riklam

قێزەونترین كردەوە نائاكارییەكانی ئەنفال

جینۆساید‌‌ 04:58 PM - 2019-04-14
.

.

ئەمڕۆ31 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت كە لەلایەن بەعسییەكانەوە دژ بە گەلی كورد ئەنجامدرا و تیادا زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی بێتاوانی كورد بە 8 قۆناغ زیندە بەچاڵكران و لەناوبران و یەكێك لە قێزەونترین كردەوە نا ئاكارییەكانی ئەنفال ئەوە بوو كە ڕژێمی بەعس، هەروەك چەرخەكانی ناوەڕاست كڕین و فرۆشتنی بە بەشێك لە كچ و ژنە ئەنفالكراوەكانەوە دەكرد.

دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكان

لە 23 شوباتی 1988 ئۆپەراسیۆنەكە بە 8 قۆناغی جیاواز و لە 6 ناوچەی جیاوازی كوردستان دەستی پێكرد، قۆناغی یەكەمی لە 23/2 تا 18/3/1988 بۆسەر ناوچەكانی دۆلی جافایەتی، قۆناغی دووەم لە 22/3 تا 1/4/1988 بۆسەر ناوچەی قەرەداغ، قۆناغی سێیەم لە 7/4 تا 20/4/ 1988 بۆسەر ناوچەی گەرمیان، قۆناغی چوارەمیش لە 3/5 تا 15/5/ 1988بۆ سەر ناوچەی قەڵاسێوكە و دۆڵی زێی بچووك، قۆناغی 5 و 6 و 7 لە 15/5 تا 26/8/1988 بۆسەر ناوچەكانی شەقڵاوە و رواندز، قۆناغی هەشتەم و كۆتایی، لە 26/8/ تا 6/9/ 1988 بۆسەر ناوچەی بادینان و سەرجەم ئەو قۆناغانەیش پاش ڕووخانی هەموو گوندەكانی كوردستان لە بەرواری 6ـی ئەیلوولی 1988 بە رەسمی كۆتایی هات.

زیانەكانی ئەنفال

لەو پرۆسەیەدا 90%ـی گوندەكانی كوردستان و زیاتر لە 20 شار و شارۆچكە لەسەر نەخشە سڕاونەتەوە، ناوچە گوندنشینەكان، بە 15 ملیۆن مین، مینڕێژكران، نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار كورد لە گوندەكانەوە بۆ ئوردوگا زۆرە ملێكان گوێزرانەوە، نزیكەی 10%ـی كوردانی باشوور لە نێو بران، بەمەیش نزیكەی 7729كم دووجا لە ڕووبەری هەرێمی كوردستان تووشی شاڵاوەكانی ئەنفال بوو.

یەكێك لە قێزەونترین كردەوە نا ئاكارییەكانی ئەنفال ئەوە بوو كە ڕژێمی بەعس، هەروەك چەرخەكانی ناوەڕاست كڕین و فرۆشتنی بە بەشێك لە كچ و ژنە ئەنفالكراوەكانەوە دەكرد، كە زۆر جار بە كۆمەڵ عەرەب چوونەتە ناو زیندانییەكان و ژنە جوانەكانیان هەڵبژاردووە، ڕژێم سەرەڕای فرۆشتنی ئەم ئافرەتانە لە نێو عەشیرەتە عەرەبەكاندا كەوتە دابەشكردنیان و فرۆشتنیان.

ئەنفال وەك جینۆساید ناسێنرا

- بە هەشت قۆناغ حكومەتی بەعس لە ساڵی 1988دا پڕۆسەی ئەنفالی دژ بە كورد ئەنجامدا كە جگە لە خاپووركردنی 5 هەزار گوند، 182 هەزار كوردی بێ سەروشوێن كرد، كە بە گوتەی ڕزگاربووانی ئەو مەرگەساتە بەعس ئەنفالكراوانی لە نێو گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا لەناو بردووە.

- دوای 60 دانیشتن، دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق ڕۆژی 24ـی حوزەیرانی 2007 بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ هەر یەك لە عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی كیمیاوی و، سوڵتان هاشم دەركرد، بڕیاری زیندانی كردنی بۆ 4 تاوانباری دیكەیش دەركرد.

- هەر یەكە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان، رۆژی 14ـی نیسانی 2008 ئەنفالیان وەك جینۆساید ناساند.

- 14/4 وەك ساڵیادی ئەنفال دیاری كرا، ئەمەیش لەبەر ئەوەیە كە لەو ڕۆژەدا زۆرترین كورد بێسەروشوێن كران، كە نزیكەی 20 هەزار كەس بوون لە هەر دوو گوندی ملەسوورە و كوڵەجۆی حاجی حەمەخانی گەرمیاندا.

سەرچاوە:
كتێبی كۆنگرەی بەجیهانی ناساندنی جینۆسایدی گەلی كورد
پرۆژەی ئەرشیف كردنی جینۆسایدی گەلی كورد


PUKmedia  ئا/ تاژاو محەمەد 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket