riklam

100 ساڵە شێخی نەمر چاوەڕێی یەكڕیزیی كوردە

بیروڕا 04:23 PM - 2019-06-18
.

.

كەم نین ئەو تاوێرە زەبەلاحانەی كە لەمێژووی خەبات‌و تێكۆشانی گەلەكەمان بۆ گەیشتن بەدوائامانجەكانی رزگاری‌و ئازادی، دژی چەوساندنەوەو ژێردەستەیی، سەردەمانێكی زۆری رابردوو و ئێستاش، بەردەوام بەسەر هیواو ئاواتەكانی میللەتەكەماندا تلۆردەبنەوە، دوورنییە بۆ داهاتووش گەر لەسەر هەمان باری ئێستا لەنێو بازنەیەكی داخراودا بسوڕێینەوە، تاشەبەردی گەورەتر كە بەتەنها لەرینەوەیەك دەخوازێت تلۆرببنەوەو خەونە پەمەییەكانمان بۆ رەنگی خۆڵەمێشی، بگۆڕێ.

قۆناغەكانی خەباتی گەلەكەمان‌و هەوڵەكانی تێكۆشەران‌و شۆڕشگێڕان بۆ گەیشتن بەدوا وێستگەی رزگاری‌و سەرفرازیی، گەلێ هەورازو نشێوی تێپەڕاندووە، نوچدان، هەستانەوەو سەركەوتن‌و دووبارەبوونەوەو سوڕانەوەی ئەو قۆناغانە لەسەردەمە جیاجیاكاندا، لەبەگەڕخستنی بەردەوامدایە.

گەر بەنێو لاپەڕەكانی دەفتەری تۆماری مێژووی سەروەرییەكانی گەلەكەماندا گوزەربكەین، بەجۆرەها شێواز، وێنەی سەرهەڵدان‌و رابوون‌و نەبەردی‌و خۆڕاگریی گەلی كوردی تینووی ئازادی، هەڵگیرسانی شۆڕش‌و راپەڕین‌و خۆپیشاندان‌و روبەڕوبونەوەو شەڕی گەورەو سەركەوتن‌و ژێركەوتن، ئازادكردنی ناوچە داگیركراوەكان‌و هەڵمەت‌و پاشەكشە دێنە بەرچاو، كە بێگومان شانبەشانی تەواوی خەڵكی كوردستان‌و ناوچە جیاجیاكان، بەڵام هەمیشە بەشی شێر بەر شارنشینان‌و دەوروبەری شاری زیندووی سلێمانی، كەوتووە.

ئەمڕۆش لەپاش تێپەڕبوونی 100 ساڵ، لەدوای بەڕێكردنی یەك سەدەی رەبەق بەسەر دیارترین‌و بەناوبانگترین رووداوی مێژوویی‌و بەرگریی لەشەرەف‌و كەرامەتی گەل‌و وەدەرنانی داگیركەران، لەشەڕی (نەبەردی بەردەقارەمان)دا، كە لەئەنجامی دەركەوتنی گێچەڵی‌و بەڵێنپێدانی درۆی دوور لەعورفی سیاسیی دروست‌و لەباربردنی رێككەوتنەكان، بەتایبەت دوای گۆڕینی (مێجەر نوئێل)ی دۆستی گەلی كوردو هاوڕێی شێخ مەحمودو كەسایەتییەكی نەرم‌ونیانی سیاسی‌و نزیك لەبیروڕاكانی خەڵك، بە(مێجەرسۆن)، پێچەوانەی نوئێل، دوژمنی سەرسەختی گەلی كوردو نەیاری شێخ مەحمودو كەسایەتییەكی توندوتیژو نزیك لەوانەی خزمەتی دەوڵەتی داگیركاری ئەوسای بەریتانیایان دەكردو دوژمنی سەرسەختی ئەوانەی دژیان بوون، هەروەك لەپاش داخستنی رێیەكانی دانوستانی نێوان كوردو ئینگلیز، لەدوای روونبوونەوەی پیلانەكانی دوژمنی داگیركەر، شێخ مەحمود زوو دەكەوێتەخۆو بۆ راگەیاندنی شۆڕشەكەی لەكۆتایی مانگی پێنجی ساڵی 1919 تەگبیرێكی رێكخست‌و بەهاوكاریی (مەحمود خانی دزڵی) بەبیانووی سەردانیكردنی مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ، بە هێزێكی (300) چەكدارەوە پەلاماری سلێمانی دەدەن‌و لەهێرشێكی پلان بۆ داڕێژراودا سلێمانی ئازاددەكەن، لەئەنجامدا سەرجەم سەربازو مەئمورانی دەوڵەتی سەر بە ئینگلیز دەستبەسەردەكەن‌و لە دەبۆكە زیندانییان دەكەن، (مێجەرسۆن)یش بەرەو كەركوك رادەكات، پاشان راپەڕینەكەی شێخ مەحمود بۆ ئازادكردنی هەرچی زیاتری ناوچەكانی دیكە، دەگاتە هەڵەبجەو دەوروبەری‌و ئازادیان دەكەن، بۆ بەرگرتن لەفراوانبوونی ئەو راپەڕینە، هێزەكانی ئینگلیز دەكەونە خۆیان‌و لەكەركوك‌و موسڵەوە هێزێكی گەورە بەرەو ناوچەكە دەجوڵێنن، سەرەتا لەبەرزاییەكانی تاسڵوجە شەڕ دەستپێدەكات، پاش شكاندنی هێزەكەی ئینگلیز، بەرەو دەربەندی بازیان راودەنرێن، شەڕ درێژەدەكێشێ تا بەفەرمانڕەوایی ژەنەراڵ (فرایزر)و هێزێكی خۆفرۆشی ناوچەكە، لەدەمی دەربەندەكەدا لەڕۆژی 18/6/1919 لەئەنجامی شەڕێكی قورس، كە تیایدا دوژمن تۆپ‌و شەستتیر بەكاردێنێت، هێزەكەی شێخ مەحمود پێش‌و پشتی لێدەگیرێ‌و لەڕوبەڕوبونەوەیەكی قارەمانانەداو لەشەڕێكی دەسەویەخەدا، كە كوشتارێكی زۆر لەهەردوولا دەكەوێت‌و زۆربەی هێزەكەی شێخیش دەستگیردەكرێن، مەخابن شێخ مەحمود لەو نەبەردییەدا بەبرینداری دەستگیردەكرێ‌و شەڕەكە بەسەركەوتنی هێزی داگیركەر، كۆتاییدێت.

ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە، لەپاش تێپەڕبوونی یەك سەدە بەسەر ئەو رووداوە مێژووییەدا، ئاماژەی پێبكرێت، لەلایەك خواستەكانی شێخی نەمرە بۆ یەكڕیزیی گەلی كورد، كە تائێستا مەخابن نەهاتۆتەدی، بەلاكەی تریشدا شاری سلێمانی كە گەوهەری كوردستانە، شاری لانكەی كەڵەشاعیران‌و رووناكبیرانی دیاری گەلەكەمانە، خوێندنگەی فێربوونی كوردایەتیی شۆڕشگێڕییەو دەرچووانی ئەم پەیمانگایە چەندین سەركردەو فەرماندەی خەباتگێڕن‌و شوێن دامەزراندن‌و سەرهەڵدانی زۆربەی حزب‌و رێكخراوو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانە، مەڵبەندی كڵپەسێنی شۆڕشەكانەو داینەمۆو بزوێنەرو هەڵگیرسێنەری راپەڕینەكانەو زۆرترین قوربانی؛ میدالیایە بەبەرۆكی سلێمانییەكانەوە دەدرەوشێتەوە، لەم یادە مێژووییەدا كە بۆ گەلەكەمان بەگشتی‌و سلێمانی بەتایبەتی، كە خاوەنی زۆرترین بەخششەو كەمترین پێزانین‌و خزمەتی پێشكەشكراوە، لەدابەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، كە دەبوو رەچاوی زۆرترین قوربانیدانی گەلەكەمان بكرایەو (ستەمی ئاوەدانی) لێكراوە، بەناوی خەڵكی قارەمانی شاری سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیریی كوردستانەوە داوا لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، هەروەك چۆن لەڕابردوودا وەك پێویست ئاوڕی ئاوەدانی لەسلێمانی نەدراوەتەوەو بەنایەكسانی پشكەكانی ئاوەدانی دابەشكراوە، بەسەر هەمان رێچكەی رابردوودا گوزەرنەكەن‌و هەڵەكانی رابردوو دووبارەنەکەنەوەو ئاوڕی جددی لەشارەكەی شێخی نەمر بدەنەوەو دەستی ئاوەدانییان بۆ ئەم شارە درێژ بكەن.

حاكم قادر حەمەجان
ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket