riklam

هێمن موكریانی وەك شاعیر و نووسەر

ئەدەب وهونەر 05:52 PM - 2019-04-17
.

.

مامۆستا (سەید محمد امین شێخ ئیسلامی موكری) ناسراو بە (هێمن)ی موكریانی ، یان (هێمن)ی شاعیر، یان (هێمن)ی مهابادی ،...هتد، لە نێو كۆمەڵی كوردەواری دا زیاتر بە شاعیر ناسراوە و ناوی دەركردووە و ناسنامەی شاعیری دراوەتە پاڵ لە نێو ئەدیبان و زۆربەی نووسەران ، ئێستا كە ئەوترێ (هێمن) تەنها بە چاوی شاعیری تەماشای دەكرێت. هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو هۆنراوە بەرزو پڕ مانایانەی كەلە ڕۆژگاری ژینی دا دایڕشتوون ولە دوتوێی دیوانێك و چەند نامیلكەیەك دا بە خوێنەری كوردی ئاشنا كردوە . 

ئێمە نكۆڵی لە شاعیرێتی (هێمن) ناكەینەوە بەو هۆنراوە بە پێزانەی توانیویەتی خۆی بخاتە ڕیزی كەڵە شاعیرانی كوردەوە .

ئەمە لەلایەكەوە بەڵام ئەوەی بەلای منەوە مەبەستە ئەوەیە كە روونی بكەمەوە بەپێی توانی ئەدەبیم كە (هێمن) جگە لەوەی كە شاعیر بووە نووسەرێكی وردی بەتوانا و خاوەن سەلیقەیەكی باشی نووسینیش بووە .

كەوا هەست ئەكەم لەم لایەنەوە كەم ئاماژەی پێ‌ دراوە و ئەم تەوەرەی ژیانی لەلایەن ڕۆشنبیران و نووسەرای كوردە وە لەبیركراوە یان بابڵێین كەم تەرخەمی بەرامبەركراوە.

بەو هیوایەی بتوانم لەم لێكۆڵینەوەیەم دا گەر هیچ نەبێ‌ گۆمی ئەم تەوەرەی ژیانی مامۆستا (هیمن) بشڵەقێنم و چەند شتێكی لەسەر بنوسم

پێناسەی نووسین ناكرێت بەڵام بۆ ئەوەی بەشەكانی جیا بكرێتەوە بۆ پێویستی باسەكەم چەند تەوەرێكی ئەدەبی وەرئەگرم و باسی لێوە ئەكەم وزۆر ناچمە ناو جۆرەكانی نووسین و ئامادە كردنی بابەتە ئەدەبیەكانەوە . بەڵام ئەوەی كە پێویستە لێرەدا ئاماژەیان پێ‌ بكەم و لێیان وردبینەوە بۆ ئەوەی لەلایەنێكی تری ئەوەی ژیانی مامۆستا (هێمن) ی شاعیر بدوێین ئەمانەی خوارەوەن:-


1. شێوازی ئامادەكردنی نووسینی بابەتێكی ئەدەبی بە (شیعر و هۆنراوە).


2. شێوازی ئامادەكردنی نووسینی بابەتێكی ئەدەبی بە (پەخشان).


3. شێوازی ئامادەكردنی نووسینی بابەتێكی ئەدەبی بە (ڕۆمان).


4. شێوازی ئامادەكردنی نووسینی بابەتێكی ئەدەبی بە (چیرۆك).


زۆر بابەت و رێگەی تر هەیە كە ئەدیبێك یان نووسەرێك بیەوێ‌ هەستی خۆی پێ‌ دەرببڕێ‌ و تێگەیشتنی خۆی پێ‌ بخاتە سەر كاغەز بۆ خوێنەر بەیانی بكات ئیتر هەریەكە و شتێك بەخوێنەر ئەگەیەنێ .


بۆ زیاتر روونكردنەوەی ئەم باسە پێویستە ئەو چوار شێوازە ڕوون بكرێتەوە :-


1. شێوازی ئامادەكردنی شیعر وهۆنراوە :-


وەك ئەزانین كە ئامادەكردنی بابەتێكی ئەدەبی یان دەربڕینی هەستێك لەلایەن كەسێكەوە بە شیعر و هۆنراوە چەند مەرجێك لە خۆ دەگرێت ئەو مەرجانەش ئەمانەی لای خوارەوەن:-


ڕ‌- پێویستە شیعر خاوەنی كێش و قافیە بێت یان ئەگەر بێ‌ قافیەش بوو زەرورە كە خاوەنی كێشی شیعری بێت.


ب‌- ئەو وشانەی كەلە شیعردا بەكاردێن دەبێ‌ بەهێز و پڕ مانا بن.


ت‌- شیعر یان هۆنراوە پێویستە كەمانەیەك بدات بەدەستەوە بەگشتی لای خوێنەر.


پ‌- شێوازی ئامادەكردنی شیعر و هۆنراوە جیاوازە لە ئامادەكردنی بابەتیەكانی ئەدەب بەگشتی و كۆمەڵێك تایبەتمەندی خۆی هەیە كە من لێرەدا نامەوێ‌ زیاتر باسی بكەم چونكە باسەكەمان ئەوەنەی بەسە كە بۆ ناساندنی شیعر و هۆنراوە .


2. شێوازی ئامادەكردنی پەخشان:-


ڕ‌- ئامادەكردنی پەخشان هەندێك هەوێنی هۆنراوە لە خۆ دەگرێت لەلایەن ناوەڕۆكەوە چونكە هۆنراوە و جۆرێك لە پەخشانەكان دەبینین ئەبێتە هۆی بزواندنی هەستی خوێنەر.


ب‌- مەودای پەخشان كەمەو ەك ڕۆمان زۆر بواری پێ‌ نادری كە درێژ بێتەوە .


ت‌- زۆر جار دەبینین پەخشان ئەبێتە سەنگەرێك بۆ نووسەرێك كە لێوەی باس لە ژیان و بەسەرهات و ڕووداوەكانی ڕۆژگاری خۆی بكات .


پ‌- لە هەندێك شوێنی دا بۆ باسكردن لەسەر بابەتێك یا خود هەڵسەنگاندنی پایەی كەسێكی تر لەلایەن نووسەرێكی ترەوە زۆر بە پەخشانی جوان هەستی خۆی دەربڕیوە.


تێبینی/ وەك تایبەتمەندێكانی هۆنراوەدا باسمان كرد پێویست ناكات زۆر لەناسانی ئەم شێوازانە وردبینەوە لەم لێكۆڵینەوەیەدا.


3. شێوازی ئامادەكردنی بابەتێك بەشێوەی ڕۆمان:-


ڕ‌- بواری نوسین لە ڕۆماندا كراوەیە.


ب‌- وشەو ڕستەكان كە ڕۆمانی پێ‌ دەنوسرێت ڕێگە دەدرێت هەموو شێوازەكانی گفتوگۆ بگرێتە بەر چونكە هەموو كەرەستەكانی ڕۆمان ڕەنگدانەوەی واقیعی ڕۆژانەی ژیانن.


ت‌- زۆر تەكنیكی ئەدەبی تێدا بەكار دێت وەك شێوەی (مۆتۆلۆك و گێڕانەوە و مۆنتاژ و .....هتد ) .


پ‌- سەراپای نوسینی ڕۆمان باس لە چەند ڕوداوێك دەكات تەواوی ڕۆمانەكە چینێك لە بەسەرهاتی ژیانی لە خۆ دەگرێت و چەند گرێیەك درووست دەكات و لە كۆتایی داگرێكان دەكاتەوە جایان بەخۆشی یان بەتراژیدی و ناخۆشی كۆتایی دێت.


4. شێوازی ئامادەكرنی بابەتێك بەشێوەی نوسینی چیرۆك:-


ڕ‌- ئەم شێوازەیان ئەتوانین بڵێین سەرەتا یەك بوو بۆ چونە نێو دونیای ئامادەكردنی ڕۆمانەوە.


ب‌- شێوەی ئامادەكردنەكەی لە چەند پەڕێك تێناپەڕێ و زۆر درێژەی پێنادرێت.


ت‌- زیاتر شێوازی گێڕانەوە ئەگرێتە بەر بۆ ئەو كارەسات و بەسەر هاتانەی كەڕوویان داوە نووسەر یان ئامادەكار لە چوار چێوەی قاڵبێكی ئەدەبی دا كۆی دەكاتەوە و كەمتر خەیاڵ و بیری خۆی تێكەڵ دەكات.


لێرەدا ئەم چوار شێوازەی نووسینەوەم كە جیاكردەوە:

زیاتر بۆ مەبەستی ئەوەم بوو كە خوێنەر كەمێك بەرچاوی ڕوون بێت بۆ ئەوەی گەر باسی ئەو شێوازانەم كرد مامۆستا(هێمن) گرتونێبەر بۆ دەربڕینی هەستی خۆی بەرانبەر بە شتەكان خوێنەر پێیان نامۆ نەبێت و بزانێت باس لە چ ئەكەین. وببن بە بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو دەربڕینەی كەلەسەرەتاوە توێژینەوەی پێ‌ دەستپێكراوە كە (مامۆستا هێمن) نەتەنها شاعیر بووە بەڵكو نووسەرێكی باشیش بووە.


سەلماندنی شاعیرێتی (هێمن) پێویست بەبەڵگە ناكات چونكە هۆنراوەكانی ناو دیوانەكەی و نامیلكە شیعرییەكانی بەڵگەی زیندوون و پێویست ناكات لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام بدرێت كە (هێمن) شاعیر بووە یان نا.


PUKmedia  لە ئەرشیفی میدیاكاری خوالێخۆشبوو ( یادگار سەمەد شەریف)

 

65465436.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket