riklam

پیرۆزبایی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی بۆ یەكێتی مامۆستایان

ی.ن.ک‌‌ 10:04 PM - 2019-05-14
.

.

بەبۆنەی یادی (57) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بروسكەیەكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی لەسەرۆك و مەكتەبی سكرتاریەت و ئەندامانی رێكخراوەكەو تەواوی مامۆستایانی كوردستان كردووە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

 

پیرۆزبایی بۆ یادی (57) ساڵەی یادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان

بەبۆنەی یادی (57) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لەسەرۆك و مەكتەبی سكرتاریەت و ئەندامانی رێكخراوەكەو تەواوی مامۆستایانی كوردستان دەكەین.

یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بەدرێژایی (57) ساڵەی خەباتیدا تا ئەمرۆ بێوچان خەباتی كردووە لەپێناوی بەدیهێنانی خواست و مافەكانی مامۆستایانی كوردستان و سەركەوتنو بەرەو پێشەوەچوونی پرۆسەی خوێندن لەكوردستاندا. سەرباری راپەراندنی ئەركە پیشەیی و پەروەردەیی و زانستیەكان، لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەكەماندا، رۆڵی بەرچاویان هەبووەو ژمارەیەكی بەرچاویش لە مامۆستایانی كوردستان شەهیدبوون یان بەرگەی زیندان و سزای سیاسیان گرت بە گواستنەوەیان بۆ شوێنە دوورەدەستەكان. لەدرێژەدان بە خوێندن لەناوچە ڕزگاركراوەكانی شۆڕش و پاراستنی زمانی كوردی لەبەردەم شاڵاوی فاشیانەی دەستەڵاتی بەعسدا بۆ سڕینەوەی زمان و پەروەردەی كوردیدا.

لەخەباتی مامۆستایانی كوردستان سەری بەرزیان بۆ مووچە نەوی نەكرد. لەخەباتی پیشەیی و دیموكراسیدا پێشەنگ بوون و دەستكەوت و ئامانجە بەدیهاتووەكانی بۆ مامۆستایان و پرۆسەی خوێندن بەرجەستەو دیارە. لەچوار ساڵی ڕابوردودیشدا بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی تێكشكاندنی داعشو دۆخی ناهەمواری كوردستانەوە، سەربەرزانە درێژەیان بە ڕاپەراندنی ئەركەكانیان دا.

لەئێستاشدا كە نوێنەرایەتی دەیان هەزار مامۆستا دەكات، پێویستە باشتر خۆی سازو ئامادەبكات بە بەرنامەیەكی نوێی كاركردن، كە بگونجێ لەگەڵ داخوازی و پێویستیەكانی ئەم قۆناغەی خەباتی پیشەیی و دیموكراسی، بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانی مامۆستایان و خزمەتكردنی پەروەردەو خوێندن لە كوردستاندا.

  دووبارە پیرۆزەو هیوای سەركەوتن بۆ خەباتی پیشەیی و دیموكراسیانەی مامۆستایان دەخوازین.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

14/5/2019

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket