كێشه‌كانی یه‌كێتی،
بیروڕا 09:48 AM - 2019-06-01.
هەر یەکێتی کێشەی هەیە یان قەدەری حزبەکانی دیکەشە؟!
یه‌كێتی و ده‌ورانی قه‌یران..
له‌رووی مه‌بده‌ئییه‌وه، هاوكات به واقع و ئه‌زموونیش، ره‌نگه زۆربه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و فاكته كۆك بین، كه هێزێكی سیاسیی وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانی، له هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستان، زیاتر كێشه‌ی هه‌یه. له كتێبی(یه‌كێتی، له‌سه‌رده‌می قه‌یران و به‌ره‌نگاریدا/ 2010، ده‌زگای واڵا) كه پێش (9) ساڵ بڵاومان كرده‌وه، گریمانه‌ی ئێمه بۆ دۆخی ئه‌م هێزه، له هه‌بوونی كێشه زیاتره. له‌وێ ناومان لێناوه: قه‌یران.
بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ قه‌یران، له پارتی سیاسی‌دا، چۆن ده‌ناسرێته‌وه، چه‌ند دیارده‌و هه‌لومه‌رجێك هه‌ن كه ده‌ركه‌وتن و زه‌قبوونه‌وه‌یان ده‌بن به‌پێوه‌ر بۆ ناسین و تیۆریزه‌كردنی هه‌ر حزبێك له ده‌ورانی قه‌یراندا، له‌وانه: پابه‌ند نه‌بوون به‌په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌وه، نه‌مانی دیسپلینی حزبی، پاشه‌كشه‌ی سه‌ره‌تاكان Principles و بیروباوه‌ڕ، رێزنه‌گرتن له پله‌به‌ندیی رێكخراوه‌یی، كارنه‌كردن به سیستمی چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستییانه‌ی ئۆرگانه‌كان، ده‌ركه‌وتنی په‌یوه‌ستی(ولا‌و/Loyalty) بۆ گروپ و كه‌سه‌كان له‌جێی په‌یوه‌ستی بۆ حزب و بیروباوه‌ڕو ئامانجه‌كان، په‌یڕه‌و نه‌كردنی پره‌نسیپی سزا‌و پاداشت، له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ش ترسناكتر، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی فاحیشانه‌ی به‌رپرسان، نه‌مانی نهێنیی حزب و دزه‌كردنی دۆسییه تایبه‌تییه‌كان، سازنه‌كردنی كۆنفرانس و كۆنگره حزبییه‌كان له‌ماوه‌ی یاسایی خۆیان، گرفتی رابه‌رو بڕیاردان، ده‌ستاوده‌ست نه‌كردنی ده‌سه‌ڵات و پاوان، بۆشایی چاكسازی و ده‌ستكاریكردن و گۆڕان، پاشه‌كشه‌ی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و…. زۆری تریش.
هه‌ر هێزێكی سیاسی، ئه‌م دیارده‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی تێكه‌وت، ئه‌وا گریمانه وایه كه له‌ده‌ورانی قه‌یراندا ئه‌ژی. واته له دواییدا سه‌قامگیری و گه‌شه‌كردنی راده‌وه‌ستێت و، نائارامی و پاشه‌كشه رووی تێده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی هێزه سیاسییه‌كانیشمان بپشكنین، ئه‌وا كه‌م و زۆر، واته به شێوه‌ی رێژه‌یی، ئه‌م دیارده‌و هه‌لومه‌رجانه، یان به‌شێكیانی، تێدا به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه، له‌هیچ هێزێكدا، هێنده‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی، نه بڵاوه‌و نه زه‌قه، واته هه‌م بوونیان هه‌یه، هه‌م بۆ رای گشتیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه، ئاشكرا‌و به‌رچاون، زۆرجاریش، هه‌ر سه‌ركرده‌كانی ئه‌م هێزه سیاسییه خۆی، به‌هۆی ململانێكانی نێوانیانه‌وه، پتر زه‌قیان ده‌كه‌نه‌وه‌و گوزارشیان لێده‌كه‌ن و له‌میدیاكانه‌وه ده‌یانوروژێنن.
وه‌ڵامی رواڵه‌تی و پرسیاری گه‌وهه‌ری !
پرسیاریش ئه‌وه‌یه، ئایا، دۆخی گشتیی ئه‌م یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌كۆتاییداو له‌ناو مێژووی سیاسیمان، ده‌بێته وانه بۆ هێزه سیاسییه‌كانی ترمان و په‌ندی لێ وه‌رده‌گرن و خۆیانی لێ ده‌پارێزن، یان نه‌خێر، ئه‌وانیش، یه‌ك له‌دوای یه‌ك، دره‌نگ یان زوو، پێ ده‌نێنه ناو هه‌مان ده‌ورانی قه‌یرانباری ژیانی حزبایه‌تییه‌وه؟
ئه‌و پرسیاره گرنگه. له‌رواڵه‌تیشدا، ره‌نگه وه‌ڵامه‌كه‌ی رێنوێنی ئامێزبێ!. واته لای هێزه‌كانی تر‌و له‌كۆبونه‌وه ناوخۆییه‌كانیاندا، بوترێ و جه‌خت له‌وه بكرێته‌وه كه پێویسته په‌ند له‌خراپیی دۆخی یه‌كێتی وه‌ربگیرێت، ره‌فتارو ئه‌دایه‌ك نه‌نوێنرێ كه هه‌مان دۆخ له‌ئه‌زموونی ئه‌وانیشدا سه‌رهه‌ڵبدات.
خاڵی گه‌وهه‌رییش، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵامه رواڵه‌تییه، ئه‌وه‌یه كه، وردتر‌و قوڵتر، پرسیار له‌وه بكرێت: ئایا پارته سیاسییه كوردییه‌كان خۆیان، به‌گشتی، له‌ناو كۆمه‌ڵێك بونیادی Structureكولتووریی سیاسیی لێكدابڕاو و جیاجیادا ده‌ژین و به‌ڕێوه‌ده‌چن، یان نه‌خێر كۆی هێزه سیاسییه‌كان، له‌ژێر كاریگه‌ریی یه‌ك بونیادی له‌م تایپه‌دان و، ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونه قه‌یراناوییه‌كانی كاری حزبایه‌تیش، ئه‌گه‌ری كراوه‌ن و مه‌ترسیی چاوه‌ڕوانكراون بۆ هه‌مووان؟!.
بونیادی كولتوری سیاسی، چییه؟
بونیادی كولتوری سیاسی، كۆمه‌ڵێك ئاستی هه‌یه، یه‌كێك له‌و ئاستانه كه گرێدراوی حزب خۆی و پێكهاته‌كه‌یه‌تی، بریتییه له كۆمه‌ڵێك یه‌كه Unitكه ئه‌زموونی هه‌ر گروپێكی سیاسی هه‌ڵده‌سوڕێنن و ئاراسته‌و جڵه‌وی ده‌كه‌ن، له‌وانه: كاركردن به بیروباوه‌ڕو پره‌نسیپه‌كان، ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌یڕه‌و و پرۆگرامی حزب، دۆخی دامه‌زراوه حزبییه‌كان، رێبه‌ر‌و بیركردنه‌وه‌و ره‌فتاره‌كانی، سه‌ركردایه‌تیی حزب و كێبه‌ركێ و ململانێی ناوخۆییه‌كانی، هۆشیاریی سیاسیی كادرانی حزب و ئه‌ندامانی.
له‌ئاستێكی تریشدا كه په‌یوه‌سته به باری وڵاته‌وه به‌گشتی، بونیادی كولتوری سیاسی، بریتییه له: په‌یوه‌ندیی حزب به كۆمه‌ڵگه‌و خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كانییه‌وه، به ده‌سه‌ڵات و گه‌مه‌و ته‌كتیكه‌كانییه‌وه، به ئابووری و بوار‌و ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه، به بیروباوه‌ڕه ئاینییه‌كان و دابونه‌ریته‌كانه‌وه، به هه‌ڵكه‌وته‌ی جیوسیاسیی وڵات و ده‌رفه‌ته‌كانییه‌وه و..هتد..
واته له‌هه‌ردوو ئاسته‌كه‌دا، كۆمه‌ڵێك یه‌كه هه‌ن كه په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه‌و له‌كۆتاییدا تۆڕێك Network دروستده‌كه‌ن. بۆ ئه‌زموونی هه‌ر حزبێك، ئه‌و تۆڕه، بونیادی كولتوری سیاسی پێده‌هێنێت، واته هیچ حزبێك ناتوانێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و یه‌كانه بژی كه ئه‌م تۆڕه‌یان دروستكردووه‌و، به‌سروشتی حاڵیش، هه‌موو هێزێك ده‌كه‌وێته ناوییه‌وه.
لێره‌وه، ساده‌ترین، ئه‌نجامگیری، ئه‌وه‌یه كه، هه‌موو هێزێكی سیاسیی ئێمه‌ش، له‌كۆتاییدا، به‌ركاری ئه‌و بونیاده‌یه له‌كولتوریی سیاسی، واته كه‌سیان نییه كه بێ رابه‌ر، بێ په‌یڕه‌و و پرۆگرام، بێ بیروباوه‌ڕ، بێ سه‌ركردایه‌تی، بێ ئۆرگان و ده‌زگا، بێ كادر‌و ئه‌ندام بێت. وه‌كچۆن، به باره‌كه‌ی تریشدا، هیچ هێزو رێكخراوێكی سیاسی ناتوانێت هه‌بێت و سیاسه‌ت بكات به دابڕاوی له كۆمه‌ڵگه، له ده‌سه‌ڵات، له ئابووری، له‌جوگرافیای سیاسی، له‌ئاین و داب و نه‌ریته گشتییه‌كان و ..هتد. بۆیه، راستتر ئه‌وه‌یه كه، هه‌ر زوو دان به‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌دا بنرێت كه هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانمان، سه‌ربه یه‌ك بونیادی كولتوری سیاسیین، ئه‌م كولتوره‌ش هه‌ڵقوڵاوی كۆی ئه‌و ئاستانه‌ی بونیاده‌كه خۆی و یه‌كه پێكه‌وه گرێدراوه‌كانێتی.
له‌یه‌ك كاتدا، په‌ندو تارمایی !
لێره‌وه‌یه كه ده‌بینی، هه‌موو پارتێكی سیاسی له كوردستاندا، به‌سروشتی حاڵ، ناچاره، له‌یه‌ك كاتداو له‌چوارچێوه‌ی ستراتیژی ركابه‌رایه‌تی و ململانێدا، هه‌م قه‌یرانه‌كانی هێزێكی وه‌ك یه‌كێتی زه‌ق بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌زموونێكی خراپی حزبی و حزبایه‌تیكردن، نمایش و وێنای بكات و په‌ندی لێ وه‌ربگرێت، هه‌م وه‌ك تارماییه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات كه به‌سه‌ر سه‌ری هه‌موویانه‌وه‌یه‌و مومكینه رووبه‌ڕووی ئه‌وانیش ببێته‌وه!، به‌تایبه‌تی كاتێك هه‌ندێ له‌و یه‌كانه‌ی كه دۆخی حزبییان له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا له‌سه‌ر راده‌وه‌ستێت و ته‌عبیر له‌ئاماده‌گی و باڵاده‌ستیی یه‌ك كولتوری سیاسی ده‌كه‌ن، دووچاری كێشه‌و ته‌ڵه‌زگه‌ی خۆیان ده‌بنه‌وه. بۆ نموونه، یه‌كه‌ی رابه‌ر(زعیم) كه بێگومان له ئه‌زموونی بزووتنه‌وه‌ی كوردیدا، یه‌كه‌یه‌كی كاریگه‌ره‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر پارتی سیاسی به‌جێ ده‌هێڵێت.
تیرۆركردنی قاسملۆ، زیندانیكردنی ئۆجه‌لان، كۆچی دوایی تاڵه‌بانی، هه‌روا نه‌وشیروان مسته‌فا-ش، وه‌ك كۆمه‌ڵێك نموونه‌ی زیندوو، راسته‌وخۆ، هه‌موو یه‌كه‌كانی تری ژیان و ئه‌زموونی حزبایه‌تییان لای حزبی دیموكرات،PKK، یه‌كێتی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌ژاند. بێگومان ئه‌گه‌ر سبه‌ی رۆژ، به هه‌ر هۆیه‌ك بێ، كاك مه‌سعود بارزانی-یش، وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دیموكرات، له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا نه‌مێنێت، ئه‌وا حاڵی هێزه‌كه‌ی له دۆخی ركابه‌ره‌كانی باشتر نابێت!، به‌تایبه‌تی كه یه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی و خه‌ون و ته‌ماحه تایبه‌تییه‌كان و ململانێكانی نێوانیان، له‌بۆشایی كه‌سی یه‌كه‌مدا، زه‌قتر ده‌بنه‌وه‌و توندتر ده‌بن!، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها له‌رووی تیۆری و له‌ئه‌نجامی راڤه‌كردنی بونیادی كولتوری سیاسییه‌وه، به‌ڵكو به تاقیكردنه‌وه‌ش له كاروان و دیرۆكی هێزه سیاسییه‌كانماندا، به‌دی كراون.
ره‌گی مێژوویی ..!
به مانایه‌كی ساده‌تر، ئه‌و دۆخه نائاساییه‌ی حزبایه‌تی كه هێزێكی سیاسیی وه‌ك یه‌كێتیی تیایه، له بۆشاییه‌وه نایه‌ت، هیچ حزبێكی سیاسی نییه له به‌رنامه‌و په‌یڕه‌ویدا بێت كه له‌دۆخێكی وادا بژی و قبوڵی بكات و پێی ئاسایی بێت، به‌ڵكو ئه‌مه زاده‌ی بونیادی كولتورێكی سیاسییه كه ره‌نگه له‌هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی مێژووی و سیاسی و سۆسیۆلۆژیدا بۆ ئه‌زموونی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كورد، هه‌ر له سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی مه‌لیكه‌وه، له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه، بۆ ئێستا، بۆت ده‌بكه‌وێت و روون ببێته‌وه كه، ته‌مه‌ن و ره‌گوریشه‌ی، به‌لای كه‌مه‌وه، یه‌ك سه‌ده‌یه. ئه‌مڕۆ حزبی سیاسی، له باشووری كوردستان و به‌شه‌كانی تریشدا، به‌هۆی ئه‌م باكگراوه‌نده مێژووییه‌ی كایه‌ی سیاسه‌ت و ئه‌زموونه‌كانییه‌وه كه زۆرجار دووباره ده‌بنه‌وه‌و له‌ئاكامدا حیكمه‌ت و شاره‌زایی سیاسیی پارته‌كانمان سنوردار ده‌كه‌ن، به‌ئاسانی توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و بونیاده‌یان نییه. راسته هه‌مووان هه‌مان دۆخی هێزێكی وه‌ك یه‌كێتی ناژین، به‌ڵام له‌ناو هه‌مان بونیادی كولتوری سیاسییدان و هه‌ریه‌كه‌و به رێژه‌یه‌كی دیاریكراو، كێشه‌و بێشه‌ی خۆی هه‌یه، به‌شێكی ئه‌و كێشانه دزه ده‌كه‌نه ده‌ره‌وه‌و به‌شێكیشیان به نهێنی و نه‌زانراو ده‌مێننه‌وه‌و به‌ڕێوه‌ده‌چن!.
ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر كایه‌ی سیاسی و حزبایه‌تیمان، وه‌رچه‌رخابێ بۆ كایه‌یه‌كی ناشیرین و پڕ له‌ململانێ و ناسه‌قامگیری، بووبێته هۆی تۆراندنی كۆمه‌ڵگه له‌سیاسه‌ت، دابڕانی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان هاوڵاتی و ده‌وڵه‌ت، بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه له حزبه‌كان، ئه‌وا هه‌ر هه‌موو ئه‌م دیاردانه‌و زۆری تریش، دیارده‌گه‌لێكی گشتین و ده‌ربڕی یه‌ك ستراكتۆرن كه ستراكتۆری كولتوری سیاسییه، ئه‌گینا ده‌بوایه هه‌رزوو ئه‌زموونه خراپه‌كان تێپه‌ڕێنرابان و جێگره‌وه‌یان هه‌بوایه له‌كاتێكدا زیاتر له ئه‌زموونێكمان هه‌یه كه ئه‌وه ناسه‌لمێنن!.
ئه‌زموونه‌كان، به‌بێ جێگره‌وه..!
كاتێك پارتیی دیموكراتی كوردستان له‌ناوه‌ڕ‌استی شه‌سته‌كاندا دووچاری لێكترازان بوو، نه توایه‌وه‌و نه باڵی (م.س) و دواتریش نه یه‌كێتی بووه جێگره‌وه‌ی. كه یه‌كێتی دووچاری چه‌ندین لێكترازان بوو، نه سڕایه‌وه‌و نه لێكترازاوه‌كانیشی جێیان گرت، ئه‌زموونی زۆر هێزی تریش هه‌روا. بۆیه ئه‌و دۆخه حزبییه ئاڵۆزه‌ی كه هێزێكی وه‌ك یه‌كێتیی تیایه، زۆرجار وه‌ك ده‌ورانێكی چاوه‌ڕوانكراو ته‌ماشا ده‌كرێت، هه‌ر حزبه‌و، به‌پێی قه‌باره‌و واقعی خۆی، به‌پێی ئه‌زموون و
تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی، به‌گوێره‌ی گۆڕاوه‌كانی(متغیرات) كات و شوێن، هاوكات به‌ئه‌ندازه‌ی كاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی و، به‌تایبه‌تیش به‌شداریكردنی له پرۆسه‌ی حوكمڕانێتی، كه‌م و زۆر، دووچاری ده‌بێت.
له‌م حه‌تمییه‌ته مێژووییه‌دا، ئه‌وه روونده‌بێته‌وه كه زه‌قبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی یه‌كێتی وه‌ك حزبێكی قه‌یرانبار، پتر زه‌قبوونه‌وه‌یه‌كی سیاسی و میدیاییه. ئه‌م زه‌قبوونه‌وه‌یه، هه‌م په‌یوه‌سته به ململانێ نێوان هێزه‌كانمان و نێوان ده‌زگا پڕوپاگه‌نده‌ییه‌كانیان و، هه‌م نێوان جه‌مسه‌ره‌كانی ناو یه‌كێتی خۆی و، هه‌م روماڵی میدیا سێبه‌رو ناحزبییه‌كان و سۆشیالمیدیاكانیش كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، سه‌رده‌می شۆڕشی زانیاری و په‌یوه‌ندیگرتن Communication، بوونه‌ته به‌شێك له‌به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانی ناو كایه‌ی سیاسی.
به‌مانایه‌كی تر، ئه‌مڕۆ ئه‌وانن كه ئه‌م ده‌ورانه قه‌یرانباره‌ی دۆخی هێزێكی وه‌ك یه‌كێتی، وه‌ك دۆخێكی شاز‌و ناوازه‌ی ناو بڕگه‌یه‌كی دیاریكراوی مێژووی سیاسیمان وێنا ده‌كه‌ن!، ده‌نا ئه‌مه‌ی ئه‌م هێزه‌ی تێدا ده‌ژی، ده‌ورانێكی سیاسیی بازنه‌ییه، به‌فۆرمی جیاوازیش یان چوونیه‌ك، ڕۆ ده‌چێته ناو ئه‌زموونی هه‌موو پارتێكی سیاسیی كوردییه‌وه، به ته‌واویش گرێدراوی بونیادی كولتوری سیاسییمانه، زیاتریش له‌و كاتانه‌دا خۆی نمایش ده‌كات كه هێزه سیاسییه‌كان ببنه هێزی فه‌رمانڕه‌وا.
له‌م ده‌ورانه‌دا، هه‌ر هێزی سیاسی، بتوانێ ئه‌زموونێكی نوێ له كه‌له‌پوری حزبایه‌تیكردن دابهێنێت كه زۆر قورسه‌و مه‌رجه‌كانی ئاماده‌نین، ئه‌وا كه‌متر به‌ركه‌وته‌ی ئه‌و قه‌ده‌ره ده‌بێت كه ئه‌م بونیاده، به رێژه‌ی جیاواز، یه‌ك له‌دوای یه‌ك، یان هاوزه‌مان، به‌سه‌ر پارته سیاسییه‌كانیدا، ده‌هێنێت و دوچاری كێشه‌و قه‌یرانیان ده‌كات.
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
هەواڵی زیاتر
-
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25 -
راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
10:33 AM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
کوردستان 12:25 PM - 2024-04-25