riklam

مەلا بەختیار: کۆنگرەی گۆڕانکارییەکان و ئاییندەیەکی گەشتر بۆ یەکێتی

کوردستان 12:49 AM - 2019-05-14
.

.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، پێشوازی لە ئەنجومەنی مەڵبەندی حەمرین دەکات و لەدیدارێکی ھەڤاڵانەو یەکێتییانەشدا، جەختدەکاتەوە: لەلای من بەدیلی یەکێتی ھەر یەکێتییە..

لەدیدارەکەشدا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ (١٣/٥/٢٠١٩) بەڕێوەچوو، ھەڤاڵانی ئەنجومەنی مەڵبەندی حەمرین ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە:

مەبەستمان بوو کە ئەمڕۆ سەردانی بەڕێزت بکەین، چونکە بە یەکێک لەکۆڵەکە سەرەکییەکانی یەکێتیتان دەزانین، بۆیە پێمانخۆش نییە، کە لە مەکتەبی سیاسی و لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکانتاندا ناتانبینین.. چونکە پێشتر بێ لەدەرگادان دەھاتینە ژورەکەت و ئەوەی پێویست بووە بۆ کارەکانمان بۆتان راپەڕاندوین و وتیشیان: ھەمیشە لەناو ھەڤاڵانی یەکێتی ئاماژەمان بۆ ئەوە کردووە، کە: جەنابت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی دووزخورماتوو، نەک جارێک بەڵکو چەند جارێک، ھاوکار و پشتیوانی سەرەکیمان بوون و لەو رووەشەوە خۆمان بە قەرزاری جەنابتان دەزانین. بۆیە ئەگەر وەک وەفایەکیش بوبێت پێمانخۆشبوو سەردانتان بکەن.

ھەڤاڵانی مەڵبەندی حەمرین، راشیانگەیاند: ئێمە وەک کادرەکانی خورماتوو، داواکارین و ھیواخوازین جارێکی تر بە ھەمان ھەناسەو توانای جارانەوە دەست بەڕاپەڕاندنی ئەرکەکانتان بکەنەوەو بگەڕێنەوە بۆ مەکتەبی سیاسی، چونکە بەھەڤاڵێکی سەرەکی و بەیەکێک لە خوێنەوارە جدییەکانی یەکێتیتان دەزانین، ھەرچۆن ئێوە خەمخۆری مەڵبەندەکەمان و خەڵکی دەڤەرەکەمان بون، ئێمەش ھەر بەو خەمخۆرییەوە ئەم داوایە لەجەنابتان دەکەین.

لەلایەن خۆیشیەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: مایەی خۆشحاڵیمە کە بە پەرۆشن  بۆ یەکێتی و لەناو یەکێتیش بۆ ھەڤاڵەکانتان و یەکێکیش لەو ھەڤاڵانەتان کە منم و وتی: لەبارەی ئەو کارەساتەی لەرابردوودا بەسەر خورماتوودا ھات، ئەگەر بەسەر خانەقینیشدا بھاتایە، بێگومان ھەر ئەوەندە خەفەتم دەخواردو نیگەرانی خەڵکەکەیی و دەڤەرەکەش دەبووم. ئەگەرچی ھێشتا مایەی نیگەرانیمە کە ھەندێک لە خەڵکی دووز نەگەڕاونەتەوە ژیانی ئاسایی خۆیان و ھێشتا لە کەرکوک، دووز و خانەقین، لە مەخمور و شەنگال حکومەتی عەسکەری ھەیە. چونکە لەدوای شانزە بۆ حەڤدە ساڵ کە ڕژێمی بەعسمان روخاندووە، لەبری ئەوەی مەدەنییەت ، دیموکراسی، ئەقڵ و پێشکەوتن بچێتە پێشەوە، بەداخەوە حکومەتێکی عەسکەری دەسەپێنرێت و حکومەتەکەش، حکومەتی حەشدی شەعبی و میلیشیاییە، نەک حکومەتی سیستمی عەسکەری.

ھەربۆیە ھەمیشە دڵم لای ناوچە کێشە لەسەرەکانە و بە ئەرکی خۆشمی دەزانم ئەوەی پێمدەکرێ بیکەم، کە باوەڕموایە درێغیم نەکردووە، ھەرچەندە باوەڕموایە کە دەبێت زۆرتریش لەوەی کردوومە بۆ ئەو دەڤەرەی بکەم.

پاشئەوەی دۆخ و ھەلومەرجی ئێستای کوردستان و عیراقیشی ھەڵسەنگاند،  لەبارەی یەکێتییەوە، جەختیکردەوە، کە: لەلای من بەدیلی یەکێتی ھەر یەکێتییەو ھاوکات تەئکیدی لەپێویستی بەستنی گۆنگرەی گۆڕانکارییەکان کردەوەو بەگرنگ و پێویستیش بۆ یەکێتی و ئاییندەیەکی گەشتر بۆ یەکێتیی زانی.


PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket