riklam

مه‌لا به‌ختیار: گۆڕانكاری به‌كرده‌وه‌ ده‌بێت نه‌ك به‌دروشم

ی.ن.ک‌‌ 04:06 PM - 2019-06-20
.

.

رێكخراوی چه‌پك، سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی ده‌كه‌ن‌و له‌دیدارێكیشدا، ئامانجی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌یان له‌هۆڵه‌نداو كاروچالاكی‌و پرۆژه‌كانیان له‌هۆڵه‌نداو كوردستان ده‌خه‌نه‌ڕوو.

له‌دیداره‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ 20-6-2019، به‌ڕێوه‌چوو، مه‌لا به‌ختیار، پیرۆزبایی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌‌و ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ی چالاكییه‌كانیان كردو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ هه‌ر رێكخراوێك نه‌توانێت چالاك بێت‌و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی په‌سه‌ندی ده‌كات به‌شێكی جێبه‌جێ‌ بكات، ناتوانێ‌ كاریگه‌ریش بێ‌ بۆ گۆڕانكاری‌و وتی: گۆڕانكاری ته‌نها به‌كرده‌وه‌ ده‌بێت، نه‌ك به‌دروشم.

له‌باره‌ی رێكخراوه‌ ئێنجی ئۆكانیشه‌وه‌، رونیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر رێكخراوی ئێنجی ئۆی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی هه‌بێ‌، كادری شایسته‌و ئاستی دیاریكراو و پشتیوانی هه‌بێ‌، ئه‌وا رێكخراوی ئێنجی ئۆی ناحكومی‌و سه‌ربه‌خۆ، به‌شی خۆی كاریگه‌ری زۆر به‌رچاو له‌كۆمه‌ڵ‌و كایه‌كاندا به‌دیده‌هێنێت‌و وتیشی: ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حزبی‌و حوكمڕانی، دیارده‌یه‌كی تر په‌یدا بووه‌، كه‌ ته‌مه‌نی بۆ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك ده‌چێت، كه‌ دیارده‌ی چۆنێتی خه‌باتكردن‌و خزمه‌تكردن‌و كاریگه‌رییه‌كانی ئێنجی ئۆكانه‌، بۆ بونیادنانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، پێشخستنی ئازادیی‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی سیسته‌می دیموكراسی.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، رونیشیكرده‌وه‌: كاركردن له‌نێو ئه‌م رێكخراوانه‌دا، له‌سایه‌ی بوونی حكومه‌تێكی نیمچه‌ دیموكراتیش بێ‌، وه‌كو كوردستان، ده‌ره‌تانێكی جوانه‌ مرۆڤ بتوانێ‌ خه‌یاڵه‌ جوانه‌كانی فكرو فه‌لسه‌فه‌ی خۆی بۆ خزمه‌تكردنی ژیانی كۆمه‌ڵ، جێبه‌جێ‌ بكات.

راشیگه‌یاند: ئێستای كوردستانیش له‌قۆناغێكدا نییه‌، كه‌ رۆمانسیه‌تی حزبی به‌سه‌ر تاك ‌و كۆی كۆمه‌ڵدا زاڵ بێ‌، چونكه‌ ئه‌و رۆمانسیه‌ته‌ نه‌ما، وه‌كو هه‌موو ئه‌زمونێك له‌ئه‌زمونه‌كانی بونیادنانی ده‌سه‌ڵات، به‌پێچه‌وانه‌ی شۆڕش‌و خه‌باتی شۆڕشگێڕێتی كه‌ رۆمانسیه‌تی حزبایه‌تی‌و ئایدۆلۆجیه‌ت زاڵه‌. به‌ڵام له‌بونیادی ده‌سه‌ڵاتدا، چۆنێتی په‌ره‌پێدانی دیموكراسی له‌ناو كۆی كۆمه‌ڵ زاڵ ده‌بێت. بۆیه‌ كه‌ ورده‌ ورده‌ ئه‌و رۆمانسیه‌تی حزبییه‌ ئاوا ده‌بێت، ئه‌وا ئه‌ركه‌ مادییه‌كانی ژیان جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌. واتا ئه‌و ئه‌ركانه‌ی راسته‌وخۆ له‌ناو خه‌ڵكدا خزمه‌تی پێده‌كه‌یت‌و داخوازییه‌كانیانی پێ جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌یت، ره‌خنه‌كانی خه‌ڵكی پێ قبوڵ ده‌كه‌یت‌و به‌ ته‌نگ پێویستییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌چیت.

مه‌لا به‌ختیار، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌: ئێستاش ژیانی ئێمه‌، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوان بكه‌ین حكومه‌ت به‌ته‌نها هه‌موو خواسته‌كانی خه‌ڵك‌و تاكیش به‌جێی بهێنێ‌، ئه‌وا ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ به‌شێكی دێته‌دی‌و به‌شه‌كه‌ی تریشی نایاته‌دی. به‌ڵام به‌شه‌ نه‌هاتۆته‌دییه‌كه‌، بێگومان رێكخراوه‌ ئێنجی ئۆكان‌و مه‌ده‌نییه‌كان ده‌توانن رۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕن له‌و بۆشاییانه‌ی ده‌مێنێ‌‌و حكومه‌ت ناتوانێ‌ ئه‌ركی تێدا بگێڕێ‌‌و وتیشی: ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتی، كه‌ خۆمان به‌ یه‌كێك له‌پێشكه‌وتوترین حزبه‌كانی كوردستان‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌زانین، پێویست تێبگه‌ین ئه‌و حزبایه‌تییه‌ی جاران له‌شاخ‌و له‌دوای راپه‌ڕین ده‌مانكرد، پێوه‌ره‌كانی گۆڕدراون‌و ئێستا به‌هه‌زاران ئه‌ندامی یه‌كێتی له‌رێكخراوه‌كان خه‌بات ده‌كه‌ن‌و خزمه‌ت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن‌و داواش ده‌كه‌ن یه‌كێتی پشتیوانیان بكات.

 جه‌ختیشیكرده‌وه‌: راستی په‌یوه‌ندی ئۆرگانیكی نێوان خزمه‌ت‌و خه‌ڵك، رێكخراوی ئێنجی ئۆو ده‌سه‌ڵات، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی كرده‌ نه‌ك ده‌ستكرد، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ پێمخۆشه‌ ئێوه‌ وه‌كو رێكخراوه‌كه‌تان گه‌شه‌ بكه‌ن‌و چالاكتربن له‌وه‌ی هه‌یه‌.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket