riklam

دارایی هەرێم دەرماڵەیەكی فەرمانبەران دەبڕێت

ئابوری 07:57 PM - 2019-06-12
.

.

بڕیارێكی وەزارەتی دارایی دەرماڵەیەكی فەرمانبەرانی چەند وەزارەتێك دەبڕێت و ماوەی سێ مانگیشە بۆیان نەگەڕێنراوەتەوە، داراییش دەڵێت دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەكان كێشەكە چارەسەر بكەن، گەنجینەی سلێمانیش رایدەگەیەنێت نوسراویان بۆ وەزارەتی دارایی كردوە بۆ گەڕانەوەی ئەو دەرماڵەیە، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی هەرێم ماوەی سێ مانگە دەرماڵەی هاتووچۆی بەشێكی زۆر لەو فەرمانبەرانەی ژمێریان لەناو دیوانی بەڕێوەبەرایەتیەكانیانەو لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیەكان دەوام دەكەن بڕدراوەو تائێستا بۆیان نەگەڕێنراوەتەوە.

عەبدوڵڵا ئەحمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی  بە PUKmediaی راگەیاند: هۆكاری بڕینی دەرماڵەی هاتووچۆی ئەو كارمەندانەی بەڕێوەبەرایەتیمان وەزارەتی داراییە، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراومان كردوە بۆ وەزارەتی تەندروستی و لەوێشەوە نوسراو بۆ وەزارەتی دارایی كراوە، بەڵام تائێستا بڕیار بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەكە نەدراوە.

وتیشی: ئەو شوێنانەشی ژمێریان لەناو بەڕێوەبەرایەتی گشتییەوە بەئۆتۆمبێلی خۆیان هاتووچۆ دەكەن دەرماڵەكەیان بڕاوە، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەكەین.

لەبارەی بڕیاری بڕینی دەرماڵەی هاتووچۆی فەرمانبەرانی ژمارەیەك وەزارەتیش، ئاوارە حەمید لێپرسراوی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی هەرێم بە PUKmediaی راگەیاند: ئەو  بەڕێوەبەرایەتیانەی بەئۆتۆمبێلی خۆیان هاتووچۆ بەفەرمانبەران بكەن، دەرماڵەی هاتووچۆ بۆ فەرمانبەرەكان خەرجناكرێت، بەڵام هەر فەرمانبەرێك بەئۆتۆمبێلی خۆی هاتووچۆ بكات دەبێت دەرماڵەی هاتووچۆی بۆ خەرجبكرێت.

ئەوەشی وت: ئەو فەرمانبەرانەی چەند مانگێكە دەرماڵەی هاتووچۆكەیان بڕاوە دەبێت وەك قەرەبوو بۆیان بگەڕێنرێتەوەو فەرمانگەكەیان لەگەڵ گەنجینەكان هەمانگەی بكەن و بۆیان بگەڕێننەوە.

لێپرسراوی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی هەرێم راشیگەیاند: نەگەڕانەوەی ئەو دەرماڵەیە كە ماوەی چەند مانگێكە بڕاوە بۆ ئیشی رۆتینی فەرمانگەكانە، چونكە هەڵەكە لەفەرمانگەكانەوە كراوەو دەبێت خۆیان راستی بكەنەوەو پێویست بەوە ناكات وەزارەتی دارایی بڕیاری بۆ دەربكات، لەبەرئەوەی مانگانە تەمویلی تەواوی مووچەی فەرمانبەران بەو دەرماڵەیەوە رەوانە كراوە.

 لای خۆشیەوە حەسەن رەشید بەڕێوەبەری گەنجینەی یەكی سلێمانی تەئكید لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە وەك گەنجینەكان رێنماییەكی وەزارەتی داراییان هەیە كە دەڵێت ئەو فەرمانگانەی هۆكاری گواستنەوەیان هەیە بۆ فەرمانبەرەكانیان واتە ئۆتۆمبیلی تایبەت بەخۆیان یان ئۆتۆمبێلیان بەكرێگرتوە نابێت دەرماڵەی هاتووچۆ بۆ فەرمانبەرەكانیان خەرجبكرێت، بەڵام ئەوانەی بەئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیان تاووچۆ دەكەن دەبێت دەرماڵەكەیان بۆ خەرجبكرێت.

ئەوەشی بە PUKmedia رایگەیاند: هەندێك فەرمانگە وەك فەرمانگە تەندروستییەكان، چونكە ئەوان جیاوازن لەهەندێك فەرمانگەی دیكە، لەبەرئەوەی بنكە تەندروستیەكان راستە ژمێریان لەناو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی وەردەگرێت ، بەڵام ئۆتۆمبێلی خۆیان هاتووچۆ دەكەن، بەڕێوەبەرایەتییەكەی خۆشم ئەو كێشەیەی هەیە، بەتایبەت قەزاو ناحیەكان، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی وەزارەتی دیكەش هەیە هەمان كێشەی هەیە 

بەڕێوەبەری گەنجینەی یەكی سلێمانی راشیگەیاند: نوسراومان بۆ وەزارەتی دارایی كردوە تا بڕیار لەوبارەیەوە بدات، بەڵام تائێستا وەڵامی نوسراوەكەیان نەداوینەتەوە بۆ ئەوەی چی بكەین و چۆن چارەسەری بكەین و دەرماڵەكەیان بۆ بگەڕێنینەوە، بۆیە هەركاتێك بڕیاری خەرجكردنی بدەن ئێمە بۆیان دەگەڕێنینەوە، چونكە كێشەی پارەمان نیە.

PUKmedia تایبەت 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket