riklam

حكومه‌تی هه‌رێم و كورسی په‌رله‌مانی زۆر

بیروڕا 02:53 PM - 2019-03-31
.

.

 هیچ گومانم نیه‌ ئه‌و ولاتانه‌ی كه‌ پیشتر دژی راپرسی كورد بوون له‌ عیراق لاریان له‌ بوونی كورد به‌ دوله‌ت بوون نیه‌، به‌ڵام گومانیشم نیه‌  نایانه‌وێت له‌ژیر سایه‌ی ئه‌م  سه‌ركردایه‌تیه‌ سیاسیه‌ی ئه‌مرۆی كورد ببیته‌ دووله‌ت چونكه‌ له‌ گه‌لی كورد باشتر ده‌یانناسن.

بیرمه‌ هه‌ر دوای راپرسیه‌ شومه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی كوردستان به‌ماوه‌یه‌ك هه‌م ئه‌مریكاو هه‌میش فه‌ره‌نسا  له‌ كاتی پێشوازییان له‌ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی له‌ داخۆیانیه‌ فه‌رمیه‌كانی خۆیاندا وتیان ؛(( ئێمه‌ پشتیوانی حكومه‌تێكی به‌هێزی هه‌رێم له‌ عێراقێكی یه‌كگرتوودا ده‌كه‌ین به‌ قیاده‌ی ئه‌و دوو جوامێره‌))  ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وردی بكه‌ینه‌وه‌ پێمانده‌لیت ئه‌وان پشتیوانی سه‌ركردایه‌تی نوێی كوردستان ده‌كه‌ن و پێمانده‌ڵێن سه‌ركردایه‌تی كۆنی شاخ و حه‌ره‌سی قه‌دیمی كوردستان باویان نه‌ماوه‌و پێوسته‌ خه‌ڵكی نوێ بیته‌پێشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌و وڵاتانه‌ وه‌ك په‌روه‌ردگار مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن رێی باشوخراپ، هه‌ڵدیرو پێگه‌یشتن به‌ ئامۆژگاری ته‌واوه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن، ماوه‌ته‌وه‌ تۆی هه‌ڵبژێردراوی جوامێر.. باش مامه‌ڵه‌بكه‌یت و بتوانیت خۆت رابێنیت تا ببیته‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی كه‌ وڵاتان ئومێدیان پێته‌،  ئایا ئه‌و جوامێرانه‌ له‌م بابه‌ته‌ تێگه‌یشتوون یان نا ؟؟ من نازانم خۆیان و زه‌مه‌ن و راده‌ی مامه‌ڵه‌ی حیزبه‌كانی خۆیان و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌یان تاچه‌ند له‌گه‌لیان ته‌بان یان دردۆنگن لێیان، ئه‌وانه‌ بڕیارده‌ده‌ن نه‌ك من. با له‌مه‌ گه‌ڕێین بۆ زه‌مه‌ن و چه‌ند مانگی داهاتوو. 
 
بێمه‌سه‌ر حكومه‌ته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان، ئایا ته‌شكیلده‌كریت یان نا..و كه‌ی و چۆن؟!

پارتی خاوه‌نی 45 كورسی په‌رله‌مانه‌و كردویه‌تی به‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی سه‌ر زمانی و چ له‌ عێراق و چ له‌ كوردستان به‌خۆبادان و فیزه‌وه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌ڵێت؛(( ئێمه‌ زۆرینه‌ی ره‌هامان پێیه‌و له‌عێراقیش یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ته‌رازویه‌كین به‌لای به‌رژه‌وه‌ندی خۆمانداو ته‌نانه‌ت جارجار ده‌شڵێین ده‌توانی هاورێ له‌گه‌ڵ ورده‌ كورسیه‌كانی گرووپ و كۆتاو كه‌مایه‌تیه‌كانی تری كوردستان ته‌نها به‌چاوسوركردنه‌وه‌یه‌ك ببنه‌ 56 كورسی و هه‌موو بڕیارو پۆست و شتێك له‌په‌رله‌مانی كوردستان بێ كێشه‌ تێپه‌ڕێنن )) تائیره‌ قسه‌ی پارتیه‌و با سه‌رنج بده‌ینه‌ ئه‌م گوفتاری پارتیه‌ بۆ هه‌موو كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌و ته‌نانه‌ت ئێران و ئه‌مریكاش كه‌ دوو خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی حه‌یاتین له‌ عیراق و كوردستان، به‌ڵام من ده‌پرسم ئایا ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی پارتی و خۆبادان به‌ كورسی زۆری په‌رله‌مانه‌ بۆته‌ خێرو به‌ره‌كه‌ت بۆیان یان وه‌ك مۆته‌كه‌ ده‌بێت و زیانی له‌ سوودی كه‌متر نابێت ؟!ئه‌مه‌ش بۆ خوێنه‌ر جێدێڵم.

بێمه‌ سه‌ر بابه‌تیكی تر كه‌ پارتی و گۆڕانی تێكه‌وت ریكه‌وتننامه‌ی مێژووییان واژۆكردو ئێستا پارتی پێیوایه‌ گۆرَان فێڵی لێكردوه‌و گۆڕانیش زۆر زیاتر له‌جاران سه‌نگ و قورسایی خۆی له‌ده‌سداوه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌رداو سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ زه‌نگی خه‌ته‌ری دا به‌گوێی گه‌وره‌ زلهێزه‌كانی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ عێراق و كوردستان هه‌یه‌و  پێیوتن پارتی به‌ئاسانی سه‌ركێشی گه‌وره‌ده‌كات و  پێویسته‌ فۆرمه‌ڵه‌بكریت و ئه‌مه‌ش بوو به‌كێشه‌یه‌كی تر بۆ پارتی نه‌ك خێرو به‌ره‌كه‌ت، چ له‌ناوخۆی پارتی یان ناوچه‌كه‌ یان كوردستان و چ له‌گه‌ڵ گۆڕانیش و سه‌رجه‌م حیزبه‌كانی تری كوردستان.

بێمه‌ سه‌ر ئیراده‌ی وڵاتانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ له‌كوردستان به‌تایبه‌ت و له‌عێراقیش به‌گشتی كه‌ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاو ئێرانه‌، ده‌پرسم ... ئایا ده‌هێڵن ته‌رازووی هێز بۆپارتی و له‌ دژی یه‌كێتی لاسه‌نگ ببێت و پارتی ببێته‌ ئه‌و گونده‌یه‌ی كه‌ هه‌ركات ویستی ببێته‌ (( السوسلس لموعه‌تیل )) چ له‌عێراق و چ له‌كوردستان و جارێكی تریش كه‌ڵكه‌ڵه‌ی راپرسی بخاته‌وه‌ مێشكی كوردان و به‌ قه‌لبه‌یه‌كی تریانا بدات به‌سه‌ركێشیه‌كی تر  وه‌ك راپرسیه‌كه‌ی كردی؟! ئه‌م پرسیاره‌ش بۆ خوینه‌ر جێدێڵم.

له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو تێبینی و سه‌رنجه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو مینه‌ چێنراوه‌ی به‌رده‌می پارتی و به‌رده‌می هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌كانی كوردستان  ئایا ئیراده‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌یه‌؟! پێموایه‌ وڵاتانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ له‌كوردستان به‌و هه‌موو بیم و ترسه‌وه‌ له‌ سه‌ركێشیه‌كانی پارتی و خۆ به‌خاوه‌ن 56 كورسی په‌رله‌مانی و پێداگرییان له‌سه‌ر زۆربه‌ی پۆسته‌كانی گرنگی كوردستان و پێشتریش كێشه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمارو ناردنی كاندیدێك كه‌ به‌ ئیشاره‌تێكی كاك مه‌سعود بجوڵێت و بێت و بڕوات و ئه‌و هه‌موو كێشه‌یه‌ی كه‌ كاتی راپرسیه‌ شومه‌كه‌ بۆ وڵاتان و عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی دروستكرد،  ناكرێ و نابێت بهێڵن ئه‌و حكومه‌ته‌ی كوردستان به‌ ئاسانی بۆ پارتی و به‌پێی خواسته‌كانی پارتی له‌دایكبێت.
 
به‌تایبه‌ت كاتێك به‌رێز مه‌سرور بارزانی كوره‌ گه‌وره‌ی كاك مسعود سه‌رۆكی ئه‌و حكومه‌ته‌ بێت و وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رێز كاك مه‌سعود كابینه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات و ئه‌وكات یه‌كێك له‌ دوو جوامێره‌كه‌ی پێشوو كه‌ وڵاتان به‌سه‌ركرده‌ی داهاتوی كوردستانیان ده‌زانی بچێته‌ دواوه‌و ببێته‌ سه‌رۆك هه‌رێمێكی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا كه‌ ده‌سه‌لاته‌كانی پرۆتۆكۆلی بێت و هیچی تر.

 جا كێ ده‌ڵێت ئه‌و وڵاتانه‌ پێیان باشه‌ ئه‌و پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ هه‌ر بمێنێت و ورده‌ورده‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌رێمه‌ی ساڵان حاكمی راسته‌قینه‌ی كوردستان بوو سه‌رۆك و سیاسیه‌كانی به‌ كه‌یفی خۆیان سه‌ولات و جه‌ولاتی دنیایاین ده‌كرد ورده‌ورده‌ بچوكی بكه‌نه‌وه‌و تابچێته‌وه‌ جوغزی بچووككراوه‌ی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بێته‌ سنوری ئیداراتی محه‌للی له‌شاره‌ كوردیه‌كان تاجاریكی تر خۆشخه‌یاڵی راپرسی نایانباته‌وه‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی پێشوو. 
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو پرسیارو گریمانه‌یه‌ش هێشتا گه‌شبینم و هیوادارم هه‌موو پێشبینیه‌كانی من راست نه‌بێت و حكومه‌تی هه‌رێم زوو پێكبهێنرێت و جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان بحه‌سێنه‌وه‌.

ئیبراهیم سلیمان- سوید

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket