riklam

١٢٩١ دەرچوو لەزانكۆی جیهان بڕوانامەیان پێدەبەخشرێت

کوردستان 05:33 PM - 2019-04-15
.

.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند بەشێكی زۆری زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان بونەتە تەواوكەری پرۆسەی خوێندنی باڵای كوردستان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانكۆی جیهان كرد كە بە پێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان توانیویانە پلەیەكی باش بەدەستبهێنن و لە گروپی (B) ڕیزبەندی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانن.

ئەم وتانەی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا هات كە ئەمڕۆ دوشەمە ڕێكەوتی (١٥/٤/٢٠١٩) لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوانی خولی هەشتەمی زانكۆی جیهان – هەولێر پێشكەشیكرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا كە بە چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو و تیایدا ڕاوێژكار و ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆكان و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و مامۆستاو خوێندكارو قوتابیان و كەسوكارییان ئامادەیبوون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەشكرد.

 

هەرێمی كوردستان پێویستی بەكەسانی دەوڵەمەند بە زانستی سەردەم هەیە

لەسەرەتای وتارەكەیدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند ڕاستە ئەمڕۆ دوا ڕۆژی ژیانی ئەكادیمیتانە لە زانكۆ، لە هەمانكاتدا دەستپێكی كاروانی ژیانی پیشەییتانە كە  ئەمڕۆ هەرێمەكان پێویستی زۆری بە كەسانی دەوڵەمەند بە زانستی سەردەم هەیە بۆ ئەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی بازاری كاری هەرێمی كوردستان خزمەت بكەن، بۆیە لێرەوە سوپاسی زانكۆی جیهان دەكەین، كە توانیان بۆ ئەمساڵیش پۆلێك لە دەرچووان ئامادە بكەن بۆ بازاڕی كاری كوردستان، هەروەها  هیوام وایە كە ئێوە هەروەك چۆن لە بواری تیۆری و كرداریدا لە ناو زانكۆدا نموونەی دەرچووی سەركەوتوو بوون وەها لە ژیانی پیشەیی خۆتاندا پێشەنگ و كارمەندی نموونەیی بن، هەروەك وتیشی  ئاشكرایە كە ئێوە هەڵگری زانستن لە كۆمەڵێك بواری گرنگ و پەیوەست بە كاروبارەكانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بۆیە ڕۆڵی ئێوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە لە ناو كۆمەڵگاكەماندا، هەروەها پیشەی داهاتووی هەر یەك لە ئێوەی دەرچوو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پایە گرنگەكانی بەڕێوەبردنی وڵاتمان هەیە هەر لە ڕووی دارایی و كارگێڕی و یاسا و گەلێك بواری گرنگی دیكەی پەیوەست بە پێشخستنی وڵاتەكەمان، لە ڕێگەی دڵسۆزیتان و پاراستنی بەها و پڕەنسیپە ئەخلاقیەكانی بواری كاركردن لە پیشەی داهاتووتان دەبن بە هۆكارێكی گرنگ بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان.

ئەجێندا ئەكشن پلانمان بەرەوپێشبردنی سیستم خوێندنی باڵا و بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن بووە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەر لە وتارەكەیدا وتی: لەگەڵ دەست بەكاربوونماندا لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان, ئەجێندا و ئەكشن پلانمان دانا بۆ بەرەوپێشبردنی سیستم خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن و گۆڕینی پڕۆگرامەكانی خوێندنی بەشە زانستیەكان بە جۆرێك لە گەڵ گۆڕانكاریەكان و پێشهاتەكانی دونیاو پێویستی بازاری كاری هەرێمی كوردستاندا بگونجێت و دەرفەتی هەلی كار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت.  هەروەها وەزارەتەكەمان كاری كردووە لەسەر گۆڕینی سیستمی پێداگۆجی (ڕێگەكانی وانەوتنەوە) و باشتركردنی كوالێتی خوێندن و گرینگیدان بە كردنەوەی دەرگای زانكۆكان بە رووی زانكۆ جیهانیەكان و ئەنجامدانی توێژینەوە و ئاشناكردنی مامۆستایان بە بنەماكانی خوێندنی باڵا و بەرزكرنەوەی ئاستی زانستیان و هاندانیان بۆ فێربوونی زمانە بیانیەكان.

لە بەشێكی زۆری زانكۆكان بۆلۆنیا پرۆسێس جێبەجێ دەكەین

هەر لە وتارەكەیدا د. یوسف گۆران ڕوو لە دەرچوانی زانكۆی جیهان باسی لە ڕیفۆرمەكانی وەزارەت كردو ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٥ ستراتیژیەتێكی نوێی وەزارەتەكەمان ڕاگەیاند كە بریتبوو لە پڕۆژەی ( Bologna Process) وەزارەت هانی زانكۆكان دەدات كە سیستمی خوێندنی ئێستایان كە لە سەر بنەمای خوێندنی ساڵانە بنیات نراوە و سیستمێكی كۆنە، بە دەگمەن زانكۆكانی جیهان پەیڕەوی دەكەن، بیگۆڕن بۆ سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس، دوای ڕاگەیاندنی ئەم ستراتیژیە نوێیەی وەزارەتمان، خۆشبەختانە بەشێكی زۆر لە زانكۆكان هەنگاوی گرنگیان نا بۆ جێبەجێكردنی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس بە جۆرێك كە لە ئێستادا زۆرێك لە زانكۆكان دەستیان كردووە بە جێبەجێكردنی ئەم سیستمە و هەندێك لە زانكۆكان سەرجەم بەشەكانیان پەیڕەوی بۆلۆنیا پڕۆسێس دەكەن، جێبەجێكردنی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس و سەركەوتنی سیستمەكە لەو زانكۆیانە دا پیشانیدا كە ئێمەش كەسانی پسپۆڕ و مامۆستای بە توانامان لە زانكۆكانمان بە گشتی هەیەو كە هیچیان كەمتر نیە لە پسپۆڕانی زانكۆ جیهانیەكان، كە دەتوانن ئەزموونە سەركەوتوەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو بگوازنەوە بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها قوتابی و خوێندكارانیش دەتوانن لەگەڵ ئەم سیستمە بگونجێن و سەركەوتن بە دەست بهێنن.

زانكۆی جیهان بەپێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكان توانیویەتی پلەیەكی باش بەدەستبهێنێ

هەر لە درێژەی وتارەكەیدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند، وەزارەتەكەمان پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند كە بووە هۆی دروستبوونی پێشبڕكێی زانستی لە نێوان زانكۆكان كە ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكانی كوردستان لە ڕیزبەندی زانكۆكانی نێودەوڵەتی، لێرەوە بە پێویستی دەزانم كە دەستخۆشی لە زانكۆی جیهان بكەم كە توانیان لە ریزبەندیەكە پلەیەكی باش بەدەستبهێنن و بە پێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان دەكەونە گروپی یەكەمی ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.

هەنگاوەكانی وەزارەت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توێژینەوە زانستیەكان بەردەوامە

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند هەر لە درێژەی بایەخەكانمان بە توێژینەوەی زانستی و هاندانی توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ئاست بەرزو گرنگ و پەیوەندار بە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەشداریكردنی جدی توێژەران لە بەرەو پێشبردنی زانست و مەعریفە لە هەرێمەكاماندا، لە هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتەكەمان هەستا بە ئەنجامدانی وۆركشۆپێك بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی كە ئەم هەنگاوەشمان هەر لە ڕوانگەی بەرزكردنەوەی ئاستی توێژینەوەكان دەست پێكردووە و هیوا خوازین لە داهاتوودا ئەو ڕێنماییانەی كە دەردەچن ببن بە دەرگایەك بۆ هاندانی توێژەرەكانمان بە مەبەستی بڵاو كردنەوەی توێژینەوەی ئاست بەرز و كاریگەر لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەكانی دوونیا كە توێژینەوەكانیان لەسەر بنەما و پێوەری ئاست بەرزی نێودەوڵەتی هەلدەسەنگێنرێت  وەك پێوەرەكانی فاكتەری كاریگەری (Impact factor) و (Citation) و (H. Index).   

زانكۆ تایبەتەكان تەواوكەری پرۆسەی خوێندنی باڵا-ی كوردستانن

لە كۆتایی وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپاتیكردەوە بەشێكی زۆری زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان بونەتە تەواوكەری پرۆسەی خوێندنی باڵای كوردستان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانكۆی جیهان كرد كە بە پێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان توانیویانە پلەیەكی باش بەدەستبهێنن، هەروەك دووبارە پیرۆزبایی ئاڕاستەی مامۆستایان و دەرچووانیش كرد بەهیوای خزمەتكردنی بە هەرێمەكەمان.
١٢٩١ دەرچو بڕوانامەی دەرچونیان پێبەخشرا

لەبەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆی جیهان – هەولێر، د. ئەمجەد صابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان – هەولێر لە وتارەیەكدا دەستخۆشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و هەنگاو و پرۆژەكانی وەزارەت كرد بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانست و مەعریفە لە كوردستان، هەروەك د. ئەمجەد صابر دەلۆ وتیشی لە خولی هەشتەمی ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨)ی زانكۆی جیهان (١٢٩١) خوێندكارو قوتابی لە (١٥) بەشی زانستی بڕوانامەی دەرچونیان پێدەدرێت و كاروانی زانكۆكە بۆ خزمەتكردن بە بواری خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

لە كۆتایی ڕێورەسمەكەشدا بڕوانامەی دەرچون بەهەریەك لە دەرچوانی خولی هەشتەمی زانكۆی جیهان – هەولێر بەخشرا.


PUKmedia راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket