riklam

خۆپشاندانی بەسڕە سەرهەڵدەداتەوە

عیراق 10:03 PM - 2019-05-18
.

.

لێپرسراوانی پارێزگای بەسرە، ھۆشداری دەدەن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە پارێزگاکەدا، ھۆشداریش دەدەن لە قۆستنەوەی خۆپیشاندانەکان بۆ مەرامی سیاسی. 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماو نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، ئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە پارێزگای بەسرە، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان لە ئان و ساتدایە و پێشبینی دەکرێت ھاوشێوەی ساڵی رابردوو خۆپیشاندانەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەکی فراوانتر و توندتر، لێپرسراوێکیش لە پارێزگای بەسرە، ھۆشداری دەدات لە قۆستنەوەی خۆپیشاندانەکان بۆ مەرامی سیاسی. 

میدیاکانی عێراق لە زاری لێپرسراوێک لە پارێزگای بەسرەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانتاران، حکومەتیان ئاگادارکردووەتەوە لە دووبارەبوونەوەی ھەمان سیناریۆی ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی فراوانتر. رونیشیکردووەتەوە، جموجۆڵێکی راستەقینە ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و لایەنەکان و سەرۆک ھۆزەکانیش بە بەھێزیی پشتیوانیی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دەکەن. 

ئەو لێپرسراوەی پارێزگای بەسرە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، حکومەت ئەمجارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانە، بەو پێیەی دەبێتە پاڵپشتییەکی بەھێز بۆ دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا و دووبارە بەخشینەوەی لە سزاکانی سەر ئێران و بەردەوامبوونی لە ھاوردەکردنی گازی سروشتی لەو وڵاتەوە، ھەروەک ھۆشداریشی دا لە قۆستنەوەی خۆپیشاندانەکان بۆ مەرامی سیاسی بەو پێیەی ململانێکان لەسەر پۆستی پارێزگار لە ھەڵکشاندان. 

ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو لە مانگی تەموزەدا دانیشتووانی بەسرە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و چەندین بیناو بارەگای حکومی و حزبی سوتاند و چەندین کەسیش لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان لە رووبەرووبونەوەکاندا بوونە قوربانی، کە دواتر و لە مانگی ئەیلولدا ھێزە ئەمنییەکان بە زەبری ھێز کۆتاییان بەخۆپیشاندانەکان ھێنا.

ھەرچەندە پارێزگای بەسرە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی عێراق بە سامانی نەوت و سەرچاوەیەی سەرەکی داھاتی ھەموو عێراقە، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی سیاسیی حزبەکان، پارێزگاکە بووەتە یەکێک لە زەرمەندترین پارێزگاکان لە کردەوەکانی گەندەڵی  ئیداری و دارایی، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە ھەبووە کە ژمارەیان دەگاتە ٤ ملیۆن کەس. 

پارێزگای بەسرە بەدەست نەبوونی  ئاوی خواردنەوەو کەمی کارەباوە دەناڵێنێت و کەرتی تەندروستی و پەروەردەش ھەرەسیانھێناوە و رێژەی ھەژاری بێکاری تادێت روو لە بەرزبوونەوە دەکات، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی دزی و چەتەگەری تەشەنە بکات.

PUKmedia کوردسات نیوز

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket