩٦ دەنگ بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٣١ ئازاری شارەوانی ئیستەنبوڵدا، دەنگەكانی زیادی كرد بۆ ٤ ملیۆن‌و ١٧١ هەزارو ١١٨ دەنگ، واتە ١ ملیۆن‌و ٦٧٥ هەزارو ١٢٢ دەنگی زیادی كرد.

بێگومان ئەم زیادبونەش دەگەرایەوە بۆ پشتیوانی دەنگدەرانی هەدەپە بۆ بەربژێرەكەی جەهەپە، بەو پێیەی هەدەپەخاوەنی ١ ملیۆن‌و ١٩٥ هەزارو ٦٠٢ دەنگی ئیستەنبوڵ بوو، لەهەڵبژاردنەكەی ٣١ ئازاریشدا، ٩١١ هەزار دەنگدەری هەدەپە لەئیستەنبوڵ دەنگیان بە ئیمام ئۆغڵۆ بەخشی، ئەم پێگەو قورساییەی هەدەپە لەهەڵبژاردنی پێشوی ئیستەنبوڵدا، توانی رۆڵی یەكلاكەرەوە بینێت، لەسەرخستنی جەهەپەو شكستهێنان بە هاوپەیمانی ئاكپارتی‌و مەهەپە.

بۆیە چاوەروان دەكرێت هەدەپە لەم هەڵبژاردنەشدا، ببێتە یەكێك لەكارەكتەرە سەرەكیەكانی پرۆسەكە، هەموانیشچاوەرێی ئەوە دەكەن بۆ ئەوەی بزانن كە ئایا ئەمجارەش دەنگدەرانی هەدەپە وەك هەڵبژاردنی پێشوو شكست دوچاری ئاكپارتی دەكەن، یاخود بەپێچەوانەوە بەدەم دواین بانگەوازی بێلایەن بونەوە دەچن كە ئۆجالان لە ئیمرالییەوە داوای كردووە، یان مانۆرە سیاسیەكانی ئەردۆغان‌و ئاكپارتی كاریان تێدەكات، بۆ ئەوەی ئەگەر دەنگیش نەدەنە ئاكپارتی، ئەوا لانی كەم پشتیوانی لە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ نەكەن، لەهەڵبژاردنەكەدا.

ئەنجامی راپرسییەكان دەربارەی هەڵبژاردنی ٢٣ حوزەیرانی ئیستەنبوڵ

هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی رابردوی توركیا، ناوەندو دەزگاو سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە لە توركیادا دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٣ حوزەیرانی ئیستەنبوڵ، چەندین راپرسیان ئەنجام داوە. زۆرینەی راپرسییەكانیش لەماوەی رابردودائەو ئەنجامەیان پشتراست كردەوە، كە ئەم هەڵبژاردنەش هاوشێوەیهەڵبژاردنەكەی ٣١ ئازار، ململانێەكی بەهێز بەخۆیەوە دەبینێ، بەتایبەت لەنێوان هەردوو بەربژێرەكەی ئاكپارتی‌و جەهەپەدا. هاوكات ئەنجامی زۆرینەی راپرسیەكانیش، جەختیان لەوەكردەوە، كە چانسی ئیمام ئۆغڵۆ زۆر زیاترە لەچانسی بیناڵی یەڵدرم، بۆ دوبارە بردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ. 

1_راپرسی كۆمپانیای راوێژكاری ماك: ١١ هەزار كەس بەشدارییان تیایدا كردبوو، ئەنجامەكانی بەم جۆرە بوو

_٥٠.٣٪بەشداربوان دەنگیان دابوو بە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ.

_٤٨.٢٪بەشداربواندەنگیاندابوو بە بیناڵی یەڵدرم.

_١.٥٪ بەشداربوان دەنگیانبە پارتەكانی دیكە بەخشیبوو.

2_راپرسی دەزگای كۆندا بۆ توێژینەوە:چاوپێكەوتنی لەگەڵ ٣ هەزار‌و ٤٩٨ كەس لە ١٥٧ گەڕەكی جیاوازی شاری ئیستەنبوڵ ئەنجامدابوو،ئەنجامەكانیشی بەم جۆرە بوو:

_٤٩٪بەشداربووان دەنگیان بە ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ دابوو.

_٤٠.٩٪بەشداربوواندەنگیان بەبیناڵی یەڵدرم دابوو.

_٩.٤٪بەشداربووان خۆیان یەكلانەكردبویەوە لە دەنگدان.

_دەزگاكە بەشێوەیەكی رێژەیی دەنگی ئەو كەسانەشی كە خۆیان یەكلانەكردبویەوە دابەش كردبوو بەسەربەربژێرەكاندا، بەو شێوەیەش رێژەی دەنگەكانی ئیمامئۆغڵو گەیشتە٥٤٪دەنگەكان، هاوكات دەنگەكانی یەڵدرم گەیشتە٤٥٪دەنگەكان، ١٪ دەنگەكانیش رۆیشت بۆ پارتەكانی دیكە. 3_راپرسی كۆماپانیای كۆنسەنسۆس: هەزار‌و ٤٠ كەس لە هاوڵاتیانی ئیستەنبوڵ بەشدارییان لە راپرسیەكەدا كردبو،ئەنجامی راپرسیەكەی بەم جۆرە بوو:

_٥٠.٢٪ بەشداربوان دەنگیان دابوو بە ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ.

_٤٨.١٪ بەشداربوان دەنگیان دابوو بەبیناڵی یەڵدرم.

_١.٧٪ بەشداربوان دەنگیان بە پارتەكانی دیكە بەخشی بوو.

دواجار ئەوەی پێویستە بگوترێ ئەوەیە كە لە هەڵبژاردنی رابردودا نزیكەی ١ ملیۆن‌و ٧٠٤ هەزار‌و ٣٢٥ دەنگدەری ئیستەنبوڵبەشداریان لە هەڵبژاردنەكەدا نەكرد. بێگومان لەئەگەری بەشداربونی نیوەی ئەم ژمارەیە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی ئەمجارە دەبێت، بەتایبەت كە جیاوازی دەنگی دوو ركابەرەكە لەهەڵبژاردنی رابردودا،تەنها ٢١ هەزار دەنگ بوو.لێرەشەوە زۆرێك پێیان وایە ئەو لایەنەی بتوانێتلەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین دەنگدەری ئیستەنبوڵ بباتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بێشكبراوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی ئەمرۆی ئیستەنبوڵ دەبێت.
PUKmedia  ژیان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket