riklam

بەرەی توركمانی: یەكێتی لەهەر كوێیەك بێت مافەكانمان پارێزراوە

ی.ن.ک‌‌ 03:23 PM - 2019-04-24
.

.

ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی ٢٤هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیان  لە شاری هەولێر سەردانی حزبی بەرەی توركمانی عیراقی كرد.

لە دیدارێكی نێوان هەردوولادا سەعدی ئەحمەد پیرە تیشكی خستە سەر پەیوەندی مێژووی هەردوو گەلی كوردو توركمان و هاوخەباتی هەردوولا لەبەرەنگاربوونەوەی دیكتاتۆریەت بەتایبەت لەشۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، هەروەها وتی سیاسەتی یەكێتی هەمان ئەو سیاسەتە دێرینەی سەرۆك مام جەلال پەیڕەو دەكا كە دەبێ هەموو پێكهاتەكانی كوردستان یەكسان بن لەئەرك و مافدا و هەمووان هاوبەشی راستەقینەن كوردستاندا، بۆیە پێویستە لەهەموو پرسەكاندا راوێژو گفتوگۆ بكەینە بنەمای كاركردنمان بۆ تێپەڕاندنی كێشەو قەیرانەكان،لەپێناو چەسپاندنی زیاتری چەمكەكانی دیموكراسی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی گەلی كوردستان.

دواتر تەئكیدیكردەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك حزبێكی سۆسیال دیموكرات باوەڕی تەواوی بەیەكسانی و شەراكەتی راستەقینە هەیە لەبەرامبەر هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان و توركمانیش وەك پێكهاتەیەكی كاریگەروی ئەم وڵاتە سەیر دەكات، بۆیە هیچ كاتێك هەوڵی ئیستیغلالكردنی دەنگ و رەنگی توركمان و پێكهاتەكانی دیكەی نەداوە، لەڕابردوو و ئێستاش سەلماندویەتی و منەتیش بەسەر گەلی توركمان ناكات، بەڵام هەموو دەسكەوتە روناكبیری و پەروەردەیی و ئیدارییەكانی گەلی توركمان بەهاوكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدەست هاتوون.

دواتر ئایدن مەعروف ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی سەرەتا سوپاسی هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە و وەفدی یاوەری كرد بۆ سەردانیكردنیان بەبۆنەی دامەزرادنی حزبەكەیان دواتر رۆڵی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بەرز نرخاند لە بەدیهاتنی دەسكەوتەكانی گەلی توركمان لەعیراق و كوردستان و دووپاتیشی كردەوە، یەكێتی لەهەر كوێیەك پێگەی بەهێز بێت، توركمانیش مافەكانی پارێزراو دەبێ و پێگەی بەهێز دەبێت، ئومێدی خۆشی نیشاندا بەچارەسەركردنی ناكۆكیەكان و وتی، لایەنەسیاسیەكان كێشەی زۆر گەورەتریان هەبووەو چارەسەركراوە، هەروەها وتی بەرەی توركمانی پاشكۆی هیچ لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی نیەو بۆیە ئێمە بەشێك نین لە ململانێ سیاسیەكان، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی گەلی كوردستانیش تەوازنی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسیەكان رابگیرێت.

لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: هەموومان پێویستیمان بەسیاسەتێكی عەقلانی هەیە، بۆیە دەبێ دووركەوینەوە لەسەرلێشێواندنی خەڵك لەڕێگەی میدیاوەو بگەڕێنەوە كاری هاوبەش، چونكە كەس لەكوردستان حزبی حاكمی موتلەق نیە، هەمووان پێكەوە دەتوانین خزمەتی گەل و وڵاتەكەمان بكەین،بۆیە دەبێ لایەنە سیاسیەكانی توركمان وەك نوێنەری دووەم پێكهاتەی كوردستان رۆڵی خۆیان ببینن لەچارەسەركردنی كێشەكان و سەربەخۆیانە بڕیاری خۆی بدات.

PUKmedia 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket