riklam

خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران خێمەیان هەڵدا

کوردستان 05:35 PM - 2019-04-21
.

.

خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان خێمەیان هەڵداو دەڵێن تا حكومەت داواكانیان جێبەجێ نەكات بەردەم ئەنجومەنی وەزیران چۆڵناكەن، باسلەوەشدەكەن لەلیژنەی پشكنین دەرچون، بەڵام مووچەكانیان راگیراوەو بۆیان خەرجناكرێتەوە. 

سامان حسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لەبارەی داواكارییەكانیان بە PUKmediaی راگەیاند: ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی دەدرێنەوە بەلیژنە، حكومەت راستەوخۆ مووچەكانیان بۆ خەرجبكات، هەروەها دەرگای تۆماركردنی كەمئەندام بوون بكاتەوە، چونكە كەسانێك خاوەن پێداویستی تایبەتن و ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە چاوەڕێن.

وتیشی: داواكارییەكی دیكەمان ئەوەیە كە حكومەت رێژەی كەمئەندامی بۆ 70% بەرزكردوەتەوە، داوا دەكەین بكرێتەوە بە 55%، لەبەر ئەوەی چەند هەزار كەسێك بێبەشكراوە لەمووچە.

ئەوەشی وت: ئەوانەی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران خێمەیان هەڵداوە، تەنیا بەشێك لەخاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی سلێمانین، هیوادارین خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی هەولێر بێن و لەگەڵمانبن بۆ داواكردنی مافەكانیان، چونكە داواكارییەكانی ئێمە تەنیا بۆ ئەوانەی ئێرە نییە، بەڵكو بۆ ئەو 50 هەزار خاوەن پێداویستییە تیبەتەشە كە مووچەكانیان بڕاوە، دواتریش ئەو چەند هەزارەی لەلایەن لیژنەوە ناحەقیان بەرامبەر كراوەو مووچەكانیان بڕاوە.

وتیشی: كاتێك گەیشتینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر سەردانی كردین و هەڕەشەی لێكردین، لەكاتێكدا وەك خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گردبوونەوەیەكی مەدەنیمان كردوەو داوای جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان دەكەین.

ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران خێمەیان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان هەڵداوە، ئاماژە بەوەدەكەن كە ماوەی چەند مانگێكە لەلیژنەی پشكنین دەرچوون، بەڵام تائێستا مووچەكانیان راگیراوەو بۆیان خەرجنەكراوەتەوە كە بڕەكەی 150 هەزار دینارە.

PUKmedia تایبەت 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket