riklam

وەزیری خوێندنی باڵا: پێویستمان بەیاسای شوێنەوارە

شوێنەوار‌‌ 02:59 PM - 2019-04-29
.

.

لە سێیەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی (شوێنەوار و كەلەپور) د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند بۆ ئەوەی ناوچە شوێنەوارەكانمان باشتر بپارێزین و شیكردنەوەو گەڕانەكان بەدوای ناوچە شوێنەوارییەكانمان ئەكادیمی و زانستی بێت، پێویستمان بەیاسایەكی تایبەت بەشوێنەوارو پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەكان و دەرخستنی راستی و دروستی شوێنەوارەكان هەیە.

ئەم وتانەی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانی پێشكەشكردنی وتارێكدا هات كە ئەمڕۆ لەسێنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی زانكۆی سەڵاحەدین بە امادەبونی سەرۆكی زانكۆو راوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی و مامۆستاو شارەزایانی بواری شوێنەوار، بەشی شوێنەراو لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین سێیەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لەژێر دروشمی (شوێنەوار و كەلەپور) سازكرد.

دەبێت بە دیدێكی نەتەوەیی كار لەسەر پاراستنی شوێنەوار

لەسەرەتای كۆنفرانسەكەدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەبەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لەلێكۆڵەرو توێژینەوەی زانستی وردو ئەكادیمی لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان لەبارەی شوێنەوارو ناوچە شوێنەوارییەكانی كوردستان، كە ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی كاتێك بمانەوێت قسە لەسەر شوێنەوار بكەین دەبێ بەدیدو بەرچاوڕونی نەتەوەییەوە كار لەسەر شوێنەوارو شوناسی نەوەییمان بكەین، بۆ ئەمەش وتی بەشی شوێنەوار لەزانكۆكانی كوردستان كاری گرنگ و پڕبایەخیان لەبارەی شوێنەوار ئەنجام داوەو پێویستیشە گرنگیەكە زیاتر بێت.

پێویستمان بە شیكردنەوەی جاێكی دیكەی ناوچە شوێنەوارییەكان هەیە 

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە هەوڵی داگیركەرانی كوردستان كرد كە سەرجەم هەوڵ و كارێكیان بۆ ئەوە بوە مێژو و شوێنەوارەكانمان داگیر بكەن و بیشێوێنن، بۆ ئەمەش وتی: ئەو كاتانەی كوردستان لەلایەن داگیركەرانەوەو داگیراوە لەپاڵ داگیركردنی سەروەری و خاك و ئاوهەوای كوردستان، هەوڵیشیان داوە لەگەڵیدا مێژو و ناوچە شوێنەوارەكانمان داگیربكەن و مێژوەكەی بشێوێنن بەتایبەت لەسەردەمی رژێمی پێشوو كە سەرجەم هەوڵەكان بەو ئاراستە بونەو، كەمترین دەرفەتیان نەداوە تا گرنگی بە شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەكانمان بدرێت و هەوڵی خاپوركردنیان داوە.

بۆ ئەمەش د.یوسف گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لەڕابردوو بەشێكی زۆر لەو ناوچە شوێنەوارییانەی كە دەدۆزرانەوە، شیكردنەوەی وای بۆ كراوە كە دوربێت لە راستی ناوچەكە و واقعی شوێنەوارەكە، كە ئەم شیكردنەوانە بەشێك نین لە شارستانیەتی بنەڕەتی كوردستان ئامانج لەم هەوڵانەش دابڕانی كوردستان بوە لە قوڵای شارستانیەتە دەوڵەمەندەكەی، بۆیە ئەم شوێن و ناوچە شوێنەواریانە جارێكی تر پێویستیان بە شیكردنەوەو ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە هەیە بۆ ئەوەی راستی شوێنەوارەكانمان وەك خۆی ببینین، بۆیەش ئەركی ئەم كۆنفرانسە و بەشەكانی شوێنەوارە لەزانكۆكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئەم رۆڵە گرنگ ببینن. 

یاسایەكی تایبەت بەپاراستنی شوێنەوار پێویستە

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەر لە وتارەكەیدا باسی لە گرنگی شوێنەوار بۆ سەرجەم گەل و نەتەوەكان كردو رایگەیاند: دەوڵەمەندكردنی شوێنەوارو شوناسی نەتەوەیمان پێویستی بە هەوڵی زیاتر و ئەنجامدانی توێژینەوەو گەڕان و پشكنیكی زیاترە، بۆ ئەمەش وتی: بۆ ئەوەی ناوچە شوێنەوارەكانمان باشتر بپارێزین و شیكردنەوەو گەڕانەكان بەدوای ناوچە شوێنەوارییەكانمان ئەكادیمی و زانستی بێت، یەكێك لە ئەركە گەورەكان ئەوەیە یاسایەكی تایبەت بە شوێنەوار و پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەكان و دەرخستنی راستی و دروستی ناوچەكان هەبێت، بۆ ئەمەش وتی هەوڵی بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و دڵسۆز جێگەی دەستخۆشیە بۆ هەوڵدان بەمەبەستی ئامادەكردنی پرۆژە یاساییەكی تایبەت بە شوێنەوار لە پەرلەمانی كوردستان.

زانكۆكان كار بكەن بۆ نوسینەوەی نەخشەی شوێنەواری كوردستان

باسكردن لە نەخشەیەكی وردی شوێنەوارناسی لە كوردستان، بەشێكی تری وتارەكەی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بوو، بۆ ئەمەش د.یوسف گۆران پێویستی هەبونی نەخشەیەكی وردی شوێنەواری تایبەت بە كوردستان دوپاتكردەوەو ڕایگەیاند ئەو نەخشانەی ئێستا نەخشەی فەرمی كوردستان نین، بەڵكو دەبێت زانكۆكان ئەو رۆڵە ببینن و پشتگیرییان دەكەین بۆ نوسینەوەی ئەم نەخشەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەخشەی شوێنەواری كوردستان بنوسرێتەوەو دیاریبكرێت، بەتایبەت بۆ دەوڵەمەندكردنی بواری گەشتیاری و پاراستنی كلتور و ناوچە شوێنەوارییەكان پێویستی زۆرمان بەم نەخشەیە دەبێت،  هەروەها پێویستە لەسەر نەخشەی شوێنەواری كوردستان سەرجەم زمانە جیاوازەكان هەبێت بۆ ئەوەی خەڵكانی بیانیش سود لەم پرۆژە گرنگە ببینن.

رێزگرتن لەو كەسانەی پێشەنگ و خەمخۆری شوێنەواری كوردستان بونە

هەر لە وتارەكەیدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە هەوڵ و خەمخۆری ئەو كەسانە كرد كە هەمیشەو بەردەوام لەخەمی پاراستنی شوێنەوار و ناوچە شوێنەواریەكانی كوردستان بونە بەتایبەت هەریەك لە (د.جەمال رەشید ئەحمەد و زوبێر بیلال ئیسماعیل)، بۆ ئەمەش وتی لەكاتێكدا رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عیراق هەوڵی شاردنەوەی شوێنەواری كوردستانیان دەدا، ئەمانەو  خەمخۆرانی شوێنەواری كوردستان لە هەوڵەكانیان بەردەوام بون بۆ پاراستنی شوێنەواری كوردستان، بۆیە شایستەی ئەوەن ڕێز لە خەمخۆرییان بنرێت و كارێك بكەین هەمیشە ناویان بە زیندوی لە مێژوی گەلەكەمان بمێنێتەوە.

 بایەخدان بە زمانە كۆنەكانی شارستانیەتی كوردستان

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بابەخدان بەزمانە كۆنەكانی كوردستان و شارستانیەتی ناوچەكەی بە گرنگ زانی، بۆ ئەمەش وتی ئەگەر ئێمە خۆمان لەم بوارە لێكۆڵینەوەی زانستی ئەنجام نەدەین كەس ئەم كارەمان بۆ ناكات، بۆیە ئەركی زانكۆكانە بەشی تایبەت لە خوێندنی باڵا ماستەر/دكتۆرا بۆ زمانە كۆنەكان تەرخان بكەن، كە ئەمەش جگە لە ئەركێكی گرنگی ئەكادیمی ئەركێكی نەتەوەییش.

لەكۆتایشدا د. یوسف گۆران دەستخۆشی لە زانكۆی سەڵاحەدین و كۆلێژی ئاداب و بەشی شوێنەوار كرد بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە كە ئامانجی سەرەكی پاراستنی شوێنەواری كوردستان.

٨٠ توێژەر لە ١١ وڵات ٤٥ توێژینەوەی زانستی لەم كۆنفرانسە پێشكەشدەكەن

لە بەشێكی دیكەی كۆنفرانسەكەدا د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین دوای بەخێرهێنانی ئامادەبوان، لە وتەیەكدا ئەنجامدانی كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بە یەكێك لەكارە گرنگەكانی زانكۆكان و تێكەڵبونی توێژەری زانكۆمان لەگەل یەكتر و ئاشنا بون بە فەرهەنگ و كلتوری جیاوازا بە گرنگزانی، بۆ ئەمەش وتی زانكۆكەمان ساڵانە كۆنفرانسی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتان و زانكۆكان ئەنجام دەدات، وتیشی لەم كۆنفرانسەدا (٨٠) توێژەر لە (١١) وڵات (٤٥) توێژینەوەی زانستی لەبارەی شوێنەوار پێشكەش دەكەن.

لەبەشەكانی دیكەی كۆنفرانسەكەدا هەریەك لە د.زێدان برادۆستی سەرۆكی كۆنفرانس بەناوی ستافی كۆنفراس و كەیفی عەبدە بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وتاری جیاجیان پێشكەش كرد و ئاماژەیان بە گرنگی بەستنی كۆنفرانسەكە كرد.

جێگەی ئاماژەیە سێیەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لەژێر دروشمی (شوێنەوار و كەلەپور) بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا سیانزە پانێڵ كە چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی ناوچە شوێنەواریەكان و شیكاری جوگرافی بۆ ناوچە شوێنەوارییەكان و كاری هەڵكۆڵین و چۆنیەتی بەكارهێنانی ئامێر لە پرۆسەی روپێوكردنی ناوچە شوێنەوارییەكان پێشكەش دەكرێت.

PUKmedia راگەیاندنی خوێندنی باڵا

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket