riklam

كۆسره‌ت ره‌سوڵ: هه‌ر ده‌بێت دۆخی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكه‌ین

ی.ن.ک‌‌ 04:53 PM - 2019-06-01
.

.

‎كۆسره‌ت ره‌سوڵ: ئه‌وانه‌ی مێژوویه‌كی باشیان نه‌بێ و زه‌ره‌ریان له‌یه‌كێتی دابێ له‌كۆنگره‌ ده‌ترسن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی خه‌باتیان كردبێ .

‎كۆسره‌ت ره‌سوڵ: له‌كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ كاك مه‌سعود باسی هیچ ناوێك نه‌كراوه‌و رِێكه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ .

‎ئه‌مرِۆ له‌ 44 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی به‌ یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی سه‌ردانی ئارامگای جه‌نانی مام جه‌لالی كردو تاجه‌گوڵینه‌ی له‌سه‌ر دانا. ‎
له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یداو بۆ میدیاكان كۆسره‌ت رِه‌سول عه‌لی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی: ‎
بۆ یه‌كێتییه‌كان یه‌كرِیزی ناوماڵی كوردی و یه‌كرِیزی ناو یه‌كێتی وه‌فایه‌ بۆ مام جه‌لال و یه‌كێتی، مام جه‌لال هه‌موو ژیانی خۆی له‌پێناو كوردایه‌تی دانا، هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له‌پێناو كوردایه‌تی سه‌رف كرد، به‌ڵام له‌پێناوی ئاشتی و برایه‌تی و ته‌بایی و یه‌كرِیزی ناوماڵی كوردی. ‎پیرۆزبایی له‌ هه‌موو یه‌كێتییه‌كان ده‌كه‌م، پیرۆزبایی له‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان ده‌كه‌م، پیرۆزبایی له‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئه‌و یه‌كێتییه‌ی له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، ئه‌وێ رِۆژێ كه‌ یه‌كێتی برِیاری شۆرِشیدا ده‌یانگوت ئه‌وه‌ خه‌ون و خه‌یاڵه‌، دواتر بوور واقیع. ‎
ئێستا ئێمه‌ له‌ سلێمانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی له‌سه‌ر ئارامگای جه‌نابی مام جه‌لال كۆبووینه‌ته‌وه‌ دڵنیای ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كێتی رِیزه‌كانی كوردو كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌هێز ده‌كه‌ین، هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیاسه‌تی رِه‌خنه‌و رِه‌خنه‌له‌خۆگرتن په‌ره‌ پێ بده‌ین
زۆر كه‌س ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر دارخورما له‌ كوردستان شین بێ یه‌كێتی ناتوانێت قیاده‌ی شۆرِش بكا، ئه‌وێ رۆژێ مام جه‌لال و ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌ڤاڵانی له‌ ئه‌وروپاو شام گفتوگۆیان كرد تا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دروست بكه‌ن له‌پێناوی ئه‌وه‌ی جارێكی تر شۆرِشی كوردستان هه‌ڵبستێته‌وه‌و خه‌ڵكی كوردستان ئومێدیان بۆ په‌یدابێته‌وه‌ به‌ شۆرِشی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ماوه‌ی 44 ساڵ خه‌باتی زۆر قوربانی داوه‌، فیداكاری زۆری كردووه‌ له‌پێناوی ئه‌وه‌ی میلله‌تی كورد ئازادبێ، ئازادیش بوو، له‌ مێژووی میلله‌تی كورد یه‌كه‌م شۆرِشه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی به‌رهه‌می شۆرِشیان بینی و خۆیان له‌ناو كوردستان كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رۆڵی پێشرِه‌وو پێشه‌نگی هه‌بوو له‌ خه‌بات و تێكۆشان به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان.
سوپاسی هه‌موو یه‌كێتییه‌كان ده‌كه‌م و سڵاو ده‌نێرم بۆ شه‌هیدان و ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر بوون وه‌ك جه‌نابی مام جه‌لال، كاك نه‌وشیروان، كاك د. كه‌مال وئاد و كاك عادل موراد و هه‌موو براده‌رانی تر كه‌ شه‌هید بوونه‌.

له‌ وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسان و له‌ باره‌ی به‌ستنی كۆنگره‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی وتی: ئێمه‌ش پێمان باشه‌ كۆنگره‌ ببه‌سترێت، كۆنگره‌یه‌كی ته‌ندروست، كۆنگره‌یه‌ك یه‌كێتی به‌هێز بكا نه‌ك كۆنگره‌ك بیه‌وێ یه‌كێتی تێكبدات و دابه‌شی بكات.
من پشتیوانی له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كه‌م، ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ كۆنگره‌ ده‌ترسن كه‌ مێژوویه‌كی باشیان نه‌بێ یان زه‌ره‌ریان له‌ یه‌كێتی دابێ، ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌باتیان كردبێ له‌ كۆنگره‌ ناترسن.

په‌یوه‌ست به‌ دۆخی كه‌ركووك و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی له‌باره‌ی رێككه‌وتن و پاشگه‌زبوونه‌وه‌وه‌ ده‌كرێ، كۆسره‌ت ره‌سوڵ راشكاوانه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی"ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ خه‌ڵك به‌ عه‌كسه‌وه‌ باسی ده‌كا، مه‌سه‌له‌ وانه‌بوو، كاتی خۆی كه‌ برِیاردرا من و كاك مه‌سعود مه‌له‌فی به‌غداو كه‌ركووك بگرینه‌ ده‌ست و برِیاری لێ بده‌ین، ماوه‌یه‌كی به‌سه‌رچوو بارودۆخی پارتی و په‌یوه‌ندی یه‌كێتی هه‌ندێك ساردی كه‌وته‌ناو، پاشان كه‌ كاك مه‌سعودم بینی و قسه‌مان كردووه‌، باسی كاك فه‌ره‌یدون و هیچ كاكێكی تر نه‌كراوه‌، كاك فه‌ره‌یدون پیاوێكی تێكۆشه‌ره‌و مه‌سولی هه‌موو ئه‌و براده‌رانه‌ بووه‌ كه‌ ئێستا له‌ مه‌كته‌بی سیاسین، به‌ڵام ئه‌من شه‌خسیه‌ن شتی وام باس نه‌كردووه‌و ئه‌وان وا ده‌ڵێن!
مه‌سه‌له‌ شه‌خسیش نییه‌، مه‌سه‌له‌ میلله‌ته‌كه‌مانه‌، كه‌ركووك پارێزگایه‌كی گه‌وره‌یه‌، مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو كورده‌وه‌ هه‌یه‌، كوردی سوریا، ئێران توركیا.
له‌ كۆتاییداو له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئاخۆ چی ده‌كه‌ن بۆ دۆخی كه‌ركووك؟ كۆسره‌ت ره‌سوڵ وتی: هه‌ر ده‌بێ چاره‌سه‌ری بكه‌ین.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket