riklam

مەلا بەختیار: گۆڕینی ئەقڵ، پێویستی بەجورئەتی سیاسیە

ئەدەب وهونەر 04:02 PM - 2019-04-18
.

.

ئەمڕۆ (18/4/2019) لەهۆڵی تەوار‌و لەشاری سلێمانی (22)هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، دەستیپێكرد‌و تیایا مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵ، وتارێكی پێشكەشكرد،

كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی..

بانو گەلاوێژ، هاوسەرو هاوخەمی شادڕەوان، مامۆستا برایم ئەحمەد، كە رەچەی گەلاوێژی لەسیییەكانەوە تا ناوەڕاستی چلەكان شكاند..
كاكە قوباد، جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیر، ئەندامانی پەرلەمانتار‌و پارێزگارە بەڕێزەكان..

میوانانی ئازیز، خوشك‌و برایان.. بەتایبەتی میوانی ئێران، شارە جوانەكانی بەغدادو بەسرەو خوارو ناوەڕاستی عیراق‌و كوردستان. نوێنەری حزبە كوردستانییەكان، هەر چوارپارچەكەی كوردستان، بەخێربێن بۆ (22)هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ..

ئەمڕۆ، كۆمەڵێك رووداو ‌و یادەوەری مێژوویی دەگوزەرێن، كە هەندێكیان مایەی ئاماژەپێكردنە. ئەمڕۆ (1919) كۆمەڵەی گەلان دادەمەزرێت، كە كورد مافی پێشێلكرا. هەر ئەمڕۆ (1946) نەتەوە یەكگرتووەكان دادەمەزرێ‌، كە دیسان مافی كورد پێشێلكرا. هەر ئەمڕۆ یادی مردنی ئەنیشتاینە، كە ئێستا لەوتارەكەمدا ئاماژە بەنوێترین دۆزینەوەی سەرسوڕهێنەری گەردوونی دەكەم، كە هەمووی لەسەر بنچینەی زانستی تیۆری رێژەیی ئەنیشتاین یەكدێتەوە.
ئێستا كە ئەم فێستیڤاڵە دەبەستین، وەكو پارو ساڵانی رابردوو نییە، كە داعش هەڕەشەی مەرگی لەهەموو مرۆڤێك لەگۆی زەوی دەكرد! ئێستا ئەوان كونە مشكیان لێبۆتە قەیسەری ‌و بستێ‌ خاك نییە لەژێر دەستیاندا سەرپشك تیایدا تاوان ئەنجامبدەن. ئێستا كە ئەم فێستیڤاڵە دەبەستین، خۆشبەختانە راپەڕینی بەردەوامی هێمن، بەبێئەوەی هێزی چەكداری تێكەڵاو بكرێت، لەجەزائیرو لەسودان، وەرچەرخانێكی مێژوویان لەباكوری ئەفریقیا دروستكرد‌و خەریكە هاوشانی تونسی سەركەوتوو لەڕاپەڕین، بەهاری عەرەبی دەبوژێننەوە‌و هاوكێشە سیاسییەكان بەئاراستەی دیموكراسی‌و بەتێكشكاندنی هێزەكانی دژی دیموكراسی چ لەدەسەڵات، چ لەئۆپۆزسیۆن، خەریكە هاوكێشەكان جارێكی تر ئومێدێكی دیموكراسی‌و مەدەنی دەبەخشنەوە بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

ئەو دۆزینەوە سەرسوڕهێنەرەی كە لەگەردوون دروستبووە، جۆرەها ناوی لێنراوە، لە(10)ی نیسان دۆزراوەتەوەو بەكونی دڕندە، بەخولگەی سەرسوڕهێنەر، بەتێكشكێنەری هەموو ئەفسانەكانی ئایینەكان‌و مەزهەبەكان‌و بۆچوونەكانی سەدەها ساڵی رابردوو و جۆرەها ناوی تری لێدەنرێت، تەنها ئەوەندە بەسە بڵێین: ئەم دۆزینەوە نوێیە كە سێ‌ ملیار جار لەزەوی گەورەترە، سێسەد ملیۆن تریلیۆن میل لەزەوییەوە دوورە، ئەم دۆزینەوە هەموو ئەفسانەو داستانەكانی رابردووی بەدرۆ خستەوە‌و دەركەوت گەردوون ملیارەها نهێنی تری تێدایە كە هێشتا نەدۆزراوەتەوەو پەی پێنەبراوەو خۆشبەختانە ئێستا لەسەردەی شۆڕشی زانیاریدا زۆر خێراتر نهێنییەكان دەدۆزرێنەوە، كە بەهۆی نەدۆزینەوەی نهێنییەكانەوە، هەژمونی ئەقڵی دواكەوتن‌و كۆنەپەرستی تائێستا لەناو مرۆڤایەتیدا زاڵە!

ئامادەبوان..!

فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەوە (22)هەمین ساڵی تێدەپەڕێنێت‌و ئەمساڵ جگە لەفێستیڤاڵی گەلاوێژ، چوارهەمین كۆنفرانسی دابڕان‌و كۆنفرانسی دەرچوون لەتوندوتیژیی هەر لەدابڕان لەگەڵ (23) بیرمەندی جیهانی ئەنجامداوە. ئەم چالاكییانە، لەپەراوێزی دەسەڵات‌و ژیانی حزبایەتی‌و لەپەراوێزی ئەو رێكخراوە رەسمیانەیە كە پەیڕەوی لەسیاسەتی حزب دەكەن‌و شتێكی تەندروستە، یان ئێنجی ئۆن، یان هەر ناوێكی تری لێدەنرێت.

وردە وردە دەركەوت، بەحوكمی گۆڕانكارییەكان‌و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاستی تەكنەلۆجیا، تەكنیك، ژێرخانی ئابوریی‌و بازاڕی گلۆبالیزاسیۆن‌و هەموو ئەو كاریگەرییانەی كە فرە رەهەندو پەلوپۆدارن، خەریكە تەواوی سنورەكانی نەتەوەیی، دەوڵەتمەداریی، چینایەتی، هەموو تێكلێدەكەنەوەو سەرلەنوێ‌ دایدەڕێژنەوەو تەنانەت خێزان‌و تاكگەراییش لەسەر ئاستی دنیا خەریكە دەگۆڕن‌و ئاراستەی نوێی پیشاندەدەن‌و دەركەوت كە ئەگەر پێمانوایە تەنها بەدەسەڵات، بە حزب، بە مەزهەب‌و بەهەژمونی دین، یان تەنها بەهەژمونی ئایدۆلۆجیا دەتوانین كۆمەڵ، ژیانی كۆمەڵایەتی‌و دیاردەو دەركەوتە تازەكانی ژیان بەڕێوەببرێن، باوەڕموایە ژیان بەجێماندەهێڵی ئەگەر وابیربكەینەوەو ئەوەش كۆتاییهاتوە. چونكە گۆڕانكارییەكان قوڵ‌و هەمەلایەنەن‌و ئێستا بەشێكی دیاری ئەم گۆڕانكارییانە لەرۆژئاوای دنیادا دەركەوتووەو حكومەتەكانی دنیا‌و تەنانەت بزوتنەوە سیاسی، سەندیكا، تاك، راگەیاندنەكان‌و شۆڕشی پەیوەندییەكان، شۆڕشی زانیارییەكان‌و هەموو ئەمانە لەسەردەمی تێگەیشتنی كلاسیكی بۆ ژیان‌و بۆ سەردەمی هەرە هاوچەرخی ئێستا گواستویانەتەوە، بەڵام ئێمە هێشتا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەداخێكی زۆرەوە حكومەتە دیكتاتۆرەكانی وەكو عومەر بەشیرو پیرو پەككەوتەكانی وەكو بۆتەفلیقە‌و حزبە كلاسیك‌و ئایدۆلۆجیەتە كلاسیەكەكان‌و سەركردە كلاسیكییەكانیش، تازە تازە دەیانوێ‌ چنگیان بەگیركراوی، لەخەبات، سیاسەت، كۆمەڵ، تاك، حەزو ئارەزوو، گیرفان‌و تەنانەت لەویژدانی خەڵكیش گیرببێت. تازە بەتازە دەیانەوێ‌ وا بمێننەوە، كە ئەمانە بێگومان جگە لەكارەسات هیچی تری بەدواوە نابێت! تەنها كارەساتی بەدواوە دەبێ‌ ئەگەر بەزوترین كات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەعیراق‌و لەكوردستانەكانیشدا، بەزوترین كات ئایدۆلۆجیا جێگەی ئەقلانییەت، بیری دواكەوتو جێگەی زانستی نەگرێتەوە، دیاردە‌و رووداوە تازەكان توێژینەوەیان لەسەر نەكرێت‌و پرۆگرام‌و بەرنامەو ستراتیج‌و رێگەیەكی تازەی بۆ دانەنرێت، بێگومان هیچ حزبێك لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقەدەر جەزائیر قوربانی نەداوەو لەلایەن وڵاتانی عەرەبی‌و دنیای پێشكەوتوو، تەنانەت بەپێشكەوتنی فەرەنساشەوە پشتیوانی نەكراو ئەنجامەكەیمان بینی، كە لێیان قەوما وڵاتی یەك ملیۆن شەهید، یەك كەسوكاری شەهید بەرگری لێنەكردن‌و ئامادەنەبوون خۆپیشاندان بكەن‌و بەرگریان لێبكەن.

ئەم ژیانە سەراپا گۆڕاوەو حزبەكانیش لەم دەڤەرە،  لەهەموو بەشەكانی كوردستان، لەعیراق‌و لەناوچەكە لەئەستانەی گۆڕانكاری گەورە گەورەداین، تارمایی جەنگێكی تازە، سەرەتاتكێمان لەگەڵدا دەكات‌و گۆڕانكاری بازاڕ لەناوماندایەو كاریگەری هەموو كۆمپانیاكانی دنیا لەناوماندایە، رایەڵەی پەیوەندییەكانی دنیا، كە ئێستا پێدەڵێن: شۆڕشی پەیوەندییەكان، لەگیرفانماندا، لەماڵماندا، لەناوماندا، لەژیانمان‌و لەهەستماندایەو تەنانەت لەپەیوەندی خۆشەویستیشماندایەو هاتووە. شەپۆلەكانی گۆڕانكاری، شۆڕشی تەكنیكی، سۆشیالمێدیا‌و گۆڕانكاری هاتووەو چۆتە ناو یەكە بەیەكەمان، خێزان بەخێزان، دەڤەر بەدەڤەر‌و تەنانەت گوند‌و ناحیەیەكیشی نەهێشۆتەوە نەیتەنیبێتەوە. بەڵام ئەوەی كەماوەتەوە مێنتالییەتییەتی خۆمان، ئەقڵی خۆمان بگۆڕین‌و ئەمەش پێویستی بەستراتیج، بەجورئەتی سیاسی، بەجورئەتی حزبی‌و پێویستی بەلێبوردەیی گەورە گەورە هەیە، ئەگەر بیكەین‌و خۆمان لەو سەردەمەی كە قارەمان بوین‌و سەركەوتووشبوین لەسەردەمی قارەمانێتی، ئەگەر ئەو رۆحیەتی قارەمانێتییە بگوازینەوە بۆ ئەم سەردەمەش، ئەوا بێگومان دەتوانین لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بسازێین، ئەگەرنا نەخێر، قارەمانی دوێنێ‌‌و رێگری ئەمڕۆبین لەگۆڕانكارییەكان، بێگومان چارەنوسێكی باش چاوەڕێمان ناكات.
ئامادەبووان..!

ئێمە لەگەلاوێژ و دابڕانیش، هەمیشە بیرمان لەگۆڕانكارییەكان كردۆتەوەو بیرمان لەهەژموون نەكردۆتەوە، كەم دژایەتیش نەكراوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆژ بەرۆژ دەركەوتووە ئەم رێبازە كە گرتومانەتەبەر، رێبازێكە دەگونجێ‌ لەگەڵ گۆڕانكارییەكان، بەڵام ناگونجێ‌ لەگەڵ كۆنەپارێزەكان. سەرپشك بووین لەنێوان ئەوەی قسەی كۆنەپارێز قبوڵ بكەین، یان گۆڕانكاری پەیڕەو بكەین؟! بێگومان دەبوو گۆڕانكاری پەیڕەو بكەین‌و ئەمەش رەچە شسكاندنی دەویست‌و شكاندمان‌و تائێستاش كۆسپ‌و تەگەرەو پڕوپاگەندەش هەیە! لەلایەن زۆرلاوە هەیە، بەڵام بەردەوامین‌و بەردەوامیش دەبین.

لێكدانەوەیەكی نوێ‌ بۆ فەلسەفە، كەدەمەوێ‌ بیبەستمەوە بەم رەچە شكاندنەی كە خستمەڕوو، بۆ ئەوەی وردیشبم تیایدا، لێكدانەوەی نوێی ئەو فەیلەسوفانەی لەفەزای چەپگەرایدا ئیش دەكەن، سێ‌ بنچینەیان هەیە بۆ فەلسەفەی نوێی هەرە هاوچەرخ. یەكێكی ئەوەیە فەلسەفە لەناو رووداودابێت، دووەمی ئەوەیە لەنێوان دەسەڵات‌و دژە دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا، ئەو بۆشاییە گەورەی هەیە فەلسەفە دەبێ‌ گوتاری تێیدا هەبێ‌، گوتار لەنێوان دەسەڵات‌و نا دەسەڵاتدا. سێهەم رووداوە، كە دەبێ‌ لەرووداوە گەورەكاندا، فەلسەفە هاوكێشە بگۆڕێ، واتە هەوێنبێ‌ بۆ گۆڕانكاری هاوكێشە. واتە: سەرپشكی، بڕیاردان بۆ رەچە شكاندن. دووهەم، لەنێوان دەسەڵات‌و ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدا نییە، بۆشاییەكی گەورە هەیەو فەلسەفە چۆن دەتوانێ‌ یاری تێدا بكات، یاری كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەقڵی، زهنی، زانستی‌و هەموو ئەویاریانە بكات، ئینجا كە رووداویش دێتە پێشەوە، چۆن فەلسەفە دەتوانێت كایەی خۆی بەكاربهێنێت. ئەم سێ‌ بنچینەیە لەلایەن ئالان بۆردۆ، ژیژەك‌و هابرماس‌و هەموو ئەوانە ئێستا دەمەقاڵێیەكی فەلسەفەی ئێجگار گەورەی لەسەرە.

ئێمەش لەكوردستاندا، ئەوەی كە كردومانەو بەبێئەوەی ئەمەشمان زانیبێت لە(22)ساڵ لەمەوبەردا، لەراستیدا رێك ئەوەیە كە یەكەم: هەڵبژاردن‌و سەرپشكیمان هەبوو، دووەم: لەنێوان ئەوەی شەتەكدراوی دەسەڵات بین، یان سەرلێشێواوی ئۆپۆزسیۆن بین، هێڵێكی ناوەڕاستمان گرتەبەر لەنێوان ئەو بۆشاییەی كە هەیە. سێهەمیش لەناو رووداوەكاندا هەمیشە قسە‌و بۆچوونمان هەبوو، سەرەنجامی كۆی چالاكیەكانمان كە بەردەوامبووین، گەیشتینە دابڕان‌و فێمێنیزمی رۆشنگەری‌و گەیشتینە ئەوەی دژە كردارەكانمان، بەتایبەتی ئەوانەی كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانن لەدنیا تێبگەن، ئەوانەی رەشەكوژن، مرۆڤكوژو ژیانكوژن، دژایەتییەكی زۆر زۆریان كردین، بەڵام نەك كۆڵماننەدا، بەڵكو دەرسیشمان لەهەڵەكانی خۆمان وەرگرت‌و بەردەوامیش بووین.
ئێستاش، كە (22)هەمین فێستیڤاڵ ئەنجامدەدەین، بێگومان نامەوێ‌ بچمە سەر ئەو قسانەی كە كاكە قوباد كردی، كوردستان لەعیراقدا، عیراق لەناوچەكەدا‌و ناوچەكەش لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەناو كێشمەكێشێكی هەم دڵخۆشكەرەدایەو هەم ترسناكدایە!

دڵخۆشكەرە بەوەی تیرۆر تێكشكاوەو دەوڵەتە گەورەكان هەموو هاتوون‌و دەیانەوێ‌ یارمەتی ئاسایشی ناوچەكە، ئابوری ناوچەكە، بوژاندنەوەی ناوچەكە بدەن‌و لەپاڵیشدا تارمایی جەنگێكی تر، ئەگەر چارەسەری ئەقڵانی بۆ نەدۆزرێتەوە، لەنێوان دوو جەمسەر، كە جەمسەری شیعەو سوننەیە، كە بەشێك لەوڵاتانی رۆژئاوا بەرابەرایەتی ئەمریكا لەگەڵ جەمسەری سوننەدا، یان ئەو جەمسەرەی كە لەبەرامبەر شیعەیەو جەمسەرەكەی تریش كە شیعەیە‌و كۆماری ئیسلامی ئێران‌و دەوروبەرەكەیەتی، هەر هەموویان لەبەرامبەریاندا وەستاون‌و بەداخەوە، نە نەتەوە یەكگرتووەكان‌و نە هیچ لایەك نەیتوانیوە چارەسەر بدۆزێتەوە‌و تا ئێستاش گوتار هەر ئەوەیە یان قسەی ئەملا، یان قسەی ئەولا، كە پێموایە لەم كێشە گەورانەدا، گوتاری رەش‌و سپی نییە، بەڵكو رەنگی جیاواز جیاواز لەنێوان رەش‌و سپی زۆر زۆرە بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەری ئەم كێشانەو جارێكی تر هەر لەرۆژهەڵاتداو هەر لەكەنداودا جەنگێكی خوێناوی بەرپا نەكرێت، كە سەرەنجام نوێترین تەكنەلۆجیای جەنگ رەنگە بەكاربێت‌و هەمووشی بۆ گیانی مرۆڤ ‌و شارستانییەتی مرۆڤایەتی بەكاردێت. ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر عیراق‌و مەترسییەكی گەورەتریش لەسەر عیراق ئەوەیە كە بەڕاستی نە دەستور جێبەجێ‌ دەكرێت‌و نە بەپێی خەمڵاندنێك كە بڵاودەكرێتەوە هەشت سەد ملیار گەندەڵی لەم وڵاتەدا هەیەو تەنها لەنێوان هێڵی گواستنەوەی نەوتی عەقەبەو بەسرەدا دوو ملیار دۆلار دزراوە! گەندەڵی لەكوردستانیشدا تائێستا بنەبڕ نەكراوەو دواهەمین راپۆرتی پشكنین كە دژی گەندەڵییە، بەهەشت سەد ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنن‌و ئەوەندەی توانیویانە فۆكسی بخەنەسەر. كە دزو گەندەڵكارو جەردەی ئەم وڵاتە لەنەوتەوە بۆ جەوت، تەراتێنی تیادەكەن‌و دەستنیشانكراون‌و ئەمەش مەترسییەكی ئێجگار گەورەیە بۆ سەقامگیریی‌و بۆ رازیكردنی قوربانییەكان، بۆ ئەنفالەكان‌و بۆ ئاوەدانی كوردستان، لەكاتێكدا كە هەتا لەسەر بودجە‌و كێشەكانی تریش، هێشتا سەقامگیرییەكی ئەوتۆ لەم وڵاتەدا نییە! لەناو ئەم جەنجاڵییەدا، بەراستی هیچ رێگەیەك لەبەردەم كورددا نییە، تەنها یەكگرتن نەبێ‌‌و بەزوترین چارەسەركردنی كێشەكان نەبێت. كێشەكان بەقۆناغ چارەسەر دەكرێن‌و بەگوژم چارەسەر ناكرێن. هەروەك هەموو جارێك جەنابی مام جەلال دەیوت (نان پارو پارو دەخورێت)، سەخترین هەوراز بەقۆناغ دەبڕدرێت. هەزار میل لەهەنگاوی یەكەمەوە دەستپێدەكات‌و هەرچی بڵێین: وەك ئامانجی دوور رەوایە، بەڵام چۆن بەدیاندەهێنین، ئەمەش بابەتێكی زۆر گرنگە. نامەوێ‌ بچمە ناو وردەكاریی، چونكە بۆچوونی جیاوازم هەیە‌و نامەوێ‌ بچوونی جیاوازی خۆم لەم كاتەدا، كە هەلومەرجێكی ناسك‌و ئاڵۆز لەكوردستاندا تێدەپەڕێت، نامەوێ‌ هیچ بۆچوونێكی تایبەتی خۆم دەرببڕم، نەكا ببێتە مایەی مشتومڕێكی لاوەكی، بەڵام رێككەوتن چارەنوسمانە ئێستا‌و نابێ‌ هیچ هۆیەك بۆ هیچ شارێك، بۆ هیچ كەسێك پاساو بێ‌ بۆ ئەوەی لەوە زیاتر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كاراكردنی پەرلەمان‌و پێكهێنانی داوودەزگاكانی تری كوردستان دوابخرێت، بەهیچ هۆیەك لەشەش مانگ بەولاوە‌و زیاتریش لەشەش مانگ، سوڕانەوە لەدەوری ئەم بڕگەو ئەو بڕگە هەڵەیەكی گەورەیە، كە سەرەنجامەكەی بێگومان، خۆتان دەزانن نە لەبەغداد، نە لەكەركوك‌و نە لەناوچە كێشە لەسەرەكان ئیش‌و كارەكانمان بكەین‌و نەدەشتوانین مەترسییەكانی تەعریبی نوێ‌ لەخانەقین‌و كەركوك‌و شەنگال‌و ناوچەكانی تر بەرپەرچ بدەینەوە. بەڵكو بەپێچەوانەوە هەتا دوا بكەوین خزمەتگوزاری دوادەكەوێت‌و كێشەی موچە، بودجە، نەوت‌و غازمان دەبێت‌و رووبەڕووی جۆرەها كێشەی تری تەراتێن‌و رەفتاری ئەوتۆ دەبینەوە، كە هەموومان نیگەرانین لێی.

كۆتایی قسەكەشم بەوەدەهێنم، كە خۆشحاڵین فێستیڤاڵەكە لەهەلومەرجێكدا دێتەدی، كە پاشكەوتی موچە، حكومەت چارەسەری كرد‌و ئەمەش مایەی دڵخۆشییەكی گەورەیە. ئەگەر بیرتانبێ‌ هەمیشە وتومانە چارەسەری ستراتیجی بۆ كێشە ئابوری، سیاسی‌و دەستورییەكان بۆ ئەم قۆناغە بەغدادە‌و هەمیشە وامانوتووە‌و هەموومان رێگەكانی تریشمان تاقیكردۆتەوەو ئایەو مایە، هەموو رێگەكان هەر بۆ بانە، بۆ بەغداد دەڕۆن‌و دەبێ‌ لەبەغداد چارەسەری كێشەكان بكەین. ئەوە چارەسەركرا، هەم چارەسەری پاشكەوتی موچە‌و هەم بەپێی راپۆرتی حكومەت لەسەدا هەشتا بۆ نەوەدی پرۆژەكانیش كەوتونەتەوە گەڕ‌و هەموو ئەو قسانەی بەرپەرچدایەوە كە پێشتر دەوترا ئەم حكومەتە‌و ئەم بایۆمەترییە، دەبێتە هۆی ئەوەی پاشكەوتی موچە بۆ هەتا هەتایە، دیزە بەدەرخۆنە بكرێ‌!و زۆریش بون ئەوانەی وایاندەوت! بەڵام كەمبووین ئەوانەی دەمانوت وانییە، كەچی ئێستا ئەوانەی وایاندەوت هەڵپەیانە زوو بگەنە حكومەت‌و دەسەڵات بگرنە دەست. یان پێیانوابوو ئەم حكومەتە دەبێ‌ بڕوخێ‌، كەچی ئێستا زۆر زۆر دڵسۆزن بۆ پەندی پێشینان كە كورد بەبادانەوە ماوە! سەركەوتووبین هەمولایەكمان لەدامەزراندنی حكومەت‌و ئومێدەوارین ئەم چالاكییانە نەك هەر بۆ فێستیڤاڵی گەلاوێژ، بەڵكو ئەوچالاكییانەی كە ئێستا دەیبینین لەزانكۆ و پەیمانگەكان، لەناو رێكخراوەكانی ترو هەموو ئەو چالاكییانەی تر كە لەهەموو قاوەخانە كەلتوریی‌و نوسەران‌و رۆژنامەكان‌و ناوەندەكانی تری رۆشنبیریدا دەكرێت، بەڕاستی هەموو ئەوانە مایەی شانازین‌و دوێنێش گەورەترین كۆنفرانس لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیەوە ئەنجامدراو هەموو زانكۆكانی تری عیراقیش لێرەبوون. زانكۆی سلێمانیش لەم هەفتەیەدا چالاكی هەبوو، زانكۆی سەڵاحەدین، دهۆك، گەرمیان، سۆران، راپەڕین‌و كۆلێجەكانی خانەقینیش چالاكیان هەبوو. زانكۆكان لەسەر دەستی ئەم وەزارەتی خوێندنی باڵایە، بۆ دوو سێ‌ ساڵ دەچێت جۆش دەخۆن بۆ ئەم هەموو چالاكی زانستییە، كە ئێستا پێینازانرێت، بەڵام رۆژێك دادێت ئاراستەكانی بەرەو گۆڕینی هەموو هاوكێشە زانستییەكان دەڕوات‌و سەرەنجام دەبێتە مایەی وەرچەرخانی گەورە.

جارێكی تر بەخێرهاتنی هەموو مێوانە بەڕێزەكان دەكەین‌و ئومێدەوارین سێ‌ رۆژی فێستیڤاڵ، هەموو ئەو میوانانە بابەتەكانیان بەوپەڕی ئازادانە پێشكەش بكەن‌و سەرەنجام لێژنەكانی داوەریش بتوانن هەڵسەنگاندنەكانیان كەپێشكەش دەكەن، پیرۆزبایی لەبراوەكان بكەین‌و ئەوانی تریش كە نایبەنەوە، بەدڵنیاییەوە بەردەوامدەبن لەبرشتی خۆیان بۆ ئەدەب‌و داهێنانی خۆیان‌و بەخێربێن.

لەناو هەموو ئەو مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیی حزبانەش، زۆر سوپاسی كاك عومەر فەتاح، هاوڕێی خۆشەویستم دەكەم، كە تەشریفی هێناوەو ویستم لەكۆتایدا بەخێرهاتنەكەی بڵێم، هەر بۆئەوەی بزانن كە چەند دابڕان هەیە لەنێوان لێپرسراوانی حزبە سیاسییەكان‌و ئەم جۆرە چالاكییانەدا‌و زۆر سوپاستان دەكەم.    

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket