riklam

بێشكچی: یەكخستنی ناوماڵی كورد، لە ریفراندۆم‌ گرنگترە

چاوپێکەوتن 04:40 PM - 2019-04-25
.

.

لەپەراوێزی یەكەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی جینۆساید، كە سەنتەری بێشكچی بۆ توێژینەوە لە زانكۆی دهۆك‌و زانكۆی ئەربیلی نێودەوڵەتی لە شاری دهۆكدا پێی هەڵسابوون، ئەم دیدارەمان لەگەڵ سۆسیۆلۆگ‌و بیرمەندی گەورەی تورك ئەنجامدا.

بێشكچی خاوەنی نزیكەی چل كتێبی زانستی‌و ناوازەیە لە بوارەكانی كۆمەڵناسی‌و كەلتوری‌و كۆمەڵایەتی، زۆربەیان پەیوەستن بە پرسی كوردو خواستە رەواكانیەوە لە توركیادا، لەو پێناوەدا 17 ساڵ تەمەنی خۆی لە زیندانەكانی توركیادا بەسەربردووە. ئەو خودانی خەباتێكی زانستی‌و هەقوازەو مرۆڤانە دەنوسێت‌و دەپەیڤێت، باری سەرنجی زانستی خۆی لە زەمینەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و خەباتی رزگاریخوازی كوردا چڕكردووەتەوە، لە دەستپێكی شەستەكانەوە هاتووەتە ناو كایەی زانستی‌و توێژینەوەی ئەكادیمییەوە، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا بەرچەپی هەموو سیاسەتێكی ستەمكارانەو سیمایەكی نكوڵیلێكردنی پرۆسەی فرەنەتەوەییە لەتوركیادا، ئەو توركێكی بەویژدان‌و بە ویقارە، لەكاردانەوە ئەو فشارو فەوزا سیاسیەی رژێمە رقئەستورەكانی توركیاوە، پەنای بردووەتە بەر پەرچڤەو پەیامی زانست‌و لە زانكۆو ناوەندە رۆشنبیرییەكانەوە بووەتە پارێزەرێكی پاكو بێگەردی دۆزی رەوای كوردان. لەم چاوپێكەوتنە بەوردی شەنوكەوی رەوشی كورد لەباكوور‌و پارچەكانی تری كوردستان دەكات، بەوردی پێشبینییەكانیان بۆ ئایندەی دۆزی كورد خرانە روو.

دواین هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا چی پێوتین؟

 بێشكچی: هەڵبژاردن تەنها رێگەیەكی بەردەم كوردەكان نییە، بۆئەوەی بتوانن بوون‌و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بسەلمێنن. لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە تاوەكو ئەمڕۆ لەتوركیادا پرۆسیەكی رووكەشی دیموكراسی هەیەو هەڵبژاردنەكان بەڕێوە دەچن، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا دیوێكی بندەستكردنی كورد لەرێگەی ئامڕازی هەڵبژاردنەكانەوە بووە. لەسەرەتاوە دیموكراتەكان بە تۆخكردنەوەی رایەڵەفیوداڵی‌و ئاینییەكە كوردیان كەمەندكێشی ناو گەمەی هەڵبژاردنەكان كردو گرەوەكەیان بردەوە، ئیتر ئەوە بووە میتۆدێك‌و تاوەكو ئێستایش هەوڵی تۆخكردنەوەی ئەو رایەڵانە بەردەوامە، لەدوواین هەڵبژاردندا ئەكەپە كاری لەسەركرد. دەنگەكانی كورد لە ئاستی ئەو پەرۆشی‌و تامەزرۆییەی كوردا نەبوو، دەنگەكانی كورد لە ئاستی ئەو رەوشە هەژیوەدا نەبوو كە ناوچە كوردییەكانی گرتووەتەوە، دەنگەكانی كورد دەنگی نەتەوەیەك نەبوو كە سەد ساڵە بندەستی هەمان سیاسەت‌و سیناریۆو ستەمە. ئێمە دەزانین لەناو دڵی جوڵانەوە كوردییەكەدا ئەكەپە لەپێشە، بەشێكی پەیوەندی بە خاوێن نەبوونی پرۆسەكەوە هەیە، بەشێكی تری پەیوەندی بەفریودان‌و فرت‌و فێڵی ئایدۆلۆژییەوە هەیە، بەشێكیتریشی پەیوەندی بە توانانی بەرگری‌و رەوایەتیدان بەخودی كوردانەوە هەیە، هەدەپە نەیتوانیوە ئاڵاهەڵگرێكی تەندروستی دۆزە راستەقینەكەی كورد بێت، كاریان جدییەو جوڵەیان بەهێزە، بەڵام هێندەی میكانیزم‌و پرۆسەی پلیشانەوە نەتەوەیەكەی كورد بەهێز نیە. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە پێی وتین لەتوركیادا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەكرێت، پێی وتین ئەكەپە تاسەر ناتوانێت پاوانخواز‌و پەیداخ هەڵگری سیاسەت بێت، هێشتا ئەو دروشمانەی لە خۆپیشاندانەكانی كۆتای شەستەكانەوە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدا بەرزكرابوونەوە، نەهاتوونەتە دی، هێشتا زیندانەكانی ئێستا ئاوەدانترن تاوەكو زیندانەكانی نیو سەدە پێش ئێستا.

بۆچی كورد لە باكووردا بەهێز نین؟

 بێشكچی: كورد لە باكووردا بەهێزیش بن، مانای ئەوە نییە گرفتەكانیان چارەسەركراون، چوون ئازادی نەتەوەكان، خەباتی گەلان، خەمێكی راستەقینە بۆ رزگاری مرۆڤی توركیا، كۆدەنگیەی نێونەتەوەیی بۆ پێدانی مافی راستەقینە بەمرۆڤ بوونی نییە، ئەمڕۆ سیاسەتی دونیا بە ئاقارێكی ترسناكدا دەڕوات، ئەمڕۆ چاو پۆشی دەكرێت لە كیمیابارانی ژن‌و منداڵ‌و جینۆساید، جینۆسایدی شەنگالییەكان كرا، كێ لێپێچینەوەی لەگەڵدا كرا، داعش دوو وڵاتی وێران كرد كێ دەستگیركراو دادگایی كرا، سوریا وەكو سەردەمی بەربەریەت كاول بووە، كەچی وەختە دونیا مامەڵە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ بەشار ئەسەدا گەرم دەكەنەوە، خەریكە ئێران دەبێتە نێوەندگیری توركیاو سوریا. مادام سیاسەتێكی وەحشیگەرانە بوونی هەیە، مادام مافی مرۆڤ‌و مافی نەتەوەكان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەییدا بە درێژایی حەفتا ساڵ جگە لە بەدەمەوە چوون بۆ پرسی هۆڵۆكۆست شتێكی تری نەكردووە، كەواتە دەوڵەتێكی وەكو توركیا بۆ پاساوی بندەستكردنی نەتەوەی كورد لەوە ناسڵەمێتەوە كورد بەهێز بێت یان لاواز، چونكە زۆر جوڵانەوەی بەهێزمان بینی سەركوتكرا، جوڵانەوەی یۆنانیەكان لە دەستپێكی سەدەی بیستەمدا بەهێزبوو، بەڵام عوسمانیەكان حەوسەد هەزاركەسیان لێكوشتن، ئەرمەن بەهێز بوون، بەڵام ملیۆنێكیان لێ جینۆسایدكرا، كورد بەهێز بوون، بەڵام خاك بەدەركران‌و ناسنامەیان نكوڵیلێكرا، ئاشوریەكان بەهێز بوون، بەڵام بەسەدان هەزاریان لێكوژرا. بۆیە گەر گریمانەی هێز بۆ سەربەخۆبوون‌و ئازادی پێوەر بێت، كورد بەهێزترینن، بەڵام لە ئێستادا درێژكراوەی میتۆدە ترسناكەكانی پاكتاوی رەگەزی‌و سڕینەوەی كلتورەكان لەدەماری سیاسەتی توركیادا زیندووەو لەلایەن وڵاتانی زلهێزیشەوە پشتیوانی دەكرێت. ئەوەتا بە پێشچاوی دونیاوە عەفرین بندەستەو توركیا هەڵیدەسوڕێنێت. لەكاتێكدا لە جەزیرەوە تا عەفرین كوردستانە. لە كاتێكدا كوردەكان تەنها هێزی نزیك لە هاوپەیمانان بوون، ئەوە پەیوەندیدارە بەو ئەخلاقەی كە ئێستا سیاسەت ئاڕاستە دەكاتن، ئەخلاقێكی مرۆڤانە نییە‌و دونیای سەرمایەداری بە دیوێكی تردا هەڵیدەسوڕێنێت.

 چۆن دەڕوانیتە ئایندەی باشووری كوردستان، پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم؟

 بێشكچی: سیستەمە دیموكراسیەكانی ئەمڕۆ نكوڵی لە پڕۆژەی ریفراندۆم ناكەن بۆ هەر نەتەوەیەك، بەڵام ریفراندۆم لەبەرامبەر سیستەمێكدا كە دیموكراسی نەبێت كارێكی ئەستەم‌و بێ بەهایە، وەك چۆن لە كوردستاندا بینیمان. لە گەلێ رەهەندەوە ئێمە دەمانزانی تورك، فارس‌و عەرەب یەكدەگرن بۆ لەباربردنی ئەو هەوڵە، ئێمە دەمانزانی كوردەكان یەكگرتوو نین‌و بڕیارێكی نەگونجاوە، بەڵام لەگەڵ مافی ریفراندۆم بووین بۆ گەلی كورد. لە ئێستا كەلتوری دیموكراسی‌و گۆرانكاری لە بیركردنەوەی تاكی ئێراقی‌و پارتە سیاسیەكانی ئێراق، بە بەرچاوڕونی بۆ ئایندەی عێراقیەكان، بە گرەنتیدان بە دەستورێكی پێشكەوتوو، هەموو ئەوانە هەنگاوی گەورەن تاوەكو كورد لە ئایندەدا بتوانێت بەمافەكانی بگات. تاوەكو ئێستا لە كوردستانی عێراقدا هیچ كام لەمانە نین.

ئایا كێشەی كورد بووەتە كێشەیەكی جیهانی؟

 بێشكچی: رەنگە گرنگ نەبێت كێشەكە تا چەندە جیهانییە، كێشەی كورد كێشەیەكی مرۆڤایەتییە، ئەم كێشانە نەتەوەكانی تریش پێوەی گرفتارن، پێمان وایە ناسنامەی وەك بەهایەكی مێژوویی وەك مافێكی رەها، وەك مرۆڤبوونی تاك گرنگە، كورد كێشەی ناسنامەی هەیە، ئەگینا رەنگە وەك هەر مرۆڤێكی تری رۆژهەڵات ژیان دەكات. كورد كێشەكەی لە نكوڵیلێكردنی ناسنامەكەیدایە، تاوەكو ئێستاش بەتاكتیكی هەندێ مافیان پێڕەوا بینراوە، لە رۆژهەڵاتدا ئەم دیاردەیە زەقە، ئەم دیاردەیە درێژەی هەیە، تەنها نەتەوەی كورد نییە گرفتارە، تاكی رۆژهەڵاتی گرفتارن خۆ لە خەرتومدا گرفتی ناسنامە نیە، خۆ لە جەزائیردا گرفتی ناسنامە نییە، خۆ لە لیبیاو یەمەندا ئەو گرفتە نیە، خۆ تێكچوونی رەوشی سوریا پەیوەندی بەناسنامەوە نییە، خۆ لەبەر ناسنامە نەبوو حەلەب كیمیاباران كرا، لە ئێستادا گرفتی ئازادی هەیە، گرفتی كرانەوەی عەقڵ‌و دیموكراسی هەیە، گرفتی بەریەككەوتنی سیاسەتی زلهێزان هەیە لەم ناوچانەدا. بۆیە پێویستە لەهەناوی ئەو نەتەوانەی كە بندەستن‌و ئازادیان لێهەڵنەهاتووە، كار بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بكرێت، كاربۆ گەیاندنی پردی پەیوەندی بكرێت، كاربۆ نزیكی‌و دیپلۆماسیەتێكی سەركەوتوو بكرێت. پێویستە كورد بە ئامڕازی مەدەنین بە خزاندنی توێژینەوە زانستیەكانی بۆ ناوەندە ئەكادیمییەكان بێتە پێشەوە، پێش هەموو شتێك خۆیان لە بەندو باوی ناوچە گەرییەتی‌و فاشیزم قوتار بكەن‌و ناسنامەكەیان بە پێودانگێكی هیومانیستیەوە زیندو رابگرن. كورد توانای مانەوەی هەیەو لە بەرگریدایە، دەرفەتیشی لەبەردەمدایە، بەڵام ئەم دەرفەتانە بە یەكگرتوویی، بەداڕشتنی میتۆدێكی سەركەوتوو بە تیۆریایەكی سیاسیی جێگیر دەگەنە مەبەستی خۆیان. بۆیە بەدڵنیاییەوە نەتەوەی كورد لەو پێچ‌و پەنایەی سەدەی بیستەم هاتووەتە دەرێ، نەتەوەی كورد ئیدی ناتوانرێ وەك هەڵەبجە خەفە بكرێت، ئیدی ناتوانرێ ئەنفال بكرێت، بەڵام دەتوانرێ ئیرادەی تێكبشكێنرێ، بۆیە ئیرادە شتێكە پێویستە كورد خۆیی رایبگرێت.

PUKmedia ژیان مێدیا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket