riklam

ئارامی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی گه‌شتیاران زیاد ده‌كات

کوردستان 05:22 PM - 2019-06-08
.

.

به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، رێژه‌ی گه‌شتیاران به‌به‌راورد به‌ساڵی رابردوو بۆ هه‌رێمی كوردستان زیادیكردوه‌و ته‌نها تا دووه‌م رۆژی جه‌ژن 145 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌هه‌رێم كردوه‌.

نادر رۆستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: تائێستا ئاماری ته‌واوی هاتنی گه‌شتیارانمان له‌ سه‌رجه‌م رۆژانی جه‌ژن به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌و له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئاماره‌كان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.

وتیشی: تا دووه‌م رۆژی جه‌ژن 145 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردوه‌و له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردووشدا رێژه‌كه‌ زۆر زیادیكردوه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌عیراق دوای كوردستان جه‌ژنیان راگه‌یاند.

وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم راشیگه‌یاند: به‌پێی پێشبینییه‌كانمان رێژه‌ی گه‌شتیاران به‌ به‌راورد به‌ساڵی رابردوو زیادیكردوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانراوه‌ پێشوازییه‌كی گه‌رم له‌گه‌شتیاران بكرێت و شوێنی حه‌وانه‌وه‌و خواردن و پێداویستییه‌كانی دیكه‌یان بۆ دابینبكرێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ساڵ به‌ساڵ رێژه‌ی گه‌شتیاران زیاد ده‌كات و گه‌شتیاران به‌گرنگییه‌وه‌ له‌سروشت و ئارامی پارێزگاكانی هه‌رێم ده‌ڕوانن.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ئارام شوانی به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌ رۆژانی پشووی جه‌ژندا 75 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌پارێزگای سلێمانی كردوه‌.

وتیشی: ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی روویان له‌ پارێزگاكه‌ كردوه‌ به‌شێكی زۆریان له‌پارێزگاكانی خوارو و ناوه‌ڕستی عیراقه‌وه‌ هاتوون و به‌شێكیشیان له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ سلێمانی.


PUKmedia دیار ستار

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket