riklam

دووەم گروپی مامۆستایانی پێداگۆجی بەرەو فنلاند بەڕێکەوتن

کوردستان 08:25 PM - 2019-05-12
.

.

پرۆسەی ریفۆرم لە پێداگۆجی (ڕێگەکانی وانەوتنەوە) لەگەڵ وڵاتی فنلاند وەک پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا گروپی دوەمی مامۆستایانی پێداگۆجی کە ژمارەیان (٢٠) مامۆستایە لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان بۆ بەشداری کردن لە پرۆگرامی ڕیفۆرمی شێوازی وانەوتنەوە بەرەو وڵاتی فنلاند بەڕێکەوتن.

بەچاودێری (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،و ئامادەبونی هەریەک لە مامۆستا فوئاد عەلی جێگری بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوەو پەرەپێدان و د. کارمەند عەبدوڵا سەرۆکی لێژنەی ڕاوندی دوەمی پێداگۆجی، کۆبونەوەی مامۆستایانی بەشدار لە پرۆگرامی ڕیفۆرمی شێوازی وانەوتنەوە (پێداگۆجی) لە زانکۆکان بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەکەدا د.ئامانج سەعید راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ بەشداربوان لەڕێگەی پرۆگرامی (زووم) ئاماژەی بە بەڕێوەچونی کۆرسی (ئۆنلاین)ی مامۆستاكان لەگەڵ وڵاتی (فنلاند)‌کردو‌، وتی: له‌ به‌دواداچونه‌كانم دەرکەوتوە کۆرسەکان بەسەرکەوتوی بەڕێوەچووەو ئەمەش هانمان ده‌دات هه‌نگاوی دوه‌م ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ ئه‌ویش به‌ڕێكردنتانه‌ به‌ره‌و وڵاتی فنلاند‌. ڕاشیگه‌یاند: ئێوه‌ ده‌بنه‌ هاوكاری ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ له‌ داهاتودا له‌ بواری وانه‌وتنه‌وه‌ ڕوده‌ده‌ن‌‌ له‌به‌ر ئه‌وەیە ده‌بێ به‌گڕوتینه‌وه‌‌ له‌م كۆرسه‌ گرنگه‌كدا به‌شداری بكه‌ن.

هەر لە وتەکەیدا به‌گرنگه‌وه‌ باسی له‌ لایه‌نه‌كانی پڕۆژه‌كه‌و ئه‌و ئاماده‌كاریانه‌ كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردودا له‌ هه‌رێمی كوردستان و، وڵاتی فنلاند بۆ به‌ڕێوه‌چونی كۆرسه‌كه‌ كراوه‌،  وتیشی: ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی و چاودێری راسته‌وخۆی (د.یوسف گۆران) وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بەڕێوەدەچێت‌ و هه‌مو ‌ئاماده‌كاریه‌كانی لۆجستی ته‌واو بوه‌ و، ئه‌مرۆ مامۆستایان گه‌شت به‌ره‌و وڵاتی فنلاند ده‌كه‌ن، له‌ فنلاندیش زانكۆكه‌یان و ستافی مامۆستایان و كارگێڕی زانكۆكه‌ پێشوازییان لێدەکەن. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هیوای خواست به‌سه‌لامه‌تی بگه‌ن و ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه چڕو پڕەکانی کە دانراوە  كاره‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.

پرۆسەی ریفۆرمی پێداگۆجی (ڕێگەکانی وانەوتنەوە) لەگەڵ وڵاتی فنلاند پڕۆژەیەکی گرنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، پار ساڵ لە ڕاوندی یه‌كه‌م (33) مامۆستا، لە زانکۆکانی کوردستان بەشداری پرۆگرامی ڕیفۆرمی شێوازی وانەوتنەوەیان كردو ماوه‌یه‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌نته‌ره‌كانی پێداگۆجی ئێستا وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، ڕاوندی دووه‌میش كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌فه‌ری وڵاتی فنلاند ده‌كات بریتین له‌ (20) مامۆستاو دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌بنه‌ هاوكار بۆ مامۆستایان و له‌سێنتە‌ره‌كانی پێداگۆجی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.

جێگەی ئاماژەیە کۆرسەکە لە وڵاتی فنلاند بۆ ماوه‌ی (4) هه‌فته بەردەوام دەبێت، پێشتریش لە ڕێگەی ئۆنلاین بەردەوام بوەو دوای تەواوبونی کۆرسه‌کانیش مامۆستایانی به‌شداربو هاوكار ده‌بن بۆ سەرپەرشتی كردنی خولەکانی وانەوتنەوە لە زانکۆکانی هەرێم، بۆ ئەوەی شێوازی وانەوتنەوە لەزانکۆکان گۆڕانکاری ڕیشەیی بە ئاڕاستەی شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمی زانستی هەنگاوبنێت.

 

PUKmedia  راگەیاندنی خوێندنی باڵا 

 

65745.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket