دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و راپه‌ڕینی به‌رده‌وام
بیروڕا 12:28 PM - 2019-05-08.
مه‌لا به‌ختیار
-1-
راڤه‌ی راپه‌ڕینی به‌رده‌وام
راپه‌ڕینی به‌رده‌وام، ده‌سته‌واژه، یان چه‌مكێكه، به‌نده ساڵی (1989) دامڕشتووه. راپه‌ڕین، له‌سه‌ده‌ی سه‌رمایه‌داریه‌وه هه‌یه. به‌ڵام پاشگری (به‌رده‌وام) دوای راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و فه‌له‌ستین، له‌هزرماندا گه‌ڵاڵه بوو. له كتێبی (شۆڕشی كوردستان و گۆڕانكاریه‌كانی سه‌رده‌م)دا، وه‌كو تێزێكی شۆڕشگێڕانه‌ی نوێ، له رشته‌ی (7) و له لاپه‌ڕه (228)ه‌وه هه‌تا (265) چه‌مكه‌كه‌م راڤه كردووه. له‌م تێزه‌دا، بۆ یه‌كه‌مین جاریش، له‌ئه‌ده‌بیاتی سیاسی كوردایه‌تی دا، شۆڕشی چه‌كداری وه‌كو ستراتیژی رزگاری، دوای ئه‌نفاله‌كان و هه‌ره‌سهێنانی بلۆكی شوره‌وی و په‌یمانی وارشۆ، ره‌تكراوه‌ته‌وه (ده‌یڵێمه‌وه وه‌كو ستراتیژ نه‌ك سه‌راپا ره‌تكردنه‌وه!) له (8) پاشكۆی كتێبه‌كه‌شدا، به‌ئاماری سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه چه‌كداریه‌كان، دیسان بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی چه‌په‌كاندا، سه‌لمێندراوه كه زۆربه‌ی خه‌باتی چه‌كداری له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌مه‌وه، شكستی خواردووه. كه ده‌كاته (18) بزوتنه‌وه‌ی چه‌كدار، بزوتنه‌وه به‌رده‌وامه‌كانیشمان باسكردووه كه ده‌كاته (16) دانه، به‌سێ به‌شی كوردستانه‌وه. بزوتنه‌وه چه‌كداره به‌زێندراوه‌كانیشمان ژماردووه كه (24)ن. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و یاسا‌و رێسایه‌ی باس ده‌كرا، گوایه خه‌باتی چه‌كداری تاقه رێبازی رزگاری گه‌لانی ژێر ده‌سته‌یه.
سه‌ره‌نجامه‌كانی تێكڕای خه‌باتی چه‌كداری له مێژودا، سه‌ركه‌وتن، شكست و به‌رده‌وامه‌كانیان، له‌گه‌رمه‌ی ئه‌نفال و نیمچه هه‌ره‌سی خه‌باتی چه‌كداری باشوری كوردستاندا، ئێمه‌ی گه‌یانده ئه‌و باوه‌ڕه كه به‌درێژایی مێژوو، به‌رپاكردنی خه‌باتی چه‌كداری، به‌پێی هاوكێشه سیاسی، عه‌سكه‌ری، هاوپه‌یمانی و دوژمنه‌كان نه‌بووه، هه‌تا شۆڕشی ئه‌یلولی (1961) بزوتنه‌وه‌كان لۆكاڵی بون. له شۆڕشی ئه‌یلولدا په‌ره‌یسه‌ند، سه‌ره‌ڕاش، وه‌كو ستراتیژی چه‌كداری شكستی خوارد.
(شۆڕشی نوێ)یش، دیسان وه‌كو ستراتیژی رزگاری شكستی خوارد. ئه‌گه‌ر داگیركردنی كوێت‌و راپه‌ڕین نه‌بونایه، ئه‌نفال له‌سه‌رانسه‌ری باشوری كوردستاندا ده‌سپێنرا. گه‌لی كوردستان، به‌ده‌ردی گه‌لی ئه‌رمه‌نستان ده‌برا. كه راپه‌ڕینی (1991) به‌رپاكرا، ئه‌میش ده‌ریخست، ستراتیژی چه‌كداری، ته‌نها ده‌توانێ له خزمه‌تی راپه‌ڕیندا، كاریگه‌ری هه‌بێ. نه‌ك وه‌كو ستراتیژی عه‌سكه‌ری به ته‌نها سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێ!
ئه‌م مشتومڕه له‌ناو یه‌كێتی و شۆڕشدا له‌ساڵی (1982) ه‌وه، سه‌ریهه‌ڵداوه. هه‌بوه پێیان وابوو، به‌خه‌باتی چه‌كداری په‌تی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێ. ته‌نانه‌ت هه‌شبون، باوه‌ڕیان وابوو، به‌ستراتیژی چه‌كداری هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی كوردستان پێكه‌وه، كورد سه‌رده‌كه‌وێ. تا ئێستاش هه‌مان ئایدۆلۆژیه‌ت و پاشماوه‌كه‌ی ماوه.
-2-
جیاوازی دۆخی راپه‌ڕینه به‌رده‌وامه‌كان
راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران (1978) به‌رپاكرا، به‌بێ ئه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداریان له‌ئارادا هه‌بێ. یان له‌كاتی راپه‌ڕیندا هانایان بۆ چه‌ك بردبێ. راپه‌ڕینی فه‌له‌ستین، دوای (23) ساڵ له خه‌باتی چه‌كداری (1965-1988) به‌رپاكرا. واتا: شۆڕشی چه‌كدرای هه‌بێ و نه‌بێ، ئه‌گه‌ری راپه‌ڕین له ئارادایه.
كه شۆڕشی گه‌لانی ئێران به‌رپابوو، هێشتا ده‌هه‌یه‌ك بۆ كۆتایی جه‌نگی سارد مابوو. كه راپه‌ڕینی فه‌له‌ستینیش به‌رپاكرا، سه‌ره‌تای هه‌ره‌سی بلۆكی شوره‌وی و كۆتایی جه‌نگی سارد بوو. به‌م هه‌ره‌سه‌ی شوره‌وی و پاشكۆكانی، پشتیوانی ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین، شكستیان خوارد، به‌ڵام راپه‌رین هه‌ر به‌رپاكرا. كه‌وابێ: هه‌لومه‌رجی جیهانیش، هه‌رچیه‌ك بێ، كه زه‌مینه‌ی راپه‌ڕین ره‌خسا، به‌رپا ده‌كرێ.
هاوزه‌مان، ئۆروپای رۆژهه‌ڵات رابون و به‌كه‌مترین قوربانی، زۆرترین ده‌وڵه‌تیان له داگیركاری و هه‌ژمونگه‌ری زلهێزێكی جیهان (شوره‌وی) رزگار كرد.
نه له ئێران‌دا پارتی پێشڕه‌و هه‌بوو (ئیمام خومه‌ینی رابه‌ر بوو). نه له ئۆروپای رۆژهه‌ڵاتیشدا، حیزب كاریگه‌ری چاره‌نوسسازی مابوو. سه‌رۆكی سه‌ندیكای پۆلۆنیا، نه‌خوێنه‌وار و نه‌ناسراو بوو، رابه‌رایه‌تی راپه‌ڕینه‌كه‌ی كرد و سه‌ریشكه‌وت. چونكه كلتوری ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوون خۆیان گرت. وڵاتانی دیكه، ته‌نانه‌ت سه‌ندیكاشیان نه‌بوو، سه‌ركرده‌ی ناوداریشیان نه‌بوو، هه‌ریه‌كی تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیان هه‌بوو، له‌به‌رپاكردن و سه‌رخستنی راپه‌ڕیندا.
دوای زیاتر له سێ ده‌هه، به‌هاری عه‌ره‌بی سه‌ریهه‌ڵدا. مه‌خابن، گه‌لـێ هۆكار شكستیان پێ دێنێ. تونسی لێده‌ركه‌ین، باقیه‌كه‌ی (لیبیا، سوریا، یه‌مه‌ن) به‌تراژیدیا كۆتاییان هات. میسریش، سوپا چاره‌سه‌ری تایبه‌تی سه‌پاند. هۆی سه‌ره‌كی شكسته‌كه‌یان، زاڵبونی هێزه ئیسلامگه‌راكان و تێكه‌ڵاوكردنی خه‌باتی چه‌كداری و راپه‌ڕینه.
ده‌هه‌یه‌ك دوای به‌هاری عه‌ره‌بی، له‌باشوری ئه‌فریقیا، سودان و جه‌زائیر، پارسه‌نگی شكستی راپه‌ڕینی به‌رده‌وامیان دایه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هانا بۆ چه‌ك ببه‌ن، توانییان به كه‌مترین قوربانی دوو سیسته‌می ده‌یان ساڵه سه‌پێنراو بكه‌نه مه‌سخه‌ره‌ی رۆژگار. هه‌تا ئێستاش بۆ پاكژكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی رژێمه‌كان به‌رده‌وامن. ئه‌مه‌ش له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه:
جیهان فره جه‌مسه‌رییه. كۆنترۆڵی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ماوه. بازاڕه‌كان ده‌روازه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه جیهانی و ئیقلیمییه‌كانیان كردۆته‌وه. كورتیه‌كه‌ی دوو ده‌هه‌یه، سه‌رده‌م سه‌رده‌می جیهانگیرییه.
رژێمه‌كان، سوپای به‌هێزو ده‌زگای موخابه‌راتی تۆكمه‌یان هه‌س. كه‌چی له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌كاتێكدا، به‌هاری عه‌ره‌بی، كراوه‌ته قوربانی سیاسه‌تی نه‌ریتخوازی‌و هه‌ڵه‌ی تێكه‌ڵاوكردنی خه‌باتی چه‌كداری و راپه‌ڕینی به‌رده‌وام، ده‌بینین، راپه‌ڕین، به ناوه‌رۆكه راسته‌قینه‌كه‌ی و به‌گیانه هاوچه‌رخه‌كه‌ی، له قۆناغی یه‌كه‌مدا و بۆ گۆڕینی دوو رژێمی به‌هێز، یه‌كێكیان جه‌زائیره، كه به شۆڕشی ملیۆنێك شه‌هید، هاتۆته دی، سودانیش به كوده‌تاو (30) ساڵ حوكمڕانی، ده‌ڕوخێنن. راپه‌ڕینه‌كانیش به‌بێ هێزی چه‌كدار، به‌رده‌وامن. كه پێ ده‌چێ، په‌ندیان له‌شكستی راپه‌ڕینه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی وه‌رگرتبێ، بۆیه، نه راپه‌ڕینه‌كان تێكه‌ڵاوی خه‌باتی چه‌كداری ده‌كه‌ن و نه رێگه‌ش به لایه‌نه ئیسلامگه‌راكان ده‌ده‌ن، جڵه‌وی راپه‌ڕینه به‌رده‌وامه‌كه بگرنه ده‌ست. هه‌ردوو ئه‌م راستیه‌ش، وه‌كو پرنسیپ، نهێنی سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕینی ئه‌مجاره‌ن له سودان و جه‌زائیر.
(3)
دوژمنایه‌تی گه‌نده‌ڵی و ئامانجی سه‌ره‌كی
راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران، بۆ روخاندنی رژێمی شا و راپه‌ڕینی گه‌لی فه‌له‌ستین، بۆ رزگاری فه‌له‌ستین بوو. راپه‌ڕینی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپا، بۆ سیسته‌می دیموكراسی و راپه‌ڕینی كوردستان، بۆ رزگاری و دیموكراسی بوو. راپه‌رینی به‌هاری عه‌ره‌بی، بۆ روخاندنی دكتاتۆره‌كان و سیسته‌می دیموكراسی و تاڕاده‌یه‌كیش دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی. به‌ڵام..
راپه‌ڕینی به‌رده‌وامی جه‌زائیر و سودان، ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كه‌یان زۆرتر، دوژمنایه‌تی گه‌نده‌ڵییه. ئه‌ویش به‌ده‌رس وه‌رگرتن له شكستی راپه‌ڕینه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی، ده‌یانزانی، به‌بێ گۆڕینی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات، مه‌حاڵه گه‌نده‌ڵی ریشه‌كێش بكرێ. با سوكه پێناسه‌یه‌ك بۆ گه‌نده‌ڵی بكه‌ین:
گه‌نده‌ڵی، له زۆربه‌ی فه‌رهه‌نگ و لێكدانه‌وه‌كاندا، وا لێكده‌درێته‌وه كه ده‌سه‌ڵات بۆ كاری ناڕه‌وا، خراپ به‌كارده‌هێندرێ، ئه‌ویش له پێناو ده‌ستكه‌وتی تایبه‌تی و مشه‌خۆری. دزێوترین دیارده‌كانی گه‌نده‌ڵیش: خزم خزمێنه، به‌رتیل وه‌رگرتن، سه‌رانه سه‌ندن، به‌كارهێنانی پێگه، ده‌سه‌ڵات، هێزی چه‌كدار، فرت و فێڵ، بۆ ده‌ستكه‌وت و بۆ كه‌سوكارو ده‌سته‌گه‌ری. ده‌سه‌ڵاتداری گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆره‌كانی ده‌سه‌ڵات، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، ده‌بنه ملیۆنێر، به‌ڵكو ملیاردێریش. هه‌ركاتێكیش ده‌سه‌ڵاتداری گه‌نده‌ڵكار، مه‌ترسی بكه‌وێته سه‌ر، هانا بۆ تیرۆر و تۆقاندن و خۆسه‌پاندنیش ده‌بات. زه‌ق و ره‌ق، ته‌واوی پرنسیپه‌كانیش پێشێل ده‌كات.
گه‌نده‌ڵی، هه‌روه‌كو ماده بێهۆشه‌كان، وه‌كو ئافات وایه. زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرێ، سه‌راپا سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌وه‌و ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌كرده‌كان، له به‌رچاوی رای گشتی دا، دابڕزێن. سه‌ره‌نجام خه‌ڵك یان له هه‌ڵبژاردندا، حیزبه گه‌وره‌كان ده‌خات. یاخود له راپه‌ڕیندا ته‌فروتونایان ده‌كات. بۆ نمونه، عومه‌ر به‌شیر، سه‌رۆكی سودان، پارته‌كه‌ی ناوی كۆنگره‌ی حوكمڕانییه (31) ملیار دۆلاری هه‌یه. (5) هه‌زار سه‌یاره‌ی مودیل به‌رز و سێ هه‌زار كۆمپانیای بازرگانیان هه‌یه. ئه‌م پارته خاوه‌ن (1500) باره‌گاو ماڵه. كه ته‌نها له پایته‌ختدا ته‌لاری پارته‌كه به (50) ملیۆن دۆلار كڕاوه. له هه‌موشی سه‌یرتر (1185) باره‌گاو لقی حیزبه‌كه هه‌یه. به‌ڵام كه جه‌ماوه‌ر لێیان راپه‌ڕی، یه‌ك باره‌گاو یه‌ك كۆمپانیا‌و یه‌ك كاروانی سه‌یاره‌ی گولله نه‌بڕ، فریایان نه‌كه‌وت، ئێستا سه‌رۆك زیندانه و هاوڕێ و خزم و شه‌ریكه گه‌نده‌ڵه‌كانیشی گیراون. ته‌نانه‌ت هه‌ڵیان كوتایه سه‌ر ژوری نوستنه‌كه‌شی!! له جه‌زائیری یه‌ك ملیۆن شه‌هیدیشدا زیاتر له (180) كاربه‌ده‌ستی گه‌نده‌ڵ زیندانن. زۆربه‌یان تێكۆشه‌ر بون، به‌ڵام ئێستا سه‌رشۆڕی كه‌سوكاری شه‌هیدانیشن!!
-4-
گه‌نده‌ڵی و هزری رای گشتی
گه‌نده‌ڵی، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، بۆته ناونیشانی سه‌ره‌كی رای گشتی گه‌لان. تایبه‌ت نه‌وه‌ی دوای جه‌نگی سارد. ته‌واو چه‌سپیووه، هه‌تا سیسته‌م و حكومه‌ته‌كان، له بنه‌ڕه‌ته‌وه نه‌گۆڕێن، مه‌حاڵه، گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران، سزا بدرێن. چ مه‌عقولیه‌تێكی تیایه، له عێراقدا زیاتر له (600) ملیار دۆلار دزرابێ و (6) ملیۆن ئاواره‌ی هه‌بێ و دوو ملیۆن بێوه‌ژن و بێكاری بێڕاده، خه‌ڵك چۆن دژی حوكمڕانی وا راناپه‌ڕێ، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ده‌ست‌و برد نه‌دۆزرێته‌وه.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی سه‌رده‌می جیهانگیریدا، ده‌سته‌واژه‌ی گه‌نده‌ڵی، تازه هه‌رگیز له هزری رای گشتی ده‌رناچێ. به‌ڵكو بۆته ئامانجی سه‌ره‌كی راپه‌ڕیوان و ناڕه‌زاكان.
ره‌وایی و ناڕه‌وایی حیزبه سیاسیه‌كان، هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تیه سیاسیه‌كانیش، به‌نده به راده‌ی ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی. نه مێژوو، نه بنه‌ماڵه، نه ده‌سه‌ڵات و نه هێزی چه‌كدار، ته‌نانه‌ت قوربانیه‌كانیش، دادی هیچ لایه‌ك نادات، ئه‌گه‌ر راستگۆ نه‌بن له ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵیدا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شی كاربه‌ده‌سته گه‌نده‌ڵكاره‌كان، ئه‌وه‌یه هه‌تا له‌خۆیان نه‌قه‌ومێ، ناكاونه خۆیان. كاتێك لێشیان ده‌قه‌ومێ، تازه فریای پاره‌ی ژێرزه‌مینه‌كانیان ناكه‌ون.
هه‌ر ئه‌م دیارده (سیاسی – كۆمه‌ڵایه‌تیه) نوێیه‌ش، له‌دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی دا، وه‌كو وشیاریه‌كی رای گشتی، له‌م سه‌رده‌مه‌دا، وا ده‌كات ده‌هه و دوو ده‌هه‌ی ئاینده، دادپه‌روه‌ری (ئابوری – كۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسی – گه‌شكردنی ناوه‌ندو ده‌وروبه‌ر) ببێته ئامانجێكی سه‌ره‌كی تری خه‌باتی (دیموكراسی - دادپه‌روه‌ری) هاوچه‌رخ. واتا:
دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی، ده‌به‌سترێته‌وه به‌گۆڕانكاری ریشه‌یی له سیسته‌می حوكمڕانی. گۆڕانكاری له سیسته‌می حوكمڕانیش، ده‌به‌سترێته‌وه به ئامانجی دادپه‌روه‌ری، ئه‌مه‌ش، تایبه‌تمه‌ندی رووداوی سیاسی دیارده‌و ده‌ركه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تی نوێه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌یه. كه چاوه‌ڕوان بین، شانۆی سیاسی ده‌هه‌و دوو ده‌هه‌ی ئاینده، بزوتنه‌وه‌و ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌روا هێزی كاره‌كته‌ری سیاسی، به به‌رنامه‌و ستراتیژی نوێش بێنێته ئاراوه. كه سه‌راپا جیاواز ده‌بێ، له دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه كۆنه‌كان و سیاسه‌ته به‌سه‌رچوه‌كان، له‌ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا. ئیدی چه‌مكه چینایه‌تی و نیشتمانیه كلاسیكیه‌كان، كاژی كۆنیان توڕ ده‌ده‌ن و چه‌مكی نوێ، به ئاراسته و ستراتیژی دادپه‌روه‌ری، ده‌بنه ئایدیۆلۆژیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، بۆ ده‌وڵه‌ته سه‌ربه‌خۆكان و هێزه رزگاریخوازه‌كانی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌كات.
راپه‌ڕینی به‌رده‌وامیش، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌كرێنه شا رێبازی سه‌ركه‌وتنی ستراتیژیه نوێكه. بێ جیاوازی ناسنامه‌ی ناسیۆنالیستی و تایفه‌گه‌ری حكومه‌ته‌كان. ته‌نانه‌ت هی شۆڕشگێڕه‌كانی رابردوش.
PUKmedia كوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25 -
راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
10:33 AM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
کوردستان 12:25 PM - 2024-04-25