riklam

گه‌رمیان.. مه‌راسیمی 31 ساڵه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال به‌ڕێوه‌ده‌چێت

جینۆساید‌‌ 10:15 AM - 2019-04-14
.

.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ی نیسانی 2019، له‌ كه‌لار به‌ ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم و كه‌سوكاری شه‌هیدان یادی 31 ساڵه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال كرایه‌وه‌.

مه‌راسیمه‌كه‌ له‌گوندی دێبنه‌ كه‌ مۆنۆمێنتی ئه‌نفالی لێیه‌ به‌ مارشی نیشتمانیی و ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و خوێندنی چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز ده‌ستیپێكرد.

له‌ سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌دا سه‌لاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان وتارێكی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند، ئه‌نفال له‌ بیره‌وه‌ری گه‌رمیانییه‌كاندا له‌بیرناكرێت و ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌خه‌مه‌كانمانی كه‌مكرده‌وه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ تاوانبارانی سه‌ره‌كی تاوانه‌كه‌ به‌سزای گه‌ل گه‌یه‌نراون كۆتاییان پێهات.

وتیشی: له‌گه‌ڵ دروستبوونی قه‌یرانی دارایی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا، به‌ڵام به‌ هه‌وڵی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌شێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانمان له‌ گه‌رمیان جێبه‌جێكرد و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ماون داوای جێبه‌جێكردنیان ده‌كه‌ین، چونكه‌ گه‌رمیانییه‌كان شایسته‌ی خزمه‌تی زیاترن.

راشیگه‌یاند: به‌بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌وڵی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت توانیمانه‌ 11 هه‌زارو 141 پارچه‌ زه‌وی به‌سه‌ر وارسی شه‌هیداندا دابه‌شبكه‌ین و له‌چه‌ند رۆژی رابردووشدا توانراوه‌ نزیكه‌ی 3 هه‌زار پارچه‌ زه‌وی دیكه‌ به‌سه‌ر وارسی شه‌هیداندا دابه‌ش بكه‌ین كه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ نزیك بووینه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ هیچ وارسێكی شه‌هیدان نه‌مێنێت كه‌ یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون وه‌رنه‌گرێت.

له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌چه‌ند خاڵێك چه‌ند داواكاریه‌كی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردو داوای به‌سزا گه‌یاندنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی كرد كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ شاڵاوی به‌ندناوی ئه‌نفال و له‌ئێستادا له‌ ژیاندا ماون و به‌ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا نوێنه‌ری وارسی شه‌هیدان یاداشتێكی خوێنده‌وه‌و له‌ 15 خاڵدا داواكاریی وارسی شه‌هیدانی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردو پاش خوێندنه‌وه‌ی یاداشته‌كه‌ش له‌ لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، یاداشته‌كه‌ی لێوه‌رگیراو به‌ڵێنی پێدا به‌جدی كار له‌سه‌ر خاڵه‌كانی یاداشته‌كه‌ بكات.

پاشان وتاری مه‌حمودی حاجی ساڵح وه‌زیری شه‌هیدان ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خوێندرایه‌وه‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كاره‌ساتی ئه‌نفال و كیمیابارانی میللـه‌كه‌مان له‌بیره‌وه‌ری گه‌له‌كه‌مان ده‌مێنێته‌وه‌و ئێمه‌ش وه‌ك وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌ خزمه‌تی زیاتری وارسی شه‌هیدان بكه‌ین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌م یاده‌ تاڵه‌دا وه‌زاره‌تمان وه‌فدێكی ناردوه‌ته‌ سه‌ماوه‌و سه‌رقاڵی ده‌رهێنان وهێنانه‌وه‌ی رووفاتی قوربانییه‌كانمانین له‌و شاره‌، كه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا دۆزراونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وامه‌ بۆ هاوكا كردنی مووچه‌ی وارسی شه‌هیدان، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌قۆناغی كۆتاییداین به‌م نزیكانه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌مان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.

هه‌ر له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا وتاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌لایه‌ن د. به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران خوێندرایه‌وه‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، له‌تاوانی ئه‌نفالدا نزیكه‌ی 4 هه‌زار گوندی كوردستان خاپووركران و نزیكه‌ی 182 هه‌زار خه‌ڵكی بێ تاوانی گه‌له‌كه‌مان بێسه‌روشوێن كران.

وتیشی: سه‌ربه‌رزین له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌ڵێك ده‌كه‌ین كه‌ خاوه‌نی كیمیاباران و ئه‌نفاله‌، بۆیه‌ له‌عیراقی نوێ ده‌مانه‌وێت سیاسه‌تی قڕكردن له‌گۆڕبنێین و هه‌موو گه‌لی عیراق وه‌ك برا پێكه‌وه‌ بژین.

هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا په‌یامی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق خوێندرایه‌وه‌، له‌په‌یامه‌كه‌یدا عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕایگه‌یاندووه‌، ئه‌نفال تاوانێكی وه‌حشیانه‌ بوو كه‌ سه‌دام دژی گه‌لی كورد كردی و 182 هه‌زار كه‌سی بێتاوانی ئه‌نفال كردو به‌ هه‌زاران كه‌سیشی له‌زێدی خۆیان ئاواره‌ كرد.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ڕاشیگه‌یاندووه‌ یادی قوربانیانی ئه‌نفال له‌ دڵماندایه‌ و ده‌زانین كه‌ برینی ئه‌نفال چه‌ند به‌ژان و قورس و به‌ ئازاره‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت هه‌مووان هه‌وڵبده‌ن كه‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان هه‌ڵده‌رێنه‌وه‌ و روفاتی ئه‌نفالكراوان بگه‌یه‌ندرێته‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان.

عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كان هاوسۆزین و ده‌زانین كه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ زۆر ناخۆشن و كارێكی وه‌حشیانه‌ بوو كه‌ سه‌دام له‌دژی كورد كردی و قورسایی ئه‌و تاوانه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ كه‌ به‌ هیچ وشه‌یه‌ك ده‌رنابڕدرێت.

ئه‌مڕۆ 31 ساڵ به‌سه‌ر  ئه‌نفاڵكردنی خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت.

ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوی رژێمی به‌عس بوو، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ له‌ مانگی شوباتی ساڵی 1988 ده‌ستیپێكرد ھه‌موو ساڵێك بۆ یادی ئه‌نفال له‌ 14ی چوار له‌ھه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌و چه‌ندین چالاكی له‌شاره‌كانی هه‌رێم به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ یاده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن.

له‌ساڵی 2007 حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 14ی 4ی دا كه‌ بكرێت به‌ رۆژی یادكردنه‌وه‌ی تاوانی ئه‌نفال.

جێی ئاماژه‌یه‌، یادی تاوانی ئه‌نفال به‌چه‌ند چالاكیه‌ك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌ركوك و چه‌ند شارو شارۆچكه‌یه‌كی دیكه‌ كرایه‌وه‌و ئه‌و تاوانه‌ شه‌رمه‌زاركرا.


PUKmedia تایبه‌ت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket