ته‌ها سلێمان: ئه‌نفال و هۆلۆكۆست دوو تاوانی له‌یه‌كچوون
جینۆساید 03:53 PM - 2019-04-18.
له چاوپێكه‌وتنێكی PUKmedia له‌گه‌ڵ نوسه‌رو توێژه‌ر "ته‌ها سلێمان" له‌باره‌ی قۆناغه‌كانی ئه‌نفالی كورد‌و قوربانییانی ئه‌و رووداوه گه‌وره‌یه، نوسه‌ر ئاشكرایده‌كات، كه باس له ئامار‌و ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌نفال ده‌كرێت، ژماره‌یه‌كی باو هه‌یه كه باسی 182 هه‌زار ده‌كات، له‌ڕاستیشدا ئه‌و ژماره‌یه هه‌ڵه نییه، به‌ڵكو به‌پێی هه‌موو ئامار‌و سه‌رژمێرییه‌كان، بۆ ئه‌و كاته‌و ته‌واوی ئه‌و ناوچه‌و ئاواییانه‌ی هه‌ر هه‌شت قۆناغه‌كه‌ی جینۆسایدی ئه‌نفالی تیا ئه‌نجامدراوه، زیاتر له 182 هه‌زار كه‌س نیشته‌جێبوون و بهرشاڵاوهكه كه‌وتوون و له‌و ژماره‌یه‌ش زۆرترینیان كۆمه‌ڵكوژكراون.
پرسیار: ئه‌نفال یه‌كێكیه له‌گه‌وره‌ترین تاوانه‌كانی سه‌ده‌ی نوێ، چۆن روویداو به‌چه‌ند قۆناغ بوو، قوربانییه‌كانیشی چه‌ندن؟
ته‌ها سلێمان: تاوانی ئه‌نفال، یه‌كێكه له تاوانه گه‌وره‌و ترسناكه‌كانی رژێمی له گۆڕنراوی به‌عس، كه به پێی نه‌خشه‌و پلانێكی تۆكمه‌و به هه‌شت قۆناغی یه‌ك له دوای یه‌ك، به‌دیاریكراوی له سه‌ره‌تای مانگی شوبات بۆ پێش كۆتایی مانگی 9-1988ئه‌نجام درا. له چوارچێوه‌ی ئه‌م تاوانه‌دا، كه له دوای رووخانی رژێمی به‌عس وه‌ك یه‌كێك له تاوانه‌كانی جینۆساید دژ به گه‌لی كورد‌و كوردستان له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق ناسێنرا، چه‌ندین تاوانی جۆراو جۆر‌و ترسناك ئه‌نجامدراون. هه‌رچی ئامار‌و ژماره‌ی قوربانیهكانیشه، ژماره‌یه‌كی باو هه‌یه كه باسی 182 هه‌زار ده‌كات، له‌ڕاستیشدا ئه‌و ژماره‌یه هه‌ڵه نییه، به‌ڵكو به‌پێی هه‌موو ئامار‌و سه‌رژمێرییه‌كان، بۆ ئه‌و كاته‌و ته‌واوی ئه‌و ناوچه‌و ئاواییانه‌ی هه‌ر هه‌شت قۆناغه‌كه‌ی جینۆسایدی ئه‌نفالی تیا ئه‌نجامدراوه، زیاتر له 182 هه‌زار كه‌س نیشتجێبوون و بهرشاڵاوهكه كه‌وتوون و له‌و ژماره‌یه‌ش زۆرترینیان كۆمه‌ڵكوژكراون.
پرسیار: تائێستا زۆر كه‌س له‌جیهاندا زۆر له ورده‌كاری ئه‌م تاوانانه نازانن، ئایا ناساندنیان له‌و ئاسته‌دا نییه، یاخود هۆكارێكی دیكه هه‌یه؟
ته‌ها سلێمان: ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ رژێم یان حكومه‌تی پێشووی عیراق هۆكاری ئه‌وه بوه كه نه‌ك تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال و تاوانه‌كانی تر به ره‌سمی بناسێنن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ڕاستیت بوێ له‌دۆسییه‌ی ئه‌و تاوانانه‌دا به‌تایبه‌ت دۆسییه‌ی تاوانی جینۆساید‌كردن و كیمیابارانكردنی گه‌لی كورد‌و كوردستان، به‌شێكی له ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاو رۆژئاوا‌و ناوچه‌كه هاوكاری رژێم و حكومه‌تی پێشووی عیراق بوون به شێوازی جیاجیا! بۆنموونه سه‌یربكه له‌و په‌ڕی ده‌وڵه‌تی چه‌په‌وه بۆ ئه‌و په‌ڕی ده‌وڵه‌تی ڕاست، مه‌وادی چه‌كی كۆكوژو كیمیاوی به عیراق فرۆشتوه‌و سه‌دان به‌ڵگه‌ش هه‌یه بۆ ساغكردنه‌وه‌و سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستییه‌و هتد.. كاتێك ئه‌م ده‌وڵه‌تانه بیانه‌وێ تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال و كیمیابارانكردن وه‌ك تاوانی جینۆساید بناسێنن، پێویسته وه‌ك ئیلتزامێكی ئه‌خلاقی و مرۆیی خۆشیان داوای لێبوردن له گه‌لی كورد‌و كوردستان بكه‌ن، چونكه مومكین نییه مه‌وادو بگره چه‌كی قورس و كیمیاویان به حكومه‌تی پێشووی عیراق فرۆشتبێ و نه‌یانزانیبێ بۆچی به‌كارهێنراوه؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه زۆرێك له‌و ده‌وڵه‌تانه له‌سه‌ر ئاستی جیهان خۆیان به‌دوورده‌گرن له ڕاستێنه‌ی سه‌لماندنی تاوانه‌كان و دان پیانانی وه‌ك تاوانی جینۆساید!
پرسیار: چۆن ده‌توانین پێناسه‌ی ئه‌م تاوانانه بكه‌ین وه‌ك جینۆساید، چ له‌ئاستی هه‌رێمی یان نێوده‌وڵه‌تی؟
ته‌ها سلێمان: كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ست یان رێگری جددی هه‌یه بۆ ناساندنی تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و له‌سه‌رئاستی نێوده‌وڵه‌تی، كه به‌ڕای من گرنگترینیان ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی تا ئێستا زۆرێك له وڵاتانی ناوچه‌كه ڕێككه‌وتنامه‌ی 1948ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیان واژۆنهكردوه یان واژۆیان كردوه‌و ئیلتزام به‌ناوه‌ڕۆكی رێكه‌وتنه‌كه‌وه ناكه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه وه‌ك عێراق و توركیا‌و سوریا‌و ئێران و هاوكات هه‌مان ئه‌و وڵاتانه‌ش رێككه‌وتنامه‌ی رۆمای 1998یان قبوڵ نییه یان هه‌ر ئاماده‌نین بچنه ناو ئه‌م رێككه‌وتنه‌وه، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست یان رێگره له ناساندنی تاوانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد‌و كوردستان، له‌نێویاندا تاوانی ئه‌نفال. هه‌رچی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشه سه‌ره‌ڕای كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی بچوك و پچڕپچڕ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی سوید‌و نه‌رویج و به‌لجیكاو به‌ریتانیاو هۆڵنداو هتد.. كه ئه‌وانه‌ش هه‌نگاوی سه‌ره‌تایین وه‌ك هه‌وڵی ناساندنی تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال، نه هیچ یه‌كێك له ده‌وڵه‌ته‌كانیان و نه هیچ ده‌وڵه‌تێكی تر‌و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ئاماده‌نین تاوانه‌كانی حكومه‌تی پێشووی عیراق وه‌ك تاوانی جینۆساید بناسێنن. ئه‌مه‌ش هۆكاری زۆره، ڕه‌نگه یه‌كێك له هۆكاره بنه‌ڕه‌تی و بنچینهییهكان ئه‌وه‌بێ كه كورد خاوه‌نی كیانی سیاسی سه‌ربه‌خۆی خۆی نیه‌و هاوكات هه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌و هه‌میش نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش كه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه تیایدا ئه‌ندامن به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان له گه‌ڵ عیراق و به‌شێك له‌ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه وایان لێدهگا له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته خۆیان دووربگرن!
به‌ڵام ئه‌مه قه‌ت ئه‌وه‌ناگه‌یه‌نێ كه ئێمه هه‌نگاوه گرنگه‌كانمان ناوه‌و گه‌یشتوینه‌ته بنبه‌ست، نا به پێچه‌وانه‌وه بڕای من به‌شێك له‌ئاسته‌نگ و گرفته‌كه خۆشمانین، كه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه دۆسییه‌ی تاوانه‌كان له لۆكاڵی بوونه‌وه بگوێزینه‌وه بۆ سه‌ر پانتایی سه‌حنی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی و زۆرترین و فراوانترین ههوڵهكانمانی بۆ ته‌رخان بكه‌ین. دیاره ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ی ئێمه‌و ناشاره‌زایی له شێوازی كاكردن و تێنه‌گه‌یشتن له قورسایی تاوانه‌كان و كاریگه‌رییانه‌وه هه‌یه، له پێش هه‌موویانه‌وه تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال.
پرسیار: دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و دادگای دادگای داد‌و لایه‌نه دادوه‌رییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌مباره‌یه‌وه كردوه یان نا، ئایا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه رێوشوێنێكی له‌وجۆره ئه‌نجامبده‌ن؟
ته‌ها سلێمان: ئه‌و دوودادگایهیی باسی ده‌كه‌ی، دوودادگای جیاوازن و هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌و پشتگیری كردنیان له دۆسییه‌ی هه‌ر تاوانێك و ناساندنی وه‌ك تاوانی "جینۆساید یان تاوانی دژی مرۆیی یاخود تاوانی جه‌نگ" گرنگی و به‌های نێوده‌وڵه‌تی كاریگه‌ری هه‌یه. به‌ڵام تا ئێستا هیچ له‌و دوودادگایه به‌تایبه‌ت دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانێ هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌دۆسییه‌ی تاوانی ئه‌نفال و دۆسییه‌كانی تریشدا بكات، هۆكاره‌كه‌ش دیاره چونكه تا ئێستا عیراق رێككه‌وتنامه‌ی رۆمای واژۆنهكردوهو ئه‌ندام نیه له‌دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ر ده‌وڵه‌تێكیش ئه‌م رێككهوتنامهیهیی واژۆنهكردبێ و ئه‌ندامی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بێ، دادگاكه ناتوانێ له‌ناو ئه‌و وڵاته لێپێچینه‌وه له‌هیچ دۆسییه‌یه‌كی تاوانێك بكات. پاشان ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه‌بێ كه حكومه‌تی پێشووی عێراق تاوانه‌كانی ئه‌نجامداوه، ئه‌مه ڕاسته به‌ڵام دیسان ئه‌م دادگایه لێكۆڵینه‌وه له دۆسییه‌یه‌ك ناكات پێش درووستبوونی دادگاكه ئه‌نجامدرابێ، واتا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراقی ئێستاش داوای ئه‌وه بكات ئه‌وه دادگاكه ناتوانێ ئه‌وه بكات، چونكه تاوانه‌كه پێش درووستبوونی ئه‌و ئه‌نجامدراوه.
پرسیار: جیاوازی نێوان ئه‌نفال و هۆلۆكۆست چییه؟ تاوانی هۆلۆكۆ كۆست له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ناسراوه، به‌ڵام ئه‌نفال نه‌ناسراوه به‌ڕای تۆ هۆكاره‌كه‌ی چییه؟
ته‌ها سلێمان: كاتێك له تاوانی هۆڵۆكۆست له سه‌رده‌ستی نازییه‌كان دژی جوله‌كه‌و تاوانی ئه‌نفال له سه‌رده‌ستی حكومه‌تی عیراق و به‌عسییه‌كان دژی گه‌لی كورد ورد ده‌بینه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی سۆز‌و ده‌مارگیری به‌سه‌رماندا زاڵ بێت، چه‌ندین نموونه‌ی لێك چوون له نێوانیاندا ده‌بینینه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌رده‌خا، كه دووتاوان له دوو شوێنی جیاواز، دووكاتی جیاواز، دووجوگرافیای جیاواز، له سه‌رده‌ستی دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاواز، دوو دنیابینی جیاواز، دوو فه‌لسه‌فه‌ی جیاواز، به‌ڵام یه‌ك ئامانجی هاوبه‌ش ئه‌ویش "جینۆساید" كۆمه‌ڵكوژی یان قڕكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌كه به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندی و پێكهاتهكاینهوه، ئه‌نجام ده‌درێ، یه‌كه‌میان تاوانی "هۆڵۆكۆست" و دووه‌میان تاوانی "ئه‌نفال"، تاوانی هۆڵۆكۆست دژی جوله‌كه‌و تاوانی ئه‌نفال دژی كورد.
ده‌توانین له‌م نمونانه‌ی خواره‌وه‌دا، لێكچوونه‌كان له‌نێوان هه‌ردوو تاوانه‌كه‌دا روونتر ببینین و ئه‌و ڕاستیه‌ش بسه‌لمێنین، كه فه‌لسه‌فه‌و ئامانجه هاوبه‌شه‌كانی ئه‌م دووتاوانه له كوێدا له یه‌كه‌وه نزیكن، ئه‌گه‌رچی رایه‌كی باو له‌نێو به‌شێك له رووناكبیرو نووسه‌ره جوله‌كه‌كاندا هه‌یه كه پێی وایه هیچ تاوانێك نیه به هۆڵۆكۆست به‌راورد بكرێ، ئه‌م ڕایه‌ش له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه كه ئه‌وه‌ی نازییه‌كان به‌سه‌ر جوله‌كه هێناویانه بێهاوتایه له به‌ربه‌رییه‌ت، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه به پێی پێوه‌رو یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 1948و ڕێككه‌وتننامه‌ی رۆمای 1998، تاوانی جینۆساید یان تاوانی دژی مرۆیی یاخود جه‌نگ له هه‌ر كوێییهكی دنیا بێت و ئه‌نجام بدرێ هه‌ر تاوانه، ره‌نگیشه ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه‌بێت له تاوانی "هۆڵۆكۆست"دا، ژماره‌ی قوربانیه‌كان و شێوازی لهناوبردنهكان ترسناكتربێت به‌به‌راورد له شوێنێكی تر، ئه‌گه‌رچی له‌تاوانی ئه‌نفالدا دژ به گه‌لی كورد ته‌نانه‌ت به‌شێك له شێوازی هێرش و كۆكردنه‌وه‌و راپێچكردن و زیندانی كردن تا ده‌گاته كوشتنی به كۆمه‌ڵ و جیاوازی نه‌كردن له نێوان ژن و مناڵ و پیرو گه‌نج و هتد هاوشێوه‌ی تاوانی هۆلۆكۆسته، تا ئه‌و ئاسته‌ی به‌شێك له لێكۆڵه‌ران وای بۆده‌چن حكومه‌تی عێراقی و به‌عس سوودیان له حكومه‌تی نازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له جینۆسایدی جوله‌كه "هۆڵۆكۆست" وه‌رگرتبێ.
بۆ به‌شی كۆتایی پرسیاره‌كه‌ش، ڕاستی ئه‌وه‌یه كه جوله‌كه میله‌تێكی ژیرن و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمیانه، پرۆفیشناڵانه، به خاوه‌ندارێتیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی قهزییهكهیانهوه، له‌ساته‌وه‌ختی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه له‌دژیان تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی تیایدان، كار له‌سه‌ر تێكڕای ڕه‌هه‌نده‌كانی پرسه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ئێمه زۆر بێ به‌رنامه‌و ته‌نیا وه‌ك پرسێكی لۆكاڵی له تاوانه‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران ده‌ڕوانین و ئه‌وان ڕه‌هه‌ندێكی گه‌وره‌ی جیهانیان داوه‌ته پرسه‌كه‌یان و ساڵ دوای ساڵ فراوانتری ده‌كه‌ن و ئێمه تادێ پرسی جینۆسایدی ئه‌نفال و تاوانه‌كانی تر بچوكتر ده‌كه‌ینه‌وه‌و نازانین ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ین!
پرسیار: تائێستا كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان مافی خۆیان وه‌رنه‌گرتووه‌و قه‌ره‌بووی دارایی شایسته نه‌كراونه‌ته‌وه هۆكاری ئه‌وه چییه؟
ته‌ها سلێمان: قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و داوای لێبوردن، دوو له بابه‌ته گرنگه‌كان و تا ئێستا هه‌ندێ ناوه‌ندی سیاسی و رێكخراوه‌یی و میدیایی به هه‌ڵه قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ن، كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قه‌ره‌بووی كه‌س و كاری قوربانیانی تاوانه‌كانی جینۆساید بكاته‌وه‌و هاوكات هه‌ندێ جار باسی داوای لێبوردنیش ده‌كه‌ن؟ ئه‌م دوو بابه‌ته دوور‌و نزیك په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نیه، به‌ڵكو ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه، چۆن فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی بكه‌ن، وه‌ك میراتگره‌وه‌ی حكومه‌ته‌كانی پێش خۆی، قه‌ره‌بووی سه‌رجه‌م زه‌ره‌رو زیانه‌كانی كه‌س و كاری قوربانیانی تاوانه‌كانی جینۆساید‌و ئه‌نفال و كیمیاباران بكاته‌وه‌و به‌فه‌رمیش داوای لێبوردن له گه‌لی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر تاوانی جینۆسایدكردنی بكات. ئه‌مه‌ش پێویسته له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به یاسا رێكبخرێ و حكومه‌ت ئیلزام بكرێ به جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه. ڕوونتر پێویسته نوێنه‌رایه‌تی به‌شداربووی كوردستان، هه‌م له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌میش له‌سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، هه‌میش له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌ركی پله‌یه‌كیان ئه‌وه‌بێ كه ئه‌م پڕۆژه یاسایه ئاماده‌بكه‌ن و له ئه‌وله‌ویاتی كاركردنیان بێ، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه وه‌ك رابووردو پشتگوێ یان په‌راوێزی بخه‌ن.
پرسیار: چۆن ده‌توانرێت قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بكرێته‌وه؟
ته‌ها سلێمان: وه‌ك باسم كرد، پێویسته پرس و بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه به یاسا له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕێك بخرێت، جا ئه‌م پڕۆژه یاسایه كێ ده‌ستپێشكه‌ری ده‌كات و ده‌یكات ئه‌وه یه‌كێكه له كاره هه‌ره گرنگه‌كان و به‌ڕای تایبه‌تی منیش ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه یاسایه هه‌م پرسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و هه‌میش داوای لێبوردن ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ئێستای كۆمارپێی هه‌ڵسێ و ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی بكات و پێشووتریش كۆده‌نگی هێزولایه‌نه سیاسییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی بۆ كۆبكاته‌وه، ئه‌وه پێم وایه یه‌كێك ده‌بێت له باشترین كاره‌كان و ڕاستیش نیه نه‌یكات و به‌هه‌ر هۆكارێك خۆی لێ ببوێرێ.
پرسیار: ئایا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری پێویستی له‌ڕووی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری قوربانیان كردوه؟
ته‌ها سلێمان: بۆ بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌س و كاری قوربانیه‌كانی تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال، جینۆساید‌و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، جینۆسایدكردنی بهرزانیهكان، جینۆسایدكردنی قه‌ڵادزێ، جینۆسایدكردنی فه‌یلیه‌كان، جینۆسایدكردنی سه‌یدسادق و تێكڕای تاوانه‌كانی تر، ئه‌مه بابه‌تێكی جیاوازتره‌و له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یان ده‌سڵاتی هه‌رێمی كوردستان نیه قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی كه‌س و كاری قوربانیه‌كان بكاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌ركی حكومه‌تی ناوه‌ندی "عێراق"ه ئه‌و كاره‌بكات وه‌ك میراتگره‌وه‌ی حكومه‌تی پێشووی عێراق، چونكه تاوانه‌كه به‌پلان و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی حكومه‌تی عێراق ئه‌نجام دراوه‌و هه‌ر ئه‌ویش به‌پرسیارێتی پله‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ له‌ئاستی تێكڕای ره‌هه‌نده‌كانی تاوانه‌كه به قهرهبووكردنهوهشهوه. پاشان با بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی بزان ئیلتزاماتی حكومه‌تی عێراق چیه له‌م ئاسته‌و هی حكومه‌تی هه‌رێم چیه؟
ئێمه شه‌ش دۆسییه‌مان هه‌یه كه وه‌ك" تاوانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی، تاوانی جه‌نگ" له دادگای باڵای تاوانه‌كان ناسێنراون و بڕیاریان له‌باره‌وه دراوه، ئه‌وانیش "تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال، تاوانی جینۆساید‌و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، تاوانی جینۆسایدكردنی بهرزانیهكان، تاوانی جینۆسایدكردنی فه‌یلیه‌كان، تاوانی راگوازستن و جینۆسایدكردنی قه‌ڵادزێ، تاوانی راگوازستن و جینۆسایدكردنی سه‌یدسادق"، به‌شێك له‌م تاوانانه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌لمێنراون و به‌شێكیان تا ئێستا نه‌سه‌لمێنراون، گرنگ ترین هه‌نگاو ئه‌وه‌یه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاره‌كانی دادگا له‌باره‌ی دۆسییهكانهوه بسه‌لمێنێ و پاشان به پڕۆژه یاسایه‌ك كه له په‌رله‌مانه‌وه گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێ و ئیقرار بكرێ، حكومه‌تی عێراق ئیلزام بكرێ به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ته‌واوی زه‌ره‌رو زیانه‌كانی كه‌س و كاری قوربانیه‌كانی تاوانه‌كان، كه به‌ڕای من جگه له‌وه‌ی تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌م ئه‌ركه هه‌ڵنه‌ساوه، له‌ناو پێكهاته‌ی هه‌م حكومه‌تی عێراق و هه‌میش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌میش سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا، نوێنه‌رایه‌تی كوردستان نه‌یانتوانیوه ئه‌م رۆڵه گرنگه بگێڕن و ئه‌مه بكه‌نه یاسا‌و هه‌روه‌ك رۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌م ئاسته تا ئێستا رۆڵێكی لاواز‌و په‌راوێزخراوه، كه نه‌یتوانیوه فشاره‌كانی بگه‌یه‌نێته ئاستی پێویست و یه‌كلایی كه‌ره‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم تا ئه‌م هه‌نگاوه له‌سه‌ر رێڕه‌وی یاسایی خۆی یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه، نه‌ده‌توانرێ قه‌ره‌بووكردنه‌وه بخرێته سه‌ر سكه‌ی خۆی، نه داوای لێبوردنی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی عێراق جێبه‌جێ ده‌بێ، نه‌ش رووفاتی قوربانیه‌كان ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ زێدی خۆیان، نه‌ش گرنتیه‌ك هه‌یه بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌كان له ئاینده‌دا، هه‌روه‌ك له وڵامی پرسیاری پێشووتردا ڕوونمان كرده‌وه چۆن پرس و بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و لێبوردن كاری له‌سه‌ربكرێ.
پرسیار: قسه‌ی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق له‌دوای ئازادییه‌وه سه‌باره‌ت به‌تاوانه‌كانی ئه‌نفال، ئایا حكومه‌ت هیچ بهرپرسیاریییهكی له‌وباره‌یه‌وه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ به‌وپێییه‌ی میراتگری شه‌رعی رژێمی پێشووه؟ یاخود ئه‌و رژێمه‌ی تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه نه‌ماوه‌و حكومه‌تی ئێستای عیراقیش هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كی له‌سه‌ر نیه؟
ته‌ها سلێمان: له‌دوای رووخانی حكومه‌تی پێشووی عێراق "به‌عس" له 2003، جگه له‌دادگای باڵای تاوانه‌كان له‌عێراق كه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌كۆمه‌ڵێك دۆسییه‌ی تاوان كردوه‌و بڕیاری له‌باره‌وه داون وه‌ك "دوجه‌یل، ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه، فه‌یلییه‌كان، بارزانیه‌كان، قه‌ڵادزێ، سه‌یدسادق" و هتد..، ده‌یان دۆسییه‌ی تری تاوان هه‌ن و حكومه‌تی عێراق نه‌ك كه‌مته‌رخه‌م به‌ڵكو به‌رپرسیارێتی لێكۆڵینه‌وه نه‌كردن لێیان ده‌گرێته ئه‌ستۆ. ڕاسته تاوانه‌كان حكومه‌تی پێشووی عێراق "به‌عس" و ئه‌وانه‌ی پێش به‌عس ئه‌نجامیان داوه، به‌ڵام ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا‌و هه‌ر حكومه‌تێكی تری دوای ئه‌مه‌ش، میراتگره‌وه‌ی حكومه‌ته‌كانی پێش خۆیه‌تی، بۆیه ئه‌ركی خۆیه‌تی هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌ك بگرێته ئه‌ستۆو له‌سه‌ر تێكڕای ئاسته‌كان "یاسایی، سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی"، كاری جددی له‌سه‌ر دۆسییه‌ی تاوانه‌كانی جینۆساید بكات، كه به‌ڕای ئێمه ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی نراون، وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد جگه له هه‌ندێك هه‌نگاوی دادگای باڵای تاوانه‌كان له عێراق، حكومه‌تی عێراق تا ئاستێكی دیار‌و نابه‌رپرسیار بێده‌نگه‌و كه‌مته‌رخه‌مه له‌م بواره‌و له‌هه‌مووشی خراپتر ئه‌وه‌بوو، كه هێشتا دۆسییه‌ی تاوانه‌كان كۆتاییان پێنه‌هاتبوو به‌بڕیاری حكومه‌تی عێراق كاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كان له‌عێراق سڕ كران، كه ئه‌مه‌ش زیانی گه‌وره‌ی له دۆسییه‌ی تاوانهكانداو كارێكی وای كرد، به‌سه‌دان تاوانبار‌و تۆمه‌تبار له لێپرسینه‌وه ده‌ربازیان بێ و خودی حكومه‌تیش نه‌چێته ژێرباری به‌رپرسیارێتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و خۆیشی بدزێته‌وه له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیای ده‌ره‌وه كاربۆ ناساندنی تاوانه‌كانی جینۆساید‌و ئه‌نفال به فه‌رمی بكات!
پرسیار: چه‌ندین بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق له‌باره‌ی تاوانی ئه‌نفال و ناساندنی بوونیان هه‌یه، تا چ راده‌یه‌ك حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه‌یه؟
ته‌ها سلێمان: ئه‌گه‌ر ڕاستیمان بوێ، بڕیاره‌كانی دادگا‌و دامه‌زراوه‌كانی تر له عێراق ده‌بێ ته‌واوكه‌ری یه‌كتربن، لێره‌دا كێشه‌ی گه‌وره ئه‌وه‌یه كه هێشتا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌موو بڕیاره‌كانی دادگای نه‌سه‌لماندوه، كه ده‌بوایه له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی هه‌ربڕیارێكی دادگا، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دانیشتنی تایبه‌تی بكردایه‌و بڕیاره‌كه‌ی بسه‌لماندایه؟ ئێستاش نه‌چوه بچێ و پێویسته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌و كاره‌بكات و پاشان ته‌واوی پاكێجی بڕیاره‌كان له‌باره‌ی تاوانه‌كانه‌وه به‌بڕیار یان به‌یاسا ئاراسته‌ی حكومه‌تی عێراقی بكات، له‌م كاته‌دا حكومه‌ت مولزه‌م ده‌بێ به جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه یان یاساكه كه پێشكه‌شی ده‌كرێ، چونكه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌رزترین ده‌سڵاتی یاسادانانه‌و بڕیار یان هه‌ریاسایه‌ك كه ئاراسته‌ی حكومه‌تی بكات، پێویسته حكومه‌ت جێبه‌جێی بكات.
پرسیار: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه له‌عیراق ئایا ئه‌ركی خۆی له‌ده‌ركردنی یاسای تایبه‌ت به‌ئه‌نفال و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌جێهێناوه؟
ته‌ها سلێمان: نه‌خێر تا ئێستا به‌ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌ساوه‌و وه‌ك له وڵامی پرسیاره‌كه‌ی پێشوو وتمان تا ئێستا بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كانی به‌ته‌واوی نه‌سه‌لماندوه، بۆیه تا ئه‌مه نه‌كات ناتوانێ به ئه‌ركه گه‌وره‌كه‌ی خۆی هه‌ڵسێ كه ئه‌ویش ده‌ركردنی بڕیار یان یاسایه بۆ تێكڕای لایه‌ن و ره‌هه‌نده‌كانی تاوانه‌كان و ماف و ئیمتیازی كه‌س و كاری قوربانیه‌كان، جا وه‌ك له چه‌ند جێگایه‌كی ترباسمان كرد لایه‌نی "قه‌ره‌بووكردنه‌وه، داوای لێبوردنكردن، دادگایی كردنی ته‌واوی تاوانبار‌و تۆمه‌تباره‌كان، هه‌ڵدانه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ی ڕووفاتی ناو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، تهحریمكردنی تاوانی جینۆساید، دانانی رێكاری یاسایی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان به‌فه‌رمی تاوانه‌كان وه‌ك جینۆساید بناسێنێ، په‌یوه‌ستبوون به رێككه‌وتنامه‌ی رۆما 1998، كاركردن بۆ ئه‌ندامبوون له دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی" و هتد
نووسه‌ر له‌چه‌ند دێرێكدا
1- ناوی سیانی: ته‌ها سلێمان عیسا
2 -ته‌مه‌ن: 1973
3 - ده‌رچووی ناوه‌ندی
4 -پیشه: نووسه‌رو لێكۆڵهرله بواری جینۆساید‌و ئه‌نفال
5- له ساڵی 1991وه ده‌نوسێ
6- سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری جینۆساید‌و ماڵپه‌ڕی جینۆساید كورد
7 -به‌رێوه‌به‌ری ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه بۆ جینۆساید‌و ئه‌نفال
8 -ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان
9- ئه‌ندامی ده‌زگای شاره‌زایانی جینۆسایدی جیهانی
10- به‌شداری له چه‌ندین كۆنفرانسی نێده‌وڵه‌تی له "هۆڵه‌ندا، كه‌نه‌دا، پۆڵۆنیا، ئیتالیا، فه‌ره‌نسا" له‌سه‌ر جینۆسایدكردوه.
11- به‌شداری كۆنفرنسهكانی هه‌رێمی كوردستانی كردوه له باره‌ی "جینۆسایدوئهنفال، گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان" كردوه.
12- سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای كۆنفرانسی جینۆساید‌و ئه‌نفال بوه له گه‌رمیان
13- ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری "ئه‌نفال، هه‌شتاو هه‌شت، گۆڤاری گۆڤار، بیری نوێ" بوه
14- سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی خه‌ڵك بوه
15- سه‌رنووسه‌ری رێگای كوردستان بوه
16 -زیاتر له "40"ی سمیناری له كوردستان ئه‌نجامداوه له باره‌ی جینۆساید‌و ئه‌نفال
17 - وه‌ك میوان به‌شداری له پرۆسه‌ی دادگاییكردنی سه‌دام و داروده‌سته‌كه‌ی كردوه 2006
18 - ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای كۆنفرانسی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی عێراق بوه، هه‌ولێر 2010
19- تا ئێستا زیاتر له "30" كتێب و نامیلهی چاپ و بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و زۆربه‌یان له باره‌ی ئه‌نفال و جینۆسایدن و لێشیان بۆ زمانی ئنگلیزی و فارسی وه‌رگێڕدراون.
PUKmedia تایبه‌ت
هەواڵی زیاتر
-
باندێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکرێت
01:13 PM - 2024-03-19 -
مەکتەبی رێکخستن رێزلێنان دەبەخشێتە شوان کەریم کابان
12:45 PM - 2024-03-19 -
ئەلینا ڕۆمانەوسکی: ئەمریكا زیاتر لە 18 ملیار دۆلاری بۆ عیراق خەرجكردووە
03:50 PM - 2024-03-18 -
مەکتەبی رێکخستن رێزلێنان دەبەخشێتە PUKMEDIA
03:19 PM - 2024-03-18
ئەمانەش ببینە
یەکێتی دوو لیژنەی گرنگ لەنەینەوا وەردەگرێت
10:59 AM - 2024-03-19
وتەبێژ: یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان
11:06 PM - 2024-03-18
حەوت رۆژە مووچە لای حکومەت دەستبەسەرەو یه‌كێتی داوای دابه‌شكردنی ده‌كات
04:50 PM - 2024-03-18
تیمی یەكێتی لەحكومەت: داوای دابەشكردنی مووچەمان كردووە
12:58 PM - 2024-03-18
زۆرترین خوێنراو
-
مەکتەبی رێکخستن رێزلێنان دەبەخشێتە شوان کەریم کابان
کوردستان 12:45 PM - 2024-03-19 -
دادگای فیدراڵی تەئکید لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەکاتەوە
عیراق 11:58 AM - 2024-03-19 -
یەکێتی دوو لیژنەی گرنگ لەنەینەوا وەردەگرێت
کوردستان 10:59 AM - 2024-03-19 -
وتەبێژ: یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان
کوردستان 11:06 PM - 2024-03-18 -
حەوت رۆژە مووچە لای حکومەت دەستبەسەرەو یه‌كێتی داوای دابه‌شكردنی ده‌كات
کوردستان 04:50 PM - 2024-03-18 -
ئەلینا ڕۆمانەوسکی: ئەمریكا زیاتر لە 18 ملیار دۆلاری بۆ عیراق خەرجكردووە
کوردستان 03:50 PM - 2024-03-18 -
بۆچی هاوبەشیی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق گرنگە
بیروڕا 03:44 PM - 2024-03-18 -
مەکتەبی رێکخستن رێزلێنان دەبەخشێتە PUKMEDIA
کوردستان 03:19 PM - 2024-03-18