riklam

حەملان: لابردنی پاشەكەوت بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە

ئابوری 09:44 AM - 2019-04-11
.

.

رێباز حەملان رایگەیاند: بڕیاری لابردنی پاشەكەوتی مووچە بۆ حكومەتی عیراق دەگەڕێتەوە كە بڕیاریداوە مانگانە بڕی 522 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێریت، دەشڵێت: هیچ بەرنامەیەكمان نیە بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەكان لەفەرمانبەران.

رێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێم بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە:  بڕیاری پاشەكەوتی موچە، بڕیارێكی ناچاری حكومەت بووە، ئێستاش كە بڕیاری لادانی پاشەكەوتی موچە دراوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حكومەتی عیراقی بڕیاریداوە مانگانە بڕی 522 ملیار دینار بنێرێت كە لەوە 68 ملیاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگەیە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە وەك خۆی نەچۆتە جێبەجێكردنەوە تەنها مانگی 453 ملیار دینار دەنێرێت ئێستا دەستمانكردوە بەپێدانی موچەی مانگی یەك كە حكومەتی عیراقی ئەو پارەیەی بۆ مانگی 4 ناردوە، بەڵام هێشتا نەیناردوە لەچەند رۆژی داهاتوو دەینێرێت.

لەبارەی بڕینی مووچەشەوە لەبەغدا، دەڵێت: هەموو موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمەوە كە موچە بەردەوام دەبێت و بەتەواوی دەدرێت بەبێ پاشەكەوت و هیچ گرفتێك نایەتە پێش، چونكە لەسەرەتای دانانی یاسای بودجە بە شێوازێك داڕێژراوە كە ئێمە بتوانین مانگانە 30 رۆژ جارێك موچەی فەرمانبەران بە تەواوی بێ پاشەكەوت بدەین لەو پارەیەی كە لەبەغدادەوە دێت هەروەها لەو داهاتەی لەبەردەست حكومەتی هەرێمە.

وەزیری دارایی هەرێم باسلەوەشدەكات: لەگەڵ بەغدا كە باسی بودجە كراوە پابەندبوونی ئێمە بەتەنها لەسەر 250 هەزار بەرمیل نەوتەكە نیە، بەڵكو لەسەر كۆمەڵێك بابەتی ترە، یەك لەوانە تەعریفەی گومرگە كە ئێستا هەرێمی كوردستان و بەغداد یەك تەعریفەی گومرگیان هەیە، لەسەر باج یەك سیستم جێبەجێ دەكەین ئێستا ئیزدواجیەتی باجمان نە‌هێشتوە.

لەبارەی پرسی نەوتیشەوە، رایگەیاندوە: لەسەر بابەتی نەوتیش گەیشتوینە لێكتێگەیشتنی باش لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە پڕۆسەیەكی دورودرێژەو پێویستە وەفدێك لە ئەنجومەنی نەوت و گاز بچێتە بەغدادكە ئەمەش دەكەوێتە كابینەی داهاتوو.

سەبارەت بەناردنی سێ موچە لەلایەن بەغداوە، رێباز حەملان دەڵێت: لەمانگی یەك و دوو، بەغدا 317 ملیاری ناردبوو، بەڵام ئێمە مووچەی مانگی 10 و 11ی ساڵی 2018 مان پێدا، دواتر لەمانگی 3 بەغدا تەواو كاری 1 و 2 ناردبوو كە 136 ملیارە، بەڵام ئێمە بۆ پێدانی موچە پێویستمان بە 881 ملیار دینارە مانگانە، ئەگەرنا تا ئێستا بەغدا موچەی تەواوی ناردووە بەگوێرەی یاسای بودجە.

لەبارەی وەرگرتنەوەی پێشینەكانیش، دەڵێت: ئێمە كاتی خۆی شتێكمان وت بەهەڵە تەفسیری بۆ كراوە ئەویش وتمان، وەرنەگرتنەوەی پێشینەكان بەهۆی پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوت بوو، بەڵام كە ئێستا نەماوە دەبێت دەست بكرێتەوە بەوەرگرتنەوەیان، بەڵام نەمانوتووە لە ئێستادا بۆیە هەموو ئەو هەواڵانە هی سۆشیاڵ میدیا و سەرچاوەی نادروستن، ئەگەر نا ئێمە لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكمان نیە بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەكان لەفەرمانبەران و هیچ رێنماییەكیشمان لەوبارەیەوە دەرنەكردوە.

رێباز حەملان لەوەڵامی پرسیارێكیشدا بۆ دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان، رایگەیاندوە: لەڕابردوودا پڕۆژە یاسای چاكسازی درایە پەرلەمان بڕگەیەكی ئەو پڕۆژەیە باسی ئەوەیە، دەبێت ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەداهاتوو لەگەڵ بەغدا لەبیرمان نەچێت كە تەئكید لەوە بكەینەوە یەكەم هۆكاری پاشەكەوتكردنی موچە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە یەكەم هۆكاری بەغدا، چونكە بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی خۆ ئەگەر بودجەشی بڕی دەبوو هەر موچەی بناردایە بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم دەستیكرد بەدانەوەی موچە دەبێت بەشە زۆرەكەی حكومەتی عیراق ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت، بۆیە بەدڵنیایی كەدەست كرا بەگفتوگۆ لەگەڵ عیراق لەسەر بابەتە داراییەكان و نەوت ئەوە یەكێكە لەبابەتە سەرەكیەكان.

PUKmedia 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket