riklam

مەلا بەختیار: تارمایی جەنگ خەریكە باڵ بەسەر ناوچەكەدا دەكێشێت

ی.ن.ک‌‌ 12:28 AM - 2019-05-05
.

.

كە متمانەكە لەدەستچوو، زۆری دەوێت بگێڕدرێتەوە ئەگەر بشتوانرێ‌!

ئێوارەی ئەمڕۆ (4/5/2019) مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پێشوازی لەژمارەیەك هەڤاڵی بۆردی پشتیوانی كاسبكاران لەسلێمانی كردو بە یەكێك لەبۆردە باشەكان ناویبرد‌و خۆشحاڵیشی نیشاندا كە هەڤاڵانی بۆردەكە توانیویانە متمانەی كاسبكارانی ناوبازاڕی سلێمانی بۆ خۆیان وەربگرن‌و رایەڵەیەك لەمتمانەو پەیوەندی ویژدانی لەنێوان بۆردەكەو هەڤاڵانیاندا هەیە.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەكۆبوونەوەیەكیشدا پەیوەندی بۆردەكەی لەگەڵ كاسبكاران، بە بایەخەوە هەڵسەنگاندو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە هەڤاڵانی بۆردەكە، سەرەڕای ئەركی ژیان‌و گوزەرانیان كە شەرەفمەندانە ئەنجامیدەدەن، دڵسۆزیشیان بۆ یەكێتی چ لەكۆمیتەكان‌و چ لەبۆردەكەیان‌و دڵسۆزیشیان بۆ ئەزمونی گەلەكەیان بەجێگەی خۆیی‌و كۆبوونەوەشیان لەدەوری بۆردەكەیان‌و چونیان بۆ هەركۆبوونەوەیەكیش، بەڵگەی بەردەوامی دڵسۆزییانە.

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەشدا، مەلا بەختیار، رونكردنەوەی لەبارەی دۆخی ئێستا، بەگرنگ ناوبردو بەسەرنج‌و تێڕوانینەكانیشی لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: نیگەرانییەكی سیاسی زۆر باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوەو لەوردەكاریشدا، كێشە لەنێوان ئەمریكا‌و دەوڵەتە سوننەكان‌و دۆستەكانی ئەمریكا لەلایەك‌و كێشە لەنێوان ئێران‌و دەوڵەتە شیعەكان‌و دۆستەكانی ئێران لەلایەكی تر، لەناوچەكەدا چڕ بۆتەوەو تێكچڕژاوە‌و جموجۆڵە سەربازییەكان‌و هەڕەشەكانیشی بەتوند ناوبردو وتی: تارمایی جەنگ خەریكە باڵ بەسەر ناوچەكەدا دەكێشێت.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وتیشی: نە لەعیراق، نە لە كوردستاندا، لەبەرامبەر دۆخێك كە ترسێكی گەورە یان ترسناكی هەیە،  ناتوانین بێلایەن بین‌و بڵێین حەقمان بەسەر ئەم كێشەیەوە نییە، چونكە ئەم كێشەیە ئەگەر ناوچەكە، دەوربەرمان یان عیراق بگرێتەوە، ئەوا ئێمەش دەگرێتەوە‌و ئەگەر پریشك كوردستانیش بگرێتەوە، بێگومان ئێمە هەر دەگرێتەوە. واتە لەهەموو بارەكانەوە ئێمە دەگرێتەوە‌و رایگەیاند:

بەشبەحاڵی خۆمان، وەك یەكێتی‌و بۆچوونی خۆشموایە، ئەم جەنگە روونەدات باشەو چارەسەریش بدۆزرێتەوە باشترە‌و لەو دیدەشەوە لەنێوان بڕیارەكانی جەمسەرەكاندا، تەئكیدی كردەوە: هەموو ئەو ناوەندە سیاسیانەی كە پەیوەندیان بەچارەنوسی گەلان‌و دەوڵەتانەوە هەیە، پێویستە چالاكتربن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی تر، هەروەك چۆن لەنێوان رەنگی رەش‌و سپیدا، رەنگی زۆرتر هەیە‌و وتی: پێویستە رێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە هەتا ئەم جەنگە روونەدات، چونكە ئەم ناوچەیەی ئێمە لەجەنگدا فەوتاوە‌و جەنگەكانی ئێران‌و عیراق، فەڵەستین‌و ئیسرائیل، جەنگی داگیركردنی كوەیتی بەنمونە هێنایەوەو كاریگەرییەكانیشی لەسەر تەواوی ناوچەكە رونكردەوە.

مەلا بەختیار، وتیشی: ئەگەرچی سەرەنجامی جەنگ هەر ئاشتی دەبێ‌، بەڵام دوایئەوەی كە ماڵوێرانییەكی گەورە دروست دەبێ، وەك ئەوەی لەسوریا، لە لیبیا‌و لەناوچەكە دروستبوو، كە بەچاوی خۆمان دەیبینین، هەموو جەنگێك كارەساتێكی ئێجگار گەورەی بەجێهێشتووە‌و پاشماوەی هەندێك لەو جەنگانە هێشتا چارەسەر نەكراون‌و تەئكیدیشی كردەوە: وەكو كورد بەرژەوەندیمان لەوەدایە جەنگ روونەدات، وەكو ئەزمونی حكومەتی كوردستانیش لەڕووی ئابوریی، یاسایی، سیاسیی‌و ئاسایشەوە بەرژەوەندیمان ئەوەیە جەنگ روونەدات. بەڵام ئەگەر جەنگیش هەر روویدا هەوڵبدەین، هەم عیراق‌و كوردستان، بەكەمترین زەرەر لێی بێینە دەرەوە.

هاوكات دۆخی عیراقی بەخراپ ناوبرد، بەتایبەتی كە لەڕووی ئابوریی، ئاسایش‌و سیاسییەوە ناسەقامگیرە‌و هێشتا یاساش سەروەر نییە‌و ناكۆكی نێوان حزب‌و لایەنە عیراقییەكانیشی بەنمونە هێنایەوە، كە: نە لەعیراق، نە لەكوردستان متمانەی سیاسی لەنێوان حزبە سیاسییەكاندا لەجێگەی خۆیدا نییە‌و لەو چوارچێوەیەشدا بەوردی كاریگەرییە نەرێكانی نەبونی پەیوەندی تەندروست‌و متمانەو رێككەوتننامەی لەئاست پێویستی قۆناغەكەو ئەو هەلومەرجەی لەناوچەكەدا هەیە، بەگرفت ناوبردو لەبەرامبەریشدا كاریگەرییە خراپەكانی نەبونی ئیتیكی كاری راگەیاندنی هەندێك لەمێدیاكان‌و سۆشیالمێدیای لەسەر هاووڵاتی‌و تەواوی دۆخە جیاوازەكان و متمانەش رونكردەوەو تیایدا هێمای بۆ ئەوەكرد كە متمانە بۆ مرۆڤ گرنگی‌و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە مرۆڤ ئەگەر متمانەی هەبوو ئامادەیە خۆی بەكوشت بدات‌و بەپێچەوانەوەشەوە نەبونی متمانە، داخستن‌و قفڵدانی ئەقڵ‌و ویژدان‌و هەموو خۆشەویستییەكە‌و وتی:

متمانە كاتێك دەچێتە ویژدانەوە، دەچێتە ئەخلاقی سیاسی بزوتنەوەیەكی سیاسی‌و حزبێكی سیاسی‌و رای گشتی خەڵكەوە، ئەوا تەنگانە‌و قۆناغی سەخت‌و خۆشی‌و ناخۆشی نازانێت، چونكە ئەو متمانەیە هێزێكی بەهێز دەبەخشێتە ئەو حزبەی متمانەی بۆخۆی دابینكردووە، بەڵام كە متمانەكە لەدەستچوو، زۆری دەوێت بگێڕدرێتەوە ئەگەر بشتوانرێ‌!.

هەر لەكۆبوونەوەكەیدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: دەسەڵات هەمیشە دەبێ‌ لەخزمەت ستراتیجی هاوبەش، بیروباوەڕ‌و ئامانجە هاوبەشەكانی نێوان حزبەكاندا بێ‌‌و وتی: بە ئامانجی هاوبەش، ستراتیجی هاوبەش، بیروباوەڕی هاوبەش، متمانەی رای گشتی دروست دەبێت، نەك بە بیروباوەڕی حزبی، دژی حزبێكی تر، ناكۆكی حزبێك دژی حزبێكی تر!‌و وتی: ئەگەرچی ناكۆكی هەردەمێنێ‌، بەڵام نابێ‌ ناكۆكی بەسەر ئامانج‌و بیروباوەڕە هاوبەشەكاندا زاڵبێ‌ بۆ كوردایەتی، بۆ كوردستان‌و بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری. لەكاتێكدا هەمووان هاواری نادادپەروەری ‌و گەندەڵیمانە‌و وتی:

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دۆخی كوردستان، بەراورد بەعیراق، هێشتا دۆخێكی باشترە ئەگەرچی دەبوو باشتریش بێ‌ لەئێستا‌و ئەو كێشتانەی پێیانەوە دەناڵێنین، دەبوو چارەكێكی ئەو كێشانەمانە نەبوایە‌و روینەدایە‌و رایگەیاند: دەشزانین ئێمە میللەتێك نین بەكێشەكان نائومێدبین‌و ساردببینەوە، بەڵكو ئەزمونێكی دوورودرێژمان هەیەو كێشەكانیش دەبێ‌ قاڵتر‌و قوڵترمان بكات‌و هاندەریشمان بێ‌ بۆ ئەوەی زووتر كێشەكان چارەسەر بكەین‌و لەدەوری پرسی نەتەوەكەمان كۆببینەوە، چونكە خەریكە دیسانەوە دەكەوینەوە بەردەم دووڕیانێكی مەترسیدار لەناوچەكەدا‌و ئەگەر شەڕببێ‌ ترسەكانی زۆر زۆرەو ئەگەر ئەمریكا‌و ئێران‌و دەوڵەتانی ناوچەكەش رێكبكەون، هەردەبێ‌ بترسین‌و چارەنوسمان دیسانەوە نەگاتەوە بەچارەنوسی سەردەمی سایكس بیكۆ، كە كورد داگیرو دابەشكراو نەگاتەوە بەچارەنوسی پەیماننامەی لۆزان (1924و 1925)، كە مافی كورد خوراو نەگاتەوە بەچارەنوسی هاوپەیمانی بەغداد،  كە پاكستان‌و ئێران‌و عیراق‌و ئەفغانستان رێكدەكەوتن‌و مافی نەتەوەكەشمان دەخورا! نەگاتەوە بە چارەنوسی رێككەوتنی جەزائیر، كە شۆڕێكی چواردە ساَلەمان كرایە قوربانی ئێرانی سەردەمی شا‌و عیراقی سەدام حسێن‌و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كاتێك ئەو دەوڵەتانە دێتە سەر هەڵبژاردنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتەكەیان‌و دەوڵەت‌و ئاسایشەكەیان، بەراورد لەگەڵ مافی چارەنوسی گەلەكەمان، بێگومان بەرژەوەندییەكانیان هەڵدەبژێرن نەك مافی نەتەوەكەمان‌و تەئكیدیشی كردەوە: 

لەم دۆخەدا، ئەوەی بۆ هەموولایەك پێویستە ئەوەیە، ئامانجە هاوبەشەكان بەسەر هەموولایەكدا‌و لەنێوانماندا زیادو زاڵ بكرێ‌‌و بەپێچەوانەوە ئەوەندەی دەكرێ‌، دەستكەوتی حزبی كەمبكرێتەوە.   

PUKmedia تایبه‌ت 

 

dffdg.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket