riklam

خاوەن كۆمپانیایەك: مۆڵەكان روخساری كارمەندە ژنەكانیان بەكاردەهێنن

ی.ن.ک‌‌ 04:37 PM - 2019-05-26
.

.

زۆرێك لەژنان لەلایەن خاوەن كارەكان و رەگەزی بەرامبەرەوە  لە شوێنی كارەكانیان دەستدرێژی جۆراوجۆرییان دەكرێتەسەر، چالاكوانێكی ژنانیش هۆكارەكەی بۆ نەبوونی هۆشیاری مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی دارایی دەگەڕێنێتەوە، توێژەرێكیش پێی وایە ژنان لەترس ناوبانگیان سكاڵا تۆمارناكەن و زۆبەی ئەو كەیسان بەشاراوەیی مانەتەوە. 

sexually-harassed5.jpg

(س.ع) ناوی كچێكی هەژارە كە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی و تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ ، هەوڵی پەیداكردنی كار دەدات.

(س.ع) بەمجۆرە چیرۆكی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: بەمەبەستی پەیداكردنی بژێوی ژیان و تەواوكردنی خوێندن، كە ئەوكات خوێندكاری زانكۆ بووم سیڤییەكەی خۆمم بردە چەند شوێنی كارێكی نزیك ماڵی خۆمان، لەئەنجامدا لە مۆڵیك وەڵام درامەوە و بانگهێشتیانكردنم، دواتر لەلایەن خاوەن كارەكەوە چاوپێكەوتنم لەگەڵكراو خۆشبەختانە قبوڵكرام.

وتیشی: دوو هەفتە بەسەر كاركردنم لەمۆڵەكەدا تێپەڕی كە تایبەت بوو بەجلوبەرگی ژنان و هەستمكرد خاوەن كارەكە زۆربەی كات بەوناوەدا هاتووچۆ دەكات و چەند جارێك رەفتاری سەیری لەگەڵمدا دەكرد و هەوڵی خۆ نزیككردنەوەی لێدەدەام و هەندێك جاریش لەكاتی درەنگانی شەودا تێلی بۆ دەكردم و گفتووگۆی دوور لە بابەتی كاركردنی دەكرد.

(س.ع) ئاماژە بە داواكارییەكی جێگەی گومانی خاوەن كارەكەی دەكات و دەڵێت: رۆژێك داوای لێكردم كە فڵان رۆژ پێویستە كار بكەم و بێمە شوێنی كارەكەم لەكاتێكدا ئەو رۆژە مۆڵەكە كاری تێدا نەبوو پشوو بوو، زۆر سەرم سوڕما بەڵام هەچۆنێك بێت چوومە شوێنی كارەكەم و سەیرمكرد تەنها من و خاوەن كارەكە لەوێین و كەسی تری تێدا نییە، دواتر هەستمكرد دەیەوێت لێم نزیك ببێتەوە منیش بێ دوودڵی شوێنی كارەكەمم بەجێهێشت و رامكردە دەرەوە.

تا ماوەیەكی كەم لەدوای ئەوە لەشوێنی كارەكەم مامەوە بەڵام خاوەن كارەكە ناهەقی لێ دەكردم و هەستمدەكرد دەیەوێت تۆڵە بكاتەوە، پاشان بەزوترین كات وازم لەكارەكەم هێنا و دایك و باوكم ئاگادار كردەوە ئەوانیش پشتگیرییان كردم و پێیان وتم ئەگەر دەتەوێت سكاڵا تۆماربكەیت ئەوا ئێمە لەگەڵتین بەڵام من لەترسی قسەی كۆمەڵگا بێدەنگیم هەڵبژارد.

لەكۆتایشدا هیوام وایە هەر ژنێك هەستی بەوەكرد لەشوێنێك رووبەروی توندوتیژی دەبێتەوە، ئەو شوێنە بەجێبهێڵێت، زۆریش پێویستە ژنان تواناكانی خۆیان پەرە پێبدەن و هەوڵی فێربوونی زمان بدەن.

barbara-gindlrex-451487.jpg

سەبارەت بە دەستدرێژیكردنە سەر ژنان لەشوێنی كاردا هانا شوان رۆژنامەنووس و چالاكوان و مافەكانی ژنان وتی: ئێمە زۆر هۆشیاریمان بڵاوكردووەتەوە بەڵام ئەوە بەسنییە و رێگری لەو حاڵەتە ناكات، چونكە لەناوچە هەژار نشینەكاندا ژمارەیەكی زۆر لەژنانمان هەیە كە كاردەكەن و سوكایەتی و تەحەروشییان پێدەكرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەڵێننامەی كاركردن لەنێوانی خاوەن كار و كرێكاردا نییە، كە پێویستە تایبەتمەندییەكانی ژنی تێدا رەچاو بكرێت.

بۆیە پێویستە میدیا و رێكخراوەكان ئەركی خۆیان جێبەجێبكەن و تایبەتمەندییەكانی ژن لە بەڵێننامەی كاركردندا بچەسپێنن و هۆشیاری بدەنە ژنان كەچۆن رووبەروی قەیرانی ئابووری ببنەوە.

لەلایەكی ترەوە محەمەد گۆمەشینی توێژەی كۆمەڵایەتی و وتەبێژی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لەهەرێم سەبارەت بە دەستدرێژی وتی: دەستدرێژی تەنها ئەو مانایە نییە كە لەڕووە كۆمەڵایەتییەكانەوە پێناس دەكرێت، بەڵكو هەر كارێكە كە ژن ناڕەحەت دەكات مەرج نییە تەنها لەشوێنی كار بێت هەندێك جار لەلایەن شۆفێری تەكسییەوەیە و ژنانیش لەترسا بەنهێنی دەیهێڵنەوەو سكاڵا تۆمارناكەن، بەو كەیسانەش دەوترێت كەیسی ڕەش.

وتیشی: یاسا پارێزگاری لەمافی مرۆڤ دەكات بەڵام زۆربەی ژنان لەترسی ناوبانگی خۆیان و خێزانەكانیان سكاڵای یاسایی تۆمار ناكەن هەربۆیە زۆرێك لەوكەیسانە بەشاراوەیی ماونەتەوە.

DJMYTRLWCA.jpg

خاوەن كۆمپانیایەكی گەورە كە كۆمەڵێك كارمەند لەهەردوو رەگەز لە كۆمپانیاكەیدا كاردەكەن، هۆكاری كاركردن و كارپێدانی زیاتر بەرەگەزی مێی ئاشكرا كردو وتی: هۆكارەكەی لەلایەنە ئەرێنییەكەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رەگەزی مێ زیاتر پابەندن بە كارەكەیان و كاتی دەوامكردنەوە و خێراتر كارەكانیان رادەپەڕێنن، رێژەیەكی زۆریش لەمۆڵەكان بەداخەوە بیر لەرووكەش و روخساری كارمەندەكانیان دەكەنەوە تا پڕ فرۆشتر بن، كە ئەمەش وادەكات لە زۆر شوێندا ژن وەك كاڵا سەیربكرێت.

وتیشی: بۆیە پێویستە ژنان خۆیان رێگری لەو دیاردەیە بكەن و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكەنەوە، بەهیچ جۆرێك لەگەیاندنی حاڵەتەكە شەرم نەكەن تا ئەو جۆرە كەسانە سزا بدرێن و رووبەروی یاسا بكرێنەوە.

لینكی یارمه‌تیده‌ر بۆ بینینی به‌رنامه‌كه‌...


PUKmedia  رادیۆی نەوا


 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket