riklam

ئه‌مڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی دایكی شه‌هیدانه‌

ی.ن.ک‌‌ 12:47 PM - 2019-04-25
.

.

سێ ساڵ بەسەر مەرگی خاتوو وەسفیەدا تێپەڕی و هێشتا برینەكانی لەدەستچوونی ئەو لەلای زۆربەی خەڵك و كەسوكاری شەهیداندا ساڕێژ نەبووە، خۆشەویستی و متمانەی خەڵك بۆ ئەو سەركردەیە بە ئەندازەیەك بوو كە هەمووان دەچوونە خزمەتی و هەمووانیش رازو نیازی دڵی خۆیان بۆ دەكردەوە، خۆشەویستی خەڵك بۆئەو، لەو سۆنگەیەوە بوو كە خودی مامۆستا هەمووكەسی خۆشدەویست، متمانەشیان پێی هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو سادەو خاكیانە بۆ هەمووكەس دەدواو متمانەی بەهەمووان هەبوو، دڵسۆزانە و خەمخۆرانەش هەر بۆ هەموان دەكۆشا.

لەمێژووی پڕ مەترسیی سەرەتای شۆڕش و كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا، مامۆستا وەسفیە كە ئەوسا كیژۆڵەیەكی نازداری لاو بوو، ئەندامێكی چالاكی رێكخستنەكان و ئەندامی دەستەی تەمبێكردنی تاوانباران بوو، تەتەری شارەزا و جێگە متمانەی نێوان شاخ و شاربوو، هاوكارە ئازاكەی رێكخراوی (هەڵۆی سوور)ی كۆمەڵەی رەنجەدەرانی كوردستان بوو، هاوڕێی شەهید ملازم جوامێری قارەمانی بەرپەتی سێدارەو شەهیدەكانی دیكە بوو.

مامۆستا هەر بەهەق مامۆستا بوو، لە پڕۆسەی خوێندن و پەروەردەدا بە سەللیقە بوو، لەشاخ و خەباتی چەكداریدا پێشمەرگەی ژن و ژنە پێشمەرگە بوو، كادیری دڵسۆزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دواتریش كادیرو لێپرسراوی یەكێتی ژنانی كوردستان.

نمونەی لێپرسراوی خزمەتگوزار و هەڵسوڕاو بوو، سەكردەی خەمخۆری رێبازی مام و یەكێتییەكەی بوو، دواجاریش هەڵگری ناسناوی دایكی شەهیدان.

مامۆستا، بیرەوەریی و یادگاریی شیرینی هەموومانە، ئای لەو رۆژانەی كە ئۆفیسەكەی جمەی دەهات لەكەسوكاری شەهیدان و ئەندامانی حزب و ئەویش خۆشەویستی و متمانەی پێدەبەخشین، ئای لەو رۆژانەی بە تەلەفوون هەواڵی دۆستانی دەپرسی و دەیویست بزانێت كێ نەخۆشە و سەردانێكی بكات، كێش پرسەی هەیە و بەشداری خەمی بێت، كێ گلەییەكی هەیە و دڵی شكاوی بهێنێتەوە جێی خۆی، كێ هەستی برینداكراوە تا ساڕێژی بكات، ئای لەو ژنە مەزنە كە نمونەی ئەوم هێشتا نەبینیوە.

مامۆستا وەسفیە بۆ هەمووان چەتر بوو، باوەشێكی میهرەبان و بۆنی دایك بوو، خۆم لێم بینیوە كە لەگیرفانی خۆی كتێبی بۆ منداڵی شەهید چاپ كردووە، لێم بینیوە پارەی لە بەرپرسان وەرگرتووە بۆ خانەوادەی شەهیدان و بۆ پرسەی كەسانێك بەهەق پێویستیان بەهاوكاری بووە، لە پێناو خەڵكدا زۆرشتم لەمامۆستا بینیوە و بیستووە، بەڵام ئەوەی لێم نەبیستووە باسكردنی خۆی و هەڵپەی بەرژەوەندی خۆی بووە، تەنانەت بەشاهێدی زۆركەسیش كە ئاگاربوون لە گفتوگۆكەمان ماوەیەك بەر لەكۆچی دواییەكەی پێی وتم: (ئەمجارەو لەكۆنگرەی چواردا كاندیدكردنم بۆ سەركردایەتی رەتدەكەمەوە).

مامۆستا ماندووبوو، بەڵام ماندوویەكی رووخۆش لەگەڵ خەڵك، شەكەت بوو لە كێشەكان و بێزاربوو لە زۆرشت.

بەداخەوە، ئەو گەورەژنە، ئەو تەوارەی هاوتای هەڵۆكان، دووساڵ لەمەوبەرو لەشەوی 25\26/4/2016، لە رووداوێكی هاتووچۆدا، ماڵئاوایی لێكردین و كە سەرێكی بەسوێی خستە دڵی هەموولایەكەوە.

 

ژیاننامەكەی

سەركردەی نەمر وەسفیە بەنی وەیس عەلی ناسراو بە مامۆستا وەسفیە یان (دایكی شەهیدان)، ساڵی 1951 لە خێزانێكی نیشتمانپەروەرو زەحمەتكێشی پاڵێوگەی نەوتی ئەڵوەن لە گوندی ( بانمیل)ی شاری خانەقین لەدایكبووە، ساڵی 1959 ماڵیان بۆ شاری خانەقین گوێزررایەوە، هەر ئەوساڵە چۆتە خوێندنگە و قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی ( خەدیجە كوبرا)ی تێكەڵاو دەستپێكرد، خوێندنی ناوەندی و دواناوەندیشی لە ئامادەیی خانەقینی كچان تەواوكردووە.

ساڵی 1971 لەبەشی زمانی ئینگلیزیی زانكۆی بەغدا وەرگیرا، بەڵام بەهۆی جیاكاریی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە لەلایەن رژێمی ئەوسای عیراقەوە، گوازرایەوە بۆ زانكۆی سلێمانی- كۆلێژی ئاداب بەشی زمانی كوردی، ساڵی 1975 ئەو بەشەی زانكۆی سلێمانی تەواوكرد، هەر لەو قۆناغەی خوێندندا پەیوەندیی بەكۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردووە.

ساڵی 1974 دوای ئەوەی كە دوو برای پەیوەندییان بەشۆڕشەوە كرد، دەزگا ئەمنییەكان لە خانەقین هەڵیان كوتایە سەر ماڵیان، دایك و باوكیان بەدیلكراوی دوور دەخەنەوە بۆ گوندی ( هۆرێن و شێخان)ی بناری بەمۆ و دەستیان بەسەر خانووەكەیاندا گرت و هەموو كەلوپەلەكانیان هەڕاج كرد.

ساڵی 1976 بەمامۆستا لەكەلار دامەزرا، بەڵام لەسەر بڕیاری رێكخستن خۆی‌ بۆ (تاسڵوجە)ی خۆرئاوای سلێمانی گواستەوە كە رژێمی عیراق ئۆردوگای بۆ كوردە دورخراوەكانی باشوورو ناوەڕاستی عیراق لێ دروست كردبوو، ئەوانە رێیان پێدرابوو بگەڕێنەوە بۆ كوردستان، بەڵام ئۆردوگای‌ تاسڵوجەیان وەك شوێنی‌ نیشتەجێبون بۆ دیاری‌ كردبون، بەمجۆرە جگە لەئەركی وەك مامۆستا، ئەركی رێكخستنیشی لەتاسڵوجە بەڕێوە برد.

ساڵی 1977 پاش دامەزراندنی رێكخراوی لەیلا قاسم بۆ رێكخستنی ژنان، لێپرسراوەتیی سەرپەرشتی كردنی یەكێ لە دوو بەشەكەی ئەم رێكخراوەی پێ سپێردرا. هەر ئەو ساڵە چالاكییەكانی خۆی بۆ بەغدا گواستەوەو پەیوەندیی بە ملازم (جوامێر سایەمیر)ەوە كرد.

لە سەروبەندی پێكهێنانی رێكخراوی (هەڵۆی سور) كە رێكخراوێكە ئەركەكەی گواستنەوەی شەڕ بوو بۆ ناو ماڵی دوژمن لەبەغدا، رۆڵێكی دیاری لەجێبەجێكردنی ئەركە لۆجستیكییەكانی وەك گواستنەوەی چەك و نامە لەسلێمانییەوە بۆ بەغدا گێڕا، نمونەیەك لەچالاكییەكانی: یەكەم چالاكی رێكخراوی هەڵۆی سوور كە بۆ سزادانی تاوانبار (ع.ف) بوو، مامۆستا وەسفیە دەماچەیەك و دوو نارنجۆك و چەند پاكەت فیشەكێكی لەسلێمانییەوە گەیاندۆتە دەستی شەهید ملازم جوامێر لە بەغدا.

ساڵی 1978 لەكاتێكدا ئیمام خومەینی لەنەجەفەوە دەستی بەجموجوڵ لەدژی رژێمی شای ئێران كردبوو، دوو نامەی بەڕێز مام جەلال سكرتێری گشتیی‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی‌ گەیاندە دەست ئایەتوڵڵا خوئیی مەرجەعی شیعە لەكەربەلاو ئیمام خومەینی لەنەجەف، لەو نامەیەدا كە بۆ ئیمام خومەینیی نوسیبوو، هەڤاڵ مام جەلال ئامادەیی یەكێتیی بۆ هەموو هاوكارییەك دەربڕی بوو، تەنانەت ئامادەیی ئەوەشی دەربڕی بوو كە ئەگەر ئیمام خومەینی‌ بیەوێ‌ خاكی‌ عیراق بەجێ‌ بهێڵێ‌ و بگەڕێتەوە ئێران بۆ رابەرایەتی‌ كردنی‌ خەبات لە دژی‌ شای‌ ئێران ئەوا یەكێتی دەتوانێ بیگەیەنێتە شاری‌ سەردەشت لەئێران.

ساڵی 1982 یەكەم ژن بوو لەرێكخستنی شارەكانەوە بەشداری لەیەكەمین كۆنفرانسی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لەگوندی بالیسان بكا.

ساڵی 1986 لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو، بۆیە رووی كردە شاخ و هاوشانی هاوسەرەكەی، عەلی شامار، ژیانی پێشمەرگایەتیی دەست پێكرد.

لەكاتی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفالەكان بۆ سەر دۆڵی جافەتی و ناوچەی مەرگە، ماوەیەك لەناو شاری سلێمانی خۆی حەشار داو دواتر پەیوەندیی بەهاوسەرەكەیەوە كرد‌ و لەگوندی (كانی دینار) گیرسایەوە.

دوای دامەزراندنی یەكێتیی ژنانی كوردستان لەسەقز لەساڵی 1989، لەو رێكخراوە كاری كردو لەیەكەم ژمارەی گۆڤاری (تەوار)ی ئۆرگانی رێكخراوەكە بەناوی خوازراو بابەتی بڵاو كردەوە.

لەكاتی كۆڕەوە مەزنەكەی ساڵی 1991، رۆڵی دیاری هەبوو لەكۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ئاوارەكانی سەرسنورو ناو ئێران. هەر ئەو ساڵە گەڕایەوە بۆ گەرمیان و بووە ئەندام لە مەڵبەندی دووی كەركوك.

لەماوەی نێوان ساڵانی 1993- 2003دا لێپرسراوەتیی لقی كەركوكی یەكێتیی ژنانی كوردستانی گرتە ئەستۆو ماوەیەكیش كارگێڕی مەڵبەندی گەرمیان بوو. ساڵی 2003 بە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین هەڵبژێردرا.

ساڵی 2006 لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەكانی ی.ن.ك-دا لەئاستی مەڵبەندی خانەقین (زۆرینەی دەنگ) دەنگی یەكەمی بەدسەتهێنا و بەجێگری یەكەمی لێپرسراوی ئەو مەڵبەندە دەستنیشانكرا،

ساڵی 2010 لەسێیەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسلێمانی، بەئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراو هەر ئەو ساڵە، دوای پێكهێنانی مەكتەبی شەهیدان، كرایە لێپرسراوی مەكتەبەكە‌.

بەداخەوە، دوای كاروانێكی زۆر لەخەبات و تێكۆشان و ماندووبوون لەپێناو گەل و خاكەكەیدا، شەوی 25 لەسەر 26ی 4ی 2016دا  لەسەر رێگای سلێمانی – دەربەندیخان لەنزیك ناحیەی (وارماوا)ی سەر بەقەزای شارەزوور، بەهۆی روداوێكی هاتوچۆوە گیانی لەدەستداو چووە ریزی هاوڕێ شەهیدەكانییەوە، رۆژی دواتر لە رێورەسمێكی شایستەدا لە خانەقین بە خاك سپێردرا.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket