هێشتا موسڵ لەژێر سێبەری داعشدایە

هێشتا موسڵ لەژێر سێبەری داعشدایە


10/6/2019 16:24:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

ئەمڕۆ 10ی حوزەیرانی 2019، پێنج ساڵ بەسەر كەوتنی موسڵدا تێدەپەڕێت كە تیرۆرستانی داعش كۆنترۆڵی تەواوی شارەكەیان كردو ئەبوبەكر بەغدادی خەلافەكەی لەوشارەوە رایگەیاند، هاوكاتیش دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لەوتاری مەراسیمی دووەمین سەرۆكی هەرێم لەهەولێر باسی لەمەترسی پاشماوەو بیرو تیرۆری داعش كردو رایگەیاند: هێشتا مەترسی داعش نەڕەویوەتەوەو ئەمەش وا دەخوازێت بەیەكڕیزی بەرەنگاری سەرجەم مەترسییەكان ببینەوەو رێگە نەدەین جارێكی تر كارەسات و كوشتار روبدەنەوە.

هەر لەهەمان بۆنەدا مەسعود بارزانی سەرۆك پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەهەمان مەترسی كرد كە شانەكانی داعش ماون و بیری داعشیش بنبڕنەكراوە.  

 

داعش موسڵی داگیركرد

رێكخراوی تیرۆریستی داعش  رۆژی 2014/6/10 توانی بەتەواوەتی شاری موسڵ كۆنتڕۆڵ بكات و هێزە ئەمنییەكانیش بێ بەرگریكردن پاشەكشەیان كردو بەو هۆیەشەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگاكانیان چۆڵكرد، بەرەبەیانی 10ی حوزەیرانیش بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی شاری موسڵ ئاوارەبوون بۆ  شاری هەولێر.

هەروەها بەندینخانەی بادوشی موسڵ كە زیاتر 6 هەزار زیندانیكراوی تێدابووە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە كۆنتڕۆڵكراوەو زیندانیكراوەكانیش ئازادكران، داعش ژمارەیەك وێنەی شەڕوپێكدادانەكان و كۆنتڕۆڵكردنی شاری موسڵی بڵاوكردۆتەوە.

 

خەڵكی موسڵ ئاوارەی هەولێرو سلێمانی 

بەرە بەیانی رۆژی 10-6-2014 ژمارەیەكی زۆر خێزانی دانیشتوی شاری موسڵ، ماڵ و حاڵیان جێهێشت و بەرەو شاری هەولێر هاتن.

پاش ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشێی كردە سەر شاری موسڵ و توانیویەتی بەشێكی زۆر لەو شارە كۆنتڕۆڵ بكات، ژمارەیەكی زۆریش دانیشتوانی ئەو شارە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و بەرەو شاری هەولێر هاتوون.

ئەو خێزانانەی كە شاری موسڵ جێدەهێڵن بەپێ گەیشتنە شاری هەولێر، چونكە تیرۆریستانی داعش و هێزە ئەمنیەكانیش رێگەیان نەدا خەڵك لەو شارە دەربچێت و لە هەمانكاتیشدا بارودۆخی ئەمنی ئەو شارە زۆر نالەبار بوو.

 

مالیكی داوای راگەیاندنی باری ناسایی كرد

نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی عیراق داوایكرد پەرلەمانی عیراق كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات و بارودۆخی نائاسایی رابگەیەنێت.

حەسەن جیهاد ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق ئەوكاتە بەPUKmedia ی راگەیاندبوو: نوری مالیكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق داوایكردووە پەرلەمانی عیراق كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات و بارودۆخی نائاسایی رابگەیەنێت، بۆ ئەمەش دەبێت پەرلەمان رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر ئەو كۆبوونەوەیەو راگەیاندنی بارودۆخی نائاسایی.

هاوكات ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی لەعیراقدا دیاریكردو سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەش داوای لەسەرۆكایەتی كۆمارو حكومەت كرد ئەوانیش لەبارەی راگەیاندنی باری نائاسایی لەوڵاتدا بەیاننامەیەك دەربكەن.

هەر ئەوكاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داواكارییەكی هاوبەشی سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی پێشگەیشت بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی لەوڵاتدا.

هەر لەوبارەیەوە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەوكاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: داگیركردنی شاری موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كارەساتێكی گەورەیەو پێویستە لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت.

وتیشی: پێویستە ئەمریكا یارمەتی عیراق بدات بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر، ئەوەش بەپێی ئەو رێككەوتننامەیە لەنێوان عیراق و نەتەوە یەكگرتوەكاندا هەیە.

نوجێفی راشیگەیاند: پێویستە هێزەكانی پێشمەرگەش بەشداربن بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش بۆ ئەوەی نەتوانن بگەنە هەرێمی كوردست

 

ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێم و بەغدا نیشاندا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایدەگەیەنێ بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق لەنزیكەوە ئاگاداری ئەو روداوانە لەماوەی ئەم چەند سەعاتەی رابردوودا رویانداوە، هەموو پشتیوانیەكی خۆشی بۆ هەرێم و بەغدا دەردەبڕێت و داوا لەهەرێمی كوردستان دەكات لەم دۆخەدا یارمەتی بەغدا بدات. 

ئێوارەی رۆژی 2014/6/10 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكیدا رایگەیاند: ئەو روداوانەی لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا لەموسڵ رویانداوە لەنێوان هێزەكانی سوپای عیراق و چەكدارانی داعش نیگەرانی كردوین، بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق لەنزیكەوە ئاگاداری ئەو روداوانەن، دەبێت ئەو بابەتەش بەهەند وەربگیرێت و بەپێی ئەو ستراتیجەی ئەمریكاو عیراق لەسەری رێكدەكەون بۆ سەركەوتن بەسەر هەوڵەكانیاندا.

ئەوەشی تێدا خراوەتەڕوو: ئەمریكا لەگەڵ هەرێم و بەغدا هەماهەنگ دەبێت و داواش لەبەرپرسانی هەرێم دەكات یارمەتی حكومەتی عیراق بدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ: ئەوەی داعش دەیكات دووبارەكردنەوەی ئەو كارانەیەتی كە لەسوریا دەیكات، تەنها هەڕەشەش نیە لەسەر بارودۆخی ئەمنی عیراق، بەڵكو مەترسیە بۆ سەر ئارامی ناوچەكەو دەبێت ئەو تیرۆریستانە كە دوژمنی خەڵكن دوربخرێنەوە.

هەر لەو بەیاننامەیەدا باس لەوەشكراوە كە لەنزیكەوە هاوكاری خەڵكی عیراق دەبن بەتایبەت نەینەواو ئەنبار، رێگاش نادەن ئەو هەڕەشانە بەردەوامن،لەیارمەتیدانی لایەنە سیاسیەكان و هێزە ئەمنییەكان بەردەوامدەبن و رێگا بەپیلانەكانی داعش نادەن و هەوڵی دورخستنەوەیان دەدەن لەعیراق.

 

نەتەوەیە یەكگرتوەكان باسی خراپی دۆخی موسڵی كرد

بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی دەربڕی لە خراپبوونی بارودۆخی ئەمنی شاری موسڵ، كە دووەم گەورە شاری عیراقەو چەكدارە ئیسلامییە توندرەوەكان كە رۆژی 10-6-2014 دەستیان بەسەردا گرت.

ستیفان دوجاریك وتەبێژ بەناوی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، داوای لەسەرجەم سەركردە سیاسیەكانی عیراق دەكات یەكهەڵوێستبن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانەی كە عیراقی تێكەوتووە.

 

یەكێتی لەسەر مەترسی دۆخی عیراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە 

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك سەبارەت بەمەترسییەكانی دۆخی عیراق

خەڵكی خۆڕاگری عیراق!

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان!

هەروەكو پێشبینیمان دەكرد، دۆخی عیراق دووچاری مەترسی راستەوخۆی تێكچوونی باری ئاسایش و پرۆسەی سیاسی بۆتەوە، هەرمانگێك جاری، پارێزگایەكی عیراق، دەكەوێتە بەر بەربڵاوترین هێرشی تیرۆریستان، لە سێ رۆژی رابردوودا، پارێزگای موسڵ-یش، داگیركراو داڕما.

ئەی خەڵكی دڵسۆزو تێكۆشەر!

ئەم دۆخەی عیراق، بۆ ئێمەی یەكێتیی، ساڵەهایە، پێشبینی كرابوو؛ لە بەرزترین ئاستی كۆبوونەوە ئاشكراو نهێنییەكانیشدا، لەگەڵ وڵاتان و حكومەتی عیراق، مەترسی دۆخێكی وەكو ئێستای عیراقمان خستبووە بەرچاو، لە كۆبوونەوەی حزبە كوردستانییەكان و، لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و، حكومەتی كوردستانیش، بەردەوام ئەم مەترسیانەو چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەشمان، باسكردووە، بەداخەوە، لە بەرامبەردا، حكومەتی عیراق، بەبیانووی جۆراوجۆرو، بەبێ دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینەی كێشە سیاسییەكان و، تەنگوچەڵەمە ئابورییەكان و، جێبەجێكردنی ماددەی (140) و ئیدارەی شیاوی حوكمڕانی، تەنها بە سیاسەتی ملیتاریستی و ئاسایشی تاك لایەنە، وەڵامی پەرۆشی ئێمەو هەموو لایەكی تری دەدایەوە، هەروەها لایەنی دیكەش هەبوون لە ئۆپۆزسیۆنی كوردستان و عیراقدا، بۆچوونەكانی ئێمەیان بۆ مەترسییەكانی سەر دۆخی سیاسی عیراق و كوردستان و دەوروبەر، بە پڕوپاگەندەی دەسەڵات بۆ پاراستنی دەسەڵاتدارێتی لەم قەڵەم دەدا، بەڵام..

بەداخەوە، گرێی دەست خرایە دەم، وادەركەوت پاشماوەكانی بەعس، سەلەفییە جیهادییەكان و شۆڤێنییەكان، لە ئامادەباشی و مەڵاسدا بوون، هەتا هەلی شەڕو هەلومەرجی هێرشی فراوان، بقۆزنەوە.

ئێستا كە ئاشكرابوو، عیراقی دیموكراتی فیدراڵ، لە بەردەم چ مەترسییەكی گەورەی پیلانگێڕانی دوژمنانی دیموكراسی و فیدراڵدایە، بێگومان هەموو خەڵك و تەواوی لایەنەكانی دەبێ بزانین، كە ئەم دۆخە مەترسیدارەی عیراق و گۆڕینی ستراتیژی عەسكەری تیرۆریستان، لە تاكتیكی شەڕی لابەلای رەشەكوژییەوە، بۆ هێرشی بەرەیی فراوانی كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگاكان، رووداوی راگوزەر نییەو پەیوەندی راستەوخۆی بە پیلانی فراوانی ناوچەكەو هێزە كۆنەپەرستەكانەوە هەیە، ئاشكراشە، ئەمجۆرە ستراتیژەی شەڕی بەرەیی فراوان، توانای عەسكەری و لۆجستی زۆرو زەبەندی دەوێ، كە بەبێ پشتیوانی دەوڵەتان، لە دۆخێكی وەكو عیراقدا، مەحاڵە ئەو توانایانە، دابینبكرێن.

ئێمەی یەكێتیی، دووپاتیدەكەینەوە، ئەگەرچی پێش لێقەومان هەلی زۆر بۆ ئیحتیاتكردنی عەسكەری و سیاسی و ئەمنی و ئیداری لەدەستدراوە، بەڵام دوای لێقەومانیش، زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، بۆیە پێویستە:

یەكەم: حكومەتی عیراق، بە تەواوی سیاسەتی سەربازی و ئەمنی و حوكمڕانی خۆیدا بچێتەوەو دەرسیان لێوەربگرێ و بەرنامەیەكی هاوبەشی لەگەڵ هەموو لایەكدا هەبێ، بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم دۆخەو تێكشكاندنی تیرۆریستان، بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەدا، ئەمەش دەستبەجێ كۆبونەوەی ئاستی باڵاو رێكەوتنی دەوی لەسەر وردەكاری راپەڕاندنی ئەركە هاوبەشەكان.

دووەم: سەبارەت بە كوردستان، بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەكان لە باشوری كوردستان و هەرێم، لەم دۆخەدا، لە هەموو كاتێك زیاتر رووبەڕووی مەترسی بۆتەوە، چونكە دڵنیاین، ئەم لایەنانەی بۆ تێكدانی عیراقی فیدراڵ یەكیانگرتووە، لەگەوهەردا ئەندێشەی شۆڤێنیزم و سەلەفییە جیهادییەكان كۆیاندەكاتەوە، كاتێكیش سەلەفیە جیهادییەكان و شۆڤێنییەتیش یەكانگیری سیاسی دەبن، لە هەلومەرجی وەكو ئێستای باری دواكەوتووی عیراق و، نەبونی نەریتی دیموكراسی و، زاڵبونی عەقڵییەتی نەتەوەیی تەسك و مەزهەبی و تایفەگەریدا، گەورەترین مەترسی لەسەر دیموكراسی و چارەسەری دیموكراسیانەی كێشەی نەتەوایەتی پەیدا دەكەن، بۆیە، ئەركی هەموو لایەنە كوردستانییەكانە، بەتایبەتی سەرۆكایەتی و حكومەتی هەرێم، بەوپەڕی وریایی و تواناوە، ئاگایان لە ناوچە دابڕێندراوەكان بێت و چی پێویستدەكات، پێش ئەوەی شارە كوردستانییە دابڕاوەكانیش، وەكو موسڵ و ئەنبارو فەلوجە بخرێنە گێژاوی شەڕەوە، تەواوی ئیحتیاتی عەسكەری و ئەمنی ئیداریان بۆ بكرێ.

جەماوەری دڵسۆز!

لەكاتێكدا یەكێتیی دڵنیایە، كە عیراق و كوردستان، بەهیممەت و هەوڵی هەموو لایەك، بە بەرنامەو سیاسەتی هەمەلایەنەی هاوبەش، بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەكان، لەم دۆخەش رزگار دەكرێ؛ هەروەها یەكێتیی، هەروەكو بەناوبانگە لە مێژوودا، هەموو لایەك دڵنیادەكاتەوە، كە هەر هێزە شۆڕشگێڕەكەی رۆژگاری تەنگانەو بەرەنگاری و هەڵمەتی دوژمن شكێن دەبێ، لەگەڵ سەرۆكایەتی و حكومەتی هەرێم-دا، لە راوێژی پەیتا پەیتاداین، بەتەواوی تواناوە، پشتیوانی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر دەبین، بۆ پاراستنی كوردو كوردستان و ئەزمونەكەشمان.

بەدڵنییاییەوە، لە راپەڕاندنی ئەركەكانمان درێغی ناكەین، چاوەڕوانیشین، لەسەر ئاستی بەرز، بڕیارو بەرنامەكان، دڵنیایی تەواو بدات بە ڕای گشتی و ئومێدی سەركەوتنیش ببەخشێتە گەلانی عیراق.

ئیتر بۆ پێشەوە

بۆ پاراستنی عیراقی فیدراڵ و

سەركەوتنی ئیرادەی دیموكراسی لە بەرامبەر دوژمنانی ئازادی

مەكتەبی سیاسی 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

10/6/2014 

 

 

فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان داوای جوڵاندنی هێزی پێشمەرگەی كرد

فراكسیۆنی سەوزی پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داوایەك ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت كە پێویستە هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان ببرێنە ناوچە دابڕێندراوەكان بەگشتی و  ناوچەكانی‌ سەعدیەو جەلەولاو دووز‌و مەخمور بەتایبەتی.

دەقی بەیاننامەكەی فراكسیۆنی سەوز...  

بۆ بەڕێز سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان

بابەت/ جێبەجێكردن

رەوشی‌ ناوچە كوردستانیەكانی‌ دەرەوەی‌ هەرێم نالەبارەو هەڕەشەی‌ تیرۆریستان و نەبوونی‌ ئیرادەیەكی‌ سەربازیی‌ و ئەمنی‌ بۆ دیفاعكردن لە خاك و خەڵكی‌ ئەو ناوچانە، دۆخێكی‌ پڕ مەترسیدار دروست بووە بۆ پاراستنی‌ ئەو خەڵكە رەسەنەو بەرگریكردن لە ناوچە دابڕاوەكانی‌ كوردستان، وەكو فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان داواكارین كار بەو هەڵوێستەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بكرێت كەساڵی‌ 2012 رایگەیاند كە پێویستە هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان ببرێنە ئەو ناوچانە بەگشتی‌‌و  ناوچەكانی‌ سەعدیەو جەلەولاو دووز‌و مەخمور بەتایبەتی‌.. لەم رووەوە بەپێویستی‌ دەزانین دەم و دەست سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان حكومەتی‌ هەرێم رابسپێرێت بە ناردنی‌ هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان بۆ پاراستنی‌ سەروماڵی‌ هاوڵاتیان و پاراستنی‌ دامو دەزگاكانی‌ دەوڵەت لە دەستی‌ تیرۆریستان.

لەگەڵ رێزدا...

فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان

2014/6/10 

 

 

پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێكی دەركرد

هەر بەهۆی ئەو دۆخەی لەموسڵ و ناوچەكانی كەركوك سەڵاحەدین رویدا، ئێوارەی رۆژی 10-6-2014، لە كۆبوونەوەیەكدا پارێزگاری سلێمانی بە ئامادەبوونی قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و فەوجی لیوای یەكی سلێمانی لەدیوانی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بەخراپبوونی بارودۆخی پارێزگای موسڵ و چەند ناوچەیەكی عیراق چەند بڕیارێكیان دەركرد.

 بڕیارەكان:

1- لەڕووی ئەمنییەتەوە ئامادەكاری پێویست بكرێت بۆ هەر پێشهاتوو ئەگەرێكی نەخوازراو.

2- پێشوازیكردن لەهەر هاووڵاتییەكی عیراق كە بەهۆی خراپی بارودۆخی ناوچەكانیانەوە روو لەسلێمانی بكەن.

3- بینای خوێندنگاكان ئامادەبكرێت بۆ هەرحاڵەتێكی هاتنی ئاوارە بۆ شارەكە.

4- سەرجەم ئالیات و ئۆتۆمبێلی فەرمانگەكان بۆ خزمەتی ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان، ئامادەبكرێن و لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن.

 

دژەتیرۆر گەیشتە كەركوك

ئێوارەی رۆژی 10ی حوزەیرانی 2014، هێزەكانی دژەتیرۆر بۆ پاراستنی ئاسایشی شاری كەركوك و  هاووڵاتیانی بەرەو ئەو شارە بەڕێكەوتوون.

 

لەكەركوك قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەنرا

 دوابەدوای پەرەسەندنی كردەوە تیرۆریستیەكان لەناوچە جیاجیاكانی عیراق و كۆنترۆڵكردنی موسڵ و چەند ناوچەیەكی تر لەلایەن داعشەوە، لەكەركوك ئامادەكاری كرا بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە.

لەو چوارچێوەیەدا لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك  چەند رێوشوێنێكی بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی لەپارێزگاكە گرتەبەرو لەگەڵ هەموو بەشەكانی هێزە ئەمنیەكانی پارێزگای كەركوك كۆبوونەوەی بەپەلەكرا.

لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك لە راگەیەنراوێكیدا ئاماژەی بەوەدابوو كەركوك وەكو موسڵ نییەو رێگا نادەن باری ئەمنی كەركوك بشێوێت، خەڵكی كەركوكیش دڵنیا دەكەنەوە كە ئاسایشی هاووڵاتیانی كەركوك دەپارێزین، جگە لەهێزە ئەمنیەكانی كەركوك پەیوەندیان بەهەرێمی كوردستانیشەوە كردوە بۆ ئەوەی بەهەموولایەك ئاسایشی كەركوك بپارێزین.

هەر لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی كەركوك، ئیدارەی كەركوك بڕیاریدا لەسەعات 11ی شەو تاسەعات 5ی بەیانی حاڵەتی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەكەركوك رابگەیەنرێت و بڕیارەكەش قەدەغەكردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەشی گرتەوە.

 

پەكەكە ئامادەیی خۆی بۆ پاراستنی كوردستان راگەیاند

لەكاتی هاتنی تیرۆرستانی داعش و مەترسی لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان، دەمهات عەگید بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە رایگەیاند: لە دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی كە ماوەیەكە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، وەك پەكەكە ئامادەن بۆ هەر هاوكارییەك بۆ مەبەستی پاراستنیان.

ئەوەشی راگەیاندبوو:لەبەر پەرۆشی و خەممان بۆ گەل و نیشتمانەكەمان ئێمە وەكو پارتی كرێكارانی كوردستان و هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئامادەین بەهەموو توانا سیاسی و سەربازیەكانمانەوە بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی كەلە باشوری كوردستان هاتۆتەوە ئاراوە هەروەها ئامادەین هێزەكانمان رەوانە بكەین و بەهەموو لایەك نەهێڵین ئەو رەوشە تێكبچێت و ناحەزانی كورد دەست بخەنە ناو شارە كوردییەكانەوە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە راشیگەیاند بوو: رەوشی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان، بەتایبەت لەرۆژئاواو بەشێكی باشور بەهۆی گروپە تیرۆرستییەكانی داعشەوە گەلەكۆمەكەی لەسەرە، بۆیە پێویستە كورد یەكگرتووبێت و دەستبخەنە ناودەستی یەكترو كێشەو ململانێ‌ بەلاوە بنێن و یەكگرتوو بین بۆپاراستنی خاكی كوردو ناسنامەی كورد . 

هێزە عیراقییەكان لەحەویجەو رەشادو زاپ كشانەوە

دوای داگیركردنی موسڵ و گەیشتنی تیرۆرستانی داعش بەناوچەكانای باشوری كەركوك و پارێزگای سەڵاحەدین،  بەهۆی كشانەوەی هێزە عیراقییەكان لەقەزای حەویجەو ناوچەكانی گروپە چەكدارەكانی داعش و هاوكارەكانیان ناوچەكانی حەویجەو زاب و رەشادیان كۆنترۆڵكرد.

 

داعش گەیشتە سلێمان بەگ

رۆژی 10ی حوەزەیرانی 2014، شەڕو پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پۆلیس و سوپای عیراق لەگەڵ چەكدارانی داعش لە شارۆچكەی سلێمان بەگی سەر بە قەزای خورماتوو دەستیپێكرد.

شەڕو پێكدادانەكە لەنزیك گوندی حەفریە رویدا كە كە یەكێكە لە دەروازەكانی شارۆچكەی سلێمان بەگ و  تیرۆرستانی داعش چەكی قورس و سوكیان بەكارهێنا. 

هاوكات هەر رۆژی 10-6-2014  گروپی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەكانی قەزای خورماتوو راگەیاند.

لەو تەقینەوەوانەدا كە لەڕێی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە لە خاڵێكی پشكنینی نێوان بینای مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان رویاندا بەهۆیانەوە 26 كەس شەهیدبوون و زیاتر لە 150 كەسی تریش برینداربوون.  

 

داعش گەیشتە سەڵاحەدین

نیوەڕۆی رۆژی 10-6-2014 بارەگای دوو سریەی سوپای عیراق لە ناوچەی شەرگاتی سەربەپارێزگای سەلاحەدین كەوتە ژێر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

بەوتەی سەرچاوەیەك لە فیرقەی 12ی ئەوكاتەی سوپای عیراق بۆ PUKmedia: چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیانكردە سەر بارەگای دوو سریەی سەر بە فەوجی 1ی لیوای 49ی فیرقەی 12ی سوپای عیراق لە ناوچەی شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین.

راشیگەیاندبوو: پاش شەڕوپێكدادانێكی زۆر سەربازانی سەر بەو دوو سریەیە بارەگاكانیان چۆڵكردووە هەربۆیە چەكدارانی داعش توانیویانە كۆنتڕۆڵی بكەن.

 

دوای داگیركردنی سێیەكی خاكی عیراق لەلایەن داعشەوە، هێزەكانی پێشمەرگە بەخوێنی خۆیان پارێزگاریان لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كردو لەپێناو پاراستنی ئەو ناوچانەشدا بەتایبەت كەركوك و گەرمەسێر و شەنگال یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكاتی بەرگریدا چەندین فەرماندەو پێشمەرگەی شەهیدو بریندار بوون.

حكومەتی عیراقیش بەهاوكاری هێزی پێشمەرگە توانی شاری موسڵ كۆنترۆڵبكاتەوەو رۆژی 10ی كانونی یەكەمی ساڵی 2017ش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆتاییهاتنی داعش و پاكردنەوەی خاكی عیراق لەتیرۆرستان راگەیاند.

PUKmedia تایبەت 

 

 

 

 

 

 

وێنە هەواڵ
  • image04
  • خوێندكاران له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان كتێبه‌كانیان سوتاند

  • image04
  • ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی نیه‌

  • image04
  • ره‌وه‌ند جه‌بار فه‌رمان كوڕی سه‌ركرده‌ی نه‌مر جه‌بار فه‌رمان كۆچی دوایی كرد

  • image04
  • محەمەد مورسی كۆچی دوایی كرد

  • image04
  • هونەرمەند ئیسماعیل سابوری کۆچی دوایی کرد

  • image04
  • سه‌رۆك كۆمار له‌ هه‌ولێر به‌گه‌رمی پێشوازی لێكرا

  • image04
  • ئه‌ڵمانیا..مه‌لا به‌ختیار پرۆفیسۆر دكتۆر كه‌مال مه‌زھه‌ر به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

  • image04
  • شاژنی به‌ریتانیا مۆمی 93 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی كوژانده‌وه‌


                                           

پێشوازی له‌ د.نمرود بیوك كایه‌ ده‌كرێت


له‌ باره‌گای په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی له‌سوید، پێشوازی له‌ دكتۆر نمرود بیوك كایه‌ براز...


  كه‌رتی رێكخستنی لیدز كۆده‌بێته‌وه
  شیعری كوردیی له‌ ئه‌مستردام به‌ڕێوه‌ده‌چێت
                                           

ئۆغڵو: ئامه‌د به‌ره‌و شارێكی گه‌شتیاری هه‌نگاو ده‌نێت


ئۆزگور محه‌مه‌د ئۆغڵو: پارێزگای ئامه‌د له‌بواری گه‌شتوگوزار پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و ساڵانه‌ش (3) ملیۆن و (50...


   سزای ته‌مه‌لی: پیلان هه‌یه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد
  یەكێتیی لە هەموو جومگەكانی بڕیاردان پۆستی دەبێت
                                           

به‌ڤیدیۆ.. ئاماری قوربانیانی كۆچی نایاسایی عیراقییه‌كان

ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌فیچه‌رێكدا ئـامـاری هـاووڵاتیانی عیراقی كه‌ وه‌ك په‌نابه‌ر له‌ جیهاندا داوا...


  ئه‌سته‌نبوڵ شكستی به‌ ئه‌ردۆگان هێنا
  هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ


کاریکاتێر