riklam

یەكێتیی لە هەموو جومگەكانی بڕیاردان پۆستی دەبێت

چاوپێکەوتن 01:56 PM - 2019-05-08
.

.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، یەكێتیی دەیەوێت لە درووستكردنی بڕیاردا لە هەرێم ڕۆڵی هەبێت و دەڵێت، ״یەكێتیی لە هەموو جومگەكانی بڕیاردان پۆستی دەبێت.״

لەتیف شێخ عومەر، لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا ڕوونی دەكاتەوە، بەرنامەیان بۆ كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ گۆڕان نییە، بەڵام دەڵێت: ״دەمانەوێت لەگەڵ پارتی و گۆڕان كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی بكەین بۆ ڕێكخستنی كارنامەی حكومەت.״

با لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، خاڵە جەوهەرییەكانی ڕێككەوتنەكەتان لەگەڵ پارتی چین؟

لەتیف شێخ عومەر: خاڵە جەوهەرییەكان ئەوەیە ئێمە پێشووتر ڕێككەوتنێكمان هەبووه ‌و هەموو شتێك تێیدا باس  كراوە، خاڵی جەوهەریی ڕێككەوتنەكەمان پشكەكانی یەكێتیین، كە بریتین لە سێ بەش بەشێكیان سەرۆكایەتییەكانە، بەشێكیان وەزارەتەكانه ‌و بەشێكیشیان دەستەكانە.

به ‌پێی ڕێككەوتنەكە یەكێتیی حەقی خۆی پێ دراوە؟

لەتیف شێخ عومەر: لە هەموو دانوستانێكدا هەموو لایەنەكان ئەوەی دەیانەوێت هەمووی دەست ناكەوێت به ‌تایبەت لە دانوستانێكی وەك ئەمجاره ‌كە بزووتنەوەی گۆڕانیش تێیدا بەشدار بووە، ڕەنگه ‌هیچ لایەكمان ئەوەی ویستومانه ‌دەستمان نەكەوتبێت تەواو، بەڵام ئەوەی ئێمه ‌لای خۆمان دامان نابوو لانیكەم جێبەجێ بووە و ئەوەی لای ئێمە گرنگە لە هەموو جومگەكانی ئەم وڵاته ‌قسە و دەنگمان هەبێت له ‌درووستكردنی بڕیار بۆ ئەوەی بتوانین هەم مافمان هەبێت و هەم ئەرك و بەرپرسیارێتیمان هەبێت و خۆمان به ‌هاوبەش بزانین لە حكومڕانی و ‌لە هەموو كاتێكدا ببینه ‌بەشێكی جێبەجێكاری حوكمڕانی.

یەكێتیی لە جومگە سەرەكییەكان پۆستی دەبێت؟

لەتیف شێخ عومەر: بەڵێ‌ له ‌هەموو جومگەكانی بڕیاردان پۆستی دەبێت.

وەكو یەكێتیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش چ پۆستێكتان دەبێت؟

لەتیف شێخ عومەر:  هەم بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی كوردستان بەر یەكێتیی كەوتووە، هەم جێگری ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ یەكێتیی دەبێت، ‌هەر كاتێك ئەنجوومەنی ئاسایش بوو به ‌دامەزراوە ئەوكاتە قسەمان دەبێت لەسەر پشكەكانی تریش.

هیچ بەرنامەیەك هەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام بدەن؟

لەتیف شێخ عومەر: نەخێر، بەڵام بۆ ڕێكخستنی كارنامەی حكومەت بە پێویستی دەزانین كۆبوونەوەی سێقۆڵی له ‌نێوان ئێمە و پارتی و گۆڕاندا بكرێت.

دوایین میكانیزم بۆ كاندیدانی پۆستەكان چۆن دەبێت لەناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان؟

لەتیف شێخ عومەر: بە ڕێككەوتن و تەوافوق دەبێت، و ئەگەر بە ڕێككەوتن یەكلا نەكرایەوە به ‌شێوازی دەنگدان یەكلا دەكرێتەوە.

چاوەڕێ دەكرێت كەی حكومەت تەشكیل بكرێت و چەند كاتی پێویستە؟

لەتیف شێخ عومەر: دەگەڕێتەوە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، كه ‌ئایا ئەمڕۆ چۆن یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم یەكلا دەكەنەوە و دواتر چۆن سەرۆكی هەرێم كاندیدی سەرۆكوەزیران ڕادەسپێرێت، پێم وایە مانگێكی تری پێویستە.

دەسەڵاتی سەربازی لای كام جێگری سەرۆكی هەرێم دەبێت، چونكە بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوه ‌دەكەن دەسەڵاتی سەربازی لای جێگرەكەی ئەوان دەبێت؟

لەتیف شێخ عومەر: به ‌داخەوە ئەم پرسیارە زۆر دەكرێت، وەك بڵێی چارەنووسی هەموو كوردستان لە دەست ئەم پۆستە‌یە، من وەڵامی كۆتاییم بۆ ئەم پرسە ئەوە دەبێت تا ئەو كاتەی هێزی پێشمەرگه ‌و یەكەی حەفتا و هەشتا به ‌دامەزراوەیی دەكرێت، وە ئەوەی كه ‌بڕیار دەدات كه ‌بە دامەزراوەیی بكرێت، ئەمە حەقیقەتێكە كە ئەم پرسانە بە دەستی یەكێتیی و پارتی دەبێت، بۆیە پرسی دەسەڵاتی سەربازی لای پارتی و یەكێتیی دەبێت.

كاتێكی دیاریكراو دانراوە بۆ ئەوەی ئەگەر بێت و پارتی لەبارەی پرسی كەركوك و پۆستی وەزیری داد كە پشكی یەكێتییە نەهاتە سەر خەت و هاوكار نەبوو یەكێتیی له ‌حكومەت بكشێتەوە؟

لەتیف شێخ عومەر: ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی یەك پاكێجە واتە پرسی كەركوك و پۆستەكانی بەغدا لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت هەمووی یەك پاكێجە، لەسەر پرسی كەركوك ڕێككەوتنێك هەیە لە نێوان كاك مەسعود بارزانی و  كاك كۆسرەت ڕەسوڵ، كه ‌دەبێت  لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت و تەواوبوونی كارەكانی حكومەت پارتی بۆ پرسی كەركوك هاوتەریب بێت لەگەڵ یەكێتیی و پرسی كەركوك و پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلا بكەنەوە.

یەكێتیی له ‌دانوسانەكاندا لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم زۆر پێداگری لەوە كرد، كە شەریكی ڕاستەقینه ‌بێت لەو حكومەته ‌و ڕۆڵی هەبێت لە ناوەندی بڕیاردان، پێت وایە ئەمانە دەكرێت، ئەگەر نەكرا یەكێتیی هەڵوێستی چی دەبێت؟

لەتیف شێخ عومەر: یەكێتیی بۆ ئەوە چووەتە حكومەت كە شەریكێكی ڕاستەقینە بێت لە حكومەتەكه ‌و لە بڕیاردان، ئەگەر ئەوە نەكرا پۆستەكان تەنیا ئیمتیازێكە بۆ ئەوانەی پۆست وەردەگرن، بۆیە دەبێت یەكێتیی ڕۆڵی هەبێت لە ناوەندی بڕیار و شەریكی ڕاستەقینە بێت، ئەگەر ئەمە نەكرا یەكێتیی هەڵوێستی دەبێت.

پێشبینیت بۆ ئەم كابینەیە چییە؟

لەتیف شێخ عومەر: ئێمە وەكو یەكێتیی كار بۆ ئەوه ‌دەكەین كابینەیەكی جیاواز بێت.


PUKmedia  ئاژانس 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket