riklam

هه‌رێمی كوردستان

بیروڕا 12:04 PM - 2019-05-13
.

.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاوسه‌ به‌ گۆڕانكاریی كه‌ كه‌س نازانێ له‌ كوێوه‌ سه‌ر ده‌ردێنێ؟. ئه‌وی نزیكه‌ ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری شه‌ڕێكی قورسه‌ كه‌ جیهانی پێوه‌ سه‌رقاڵه‌ و ده‌ڵێن ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ چه‌قی ده‌بێت. ناوی ململانێی ئێران و ئه‌مریكا دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بقه‌ومێ كه‌س نازانێ په‌ره‌سه‌ندنه‌كه‌ی تا كوێ ده‌ڕوا و ئاگره‌كه‌ی كراسی كێی تر ده‌سووتێنێ؟.

زه‌حمه‌ته‌ پێشبینی بكه‌ین ده‌قه‌ومێ، یان له‌ دوا ساتدا ده‌ریچه‌ی تر بۆ (شه‌ڕه‌كه‌) ده‌دۆزرێته‌وه‌. واتا ئه‌وی پێی ده‌ڵێن سیاسه‌ت درێژه‌پێدانی (شه‌ڕ)ه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر، ببێته‌ بژارده‌ی هه‌ر دوو به‌ره‌ و سه‌ره‌نجام له‌ راڕه‌وه‌كانی سیاسه‌ت و دیبلۆماسی و هێڵی گه‌رمی ته‌له‌فۆنه‌وه‌، پێكهاتنه‌وه‌ سه‌ر ده‌ربێنێ. تا چه‌ند ساڵی رابردوو ئه‌گه‌ری هه‌ر شه‌ڕێك وا ده‌خوێنرایه‌وه‌ كه‌ شتێكی تێدا ده‌بێت بۆ كورد، هیچ نه‌بێ دیوی خوێندنه‌وه‌ی كورد و كرمانج وابوو. ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ له‌به‌رئه‌وه‌بێ كوردستان خۆشی گیرۆده‌ی كۆت و به‌ندێكی وابوو زلهێزه‌كان تا مامناوه‌نده‌ ئیقلیمییه‌كان پێكیانهێنابوو. له‌ دوا ده‌یه‌ی سه‌ده‌ی رابردوودا ملهوڕی سه‌دام له‌ كوێت (ساڵی 1990) دنیای هێنایه‌ سه‌ر رژێمی به‌عس و تا رووخا (له‌ ساڵی 2003)، گه‌رده‌لولی بیابان هه‌ر تۆزی لێ هه‌ڵده‌سا، له‌نێوان ئه‌و دوو به‌رواره‌دا كورد ئه‌زموونێكی به‌ڕێكرد و دوای كه‌وتنی به‌عسیش، ناونیشانی ره‌سمیی له‌ ده‌ستووری عیراقدا بۆ مسۆگه‌ر كرد. هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو ئازاره‌كانی سێ ده‌یه‌ی رابردووه‌وه‌، قه‌واره‌یه‌كی هه‌یه‌ نایه‌وێ له‌ ده‌ستی بدات. پاشه‌كشێی چه‌ند ساڵی رابردوو و كێشه‌كانی تائێستای له‌گه‌ڵ به‌غدا كه‌ له‌ بازنه‌ی ماف و مووچه‌ و بودجه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌، سیاسه‌تی كوردستانی بێ هیوا نه‌كردووه‌، به‌ڵام هێشتا هێزه‌كه‌ی جارانیشی بۆ وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌ تا ته‌ماع و تموحی تر بداته‌ به‌ر خۆی، یانیش له‌ رێگه‌ی یه‌كگرتنێكی كۆنكرێتییه‌وه‌ له‌ ناوخۆدا به‌ ره‌چاوكردنی ئیستحقاقه‌كانی دیموكراسی و رێڕه‌وی چاكسازیی، بتوانێ ئه‌م دووانه‌: ته‌ماع و تموح لێك جیا بكاته‌وه‌ و داشی به‌سه‌ر به‌غدادا سوار بێت. به‌غدا خۆشی ده‌رده‌داری ئه‌وه‌یه‌ چۆن هاوسه‌نگی له‌نێوان دوو دۆستی ناكۆك، ئه‌مریكا و ئێراندا، دابین بكات. خۆ دیاره‌ له‌ كه‌یسی توركیا و ئیقلیمیشدا ئیمانی زه‌عیفه‌ و قه‌رزی زۆری له‌سه‌ره‌. ئه‌مه‌ش كار له‌سه‌ر سیاسه‌تی كوردستانی ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیه‌وێ كارای ئیجابی بێت، یان دانای سه‌بر و ته‌حه‌مول بێت. كوردستان و عیراق ئه‌و كاته‌ پاڵپشتن كه‌ هێز و تین بده‌نه‌ یه‌كتر، كه‌وا نه‌بن و ناكۆكیش بن، مه‌علومه‌ نابنه‌ به‌رده‌بازی یه‌كتر.

لێره‌ قسه‌مان ته‌رخانی ئه‌مڕۆی پێش لێدانی بوقی شه‌ڕه‌كه‌یه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانێكی، جا چونكه‌ پێش ئه‌زموونی 1991 نییه‌ كه‌ هیچمان نه‌بوو له‌ ده‌ستی بده‌ین، دوای كه‌وتنی سه‌دامیش نییه‌ كه‌ سه‌نگی كورد چووبووه‌ كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك. هه‌قێتی بڕیار به‌ده‌ستی كوردستانی نیگه‌ران و دوو دڵ بێت. یه‌كگرتوویی كورد له‌م ئان و ساته‌دا زۆر زۆر گرنگه‌، نه‌ك هه‌ر بۆ هێزدانه‌ به‌رخۆ، به‌ڵكو بۆ تێفكرین و راوێژ و ته‌گبیری هاوبه‌ش. یه‌كه‌م بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان. دووه‌م بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و سێیه‌میش هه‌ر بۆ پاراستنی كوردستان.

ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ كرا، قه‌ڵه‌م هه‌یه‌ و.. نووسینی تریش لێی ئاسان تر نییه‌.

ستران عه‌بدوڵڵا

PUKmedia  کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket