riklam

سه‌رۆك كۆمار: هه‌وڵی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان بده‌ین

کوردستان 03:20 PM - 2019-06-10
.

.

له‌ رێوره‌سمی سوێند خواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق، وتارێكی پێشكه‌شكرد، ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌یه‌:

له‌ هه‌ولێری پایته‌خت كۆبوینه‌ته‌وه‌ به‌ بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربونی سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان
بۆنه‌یه‌كی مێژویی و گرنگه‌، وێرای ئاماژه‌ سیاسیه‌كانی، هیوادارین ببێته‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی پێشكه‌وتن و ئاشته‌وایی و ئاوه‌دانی بۆ كوردستان و بۆ عیراق.
وێرای پرۆزبایی گه‌رم له‌ برای به‌ڕێزم كاك نێچیرڤان بارزانی و ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ زۆرانه‌ی كه‌ هه‌موان لێمان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێوستی ئه‌زانم به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ رۆڵی جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی به‌رزبنرخێنین، وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ به‌و پێگه‌ و سه‌نگه‌ دیاره‌ی، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی نواند له‌ رێبه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ قۆناغی سه‌ختی گۆڕانكاریه‌كاندا نه‌خشی له‌به‌رچاو و بڕیارده‌ری هه‌بوه‌، لێره‌شه‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم سوپاس و پێزانین بۆ كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ هه‌مان بۆنه‌وه‌ دوپات بكه‌مه‌وه‌.

دڵنیام كه‌سایه‌تییه‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌ره‌كان به‌ پله‌ و پۆسته‌وه‌ دیاری ناكرێن، بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم ده‌وری كاك مه‌سعود بۆ قۆناغی ئاینده‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌و كاك مه‌سعوده‌ی سه‌رو 50 ساڵ له‌ خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی و ده‌وری گه‌وره‌ی له‌ ره‌وشی سیاسی كوردستان و عیراق و رێبه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان له‌ كاك مه‌سعود ده‌بێت كه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ئاینده‌ش به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پشتیوانی سه‌رۆكی هه‌رێمی تازه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی تازه‌، به‌ڵام هاوكاری ساڕێژبونی برینه‌كانی كورد و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزو تواناكانی خه‌ڵكی كوردستان بێت.

سه‌رده‌مانێك كاك مه‌سعود و جه‌نابی مام جه‌لال پێكه‌وه‌، بۆ ویژدانیش به‌ هاوكاری و پشتیوانی كاك نه‌وشیروان توانیان قۆناغێكی سه‌خت و دژوار تێپه‌ڕێنن، كوردستان له‌ قۆناغی دڵه‌ڕاوكێ و ئه‌گه‌ری جیاجیاوه‌ بۆ قۆناغی ناساندنی ده‌ستوری و پێگه‌ی ده‌ستوری له‌ناو عێراقدا بسه‌لمێنن.

ئه‌و ده‌وره‌ ده‌ورێكی گرنگ بوه‌و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌رز رابگرین، خه‌ڵكی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌كه‌ی، قوربانی زۆری داوه‌ تا به‌م رۆژگاره‌ گه‌یشتوه‌، شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و راگواستن و قه‌ڵاچۆكردنی خه‌ڵكی گه‌رمیان و بارزان و دوڵی جافایه‌تی و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌دان شارۆچكه‌ و هه‌زاران گوندی وێرانكراو و قوربانی و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیده‌ نه‌مره‌كانمان، هه‌وێنی ئه‌م ده‌ستكه‌وت و ئه‌م ئازادیه‌ی ئه‌مرۆی كوردستانن، بۆیه‌ ده‌بێت به‌رز ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ رابگرین، وه‌ به‌ هه‌مو توانامانه‌وه‌ هه‌ولی پاراستنی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ بده‌ین، به‌ یه‌كریزی گه‌له‌كه‌مان، وه‌ هه‌روه‌ها به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان بۆ خزمه‌تی زیاتری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و چاكسازیه‌كی بنه‌ڕه‌ت و به‌رقه‌راربونی عه‌داله‌ت و حكومڕانیه‌كی ته‌ندروستتر و باشتر، هه‌م بۆ خه‌ڵكی كوردستان، هه‌م بۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌كانی تری عێراق.

هه‌مومان ده‌زانین دۆخی ناوچه‌كه‌ ئاڵۆز ودژواره‌، پێشبینیكردنیش بۆ ئاینده‌ رون نیه‌، خه‌ڵكی عێراق له‌ رابردودا، تاڵاوی چه‌ندین جه‌نگی سه‌پێندراویان چه‌شتوه‌ و شه‌ری نه‌خوازراوی ماڵوێرانكه‌ریان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌، دوایینیان شه‌ڕی تێرۆریستانی داعش بو، كه‌ به‌ خه‌باتی پڕ سه‌روه‌ری و هاوكاری و هاوسه‌نگه‌ری سوپای عیراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و حه‌شدی شه‌عبی و به‌ پشتیوانی هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی و دۆستان توانرا دوای قوربانیدان و خۆبه‌ختكردنێكی زۆر، سه‌ركه‌وتنێكی مێژویی به‌سه‌ر مرۆڤكوژانی داعشدا تۆماربكرێت، پاراستنی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ئه‌ركی گه‌وره‌مانه‌، له‌سه‌ر ئاستی عیراق و بگره‌ ناوچكه‌ و جیهانیش، ئه‌وه‌ش به‌ پته‌وكردنی یه‌كریزی خه‌ڵكی عیراق، هێزه‌ سیاسیه‌كان وه‌ به‌ رێگه‌گرتن له‌ تێوه‌گلان له‌ شه‌ڕێكی تر و ئاژاوه‌یه‌كی تر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش به‌ هه‌وڵی دورخستنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مانه‌ له‌ سه‌نگه‌ربه‌ندیه‌كانی ململانێكانی ناوچه‌كه‌، وه‌ هه‌وڵمان بۆ ره‌واننه‌وه‌ی گرژیه‌كان و چاره‌سه‌ری ناكۆكیه‌كان و له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دوای ئه‌و شه‌ڕو شۆرو كاره‌سات و شه‌پۆلی توندڕه‌ویه‌، پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ پێكهێنانی سیسته‌مێكی هاوكاری سیاسی و ئابوری بۆ پێكه‌ه‌گرێدانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لان واقیعی ناوچه‌كه‌ له‌ ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تێرۆر و توندڕه‌وی و رێزگرتن له‌ مافی گه‌لان له‌ ئازادی و دیموكراسی، چه‌وساندنه‌وه‌و زه‌بروزۆنگ و شه‌ڕ چاره‌سه‌ نیه‌، چاره‌سه‌ر دایه‌لۆگ و هاوكاریه‌ بۆ ئاشته‌وایی و خۆشگوزه‌رانی.

بێگومان ئارامی رۆژهه‌ڵات به‌بێ ره‌چاوكردنی مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد دابین ناكرێت، گه‌لی كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی و ره‌سه‌نی ئه‌م رۆژهه‌ڵاته‌ له‌گه‌ڵ گه‌لانی عه‌ره‌ب و تورك و فارس و پێكهاته‌كانی تری ئه‌و ناوچه‌یه‌ په‌یوه‌ندی و فه‌رهه‌نگی هاوبه‌ش كۆمانده‌كاته‌وه‌، عیراق ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت ببێته‌ هه‌وێنی پێكهێنانی ئه‌و سیسته‌مه‌ نوێیه‌.

له‌ بری ئه‌وه‌ی عیراق گۆڕه‌پانی ململانێ و شه‌ڕ و ئاشوب بێت، هه‌وڵبده‌ین له‌ عdراقدا به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌مو لایه‌نه‌كنمان، به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، عیراق بكه‌ینه‌ ناوچه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبیش، وه‌ عیراق جارێكی تردوچاری ململانی و شه‌ر و ئاشوب نه‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌ركی له‌ پێشینه‌مان پته‌وكردنی ریزه‌كانی ناوخۆی عیراقه‌، ئه‌مه‌ كارێكه‌ به‌ قسه‌ خۆشه‌، به‌ڵام پێیستی به‌ به‌رنامه‌ی كرداری هه‌یه‌، به‌ تایه‌بتی چاره‌سه‌ركدنی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی بنه‌ره‌تی حكومرانی، كه‌ نه‌ك ته‌نها سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌ ئاستی حكومرانی له‌ به‌سره‌ و له‌ موسڵ و له‌ ناوچه‌كانی تری عیراقیش خه‌لك پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق به‌ ده‌ستوره‌، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌ستور، وه‌ رێككه‌وتنێكی جددیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و برگه‌ ده‌ستوریانه‌ی كه‌ ده‌توانێت ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و حكومڕانی ته‌ندروست بۆ گه‌لانی عیراق ده‌سته‌به‌ربكات، له‌ هه‌مان كاتیشدا په‌یوه‌ندی ته‌ندروستی نێوان هه‌رێمی كودستان و حكومه‌تی فیدراڵ دابین بكات.

كاك نێچیرڤان بارزانی ئه‌زمونێكی دور و درێژی حكومڕانی و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی هه‌یه‌، چاوه‌روانی ئێمه‌ له‌ جه‌نابت: ده‌وری كاریگه‌رت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و عیراقی فیدرال به‌ره‌و ئاقار و ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بڕوات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم د.عادل عه‌بدولمه‌هدی و برای به‌ڕێزم كاكه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وه‌ به‌ ئاماده‌بونی ئه‌م نوخبه‌ سیاسیه‌ دیاری عیراق، هاوكار و پشتیوانی زۆر هه‌ن له‌ به‌غدا.

راستییه‌كه‌ی هێزی سه‌ركه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان، هێزه‌ بۆ به‌غداو بۆ به‌سر، پشتوانیه‌ بۆ ئارامی و ئه‌منیه‌تی سه‌رتاسه‌ری عێراق، به‌ هه‌مانشێوه‌ش، به‌هێزبونی عیراق و به‌سره‌ و ئاوه‌دانی و ئارای موسڵ پشتیوانیه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، با له‌بری ململانێ و ناكۆكی هه‌وڵبده‌ین ئه‌و خێروبێره‌ی هه‌یه‌، بخرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ پێشكه‌وتن و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ گه‌نجه‌كانمان و بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تیمان.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket