riklam

ساڵیادی کۆچی عەبدولڕەزاق فەیلی بەڕێوەدەچێت

ی.ن.ک‌‌ 05:40 PM - 2019-06-13
.

.

مەراسیمێکی تایبەت بە ساڵیادی کۆچی دوایی عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ ١٣-٦-٢٠١٩ لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کەسوکار و هاوڕێ و هەڤاڵانی مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی عوبدولرەزاق فەیلی دەستیپێکرد.

لە مەراسیمەکەدا تەحسین نامیق جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی وتارێکی خوێندەوەو پاشان عومەر فەتاح کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتاری مەکتەبی سیاسی خوێندەوەو باسی لە رۆڵی فەیلی کرد، کە لە سەرەتای لاوێتییەوە خەباتی لە ریزەکانی شۆڕشی کورددا کردوەو لەسەرەتای دامەزراندنی یەکێتیشەوە کە خۆی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بێ وچان خەباتی کردوەو قوربانی داوە.

ژیاننامەی فەیلی.....

ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە دایکبووی ساڵی١٩٤٥ی شاری بەغدادە.
خوێندنی سەرەتایی لە خوێندگەیەکی فەیلییەکان و دواناوەندی لە خوێندنگەی قەشە یوسوعییە ئەمریکیەکان لە بەغداد تەواو کردووە و دواتریش لە زانکۆی حیکمە لە بەغداد ئەدەبیاتی ئینگلیزی خوێندووە.

ژیانی سیاسی عەبدولرەزاق فەیلی لە ساڵی ١٩٥٩دا دەست پێدەکات، کاتێک لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردو بەھۆی بچووکی تەمەنییەوە وەرگرتنی وەک ئەندام بۆ ساڵی ١٩٦١ دوا دەکەوێت. لەم سەربەندەدا وەک خوێندکار کاری لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کردووە.

پاش ھەڵگیرسانەوەی شەڕ لە کوردستان و لەبەر یەک ھەڵوەشانەوەی سکرتارێتی یەکێتی قوتابیان خۆی و چەند ھاوڕێیەکی لە بەغداد سکرتاریەتێکی کاتیان بۆ یەکێتی قوتابیان دامەزراند.
لە ھاوینی ساڵی ١٩٦٣دا بە گومانی ئەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتیدا ھەیە دەستگیر دەکرێت، بەم ھۆیەشەوە ساڵێکی خوێندنی لە دەست دەچێت.

ساڵی ١٩٦٤ دوا بە دوای کودەتاکەی عەبدولسەلام عارف ئازاد دەکرێت و دەگەرێتەوە بۆ خوێندنەکەی.

ساڵی ١٩٦٧ خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات و ھەر لەو ساڵەدا لە رۆژنامەی نور کە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەغداد دەری دەکرد وەک ژمێریار دامەزرا.

ساڵی ١٩٧٠ لە فەرمانگەی پوختەکردنی توتن لە بەغداد بە فەرمانبەر دادەمەزرێت.

ساڵی ١٩٧١ دوا بەدوای یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ئەندامی مەکتەبی سکرتارێتی یەکێتی لاوانی کوردستان و بۆ ساڵی دواتر دەبێتە سکرتێری گشتی لاوانی کوردستان.

ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کورد و رژێمی بەعس پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و تا ھەرسی شۆڕش لە کارەکەی بەردەوام دەبێت.

لە دوای ھەرەسی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ لە شاری نەغەدە دەگیرسێتەوەو ھەر ئەو ساڵە وەک نوێنەری قوتابیانی کوردستان لەگەڵ عادل موراد دەچێتە سوریا

ھەر لەو ساڵەدا لە سوریا پەیوەندی بە مام جەلالەوە دەکەن، کە سەرگەرمی پڕۆژەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. وەک دوو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بەشدار دەبن لە دامەزراندنی یەکێتیدا.
لەو ماوەیەدا لێپرسراوێتی بەڕێوەبردنی کەمپی قامیشلۆی پێ دەسپێردرێت و کە کەمپێک بوو، بۆ مەشق پێکردنی مەفرەزەی پێشمەرگەی پارتیزان لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەستپێکردنەوەی خەباتی چکداری لە کوردستان.

لە ساڵی ١٩٧٧  سوریا جێ دەھێڵێت و لە بریتانیا دەگیرسێتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٩ دەچێتە سوریا و لەوێ لە رێگەی ئێرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە ناوزەنگ دەگیرسێتەوە.

لە ساڵی ١٩٨١دا بەھۆی گرژبوونی پەیوەندییەکانی ئێران و یەکێتی لەلایەن ئێرانەوە بۆ ماوەی ٩ مانگ دەستبەسەر دەکرێت.

لە ساڵی ١٩٨٢دا ئازاد دەکرێت و لە ئێرانەوە دەچێتەوە بۆ سوریا.

لە ساڵی ١٩٨٤ سوریا جێ دەھێڵێت و روو دەکاتە وڵاتی سوید.

لە دوای راپەڕین و لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٢ دەگەڕێتەوە کوردستان لە مەڵبەندی یەکی سلێمانی پلەی کارگێر مەڵبەندی پێ دەدرێت و لێپرسراوێتی بەشی پەیوەندییەکانی گرتە ئەستۆ.

لە سالێ ١٩٩٩ دەچێتە بریتانیا و دەبێتە کارگێری مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی، لەو ماوەیەدا لە رێکخراوی ئین دایت کار دەکات کە ئەرکەکەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان دەبێت سەبارەت بە جینۆساید  و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.

ساڵی ٢٠٠٢ دەگەڕێتەوە کوردستان تا ساڵی ٢٠٠٥ وەزیری پەویوەندییەکان و ھاوکاری بوو لە ئیدارەی سلێمانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

ساڵی ٢٠٠٩ دەبێتە ئەندامی لیژنەی باڵای مەکتەبی رێکخستن.

ساڵی ٢٠١٠ لێپرسراوێتی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی لە مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێ دەسپێردرێت.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket