riklam

مەلا بەختیار: ئەمساڵ زۆرترین رووبەڕمان بۆ دیالۆگ تەرخان كردبوو

کوردستان 05:19 PM - 2019-04-20
.

.

ئەمڕۆ مەراسیمی كۆتایی بیست و دووەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوەچوو، تێیدا جگە لەدابەشكردنی خەڵاتەكان، مەلا بەختیار لێپرسراوی گشتیی فێستیڤاڵ وتارێكی پێشكەش كردو تێدا تیشكی خستە سەر بایەخی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵ و بەرفراوانكردنی هزر و رۆشنگەری و دیموكراسی، هەر لەو روەشەوە باسی لەوەكرد كە تەنیا ئامانجیان لەم جۆرە كارانە، ئامانجی رۆشنگەری و فەلسەفیەو هیچ مەرام و نیازێكی دیكە لەم كارانەیاندا بونی نیە.

وتیشی:"ئێمە هیچ مەبەستێكی سیاسیمان لەم فێستڤاڵ و ناوەندە رۆشنگەریانەدا نیە، بەڵكو ئێستا نیوەی زیاتری سەركردایەتیی حزبەكان، پێیان خۆش نیە ئەم فێستیڤاڵە دەكرێت".

لەبارەی تەوەر و بەرنامەكانی فێستیڤاڵی ئەمساڵیشەوە مەلا بەختیار، رایگەیاند: ئەمساڵ زۆرترین روبەڕمان بۆ دیالۆگ تەرخان كردبوو، دەمانەوێت ئەوانەی بابەت پێشكەش دەكەن لەگەڵ ئامادەبواندا كارلێك بكەن و دیالۆگ دروست بكەن، كە بەخۆشحاڵیەوە ئەمساڵ ئەو كارلێك و دیالۆگانە زۆر بون. وتیشی " تەوەری سەرەكی فێستیڤاڵی ئەمساڵ تەخانكرابوو بۆ ئەدەبی "بیرەوەری" كە لەو روەوە چەند بابەتێكی بەپێزی زانستی پێشكەش كران، كە هیوادارم نوسەرانی ئەدەبی و سیاسی لەنوسینەوەی بیرەوەریدا سودیان لێوەربگرن، چونكە نوسینی بیروەری لەناو كوردا، كەموكوڕی زۆر هەیە، بۆ نمونە نوسینی بیروەریەكانی شۆڕش پڕن لەهەڵەو چەواشەكاری، دەتوانم بڵێم هەندێ لەو بەرپرسانەی بیرەوەری خۆیان نوسیوەو مێژوی شۆڕشیان نوسیوەتەوە، مێژویان چەواشەكردوە، بەجۆرێك، قارەمان دەكەن بە ترسنۆك، ترسنۆك دەكەن بە قارەمان، رەوایەتی دەدەن بە خیانەت و زۆر هەڵە و چەواشەكاری گەورە دەكەن، بۆیە ئەم مێژوە پێویستی بە فلتەرەو گوناهێكی گەورە دەكەین، ئەگەر مێژومان بشێوێنین.

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، مەلا بەختیار ئاماژەی بە پێشكەوتنە تەكنەلۆژیەكانی بواری میدیا و ئابوری و پەیوەندیەكان كردو، جەختی لەوەكردەوە، ئەم پێشكەوتنانە زۆر دەرگای قوفڵكراویان بۆ كردوینەتەوە، كە دەبێت سودیان لێوەربگرین و ببێتە هۆی وەرچەرخان لەناو كۆمەڵی كوردیدا، چونكە لەئێستادا بەرهەممان هەیە، داهێنانمان هەیە، بەڵام لە ئاستی قۆناغەكەدا نین و هێشتا وەرچەرخانمان دروست نەكردوە.

لەبارەی دابەشكردنی خەڵاتەكان و براوەكانی فێستیڤاڵەوە، مەلا بەختیار، رایگەیاند: تا ئەم ساتەش، ناوی براوەكان نازانم، واتا بەهیچ جۆرێك تەداخولم لە كارەكان و خەڵاتەكان و براوەكاندا نەكردوە، بەڵكو ئەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن خۆیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەقەكان كردوە، ئەوانیش بەتەواویی سەربەخۆ بون.

لەكۆتایی قسەكانیدا، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەكرد، كە بەنیازن لەگەڵ شاعیرانی عەرەب و بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ لەمانگەكانی ئایندەدا مەراسمێكی رێزلێنان بۆ شاعیری چەپ و دیموكراسیخوازی عەرەب موزەفەر نواب رێكبخەن، كە ئەو شاعیرە یەكێك بوو لەو شاعیرە گەورانەی عەرەب كە غەدری گەورەی لێكراوە، هاوكات ئەو شاعیرە گەورەیە بڕوای بە مافی چارەنوسی كوردیش هەبوو.

 

PUKmedia  چاودێر 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket