riklam

حاكم قادر: سەڵاح چاوشین رۆڵەیەكی بەئەمەك بوو

کوردستان 07:55 PM - 2019-04-21
.

.

لەمیانی بەشداریكردنی لە چلەی خەباتگێڕ و تێكۆشەر و قارەمانی رێی رزگارین حاكم قادر حەمە جان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی وتارێكی پێشكەشكرد.

دەقی وتارەكە...

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان

ماتەم گێڕانی هەڤاڵی كۆچكردوو (سەڵاح چاوشین)

خێزان وكەسووكارو خانەوادەی ڕووسوری كۆچكردوو , هاوڕێ‌ وهاوسەنگەرانی كۆڕی خەبات وتێكۆشان , پێشمەرگە قارەمانەكان ..

ئەمڕۆ لەچلەی خەباتگێڕو تێكۆشەرێكی قارەمانی ڕێی ئازادی و ڕزگاری گەلەكەمان وشۆڕشگێرێكی دێرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وشۆڕش وكوردایەتی , پێكەوە لەحزووری بەڕێوەچوونی كۆڕی ماتەمیدا , هەموو دڵ پڕلەخەم وناسۆر بۆكۆچی هاوڕێ وهاوسەنگەرمان , پێشمەرگەی ئازاودلێری گەلەكەمان ( سەڵاح سەعید قەزاز ) ناسراو بە( سەڵاح چاوشین) كۆبوینەتەوە , كەزۆرینەی تەمەنی ئازایانەو بوێرانە بێوچان بۆ دەستبەركردنی ئازادی بۆ گەلەكەمان تەرخانكردو بێ كۆڵنەدان ڕۆژەسەختەكانی بەڕێكرد  , هەربۆیە لێرەوە جێی خۆیەتی ڕێز لەماندوبونی بگرین وبەبەڵێن پێدانی بۆ درێژەدان بەخەبات و گوەزەركردن بەسەر هەمان ڕێچكەدا , ڕۆحی شادو ئاسوودەكەین .

ماتەمگێڕان ..

كۆچكردوو سەڵاح چاوشین , ڕۆڵەیەكی  بەئەمەكی كاروانی سەربەرزی شەهیدان بوو , تاگەیشتن بەئامانجی ئازادی نەسرەوت و ناوو ناوبانگی لەنێو زاكیرەی هاوڕێ‌ وهاوسەنگەران وگەلی كوردی ئازادیخوازدا لەڕیزی لەیاد نەچوواندا بەزیندوویی دەمێنێتەوەو لەنێو دەفتەری تۆماری مەردایەتی وئازایەتی وشۆڕشگێڕیدا ناوێكی دیارە ,  ماڵئاوایی كردنی یەكجارەكی خەسارەتێكی گەورە بوو نەك تەنها بۆ خێزانەكەی , بەڵكو كەسەرێكیش بوو بۆ هاوڕێ وهاوسەنگەرانی وگەلەكەمان بوو بەگشتی  .

كاك سەڵاح یادو یادەوەری بەخێر , لەو پۆلە تێكۆشەرانە بوو كەقۆناغەكانی خەباتی شۆڕشێگڕی وخەباتی بێوچانی وەك پێشمەرگەیەكی سەرەتایی لەڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و شارستانی و حوكمڕانی بەسەركەوتوویی بەڕێكردو توانی بەهۆی ئەزموون وشارەزایی لەبەڕێوەبردندا هەموو ئەو ئەركانەی پێی ڕادەسپێردرا بەسەركەوتوویی بەڕێوە بەرێت وهەروەك كەسێكی زۆرخۆشەویستی نێو هاوڕێكانی بوو .
ئامادەبووانی بەڕێز..

ئەمڕۆ كەلێرە لەساتەوەختی بەڕێكردن وبەڕێوەچونی یادی چل ڕۆژ بەسەر كۆچی پیاوێكی تێكۆشەرداین , گەلەكەمان بەقۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەرێت , گەرچی واخەریكە هەنگاوەكانمان خێرا ڕووەو كۆتا وێستگەی گەیشتن بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نزیكدەبینەوە , بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە كەلەوادەی ڕابردوودا خاو بەڕێوەچوون , نەجێی ڕەزامەندی ئێمەونەخەڵكی كوردستان بووە , كەدەكرا لەو ماوەیە كورتر بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوە , بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی خزمەتگوزار بەوەلانانی بەربەستەكان حكومەت پێكبهاتایە .

بڕوای ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان  بۆ پرسی حوكمڕانییەكی تەندروست ودیموكرات بەئاڕاستەی نوێبوونەوەو چاكسازی و گەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی وعەدالەتی كۆمەڵایەتی وسەروەری یاسا وباشتر كردنی حاڵ وگوزەرانی گەلی كوردستان نەگۆڕە .

لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دیاردەی دزێوو ناشارستانی گەندەڵی ودابینكردن و دەستەبەركردنی ژیان وگوزەرانێكی شایستە بۆ خەڵكی كوردستان , كەلەگەڵ پێشكەوتنی سەردەمدا بگونجێت , فەراهەمكردن وفراوانكردنی بازنەی پرسی گرنگی دیموكراسی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش دەخوازین وپێداگری دەكەین بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەستكەوتە نیشتمانییە , لەبارەی بنەما نەتەوەییەكان و لەسەر ڕاستەڕێی هێڵە نیشتمانی یەكان هەرچی زووە هێزی پێشمەرگە یەكبخرێت وبكرێتە هێزێكی تۆكمەی نیشتمانی .

لەلایەكی دیكەوە تێڕوانینی ئێمە بۆ بنەماكانی ڕێكەوتن وخۆگونجاندن , بەتایبەت لەنێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وعێراق بەگشتی , بەمەبەستی هێنانە كایەی بارێكی گونجاوی خۆشگوزەران وئاسوودەیی ودەستەبەركردنی سەقامگیری ئاسایش وئارامی كەخواستی خەڵكی هەرێمەكەمانە , تەنهاو تەنها ڕێگاچارەو كلیلی كردنەوەی دەروازە قوفڵدراوەكانی ناتەبایی وخوڵقاندنی دۆخی چەقبەستووی قەیرانەكانە , كە بەهاوخەباتی  وهەماهەنگی ویەكڕیزی گەلەكەمان وپتەوكردنی نێوانی لایەنە سیاسی یەكان ونێو ماڵی كوردی دەستەبەردەبێت  .

هەر بۆیە لەو ڕوانگەیەوە ئێمە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان , تەواوی هێزو توانامان بۆ گەیشتن وبەدەستهێنانی ئەو دەستكەوتانە كەبە ڕێكەوتنی هەرسێ‌ لایەنی سەرەكی بەشدار لە كابینەی نوێدا ( پارتی دیموكراتی كوردستان ویەكێتی نیشتمانی كوردستان وبزوتنەوەی گۆڕان وتەواوی لایەنەكانی دیكەی سەرگۆڕەپانی سیاسی هەرێم ) زیاتر دێتەدی دەخەینەگەڕ , هەروەك پلانمان بۆ ئاسایی كردنەوەوسەقامگیری لەسەر ئاستی عێراق , بەڕێكەوتنی ڕیشەیی وبنەڕەتی بەتایبەت لەسەر پرسی ناوچە جێ ناكۆكەكان بەگشتی وئاسایی كرنەوەی دۆخی ناجێگیری شاری كەركوك وبەرز كردنەوەی ئاستی ئابوری , بەتایبەت ناردنی موچە بەشێوەیەك بێت لێرە بەدوا دەست بردن بۆ ئەو پرسە ببێتە هێڵی سور و , گرنگی زیاتر بەداهاتە هەمەجۆرەكان بدرێت و بەتەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەسترێت وسامانەسروشتییەكانی ژێرو سەرزەمین بەگشتی پەرەی ێبدرێت وپرسی پێشمەرگە و پرۆژەكانی چاكسازی لەئەولەوییەتی كارنامەی داهاتوومان بێت .

هەربۆیە ئەم كۆڕە ماتەمینیە بەهەل دەزانین , ئاماژە بە پرسی گرنگی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی نێوان یەكێتی وگۆڕان وسەرجەم لایەنەكان بدەین  , ئەم پەیوەندیانە كەتائاستێك پێشترگرژی و ئاڵۆزی لەلایەك و لەلایەكی تریشدا تائاستی ڕێكەوتن ونزیكبوونەوە ڕووەو سەر هەڵكشانی بەخۆوە بینی , پێویستە بەهەستكردن بەلێپرسراوێتی مێژوویی ونەتەوەیی ونیشتمانی , بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان , بەتێڕوانینی واقیعییانە كەدواجار خەڵكی هەرێمی كوردستان لێی سودمەندبن و باروگوزەران وبژێوی خەڵك لەدۆخی چەقبەستوویی قوتاربێت , باپێكەوە تواناكانمان بۆ خزمتكردنی هەرێمەكەمان بخەینەگەڕو بەدور كەوتنەوەمان لە دۆخی نەخوازراوی ناتەبایی و ململانێیە نادروستەكان , دەستووری هەرێم و ئەو یاسایانەی كە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە , بەسازان ولەسەر بنەماكانی دیموكراسی بنووسرێنەوەو گەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی وخۆشگوزەرانی بكەینە كارنامەی داهاتوومان و پێشكەش بەخەڵكی كوردستانی بكەین , بەتایبەت ئەم دەڤەرە كەچەندساڵێكە بەداخەوە غەدرو ستەمی ئاوەدانی لێكرابوو  .

ماتەمگێڕان , ئامادەبوانی زێدە ئازیز , كەسوكاری سەربەرزی كۆچكردو كاكە  (سەڵاح چاوشین) ..

كاكە سەڵاحی تێكۆشەر , لەڕیزی ڕێبازی كوردایەتی و هاوخەباتی ئەو پیاوانە بوو كەلەپێناو خەڵكدا گیانیان بەختكردو بێكۆڵنەدان بەكاروانی نەمران گەیشتن  .
 سەربڵندی و ڕووسوری بۆ كەسووكاری سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەكەمان .
سەربەرزی وشكۆمەندی بۆ خێزان ونەوە دلێرەكانی كاكە سەڵاح چاوشینی ڕەمزی تێكۆشان ..

هەرشادوسەربەرزو سەركەوتووبن ..

حاكم قادر حەمەجان
 ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی         
لێپرسراوی  مەڵبەندی ڕێكخستنی سلێمانی
  یەكێتی نیشتمانی كوردستان

        
  تایبەت PUKmedia 

343.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket