riklam

گەندەڵی دەوری ملیارەها دۆلاری ئاوارە و پەنابەرانی هەرێم دەدات

ریپۆرتاژ‌ 03:28 PM - 2019-06-20
.

.

ئەمریكا بڕی ئەو یارمەتییە داراییە ئاشكرا دەكات كە بۆ ئاوارە عیراقی و پەنابەرە سورییەكانی دەستی داعش خەرجكراوە و بە چەندین ملیار دۆلار باسی دەكات، لە كاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەندین بۆنەدا هۆكارێكی قەیرانی دارایی بۆ ئەوە دەگێڕدرایەوە كە خەرجی نزیكەی 1ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە و پەنابەریان لە ئەستۆیەو لە هەرێم داڵدەدراون و هاوكاتیش حكومەتی عیراق، بۆ هەرخێزانێكی ئاوارەی دەستی داعش لە عیراق مانگانە یەك ملیۆن دیناری بۆ خەرجكردوون.

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستانیش لە لێدوانێكیدا بە PUKmedia ی راگەیاند دۆسیەی گەندەڵی لەخەرجی و دابینكردنی خزمەتگوزاریی بۆ ئاوارەكان لەلایەن دەستەكەیانەوە لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت و وتی: كەیسی وا هەیە زانیاریمان بۆ هاتووە، بەڵام لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

دوو ملیار و 200 ملیۆنی ئەمریكا!!

لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا (20/6/2019)، كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان ئامارێكی وڵاتەكەی لەبارەی پەنابەران و هاوكارییە داراییەكانی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەدات كە "ئەمریكا" گەورەترین دابینكەری هاوكارییە مرۆییەكانە لەجیهاندا، دەشڵێت: ئەمڕۆ حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیاتر لە  دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری دابینكردوە بۆ هاوكاری شەش ملیۆن هاووڵاتی عیراقی كە لەلایەن داعشەوە ئاوارە بوون.

9ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری دیكەی ئەمریكا!!

دەشڵێت: حكومەتی ئەمریكا زیاتر لە نۆ ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری خەرجكردووە بۆ یارمەتیدانی خەڵكی سوریا لەناوچەكەداو لەناو ئەوانەشدا 250 هەزار پەنابەری سوری كە لەهەرێمی كوردستانی عیراق دەژین، سەڕەرای پارەداركردنی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان (UNHCR) و ئاژانسی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری منداڵان (UNICEF) بۆ دابینكردنی هاوكاری بۆ پەنابەرە سوری  و ئاوارە عیراقیەكان.

كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشداوە نوسینگەی دانیشتوان و پەنابەران و كۆچی سەر بەوەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كار لەگەڵ رێكخراوە ناحكومیە هاوبەشەكانی دەكات بۆ باشتركردنی شێڵتەرەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و راوێژكاری یاسایی و بەرزكردنەوەی هەلی بژێوی زیاترو بەڕێوەبردنی سەنتەری گەنجان و شوێنی یاریكردنی منداڵان و دڵنیاكردنەوە لە دەست گەیشتن بەخوێندنێكی باش و قەدەغەكردنی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری.

زێباری: عیراق و لایەنی نێودەوڵەتی بەرپرسیارنین!

لەلایەكی دیكەوە چەندینجار دیندار زێباری باسی لە پرسی ئاوارەكان كردووە و  "لایەنی نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراق"ی بەوەتۆمەتباركردووە كە "بەرپرسیارێتیی خۆیان وەكو پێویست لە بەرامبەر ئاوارەو پەنابەران هەڵنەگرتوو".

3.jpg


دوو ملیۆن ئاوارە!!

جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د.دیندار زێباری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات ژمارەی ئەو ئاوارە عێراقییانەی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە روویان كردووەتە هەرێمی كوردستان دوو ملیۆن كەسیان تێپەڕاندووە.

لەوبارەیەوە زێباری رایگەیاند: "ئێمە دوو جۆرە ئامارمان هەیە، ئامارێكیان هی نووسینگەی هەرێمی كوردستانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقە كە باس لەوە دەكات لەسەرەتای ساڵی 2014ەوە 286 هەزار خێزان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە هەرێم نیشتەجێ بوون، ئاماری دووەمیش هی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی"IOM"ە، ئەو ئامارەش روونی دەكاتەوە زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار كەس لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، لەبیریشمان نەچێت پێش ساڵی 2014ش نزیكەی 40 هەزار خێزانی دیكەمان هەبوو كە پێشتر و لە دوای رووداوەكانی ساڵی 2005ەوە روویان كردووەتە هەرێم، ئەوە سەرباری  پەنابەرانی رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵاتیش".

زیباری باسی قەیرانی دارایی!

زێباری باسی لەوەشكرد كە پێشوازیی هەرێم لە ئاوارەی دیكە قورسە بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی ئاڵۆزی داراییدا تێدەپەڕێت و داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكوومەتی عێراقیش كرد یارمەتی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێم بدەن.

لەو رووەوە ناوبراو گوتی: "ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی ئاوارەی دیكە بەتەنیا بە حكوومەتی هەرێم ناكرێت، لایەنی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت بەرپرسیارێتی وەربگرن و بێنە پێشەوە، لەوبارەیەوە چەندین جار داوامان كردووە ئەو دوو لایەنە لەبارەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی وەربگرن".

ئەو بەرپرسە باڵایەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەخنەش لەوە دەگرێت كە هەریەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها حكوومەتی عێراقیش بەرپرسیارێتیی خۆیان نەگرتووەتە ئەستۆ و دەڵێت: "ئێمە گلەییمان لەوەدایە كۆمەكی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارە و پەنابەرانیش باش نەبووە و وەكو پێویست نەبووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەكو پێویست ئەو پارەیەی دابین نەكردووە كە دەبوو بیكات، ئەوە سەرباری ئەوەی حكوومەتی عێراقیش دابینی نەكردووە، ئێستا ئاوارە و پەنابەران بارگرانییەكی زۆرن بەسەر شانی حكوومەتی هەرێمەوە و تاكە چارەسەری ئەوەش تەنها بەگەڕانەوەی ئەوانە بۆ شوێنی خۆیان".

بودجەی تر و نەبوونی ژمارەی هەرێم!

لەبارەی ئەو بارگرانییەشی كەوتووەتە سەر حكوومەتی هەرێم دیندار زێباری روونی دەكاتەوە، "بەشێكی زۆری هاوكارییەكان بۆ ئاوارە و پەنابەران كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە پێشكەشیان دەكرێت لە ئاستی دوو لایەن بووە، یەكەمیان بوودجەی پارێزگاكان بووە و ئەویش تریش بوودجەیەك بووە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دابین كراوە".

گوتیشی: "ژمارەیەكی تەواو ورد و دروستمان لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی بزانیین حكوومەتی هەرێم چەندی لەسەر ئاوارە و پەنابەران خەرج كردووە،  بەڵام وەزارەتی ناوخۆ و پلاندانان ئەوەیان بەنزیكی كردووە و بەپێی خەمڵاندنەكان هەرێمی كوردستان ساڵانە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار لەوان خەرج دەكات بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان".

لەكۆتایی قسەكانیدا زێباری راستەوخۆ رەخنەی لە لایەنی نێودەوڵەتی كرد كە زۆر جار رەخنە لە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران دەگرن، بێ ئەوەی ئامادەبن هیچ پارەیەك بۆ پێداویستییەكانی ئەوان راستەوخۆ بدەن بە هەرێمی كوردستان.

٦.jpg


هەروەها زێباری لە وەڵامی چەند ڕاپۆرتێكی پەیوەندیدار بە رەوشی ئاوارەكان و یارمەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونیكردەوە: بارگرانییەكی زۆر لە ئەنجامی هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان بۆ كوردستان درووست بووە لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو كاتەی، كە حكومەتی بەغدا بودجەی هەرێمی بڕیوە.

ژمارەی كەمتر لەهەمان زارەوە!

د.دیندار زێباری سەرۆكی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەۆڵەتییەكان بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: "نزیكەی 1.9 ملیۆن كەس رویان لە كوردستان كردووە و حكومەتی هەرێمیش بەگوێرەی توانای بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئاوارەكان"

جەختیشی كردەوە: رێكخراوەكان و وڵاتە كۆمەك بەخشەكان لە بوارەكانی ئاسایش و تەندروستی و پەروەردە لە كەمپەكاندا رۆڵیان هەبووە لە یارمەتیدان حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی  رێكخراوی تەندروستی جیهانی.
 
كەمتەرخەمی نێودەوڵەتی!!

سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان،حكومەتی عیراقی بە كەمتەرخەم لەبارەی پرسی یارمەتیدانی ئاوارەكان لەقەڵەمداو ئاماژەی بەوەدا بەهیچ شێوەیەك بەرپرسیارێتی خۆی لەمبارەیەوە نەبینیوە، بەڵكو هیچ حیسابێكی هاوڵاتیبوونیان بۆ ناكات.
دیندار زێباری لەبارەی پەنابەرانی كوردستانی سوریا لە هەرێمی كوردستان، دیندار زێباری وتی: ژمارەیان گەیشتۆتە 248203 پەنابەر كە لە نۆ كامپ بەسەر شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوون، جگە لەوانەی لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین.

بەغدا حیساب ناكات!

ئەوەشی خستەڕوو كە كەمتەرخەمی حكومەتی عیراق ولایەنی نێودەوڵەتی ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لەمبارەیەوە زیاتر كردووە، بەتایبەتی كە ئێستا هەرێم لەبارودۆخێكی دارایی سەختدایە.

ئاماژەی بەوەدا بەغدا بەهیچ شێوەیەك بەرپرسیارێتی خۆی لەمبارەیەوە نەبینیوە بەڵكو هیچ حیسابێكی هاوڵاتیبوونیان بۆ ناكات.

یوئێن و پارەكەی!

ئاماژەی بەوەشدا، نەتەوەیەكگرتووەكانیش نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ كۆمەككردنی ئاوارەكان پێویست بوو، دابین بكات. تا ئێستا تەنها 19 لەسەدی پێداویستییەكانیان دابینكراوە كە بەچاو ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكانەوە بەشێكی زۆر كەمە لە پابەندبوونی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو بارگرانییەی كە هەرێمی كوردستان لەسەر شانیەتی.

بارقورسی بە پارەی زۆر

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەدا كە ئەو قەیرانە ئابورییەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، بۆوەتە هۆی وەستانی چەندین پرۆژە وچالاكی خزمەتگوزاری وگەیاندنی خزمەت بەم ئاوارانەش بۆتە بارێكی قورس بەسەر حكومەتەوە. راشیگەیاند سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتیا .

رەخنەی ئەمریكا بۆ هەرێم

لەلایەكی ترەوە رۆژی 4 ئاداری2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەجیهاندا، چەند رەخنەیەكی ئاراستەی هەرێمی كوردستان كرد لەبارەی پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕین و كاری ڕۆژنامەگەری، پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دامودەزگا ئەمنییەكانی هەرێم ‌و رەوشی چاكسازییەكان و ئەشكەنجەدان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رەوشی كەمە نەتەوایەتی و ئایینییەكان لە هەرێم و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بە رەوەشی مافی مرۆڤ.

توندوتیژیی كامپ لە هەرێم

دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارەو پەنابەر لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە و هیچ كەسێكیش بەزۆرەملێ رەوانەی شوێنی خۆیان نەكراونەوە.
وتیشی، وەزارەتی ناوخۆ ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژیانە دەبنەوە كە لە كەمپی ئاوارەكان بەرامبەر بە ژنان دەكرێ بەكردنەوەی بنكەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و كردنەوەی بنكەی تەندروستی، ئەو رەخنانەش رەت دەكاتەوە كە رێگری لەرێكخراوەكان كرابێت بۆ ئەوەی سەردانی كەمپەكان بكەن، بەشێوەیەك لەماوەی رابردوو زیاتر لە ٥٠ رێكخراوی بیانی (616) جار سەردانی كەمپەكانی دهۆك و (161) جار سەردانی ناوچە تازە ئازادكراوەكانی موسڵیان كردووە و هەروەها ٤٠ رێكخراوی ناوخۆ ٨٠ جار و ٢٧ رێكخراوی تریش (153) جار سەردانی ناوچە تازە ئازادكراوەكانی موسڵ و كەمپەكانیان كردووە.

كوەیت و یارمەتی

23960537_image943.jpg

 
پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە  رۆژی یەكشەممە 14-4-2019 لە كاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئەلمەعتووق، سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری دەستەی خێرخوازیی ئیسلامیی نێودەوڵەتی، سوپاسی هاوكارییەكانی دەستە و دەوڵەتی كوێتی كرد و جەختیكردەوە،‌ هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاری كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و حكومەتی عێراقیش هەیە بۆ ئەوەی هاوكاری ئاوارە و پەنابەران بكات.
لای خۆشیەوە عەبدوڵڵا ئەلمەعتووق، سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری دەستەی خێرخوازیی ئیسلامیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، ‌دەستەی خێرخوازیی ئیسلامیی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی كوێت كۆمەك و هاوكاری پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران دەكەن و لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكانیشدا دەنگ و پێویستییەكانی هەرێمی كوردستان لەو بارەوە رووندەكەنەوە.

هەوروەها لە رۆژی  17ی تەمموزی 2014، نێچیرڤان بارزانی،كە ئەوكات  سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو،  لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتەرز، كۆمیساری باڵای كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر كۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی جەختیكردەوە كە حكومەتی هەرێم  بێ جیاوازی هاوكاری و یارمەتییەكی پێشكەش بە تەواوی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق كردووە .

لە بەرامبەریشدا  گوتەرز بە ناوی رێكخراوی پەنابەرانی UNHCR  و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوپاسی  حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە دەرگای بەرووی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەكانی ناوخۆی عیراقدا كردووەتەوە و، ئارامی و ئاسایشی بۆ دابینكردوون و  هاوكاری و یارمەتی پێویستی پێشكەشكردوون.

مەسعود بارزانی: ئاوارەكان بارێكی قورسن

لە ئەیلول 29, 2016:مەسعود بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو رایگەیاند، نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارە لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە روویان لە هەرێم كردووە و ئەوەیش بارێكی قورسە لەسەر شانی خەڵكی هەرێم
بارزانی لە میانی سەردانێكدیدا لە بەغدا  لە لێدوانێكدا باسی لەوەكرد، سەرباری ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی عێراق نزیكەی 300 هەزار ئاوارەیش لە سوریاوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بۆیە ئەركی هەموولایەكە كارئاسانی بۆ گەڕانەوە ئاوارەكان و دۆزینەوەی هەلی كار و ئاوەدەنكردنەوەی ناوچەكانیان بكرێت.


گەندەڵی لە كامپی دهۆك

fa0fd99147e8c39d3ed4d87d1e4db5dd_L.jpg

هەر لە بارەی پرسی ئاوارەكانەوە  وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق 20 ملیار دینار بۆ دروستكردنی كەمپی ئاوارەكان لەپارێزگای دهۆك تەرخانكرد، بەڵام پارەكە دیار نەما.

ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش دەستی بەلێكوڵینەوە كردوەو تێبینیان لەسەر ناردنی ئەو 20 ملیار دینارە‌ هەیە، كە بۆ ئاوارەكانی پارێزگای موسڵ لەسنوری پارێزگای دهۆك خەرجكراوە.

لەوبارەیەوە سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە لیژنەی كۆچ‌و كۆچبەران،راگەیاندبوو:بە  رەسمی داوامان لەدەزگا پەیوەندیدارەكانكردووە كە زانیاری دروستیان لەسەر ئەو بابەتە پێشكەش بكەن، بەڵام تائێستا زانیارییەكانیان پێنەداون.

بەوتەی ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: پارەی خەیاڵی لەتەندەرەكانی دروستكردنی كەمپ لەسنوری پارێزگای دهۆكدا هەیەو‌ دەیانەوێت بەراوردی بكەن لەگەڵ ئەو پارەیەی لەدروستكردنی كەمپدا خەرجكراوە.
                                                                                                                                                                
هەروەها لەمانگی ئابی ساڵی 2016شدا  دەرباز محەمەد  وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند: ئەو هاوكاریانەی تا ئەوكاتە دراونەتە هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارەكان 107 ملیار دینار بۆ دهۆك و 20 ملیار هەولێر هاوكاری بۆ هەولێر و 20 ملیار دیناریش بۆ سلێمانی بووە.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رونیشیكردبوویەوە: تەنیا 15%ی ئاوارەكانی عیراق لە كەمپەكاندان و ئەو ژمارەیەش بەشی زۆری پێداویستییەكانیان رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دابینی دەكەن، هەروەها 85%ی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان لە خانووی كرێدان، ئەوەش جوڵەیەكی باشی خستووەتە بازاڕەكانی هەرێمەوە، چونكە لانی كەم  50%یان مووچە وەردەگرن.


پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ لەمانگی تشرینی یەكەمی 2016دا هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری هاوبەشی قەیرانەكان لەحكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو: پێویستان بە بڕی 275 ملیۆن دۆلارە بۆ دابینكردنی پێداویستی ئەو ئاوارانەی لەكاتی شەڕی موسڵدا روو لەناوچەكانی هەرێم دەكەن.

ئەوەشی راگەیاندبوو:  حكومەتی هەرێم هەموو خەرجی بەڕێوەبردن و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی لەئەستۆ گرتووە مانگانە بە 117 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت و ساڵانە دەكاتە 1.4 ملیار دۆلار، كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هیچ بڕە كۆمەكی دارایی راستەوخۆ پێشكەش بەهەرێمی كوردستان نەكردووە بۆ دابینكردنی پێدوایستی بودجەی مرۆیی، تەنها ئەو كۆمەكانەی كە لە رێگەی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان پێشكەش كراون، ئەویش زۆر كەمن بە بەراورد بە قەبارەی پێداویستییەكان.

لێكۆڵینەوەی بێئەنجام

ئەمڕۆ 20/6/2019 بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران و هاوكارییەكان و دۆسێ گەندەڵی لەو كەیسەدا،  د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو دۆسیانەی بەتۆمەتی بوونی گەندەڵی لەخەرجی و دابینكردنی خزمەتگوزاریی بۆ ئاوارەكان لەلایەن دەستەكەیانەوە دەكرێت، بە PUKmedia ی راگەیاند: كەیسی وا هەیەو چەند مانگێكە بابەتەكە لای ئێمەیەوەو زانیاریمان بۆ هاتووە، بەڵام لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

دادگا بڕیاری نەداوە

وتیشی: كەیسەكان زۆرینەیان لەسنوری پارێزگای دهۆكەو لێكۆڵینەوەی تێدا دەكەین، كەیسەكانیش كە تۆمەتی گەندەڵیان تێدایە پەیوەندییان بەدابینكردنی خزمەتگوزارییەوە هەیە، بەڵام جارێ بڕیاری كۆتایی دادگای لەبارەوە نەدراوە.

ئەوەشی وت: جگە لەوەی لای ئێمەیە، لەوانەی لەلای دەستەی نەزاهەی عیراقیش دۆسیە هەبێت، چونكە حكومەتی عیراقیش بودجەی بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری كەمپەكان تەرخانكردوە، هەروەها رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش هاوكارییان پێشكەشی ئاوارەكانی ئەو كەمپانە كردوە.

PUKmedia تایبەت

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket