riklam

یه‌كێتی: بۆردومانكردنی قه‌ڵادزێ وه‌ك تاوانێكی دژه‌ مرۆڤایه‌تی بناسێنرێت

ی.ن.ک‌‌ 12:35 PM - 2019-04-24
.

.

به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی 45 ساڵ به‌سه‌ر بوردومانكردنی شاری قه‌ڵادزێ،  مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، په‌یامێك ئاڕاسته‌ی خه‌ڵكی خۆڕاگری قه‌ڵادزێ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی تاوانی بۆردومانه‌كه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

خه‌ڵكی خۆڕاگری قه‌ڵادزێ!
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان!

  چل و پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و  له‌رۆژی 24-4-1974، كاتژمێری (9:45) سه‌رله‌به‌یانی، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو كوێرانه‌ بوردومانی (قه‌ڵادزێ)یان كرد و به‌چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی (ناپاڵم) شوێن و جێگا مه‌ده‌نییه‌كانیان كرده‌ ئامانج و له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا، ژماره‌یه‌ك شوێن و جێگای مه‌ده‌نی وه‌ك  شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خوێندكاران، سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، به‌شێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵادزێ، قایمقامییه‌ت و فه‌رمانگه‌ی شاره‌وانی و خوێندنگاكان و نزیكه‌ی (27) ماڵ و (40)  شوێنی كاركردنی هاوڵاتیان ئامانجی ئه‌م هێرش و په‌لارماره‌ دڕندانه‌ بوون.

  له‌و په‌لاماره‌ دڕندانه‌یه‌دا  (134) هاوڵاتی شه‌هیدبوون و (152) هاوڵاتی تریش برینداربوون. زۆربه‌شیان له‌ ژن و مناڵ و به‌ساڵاچوو  بوون، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خوێندكارو مامۆستا، كه‌ به‌مه‌به‌ستی خوێندن و وانه‌وتنه‌وه‌ روویان له‌ شاره‌كه‌ كردبوو.

تاوانی بوردومانكردنی قه‌لادزێ ئه‌گه‌رچی له‌دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق، وه‌ك به‌شێك له‌كه‌یستی تاوانه‌كانی جینۆسایدی ئه‌نفال ئه‌ژماركراوه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا خۆی تاوانێكی نه‌خشه‌ بۆ كێشراو بوو، له‌درێژه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌عس بۆ له‌ناوبردنی گه‌لی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرد، كه‌له‌ 20-6-1989 ده‌ستیكرد به‌ڕاگواستنی شاری قه‌ڵادزێ و ناوچه‌ی(پشده‌ر) بۆ ئۆردوگاكانی خۆرئاوای هه‌ولێر و سلێمانی، دوای چۆڵكردنی ناوچه‌كه‌ له‌هاووڵاتییان به‌ به‌ مادده‌ی(TNT) سه‌رجه‌م خانوو و قوتابخانه‌و مزگه‌وته‌كان ته‌قێنرانه‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ش به‌ (خاكی قه‌ده‌غه‌ كراو).  ئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته‌ش له‌ ساڵی 1974 بۆ 1989 خاپوركردنی (125) گوندی سنوره‌كه‌ی لێكه‌وته‌وه‌و دانیشتوانه‌كه‌شی به‌ زۆره‌ ملێ ڕاگوێزران.

  ئێستا كه‌ یادی (45) ساڵه‌ی ئه‌م تاوانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌سه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی تاوانی بوردومانكردنی قه‌لادزێ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتر شاره‌كه‌ و ناحیه‌ و گونده‌كانیشی. پێویسته‌ له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌ك كه‌یسێكی نیشتمانیی هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێته‌وه‌ به‌ گوێره‌ی گه‌وره‌ی تاوانه‌كه‌ له‌رووی مرۆیی و ماڵیه‌وه‌ وه‌ك تاوانی دژه‌ مرۆڤایه‌تی له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌ و دنیا بناسێنرێ و توێژینه‌وه‌و هه‌وڵی دۆكومێنتكردنی تاوانه‌كه‌ و  مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌تیش بۆ به‌ڵگه‌كانی تاوانه‌كه‌ بكرێته‌وه‌.

   یادی ئه‌م تاوانه‌ و ته‌واوی تاوان و بۆنه‌ نیشتمانیه‌كان، پێویسته‌ هانده‌رمان بێت بۆ پته‌وكردنی یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، به‌ ئامانجی به‌دیهێنانی مافه‌ دیموكراسی و ده‌ستوری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كوردستان و رووبه‌روبونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كان.
   سڵاو له‌ شه‌هیدانی قه‌لادزێ و پشده‌ر ، شه‌رمه‌زاری بۆ تاوانبارانی بۆردومانكردنی قه‌لادزێ.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
24/4/2019

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket