riklam

ریمۆنتادای هونه‌ری كاریكاتێر

ئەدەب وهونەر 12:33 PM - 2019-04-16
.

.

له‌ دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 ئه‌گه‌ر باس له‌ زۆری و بۆری نه‌كه‌ین، ئه‌وا بواری هونه‌ر و راگه‌یاندن و رۆژنامه‌گه‌ریی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، له‌ نێو ئه‌مانه‌شدا به‌ تایبه‌تی له‌ نێو بواری هونه‌ری شێوه‌كاری و رۆژنامه‌گه‌ریدا هونه‌ری كارتۆن و كاریكاتێریش بێبه‌ش نه‌بوون له‌م گه‌شه‌كردنه‌دا، چونكه‌ هونه‌رێكه‌ سه‌ر به‌هه‌ردوو بواره‌كه‌، چ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌ رۆژنامه‌كاندا و چ له‌ رووی وه‌شاندنی چه‌ندین گۆڤاری تایبه‌ت به‌خۆیان، وه‌ك سیخورمه‌، مه‌لامه‌شهور، ده‌هۆڵ تایمز، گه‌پ، ته‌نزوێنه‌...، و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی گه‌نجیش ئه‌سپی خۆیان تاودا و كاره‌كانی خۆیان له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا بڵاوكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌شیان كه‌م بووبێت، به‌ڵام جێگای هیوا و باوه‌ڕكردن به‌ دوارۆژێكی گه‌ش بوون له‌ هونه‌ره‌كه‌دا، هه‌ندێكیان تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامن له‌ به‌رهه‌مهێنان و وه‌شاندنی به‌رهه‌مه‌كانیان، هه‌ندێك له‌مانه‌ش پێشه‌نگن و جێ په‌نجه‌یان دیاره‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ئاستی به‌رهه‌مه‌ جیهانیه‌كاندایه‌. ده‌توانین بڵێین كوردیش وه‌ك میلله‌تانی جیهان بووه‌ خاوه‌ن هونه‌ری كاریكاتێر و كاریكاتێریستانی تایبه‌ت به‌خۆی، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی چه‌ندین كه‌موكوڕی ماددی و بابه‌تی.
به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی گه‌وره‌ گه‌وره‌ و سه‌پاندنی شه‌ڕوشۆڕ به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا، كه‌ هۆ و هۆكاره‌كه‌ی سیاسه‌ت و سیاسه‌تمه‌داران بوون، ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانی گرته‌وه‌، هونه‌ری رۆژنامه‌وانی و كاریكاتێریش به‌ده‌رنه‌بوون له‌م نه‌هامه‌تیانه‌، كه‌ بوونه‌ هۆی كه‌می خوێندنه‌وه‌ و كه‌می فرۆشتنی رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان، و بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی كارتۆن و كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌كاندا، هه‌روه‌ها داخستنی هه‌موو گۆڤاره‌ تایبه‌ته‌كانی بواری كاریكاتێر و كارتۆن و ره‌خنه‌ی گاڵته‌جاڕی. ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆر نێگه‌تیڤی هه‌بوو به‌سه‌ر هونه‌ری كاریكاتێر و خودی كاریكاتێریستانه‌وه‌، چه‌ند هه‌وڵێكی تاكه‌ كه‌سی هونه‌رمه‌ندانی كاریكاتێر له‌ ئارادامابوون، كه‌ خۆشه‌ویستیه‌كه‌یان بۆ هونه‌ره‌كه‌، وای لێكردبوون كه‌ بێ ووچان به‌رده‌وام بن له‌ كار و چالاكی ناوه‌خۆ و جیهانیش، به‌ڵام له‌م دوو ساڵه‌ی رابردوودا كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند كاریكاتێریستێكی باشوری كوردستان له‌ پێشانگایه‌كی هاوبه‌شدا له‌سه‌ر ده‌ستی كاكه‌ (به‌ختیار سه‌عید)ی هونه‌ردۆست و خه‌مخۆری هونه‌ر، دوای ئه‌وه‌ش ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین دیداری كاریكاتێریستانی كوردستانی گه‌وره‌، و كردنه‌وه‌ی چه‌ندین پێشانگه‌ی كارتۆنی و چاپكردنی چه‌ندین كتێبی بواری كارتۆن و پۆسته‌ری كارتۆنی و كه‌ته‌لۆگی پێشانگاكان و ئه‌نجامدانی چه‌ندین چاوپێكه‌وتن و دیمانه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی بۆ خۆی و بۆ كاریكاتێریستان، و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیریی هونه‌ری كاریكاتێری له‌نێو خه‌ڵكدا، كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی كارتۆنی به‌ناونیشانی (ژینگه‌ ژیانه‌) بۆ هونه‌رمه‌ندانی باشور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، و مژده‌به‌خشینی بڵاوكردنه‌وه‌ی پاشكۆیه‌كی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ) بۆ كاریكاتێر به‌ناوی (كاری كاتۆر)، و دواجاریش سازدانی یه‌كه‌مین دیداری نێوده‌وڵه‌تی كارتۆنی كورد له‌ كوردستاندا، به‌ به‌شداریكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندانی جیهان تێیدا، ده‌توانین ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ ریمۆنتادایه‌ك و هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌ك و سه‌رهه‌ڵدانێكی نوێی هونه‌ری كاریكاتێر و كارتۆن بژمێرین له‌ باشوری كوردستاندا، به‌هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یان نه‌خرێته‌ به‌رده‌م و ئاستی ئازادی له‌به‌رده‌میان به‌رته‌سك نه‌كرێته‌وه‌، به‌ڵكو هاوكار و پشتگیربن، تاوه‌كو هه‌نگاونان به‌رده‌وام بێت و نه‌وه‌ستێت.

هه‌ندرێن خۆشناو


PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket