riklam

سلێمانی‌.. هەفتەی‌ ژیاندۆستی‌ بەڕێوەدەچێت

کوردستان 05:46 PM - 2019-04-21
.

.

بە ئامانجی‌ پەرەپێدان بە پەروەردەی‌ ژیاندۆستی‌ و ئاشناكردنی‌ منداڵان و دایكان و باوكانی‌ قوتابیان‌و هاووڵاتیان بەرزكردنەوەی‌ ئاستی‌ هوشیارییان بۆ بوارە جیاجیاكانی‌ ژیان، بە بەشداری‌ ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتی‌ و بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌، هەفتەی‌ ژیاندۆستی‌ لە 14 قوتابخانەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بەڕێوەچوو.

ڕۆژی‌ یەكشەممە، 21ی‌ 4ی‌ 2019، بە ئامادەبوونی‌ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری‌ سلێمانی ‌‌و م.عومەر گوڵپی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەلایەتی‌ لەپارێزگای‌ سلێمانی ‌‌و م.دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری‌ گشتی پەروەردە و سالار حسامەدین بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ كارەبا‌و بەڕێوەبەری‌ فەرمانگەكانی‌ ژینگەو ئاوو ماف و پەروەردەكانی‌ رۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای‌ شاری‌ سلێمانی‌ و بەڕێوەبەرو مامۆستاو قوتابیان، هەفتەی‌ چالاكییەكانی‌ ژیاندۆستی‌ لە قوتابخانەی‌ دابانی‌ بنەڕەتی‌ بەڕێوەچوو.

هەفتەی‌ ژیاندۆستی‌ لە رێگەی‌ چەند چالاكییەكی پەروەردەیی‌، هونەری‌، وەرزشییەوە كاردەكات بۆ ئاشناكردنی‌ منداڵان و قوتابیان‌و دایك‌و باوكی‌ قوتابیان‌و هاووڵاتیان بە پرسەكانی‌ پەیوەست بە مافی‌ مرۆڤ‌و مافی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت‌و ژینگەو بەفیڕۆنەدانی‌ سامانی‌ ئاوو كارەباو گرنگیدان بە تەندروستی‌‌و وەرزش .

لەو بۆنەیەداو بۆ ماوەی‌ دوو رۆژ لە 14 قوتابخانەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ چالاكییە بەڕێوە دەچێت كە بریتین لە قوتابخانەكانی‌ (سەرشەقام، خۆشناو، سۆران، هەورامان، پیشكەوتن، مەشخەڵان، دابان) لە پەروەردەی‌ ڕۆژهەڵات‌و قوتابخانەكانی‌ (مەم و زین، بێكەس، سیوەیل، نەهری‌، بەخشندە، ئارین، جونیەر) لە پەروەردەی‌ ڕۆژئاوای‌ شاری‌ سلێمانی‌.

لەو بۆنەیەدا د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ وتەیەكی‌ پێشكەشكرد و لە وتەكەیدا دەستخۆشی‌ و سوپاسی‌ ئاراستەی‌ قوتابی‌ و مامۆستایان‌و سەرجەم فەرمانگە بەشداربووەكان كردو پاڵپشتی‌ خۆی‌ بۆ ئەو جۆرە چالاكییانەی‌ دووپاتكردەوە.

هەر لەو بۆنەیەدا ئاكۆ عەبدولمەجید سەرپەرشتیاری‌ گشتی‌ پڕۆژەكە دەستخۆشی‌ لە سەرجەم نوێنەری‌ فەرمانگەكان‌و بەڕێوەبەرو مامۆستایان كرد بۆ سەرخستنی‌ بیرۆكەكە، هەروەك هیوای‌ خواست لە ساڵی‌ داهاتوودا بە پشتیوانی‌ هەموو لایەك بیرۆكەكە پەرە پێبدەن بۆ سەرجەم خوێندنگەكان.


PUKmedia راگەیاندنی پەروەردەی سلێمانی

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket