riklam

سكاڵاكارێك: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شاسوار سازش ناكه‌ین

کوردستان 01:05 PM - 2019-05-27
.

.

سكاڵاكارێكی رۆژنامەنووس جەخت دەكاتەوە، بەهیچ شێوەیەك سازش لە سكاڵاكەیان لەدژی شاسوار عەبدولواحید و باندەكەی ناكەن و هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەكاتەوە كە گوایە لە دانیشتنی دوێنێی دادگادا پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید ئامادە نەبووبێتن. دەشڵێت، باندەكەی دانیان بەوەدا ناوە كە ئەو سایت و پەیجانەی بابەت و ناوزڕاندنەكانی تێدا بڵاوكراوەتەوە سەربە شاسوار عەبدولواحیدن و لەلایەن ئەوەوە پاڵپشتی دارایی و ئاڕاستە كراون.

محەمەد هەورامی رۆژنامەنووس و سكاڵاكار لە شاسوار عەبدولواحید و باندەكەی بە PUKmedia ی راگەیاند: دوێنێ یەك شەممە 26-5-2019، لەسەر داوای دادوەری ئاسایش لەگەڵ كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی دیكە و باندەكەی شاسوار عەبدولواحید و پارێزەرەكانی، بۆ ماوەی پێنج سەعات لە دادگای سلێمانی، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایانەی دژی شاسوار عەبدولواحید و باندەكەی تۆمارمان كردبوون، رووبەڕوو بووینەوە.

وتیشی: لەدانیشتنەكەی دادگادا و لەپێشچاوی دادوەری ئاسایش، باندەكە دانیان بەوەدا ناوە كە ئەو سایت و پەیجانەی بابەت و ناوزڕاندنەكانی تێدا بڵاوكراونەتەوە سەر بە شاسوار عەبدولواحیدن و لەلایەن ئەوەوە پاڵپشتی دارایی و ئاڕاستە كراون.

راشیگەیاند: دانیشیان بەوەدا ناوە كە لەلایەن ئەو پەیج و سایتانەوە تەشهیر و ناوزڕاندن بەو رۆژنامەنووسانە كراوە و ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە كە ئێمە  هیچ كێشەیەكی شەخسییان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید دا نییە و تەنانەت پێش ئەوەی دەست بەبڵاوكردنەوەی ئەو بابەتانە بكرێت، دۆستایەتیمان لەگەڵیدا هەبووە.

محەمەد هەورامی وتیشی: شاسوار عەبدولواحید پێش دەستگیركردنی ئاگادار كراوەتەوە كە دەست لەو كارە قێزەونانەی هەڵگرێت و تەشهیركردن بەرۆژنامەنووسان راگرێت، بەڵام ئەو نكوڵی لێكردووە یاخود وەڵامی نەیاوەتەوە، لەكاتێكدا دوێنێ دوای دانپێدانانەكانی باندەكەی، شاسوار عەبدولواحید بێدەنگ بووە.

جەختیشی كردەوە: هەموو ئەو هەواڵانەی كە لە میدیاكانی سەر بەشاسوار عەبدولواحید و نەوەی نوێوە بڵاودەكرێنەوە كە گوایە لە دانیشتنەكەی دوێنێی دادگادا رێگەنەدراوە پارێزەرەكانی شاسوار عەبدولواحید ئامادەبن دوورن لە راستییەوە، بەپێچەوانەوە هەردوو پارێزەرەكەی لەسەرەتای دانیشتنەكە تا كۆتایی ئامادەبوون.

محەمەد هەورامی رۆژنامەنووس راشیگەیاند: بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافەكانمان ناكەین، چونكە ئەو بابەتانەی لە دژمان بڵاوكراونەتەوە سەرجەمیان دوورن لەڕاستییەوە و ئێمەیان تووشی بارودۆخێكی كۆمەڵایەتی و دەرونی خراپ كردووە و بەهۆیەوە ئازادییەكانمان بەرتەسك بووەتەوە.

دوێنێ یەك شەممە 26-5-2019، دادگای سلێمانی دانیشتنێكی رووبەروبوونەوەی دادگایی كردنی بە ئامادەبوونی پێنج رۆژنامەنووس كەپێكهاتبوون لە(كەمال رەئوف سەرنووسەری ماڵپەری شار و نیاز سەعید نووسەر و سیاسیی و تاریق فاتیح سەرنووسەری هاووڵاتی و محەمەد هەورامی رۆژنامەنووس و سیروان رەشید رۆژنامەنووس) لەبەرامبەر ئامادەبوونی 10 ئەدمینی پەیجەكانی (فایلی نهێنی و داهاتویەكی نوێ‌ و رۆژگوڵ و پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو....) و شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نوێ‌ و 2 سكرتێری سەرۆكی جووڵانەوەكەو  2  پارێزەری ناوبراوان  رێكخست.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket