riklam

مەلا بەختیار: كاروانی داهێنان و نوسینی كوردی لەسەرەتای رێگەدایە

ی.ن.ک‌‌ 09:30 PM - 2019-04-20
.

.

ئێوارەی ئەمڕۆ (20/4/2019) لەهۆڵی تەوار‌و لەشاری سلێمانی (22)هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، كۆتایی بەچالاكییەكانی هێناو تیایدا مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵ، وتارێكی پێشكەشكرد، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی..

ئامادەبوانی بەڕێز..

میوانانی ئازیز..

نوسەران، وا گەیشتینە كۆتایی (22)هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، كە بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی قەیران‌و فشاری داراییەوە، سێ‌ رۆژ ئەنجامدراو دوو رۆژمان لێقرتاند، ئومێدەوارین ساڵی ئاییندە قەرەبووی بكەینەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین بوار بدەین بەدیالۆگ‌و گفتوگۆو مشتوماڵكردنی مەسەلە فكری‌و فەلسەفییەكان‌و هزرەكان. كە بێگومان ئەم سێ‌ رۆژەی گوزەشت، ئەگەر تێبینیتان كردبێ‌، زۆرترین رووبەرماندا بەدیالۆگ، بەڕەخنە‌و هەڵسەنگاندن‌و كەمترین رووبەرماندا بەچیرۆك‌و هەتا بەشیعریش كە لەرۆژی یەكەمدا كۆتایمان پێهێنا. لامان مەبەست بوو، ساڵانی ئاییندەش ئەمە تاقیدەكەینەوە، كە فێستیڤاڵ، فێستیڤاڵی پێشكەشكاران نەبێت، بەڵكو فێستیڤاڵی پێشكەشكاران‌و ئامادەبوانیش بێ‌، بۆ ئەوەی دیالۆگێكی كارلێك بۆ ئەو میوانە ئازیانەی دێن  بۆ فێستیڤاڵ‌و هەموو ئەوانەی بابەتەكانیان پێشكەش دەكەن، كارلێكێكی جوان دروستبكەین‌و سەرەنجام پەیوەندییەكی ویژدانی یان ستاتیكی لەنێوان ئەوانەی دەقیان هەیە، نوسینیان هەیە، توێژینەوەیان هەیەو ئەوانەشی نیانە، هاتوون بەشدارببن، دروست بكەین.

خۆشحاڵین بابەتێكی ئێجگار زیندومان هەڵبژارد لەسەر ژیاننامە‌و تێكڕا دە بابەت لەسەر چۆنێتی نوسینی ژیاننامە پێشكەشكرا، كە ئەمە زۆر تازەیە سەبارەت بەنوسین‌و ئەدەبیاتی كوردی‌و ئەدەبیاتی سیاسی كوردیش. كۆمەڵێك زانیاری نایاب پێشكەشكرا‌و بەشبەحاڵی خۆمان، هەمومان سودمان لێوەرگرت. چونكە ژیاننامە یان بیروەریی نوسین، هەموو ئەمانە لەم ساڵانەدا لەكوردستان‌و لەدوای ساڵانی (1992-1993) بەدواوە زۆر برەوی هەیە‌و ئیتر تێكەولێكە هەموو ئەو بابەتانەی تایبەتمەندیان هەیە تێكەڵ بەیەك دەكرێن لەنوسینی بیرەوەرییەكان‌و لەنوسینی ژیاننامەكاندا، بۆیە موتوربەكردنی ئەم زانیاریانە بەهزرەكان‌و بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لەبواری نوسین سەرقاڵن كارێكی گرنگ بوو، ئومێدەوارین سود بگەیەنێ بۆ ئەو بیرەوەریی‌و ژیاننامە نوسینانەی لەمەودوا دەنوسرێن.

هەموو كەسێك ناتوانێ‌ لەڕێگەی نوسینی ژیاننامەی خۆیەوە، شتێكی جوان یان نایاب پێشكەش بكات‌و ئەوەندەی لەم شۆڕشە شارەزابم‌و پێشموایە شارەزام، ئەوەندی لێپرسراوانی ئەم شۆڕشەو هەندێك لێپرسراوە مامناوەنجییەكانی ئەم شۆڕشەش بناسم، كە پێموایە دەیانناسم، بەڕاستی هەندێكیان مێژوویان شێواندووەو چەواشەیان كردووە. قارەمان دەكەن بەترسنۆك‌و ترسنۆك دەكەن بەقارەمان‌و دیل كوشتن دەكەن بەشانازیی‌و دایدەپۆشن! رەوایەتیدەدەن بە بەكرێگیراوی‌و هی وایە زۆر كەمیكردووە، زۆر زۆر خۆی هەڵدەدات‌و سەدان كەسیش هەن زۆر زۆریان كردووە، بەڵام هێشتا وشەیەكی لەسەر بیرەوەری خۆی نەنوسیوە. بۆیە ئەم مێژووەمان پێویستی بەبێژەنگ‌و فلتەری جۆراوجۆر هەیە. مێژویەكی بەیارمان لەنەنوسیندا هەیە‌و گوناهە ئێستا كە دەتوانین بنوسین، مێژوومان بشێوێنین‌و ئەمەش گوناهێكی گەورەیە. بۆیە ئەگەر بمانەوێ‌ قەرەوبی مێژووی بەیاری رابردوو بكەینەوە، دەبێ‌ بەمەنهەجییەت‌و بەڕەخنە لەخۆگرتن بیكەینەوەو بەئارامی بینوسین‌و چاك‌و خراپ بنوسین‌و بوێربین لەدەربڕیندا!

ئومێدەوارم، ئەم فێستیڤاڵە كە دە یانزە توێژینەوەی لەوبارەیەوە پێشكەشكرد، هەوێنێكی باش بێ‌ بۆ مەینی ئەو هزرانەی كە بەنیازن مێژوو بنوسنەوە یان كە كتێبەكانیان چاپكردەوە، سودی لێوەربگرن.

ئامادەبوان، ئێمە ئەم (22)هەمین فێستیڤاڵە سازدەدەین، هێشتا كاروانی كەلتوری كوردی‌و كاروانی داهێنانی كوردی، كاروانی نوسینی كوردی، بەهرەی كوردی یان كورستانی لەسەرەتای رێگەدایە‌و بۆخۆشم لەگەڵ ئەو رێگەیەنیم بڵێین هیچ بەرهەمێك، داهێنانێك‌و رەخنەیەك نییە‌و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانیم، بەڵام دەتوانم بڵێم، زۆر شتی گەورەترمان لەشەستەكان‌و حەفتاكان پێشكەش نەكردووە! بەپێی ئەو ئازادیی‌و دەرفەتەی بۆمان هەڵكەوتووە زۆرمان ماوە گەشە بكەین‌و پەرەبسەنین، لەو سەردەمانەی كە لەشەستەكان‌و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ گەلاوێژ، بۆ پیرەمێردی نەمر، لەوسەردەمانەی كە خەفەقان بوو، سەركوتكردن بوو، لایەنیكەمی ئازادی هەبوو، بەرهەمی ناوازە دەبینین لەو سەردەمەدا‌و رەچەشكاندنی مێژوویش دەبینین، لەسەردەمێكدا كە بەعس‌و فاشییەت لەسەر حوكم بوون، چیرۆكی جوان دەبینین، رەخنە، شانۆگەری، شیعری جوان‌و نایا دەبینین لەوسەردەمەدا، هونەری جوان‌و ئازایەتی بێوێنە دەبینین لەو سەردەمەدا، كە فاشییەت حاكم بووە، بەڵام لەم سەردەمی كە ئازادی هەیە، باوەڕموایە كاروانی بەبرشتی بەرهەم‌و داهێنان بەردەوامە، بەڵام هێشتا ئەو وەرچەرخانە ئەدەبییەی‌و فەلسەفەفی‌و بەهرەمەندییەی كە پێویستە بیبینین، هێشتا نەمانبینووە! ناڵێم بێبەرین، بێبەرهەمین، ناڵێین نەمانكێڵاوە. رەخنەو هەڵسەنگاندن دەبێ‌ وردبێ‌، نابێ‌ بەئارەزووی خۆت رەخنە بگریت، هێڵی راست‌و چەپ بەكاربهێنین، ماومانە‌و خوێندنەوەی من، ئەوەندەی دەخوێنمەوە، پێموایە ئەو هەلومەرجی حوكم، سیستەم‌و رادەی گەشەكردنی دیموكراسی، ئازادیی‌و خەبات بۆ مەدەنییەت‌و سەربەستی ژن، رێكخراوەكان، ئێنجی ئۆكان‌و تێكەڵاو بەبازاڕەكان‌و هەمووئەو قاڵب شكاندنە كە خەریكە شەپۆلەكانی تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا لەدنیادا، هەموو قاڵبەكان دەشكێنێ‌، قاڵبی چینایەتی‌و ئەوەی كەجاران تیۆرییەكان، ئایدۆلۆجییەتی خۆمان لەسەر بونیاد دەنا‌و باوەڕمانوابوو دنیا، دنیای رەش‌و سپییە، لەسپیدا بی باشیت‌و لەڕەشیشدا بیت خائینیت! هەموو ئەو دنیایە نەما، ئەو فەزایە نەما، ئەو پێوەرانە گۆڕان‌و هەموشیان لەگۆڕاندان. ئێمە لەچارەكە سەدەی رابردوو كەوتینە هەلومەرجێكەوە كە خەریكە شتێك لەوڵاتەكەمان دروست دەبێ‌ بەناوی چینی ناوەڕاست، یان چینی سەرمایەداری نیشتمانیی، كە سەرمایەداری نیشتمانیی لەوڵاتێكدا دروست دەبێ‌، واتای مامانی وەرچەرخان، مامانی لەدایكبوونی گۆڕانكاری گەورە گەورە، مامانی داهێنانی گەورەتر لەوەی روویداوە، واتە رەچەشكاندنی، ئەو رەچانەی كە تائێستا نەشكێنراون‌و تێكوپێكدانی تابۆ رۆحییەكانی كە تائێستا بەهۆی گەلێك هۆوە، تێكوپێك نەدراون! كە نامەوێ‌ بچمە ناوی.

كەوابێ‌ لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا، لەقۆناغێكدا كە خەریكە رزگارمان دەبێ‌ لەكەلتوری بۆرجوازی بچوك، كە لەسنورێكی دیاری كراوی بچوكدا دەتوانێ‌ كاریگەری پۆزەتیڤی هەبێ‌، لەقۆناغی دەسەڵاتی كۆمەڵایەتی بۆرجوازی بچوكەوە دەیگوازینەوە بۆ قۆناغی دەسەڵاتی بۆرجوازی نیشتمانیی كە مامانێكی نوێیە، لەدایكبوونێكی نوێیە، هەژانێكی نوێیە، كە بەدوای داهێنانە گەورەكان لەدایك دەبن‌و دەیانهێنێتە گۆڕێ‌. ئێمەش ئێستا شاهێدی ئەو سەردەمەین، شاهێدی ئەوەی كە هاوزای چۆنێتی لەدایكبوون لەناو ئەو مامانە نوێیە، كە ئێمە هەم فێستیڤاڵی گەلاوێژو هەم داوودەزگاكانی تر كارێكی باش بكەین، قەڵەمە تازەكان، بەرهەمە تازەكان، ئەندێشەكان موتوربە بكەین، بەزانیاری نوێ‌، فەلسەفەی نوێ‌‌و بە رەخنەی نوێ‌‌و رەخنەی ئازادیش بكەین بەدەستەبەری كرانەوە. چونكە بەداخراوی هیچ میللەتێك پێشناكەوێ‌، هەتا قفڵەكان‌و كۆدەكان نەدۆزینەوە كە تەواوی ئەوەی لەمێژوودا لەسەر ئێمە قفڵدراوە‌و جۆرەها تەمتومانی سەیرو سەمەرە بەدەوری هزرماندا، پەیوەندیەكانماندا، هەست‌و هەڵوێستماندا هەیە، هەتا وردە وردە هەموو ئەمانە بەڕەخنەی ئازاد، بە بوێری نەڕەوێنینەوە، بەوەی دەبێ‌ بەڕاستی قۆناغی رابردوو وردە وردە بەجێبهێڵین، نەك بەقەڵەمباز! ئیتر كاتی بەجێهێشتن‌و كاتی پێشوازیكردنە لەنەوەكانی ئاییندەو پێشكەوتنەكانی ئاییندە، ناكرێ‌ بەقفڵدراوی بەغیلی ببەین بەو نەتەوانەی پێشكەوتوون. بەغیلی نەبەین، كەچەڵ حەكیم بێ‌ سەری خۆی دەخورێنێ‌، با بەغیلی نەبەین، بەڵكو هەڵەكانی خۆمان دیاری بكەین، هیچیش پێویست ناكات ململانێیەكی ناشەریفانەش لەگەڵ یەكتر بكەین، بەڵكو پێویست دەكات بەئارامی رەخنە لەیەكتر بگرین‌و بە ئارامی پێكەوە هەڵبكەین، خەبات بكەین بۆ ئەوەی كە بەڕاستی ئەوەی تائێستا نەمانتوانیوە وەربچەرخێین لەرابردوو، بۆ ئەوەی ئێستای زیندوو بونیاد بنێین‌و بەجوانی ببەستینەوە بەئاییندەیەكی جوانتر، دەبێ‌ ئەمە رەوت‌و خەباتمان بێ‌‌و هیچ نابێ‌ گللەیی بكەین كە بۆ رابردوومان، رابردووی گەلانی هەرە پێشكەوتووی خاوەن فەلسەفە، بەهرەمەند، هونەرمەند نییە! بۆ مایكل ئینجیلۆمان نییە، بۆ داڤنشیمان نییە، بۆ سەمفۆنیمان نییە، بۆ موزەخانەیەكی زۆر جوانمان نییە، نابێ‌ گللەیی لەمە بكەین بۆ دستۆفسكی‌و تۆلستۆیمان نییە! ئەمە نابێ‌‌و ناشبێ‌ هیچ گللییەك بكەین. چونكە ئەوانە بەڕێنسیانس، بە ئایینسازی، بە مۆدێرنەتە ‌و رۆشنگەریدا تێپەڕیون، ئەوان تەكنەلۆجیایان هەبوو، سەدان فەیلەسوفیان هەبوو، ئەوان شۆڕشیان بەمانای راستەقینەی دیموكراسی كرد‌و ئازادیان بەمانا راستەقینەكەی ئازادی بەدیهێنا‌و مەدەنییەتیان بەمانای راستەقینەی مەدەنییەت بەدیهێنا‌و ئەوان پەیمانی كۆمەلایەتی راستەقینەی كۆمەڵایەتیان لەنێوان هاووڵاتی‌و دەسەڵات‌و دەستوردا بەست! ئەو هەموو فلتەرە لەپێنج سەد ساڵی رابردوودا، بێگومان ئەو هەموو هەڵكەوتووە دەهێنێتە دی. بەڵام ئێمە تائێستا لەكوێین؟ تا ئێستا دەوێرین رەخنە بگرین؟ دەوێرین ئەوەی لەناخ‌و ویژدانماندایە دەریببڕین؟ هەریەك بەهۆیەكەوە ناوێرێ‌ دەریببڕێت. هەزران ترس‌و بیم ‌و تارمایی دەوری گرتووین! 

كەوابێ‌ گللەیی نەكەین لەوەی كە میللەتان گەیشتونەتە ئەو ئاستە‌و ئێمە پێی نەگەیشتووین، بەڵام ئێستا كە سۆسیالمێدیا، تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا، جیهانگیری هەیەو تێكەڵین بە بازاڕەكان، بەبانكەكان، بەهاتوچۆكان، بەفڕۆكەخانەكان، ئێستا وەرگێڕان، كتێبخانەكان ئاسان لەبەردەستماندایە‌و هەر لەڕێگەی ئینتەرنێتەوەی هەرچی سەرچاوەی بمانەوێ‌ دێتە بەردەستمان، ئەگەر هەندێك ساڵانمان تۆزێك بەفیڕۆدا، بەڵام با تۆزێك باشتر بێینەوە سەر خۆمان و رابچەڵەكێین بۆ ئەوەی بەڕاستی ئەمجۆرە فێستیڤاڵانەو هەموو چالاكییەكانی كە هەیە، كە چالاكی ئێجگار زۆر لەكوردستاندا هەیە، لەزانكۆ و پەیمانگەكاندا، لەڕێكخراوەكان، لەسەنتەرەكاندا هەیە، هەموو ئەو چالاكیانەی كە هەیە، ئیتر كاتی ئەوەیە بە باشتر هەڵیبسەنگێینین‌و رەخنە لەكەموكوڕییەكانیان بگرین‌و ئاراستەكانیان بەرەو ئاراستەی ئەو وەرچەرخانە بەرین، كە لەمامانە تازەكەی كوردەواری خۆماندا خەریكە لەدایك دەبێ‌‌و خوریكە خورد دەبێ‌. ئەم خورتبوونە دەبێ‌ خەمیبخۆین‌و لەگەڵیدا لەخەم بڕەخسێین.

ئێمەش لەفێستیڤاڵی گەلاوێژ هیچ خەمێكمان نییە، بەشبەحاڵی خۆمان نەتەماحی ئەوەمان هەیە هیچ پلەوپایەمان دەستبكەوێت، خۆشتان دەزانن هیچ كاندیكێمان بۆ هیچ پۆستێك، لە(22) ساڵی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا نەبووە‌و یەك رێنیۆنییەكیشمان نەبووە، كە دەنگ بدرێ‌ بەكێ‌ ‌و دەنگ نەدرێ‌ بەكێ‌‌و هەڵوێستی سیاسیمان چی بێ‌ یان چی نەبێ‌! كە دڵنیام هەتا دەهەمین فێستیڤاڵیش هەندێك بەگومانەوە سەیریان دەكردین‌و ئێستاش بەشێك هەیە وەكو بایكۆت، بایكۆتی فێستیڤاڵی كردووەو نایات بۆ فێستیڤاڵ‌و باوەڕیوایە كارێكی مەزن دەكات‌و باوەرشیانوایە ئێستاش ئێمە لەسێبەری حزبداین. 

بەڵام دڵنیابن، نیوەی حزبەكانیش پێیانخۆش نییە فێستیڤاڵی گەلاوێژ هەیە‌و نیوەی سەركردایەتی حزبەكان پێیانخۆش نییە دابڕان‌و رۆشنگەری هەیە‌و لەوەش دڵنیابن، نەك هەر شەتەك دراوی حزبەكان‌و دەسەڵات نین، بگرە نیوەی هەموو حزبەكان‌و دەسەڵاتەكانیش پێیانخۆش نییە كە ئەم هەوڵانە دەدەین‌و هۆكارەكانیشی خۆتان دەزانن.

سەلماندیشمان كە ئەو نیگەرانییانەی یان ئەو ترس‌و بیمانەی لەئێمە هەبوو، لەناوماندا لەئارادا نییە‌و دابڕانیشمان هەر بەهەمان ئاراستە دروستكردووەو ئاییندەش ئەوەی كە تائێستا گومانی هەیە لەو ستراتیج‌و پرۆژەیەی كە هەمانە، هیوادارم لەئاییندەدا ئەوانەی گومانیان هەیە، بیڕەوێنینەوە ئێمەش بەرەوامدەبین.

بەردەوامین بەبێئەوەی هیچ پۆست‌و كاندیدێكمان بوێ‌‌و بەردەوامیشین بەبێئەوەی هیچ هەلپەرستی، پایەپەرستی‌و پولپەرستی‌و ماستاوكردنمان هەبێ‌‌و ئەوەش لەئێمە دوورەو بەشبەحاڵی خۆم، هەرگیز خەیاڵم لای ئەوەنییە بەهۆی گەلاوێژ‌و دابڕان، یان بەهۆی هەریەك لەفێستیڤاڵەكانەوە یەك مللیمەتر داخوازییەكم یان پلەو پایەم بچێتە پێشەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەندە بەسمە كە ویژدانم ئاسودەیە بەپێی بیروباوەڕێكی نوێ‌ لەم كایانە خەبات دەكەم‌و هەر ئەوەندەم بەسەو هیچی تر.. بەڕاستی شانازییشە بۆ هەمووتان كە یارمەتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ یان یارمەتی هەڵسەنگاندنەكان، رەخنەكان، گۆڤارەكان‌و سایتەكانی گەلاوێژ بدەن بۆ ئەوەی كاراتر كاریگەربین بۆ هەموو ئەوكایانەی كە پێویستن بۆ ئەو وەرچەرخانەی كە دەبێ‌ وەربچەرخێین. نابێ‌ وا بمێنین‌و ئەو دیاردە جوانانەی كە سەریانهەڵداوە نابێ‌ بهێڵین خامۆش بن‌و بەپێچەوانەوە دەبێ‌ ئێجگار زیاتر گەشەیان پێبدەین‌و گەشتریان بكەین لەهزری دواكەتوو. بۆ ئەوەی رەخنەی ئازاد بكەین بەدەستەبەری كرانەوە، كرانەوەش بەهەموو چەمكە راستەقینەكەی، نەك كرانەوە بەسەر پشكی، كە لەهەندێك دەكرێمەوە لەباقییەكەشی با دابخرێم. تا بڵێین با باقییەكەی بەداخراوی بمێنێتەوەن لەبەر ئەوەی بڤەیە! ئەوا هەتا بڤەت هەبێ‌، لەكایەی مەعریفە، فەلسەفە‌و رەخنە، ئەوا بەدەستی خۆت‌و بە بڕیاری خۆت، بەربەست لەبەردەم وەرچەرخان دروستدەكەیت! كە ئێمەش كارمان ئەوەیە ئەوبەربەستانە بڕوخێینین.

بێگومان ئێستا راپۆرتەكانی هەڵسەنگاندن‌و یەكەمەكان، دووەم‌و سێهەمەكانتان بۆ دەخوێندرێتەوە‌و بەدڵنیاییەوە تا ئەم دەقیقەیەی كە قسەتان بۆ دەكەم، نازانم لیژنەكان كێن‌و دەرچووەكانیش كێن.

برایەكی خۆشەویستم هەیە كە ئەوكارانە دەكات، وەكو سندوقی رەشی فێستیڤاڵی لێهاتووە، ناوی سامی هادییە، تەنانەت متمانەی بەمنیش نییە تا پێمبڵێت لیژنەكان كێن! ئەوەندە نهێنیی پارێزە هەتا ئەم ساتەش هیچی پێنەوتووم، كەوابێ‌ ئەنجامی كێبڕكێ‌و هەڵسەنگاندنەكە چۆن دەكەوێتەوە، ئەوە خۆیان‌و دەقەكانیان ئۆباڵیان لەسەر نەك لێژنەكان‌و دەقەكانیان واساغ بۆتەوە كە لێژنەكان ئەو حوكمەیان لەسەر بدەن.

ئومێدەوارم هەمو ئەوانەی هاوكاریان كردین لەفێستیڤاڵ، بەتایبەتی ئەمساڵ كوردستان، بەڕاستی بێ‌ درێغ هاتە پێشەوە لەگەڵمان‌و هەموو ئەم رازانەوەو جوانی هۆڵ‌و چاوپێكەوتنەكان‌و بەرنامەكانی كە دەیبینن، بە بەرنامە‌و بۆچوونی خۆیان بووەو گەلێك سوپاسیان دەكەم‌و گەلێك كەس لەپشتی پەردەوە، كاراكتەری گرنگن بۆ سازادنی فێستیڤاڵ‌و جارێكی تر سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم یەكەیەكە، هەموو ئەوانەی لەسایتەكان، لە هەرشوێنێك، تەنانەت لەپەیجە تایبەتییەكاندا قسەیان لەسەر فێستیڤاڵ كردووە سوپاسیان دەكەین، هەروها ئەوانەی ئەم سێ‌ رۆژە بە بەردەوام هەشت سەعات لەناو ئەم هۆڵە بوون لەگەڵماندا، بۆ ئەوەی لەگەڵ بابەتەكاندا بن سوپاسیان دەكەین. زۆر سوپاسی میوانە ئایزەكانی ئەوانەی كە لەبەغداد، بەسەرو شارەكانی تر هاتوون‌و مەمنونیانین كە بە بابەتە بەپێزەكانیان سودێكی ئێجگار گەورەیانگەیاند. هەروەها سوپاسی هەموو ئەومیوانە ئازیزانەی لەتاران‌و لەئێرانەوە تەشریفیان هێناوە‌و بەئەقڵی جوانی خۆیان هاوشانی ئەقڵە جوانەكانی برای عەرەبەكان، كە ئەمساڵ تەنها لەم دوو شوێنە ئێران‌و عیراق مێوانمان هەبوو، كە پێكەوە بەرهەمی جوانیان پێشكەشكردو تێكەڵیشمان كردن، نەك رۆژێك بۆ فارس‌و رۆژێك بۆ عەرەب‌و بۆ كورد دانابێ‌، بەڵكو هەرسێ‌ نەتەوەكەمان تێكەڵ كرد‌و بەیەكەوە بابەتەكانیان پێشكەش دەكردو لەڕووی وەرگێڕانیشەوە بایەخێكی زۆرمان بەوەرگێڕاندا‌و پێموابێ‌ هەر گفتوگۆی عەرەب‌و فارسەكان لەگەڵ كورد، كوردیش لەگەڵ ئەوان بەڵگەی ئەوەیە كەوەرگێڕ توانیبوی هەموو دەقەكان بەجوانی بگەیەنێت، بۆیە هەموویان بەجوانی كەوتنە گفتوگۆكردن‌و جارێكی تریش سوپاس بۆ هەموولایەك.

نابَی ئەوەشم لەبیربچێ‌ كە بنكەی گەلاوێژ خۆیان لەمن زۆر ماندووتر ئەم كارانە ئەنجامدەدەن‌و سوپاسی یەكە بەیەكەیان دەكەم‌و جێگەی بڕوان لەلام‌و هەر بڕیارێكیش ئەوان دابێتیان رێزم گرتوون، مەگەر تەنها وشەیەك، فاریزەیەك دەستكاریم كردبێ‌ ئەویش لەداڕشتندا، ئەگەرنا لەهیچ بڕیارێكدا دەستم وەرنەداوەتە كاروبارەكانیان‌و بەردەوام دەبین. ئومێدەواریش، ئەمساڵ بنكە، گۆڕانكاری لەخۆیدا بكات‌و هەڵبژاردن بكات‌و خۆیشی ئامادە بكات، بۆ كارێكی باشتر.

دەشمەوێ‌ ئەم هەواڵە رابگەیەنم، كە دوێنێ‌ لەگەڵ شەوقی عەبدولئەمیرو یاسین نوسەیرو ئەم نوسەرە بەڕێزانە، بیرۆكەیەكم پێشكەشكردن، كە تا هاوین كۆنفرانسێكی گەورە، بۆ شاعیری گەورەی عەرەب، موزەفەر نەواب ببەستین.

موزەفەر نەواب، یەكێكە لەگەورەترین شاعیرەكان كە گەورەترین غەدری لێكراوە لەناو شاعیرانی عەرەبدا، كە گەورەترین شاعیرەو گەورەترین غەدریشی لێكراوە. بەقەد ئەوەی چەپ بوو، دیموكرات بوو، پێشكەوتنخواز و لایەنگری مافی چارەنوسی كوردیش بوو، پشكی ئێمەش تێدایە وەك بنكەی گەلاێژو وەكو كورد رێزی بگرین. بۆیە ئەو بەڕێزانەمان راسپارد لێژنەیەك لەخۆیان دروستبكەن‌و بێنەوە لەگەڵ بنكەو ئێمەش لەگەڵیان دادەنیشین، لێرە دوو رۆژ، سێ‌ رۆژ یان چەند پێویست بكات، رێزلێنانێكی ئێجگار گەورەی بۆ دەكەین. تەمەنی درێژبێ‌ ئێستا لەئیمارات دانیشتووەو باوەڕناكەم، خۆی بتوانێت بێت، چونكە لەژوورەكەی ناتوانێ‌ بێتە دەرەوە، بەڵام هەندێك لەشیعرەكانی لێرە پێشكەش دەكەین، كە دڵنیام نەوەی ئێستا كەمتر گوێیان لێیبووە، دڵنیام ئەگەر گوێیان لەشیعرەكانی بێ‌، گوێ‌ لەوەرگێڕانی ناسكی شیعرەكانی بێ‌، تێدەگەن ئەو شاعیرانەی لەمێژووی عەرەبدا، زۆر گەورە كراون قەت لەموزەفەر نەواب گەورەترنین، كێ‌ دەتوانێ‌ لەموزەفەر نەواب گەورەترو ئازاتربێ‌، كە بەئامادەیی حافز ئەسەد‌و مەلیك حسێن، ساڵی (1973-1974) شیعر لەسەر قودس دەخوێنێتەوە، پێیاندەڵێت: ئا ئێستا هەی كوڕی قەحبەینا، سوك و رسواتان دەكەم، یەكێكتان نابوێرم، لەسەر ئەو خیانەتەی لەعەرەب‌و قودس‌و فەڵەستین كردوتانە..! بۆ كوردیش قسەی ئێجگار جوانی هەیە‌و بۆ پارتیزانەكانی ئێمەی دەڵێت لەساڵی (1976)دا، كە خۆشم دەگرێتەوە:

تەمەن چییە، هەر سەفین‌و لوتكەكەیەتی، كە چەكەكانیان پاك دەكەنەوە، لەسەر تاشەبەردێك، كە هەرگیز هەرگیز سەری نەوی ناكا..! ئای كە جوانەو چەندە بۆ ئەوكاتەش جوان بوو..

سوپاستان دەكەم‌و بەخێربێن بەسەرچاو... ئومێدەوارین سەركەوتووبن.

PUKmedia 

 

127.jpg

128.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket