riklam

كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ: یه‌كێتی هه‌میشه‌ پێشه‌نگی ئازادیه‌

ی.ن.ک‌‌ 12:31 PM - 2019-04-22
.

.

جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌بۆنه‌ی  ساڵیادی 121 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ په‌یامێكدا وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بووه‌ بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین و فراوانكردنی پانتایی ئازادی تاك و كاركردنی پیشه‌ییانه‌و ئازادانه‌ی میدیا له‌ كوردستاندا.

 ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

‎له‌ ساڵڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و ده‌رچوونی یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی دایك، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی كورد ده‌كه‌م و هیواخوازم هه‌میشه‌ له‌ پێشكه‌وتندا بن.

‎121 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، له‌ هه‌نگاوێكی بوێرانه‌دا میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان و بنه‌ماڵه‌ی شۆڕشگێڕی به‌درخانیان، له‌ سه‌رده‌می زه‌بروزه‌نگ و ئاواره‌ییدا توانیان یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستان به‌ زمانی كوردی چاپ و بڵاوبكه‌نه‌وه‌، له‌وساوه‌ تا ئه‌مڕۆ كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌رده‌وامه‌و له‌ قۆناغه‌ جیا جیاكاندا ڕۆڵی خۆی بینیوه‌.

ئه‌مڕۆ دوای 121 ساڵ، له‌سه‌رده‌می پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و په‌یدابوونی جۆره‌ها میدیای پێشكه‌وتوو، ڕۆژنامه‌نووسانی كورد هاوشانی هاوپیشه‌كانیان له‌جیهان به‌رده‌وامن له‌ كاركردن و توانیویانه‌ به‌پێی توانا خزمه‌ت بكه‌ن و ببنه‌ گه‌یه‌نه‌ری ده‌نگ و ڕه‌نگی هاونیشتمانیان، هاوكات بۆ پێشخستنی ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستاندا، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بووه‌ بۆ ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین و فراوانكردنی پانتایی ئازادی تاك و كاركردنی پیشه‌ییانه‌و ئازادانه‌ی میدیا له‌ كوردستاندا.

لێره‌شه‌وه‌ جارێكی تر دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی له‌پێشینه‌ی هه‌موومانه‌ هاوكارو پشتیوان بین بۆ زیاتر به‌ره‌و پێشبردنی بزاڤی ڕۆژنامه‌گه‌ری و میدیا له‌ كوردستان و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی باشتر بۆ میدیاكاران تا ئازایانه‌ترو ئازادانه‌تر به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی كاربكه‌ن و گه‌یه‌نه‌ری داواو داخوازییه‌ ڕه‌واكانی تاكی كورد بن.

جارێكی تر پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌م و ساڵڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و ده‌رچوونی یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستانیان لێ پیرۆز ده‌كه‌م.


‎كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی
‎جێگری سكرتێری گشتی


PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket