riklam

پڕۆسەی هاوسەرگیری لە مەترسیدایە!

ژنان‌ 07:49 PM - 2019-04-30
.

.

پڕۆسەی هاوسەرگیری یەکێکە لە پڕۆسە هەرە جوانەکانی نێوکۆمەڵگا جیاوازەکان، کە بریتییە لە بە یەکترگەیشتنی دووڕەگەزی جیاواز کە نێر و مێ یە، لەپێناو ژیانێکی ئارام و بەختەوەر و پڕکردنەوەی سەرجەم پێداویستییە ڕوحی و جنسیەکانی نیوان ئەو دوومرۆڤە، وە خستنەوەی وەچە بەئامانجی بەردەوامی ژیان و دوورکەوتنەوەی تاکەکان لە لادانی ئەخلاقی و دروست نەبوونی بۆشایی دەروونی کە مرۆڤەکان هەست بە تەنیایی بکەن، هاوسەرگیری ڕێگاش دەگرێت لە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و لێکترازانی کۆمەڵایەتی.

هاوسەرگیری بەیەکترگەیشتنی دوو کەسە پاش بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندیان بۆیەکتر دەگەنە ئەوبڕوایەی کە ژیانیان بێ یەکتر زەحمەتە و گەیشتوونەتە قۆناغێکی تەمەن کە لەهەموو ڕوویەکەوە پێوستیان بە بەیەکترگەیشتنە، دواتر بۆماوەیەکی درێژ بەیەکەوە دەبن، ئەگەر مەرگ یاخود کێشە و گرفتی گەورە نەیەتە ڕێگایان، لە ماڵێکی خنجیلانەدا و لە سایەی یەکتردا ژیان دەبەنەسەر، ئەگەر خوداش منداڵی پێ بەخشین ئەوا هەموو ژیانیان دەکەنە قوربانی لە پێناو پەروەردەکردنێکی دروستی منداڵەکە و دابین کردنی ژیانێکی ئارام بۆی، بەئامانجی ئەوەی مرۆڤێک بەرهەم بێت کە ببێتە مایەی خێر بۆ کۆمەڵگا و خێزان و کەسانی چواردەوری، وە کەسێکی دەست پاک و داوێن پاک بێت لەسەر ئەو کار و لێپرسراوییەی کەدەکەوێتە دەستی.

بەڵام لە ئێستادا پڕۆسەی هاوسەرگیری لەبەردەم هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەدایە، بەپێی دواین ئاماری فەرمی دادگاکانی هەرێم لە ساڵی (٢٠١٨) ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە شارێکی وەک سلێمانی سێ هێندەی ساڵی پێشتربووە.
بە پێی ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە هەولێر لە ساڵی (٢٠١٧)دا (٢٩٨٥) حاڵەت و لە ساڵی (٢٠١٨)دا بووە بە (٣٥٩٨)حاڵەت و بەمەش (٦١٣) حاڵەت زیادیکردووە.

هاوکات لە ئامارەکەدا هاتووە لە ساڵی (٢٠١٧)دا لە سلێمانی (١٣٦٠) حاڵەت بووە و بەڵام لە ساڵی (٢٠١٨)دا ڕێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بووە بە (٤٠٨٥)حاڵەت و بەوپێیەش (٢٧٢٥) حاڵەت زیادیکردووە، لەپارێزگای دهۆکیش (١٣٨٤)حاڵەت و لە ساڵی(٢٠١٨)دا (١٥٠٩)حاڵەت بووە و (١٢٥)حاڵەت زیادی کردووە.


ئەم ئامارە فەرمیانەی حکومەت مەترسیدارن ودەرگایەکی گەورەیان کردۆتەوە لەسەرهەڵوەشاندنەوەی خیزانەکان لەکوردستان، کە بە گشتی دەرئەنجامی چەندین هۆکاری دیارن کە خێزانی کوردی ڕۆژانەدەست و پەنجەی لەگەڵ نەرمەکات و خۆی و بەویستی خۆی ژیانی خێزانی خۆی وێران دەکات.


ئاشکرایە لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی عێراقی، کوردستان بە ڕووی سنورەکاندا بەشێوەیەکی خێرا و فراوان کرایەوەو دۆخی دارایی خەڵک بەرەوباشی چوو، وە بەردەوام ڕۆژانە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی جیهانی دەگاتە هەرێم کە هەمووی بۆخزمەتی مرۆڤە، بەڵام لەکوردستان بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا وەک مۆبایل وکۆمپیوتەر و ئایپاد و هاوچەشنەکانیان بەهۆی نەبوونی ڕۆشنبیری گشتی تاکەکان ئەوەندەی بوونە مایەی ئازار و کێشە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و زیادبوونی خیانەتی زەوجی و بەلاڕێدابردنی کچان و کوڕان نەبوونەتە هۆی خزمەت کردنیان .

پاشان فراوان بوونی ڕاگەیاندنەکان کە بەشێکی زۆری دوور لەهەموو بەهایەکی کاری ڕۆژنامەنوسی و بەشێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو لە ڕێگای درامای تورکی و بیانی و چەندین چاوپێکەوتن و دروست کردنی پرسیاری بێ واتا کردنی لە گەنجان بەئامانجی نەمانی شەرم و ئەدەب لەنێوان کەسەکان و خێزانەکان توانیان کۆمەڵێک گەنج دروست بکەن کە جنێو فرۆشتن بێتە هێمای ڕۆشنبیری تاک لایان.


پێویستە کۆمەڵگای کوردی بە ئاگابێتەوە لەو خەوە قورسەو لەئاست ئەم کارەساتە بێ دەنگ نەبێت، کەلێکەوتەکانی هیچی کەمترنییە لەکارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە، بەڵام ئەبێت بە ئەنفال و هەڵەبجەی سپی ناوی بەرین، کە دەرگای چەندین نەهامەتی دەکاتەوە بەڕووی هەمواندا، وەک زۆربونی خانەکانی لەشفرۆشی و زیادبوونی فەسادی ڕانەگەیەنراو، هەروەها زۆربوونی منداڵی بێ سەرپەرشت کەدواجار پێوستە لەناوخانەکانی بێ سەرپەرشتان بەخێو بکرێن کە ئەوەش دوای گەورەبوونیان کێشە گەورەکانیان دەردەکەوێت، چونکە چارەنوسێکی نادیار چاوەڕێیانە و لەگەڵ گەیشتن بە قۆناغی گەنجی ئەو پرسیارە ناخی دەکۆڵێ کە دەڵیت من کێم؟ چۆن بووم؟ باوکم کێیە؟ دایکم کێیە؟ پاشان بەتەمەنێکی کەمەوە دەکەوێتە بەرکارکردن و ناوبازاڕەکانی شار کە لەوێشەوە توشی چەندین کاری ناهەموار و قورس و دەست درێژی و توش بوون و ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان دەبێت، هەروەها توشی داروخانێکی دەرونی قورس دەبێت.


هەروەها هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و بڵاوبوونەوەی کاری نائەخلاقی دەرگای چەندین نەخۆشی ترسناک دەکاتەوە لەنێوکۆمەڵگا، وەک نەخۆشی ئایدز، هەربۆیە پێوستە هەموان لەخەمی ئەم کێشە گەورەیەدابین نەک ببینە بەژدار لەم تاوان و کارەخراپانە و ڕەواج بەو میدیا
ناشرینە بدەین، پێوستە دوای ئەنجام دانی هاوسەرگیری و خستنەوەی منداڵەکانمان خۆمان پەروەردەیان بکەین، نەک ڕاگەیاندنەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.

هۆشیارجەمال

 

 

646546.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket