riklam

خاتوو شاناز: سەركەوتنی هەدەپە دەبێتە باشترین وەڵام بۆ شەڕخوازان

ی.ن.ک‌‌ 05:15 PM - 2019-03-30
.

.

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانیی خۆی بۆ هەدەپە دەردەبڕێت و هیوا دەخوازێت، كە لە باكوری كوردستان بوایە و ماڵ بە ماڵ دەنگی بۆ هەدەپە كۆكردایەتەوە، دەشڵێت، سەركەوتنی هەدەپە دەبێتە باشترین وەڵام بۆ شەڕخوازان.

لە چاوپێكەوتنێكیدا خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەڵامی چەندین پرسیار دەربارەی پشتیوانییان بۆ پارتی دیموكراتی گەلان-هەدەپە لە هەڵبژاردنی 31ی ئازار، یەكگرتنی لایەنە سیاسییەكانی باكوری كوردستان، مانگرتنەكان دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەكەكە كە بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن دەستیپێكردووە و دژایەتیی دەوڵەتی تورك بۆ كوردستان، دەداتەوە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە :

٣١ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە باكوری كوردستان بەڕێوەدەچێت، گرنگی سەركەوتنی كورد لەم هەڵبژاردنەدا چییە؟

"سەركەوتنی هەدەپە دەبێتە باشترین وەڵام بۆ شەڕخوازان"

-خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : بێگومان لە ڕەوشێكی ئاوادا كە زۆربەی هاوسەرۆكانی شارەوانییەكان یان دوورخراونەتەوە یان لە زینداندانن، باشترین پەیام بۆ ئەوانەی كە دژی ئاشتی و پێكەوەژیانن، دژی ئەمن و ئاسایش و مافی مرۆڤن، ئەوەیە كە كورد بە سەركەوتوویی ئەم هەڵبژاردنە بەڕێبكات، ئەوەش باشترین وەڵامە بۆ شەڕخوازەكان كە لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێندرێت بۆ كورد، ئەو سەركەوتنە دەبێتە گەورەترین وەڵام.

-لە ژێر چەتری هەدەپە هەشت لایەنی كوردیی پێكەوە چوونەتە ئەو هەڵبژاردنەوە، تاچەند ئەم یەكگرتووییە بە گرنگ دەزانن؟

"دەتوانین بە یەكگرتن و یەكڕیزیی دژی گەورەترین داگیركەری خاكەكەمان بووەستینەوە"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : بێگومان ئەوە یەكێكە لە گرنگترین ئەو هەنگاوانەی كە نراوە، پێویستە هەموو حزبە سیاسییە كوردییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا ئەو یەكگرتووییە پەیڕەو بكەن، با ئەگەر تەنها بۆ جارێكیش بێت تەبایی و یەكبوون و یەكدەنگیمان بۆ هەموو دنیا بیسەلمێنین، بەو یەكگرتن و یەكڕیزییە دەتوانین دژی گەورەترین داگیركەری خاكەكەمان بووەستینەوە، نموونەی زۆر جوان هەیە لە باكور و ڕۆژئاوای كوردستان، ئومێدەوارم كە ئەم یەكگرتنەش ببێتە نموونەیەكی دیكە، بۆ ئەوەی سەری كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان بەرز بكاتەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كە بە یەكدەنگیی و یەكڕەنگیی دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو ئاستەمەكان ببینەوە.

- ئایا دەتواندرێت ئەم یەكگرتنە ببێتە وەڵامێك بۆ ئەو هەڕەشە و تاوانانەی، كە ئەردۆغان دژی كوردان ئەنجامی دەدات؟

"ئەزموونی دوژمنایەتیی ئەردۆغان كوردی هێنایە ژێر یەك چەتر"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : ئەردۆغان هەمیشە بە شێوازێكی شەڕخوازانە مامەڵەی لەگەڵ حزب و ڕێكخراوە سیاسییە كوردییەكان كردووە لە باكوری كوردستان، ئەو دژایەتییكردن و سەركوتكردن و بەندكردنە كارێكی وایكرد، كە خەڵكەكە بەهۆش خۆی بێتەوە و ئەو ئەزموونە بكەنە دەروازەیەك بۆ ئەوەی لەژێر یەك چەتردا كۆببنەوە و پێكەوە ڕووبەڕووی ئەو ستەمكارییە بووەستنەوە، كە ئەمەش گرنگییەكی زۆر زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ ئێمەی گەلی كورد، وە من هیوادارم كە جگە لە كوردی باكور، نەتەوە و باوەڕییە جیاوازەكانی دیكەش دەنگ بە هەدەپە بدەن، چونكە كە تۆ ئاشتی و ئارامیی و سەربەزیت بوێت، دەبێت ئەو پارتە هەڵبژێریت كە دروشمەكانی بە كردار سەلماندووە.

-ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخێكدا بەڕێوەدەچێت ئەردۆغان بە كورد دەڵێت لە توركیا شتێك نییە بەناوی كوردستان، لە بەرامبەردا تا چەند گرنگە لە پارچەكانی دیكەی كوردستانەوە پشتیگریی هەدەپە بكرێت؟

"لەوانەیە لە نەخشەی ئەردۆغاندا كوردستان نەبێت، بەڵام لە دڵی من و ملیۆنان كورد-دا كوردستان هەیە"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : بێگومان پشتگیرییكردنی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستانەوە بۆ هەر پارچەیەكی كوردستان گرنگییەكی زۆر تایبەتی هەیە، ئێمە تەنها بەوە دەتوانین بیسەلمێنین كە یەكین، ئەردۆغان با هەر بڵێت كوردستان نییە، لەوانەیە لە نەخشەكەی ئەودا كوردستان نەبێت، بەڵام لە دڵی مندا كوردستان هەیە، لە دڵی ملیۆنەها كورد-دا كوردستان هەیە، بەپێی نەخشەكەی ئەو سوریا و عێراقیش نییە، بەپێی نەخشەكەی ئەو كەركوك و موسڵ و خانەقینیش بەشێكن لە توركیا، لەبەر ئەوە نەخشەكەی ئەو زۆر هەڵەیە.

-كاریگەریی سیستمی هاوسەرۆكایەتیی كە هەدەپە پەیڕەوی دەكات، تاچەند گرنگە بۆ دیموكراتیزەكردنی ئیدارەدان، دەبێت ژنان چۆن پشتگیریی ئەم سیستمە بكەن؟

"لەڕووی سیاسیی، ئیداریی و دیموكراسیشەوە سیستمێكی زۆر گونجاوە"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : لە ڕاستیدا لەڕووی سیاسیی، ئیداریی و دیموكراسیشەوە سیستمێكی زۆر گونجاوە، ئەوەنەی كە تاوەكو ئێستا كاری پێكراوە سیستمێكە كە مایەی دڵخۆشییە، بەتایبەتیش لەو ڕوانگەیەی كە دەرفەتێكی زیاتر بۆ ژنان ڕەخساوە لەو سیستمەدا، ژن توانیویەتی لەو سیستمەدا بۆ كۆنەپەرست و پیاوسالارەكانی بسەلمێنێت كە ژن نەك هەر دەتوانێت ماڵ بەڕێوەببات، دەتوانێت سیاسەتیش بكات و لە مەیدانی جەنگیشدا و لە سەرۆكایەتیی حزبیشدا هەر سەركەوتن بەدەستبهێنێت.

-142 ڕۆژە مانگرتنی لەیلا گوڤەن دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، سەرنجی ئێوە لەسەر ئەم چالاكییە چییە كە بە پێشەنگایەتیی ژنێك دەستیپێكردووە؟

" شۆڕشی باكور و ڕۆژئاوای كوردستان شۆڕشی ژن بوو"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : شۆڕشی باكور و ڕۆژئاوای كوردستان شۆڕشی ژن بوو، شۆڕشێك بوو كە ژن بۆ هەموو جیهانی سەلماند، كە چ هێز و بڕوایەكی هەیە و چ خۆشەویستییەكی بۆ خاكەكەی هەیە، وە سەلماندی كە چ خۆشەویستییەكیشی بۆ گەلەكەی هەیە، ئەمە ئیرادە و هێزی ژنی بۆ هەموو جیهان سەلماند، ئەو دەستپێشخەرییەی لەیلا گوڤەنیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیرادە و هێز و توانا و خۆشەویستییە، بۆ ئەو باوەڕەی كە بە دۆز و ئازارەكەی خۆی هەیەتی، ئەو كۆڵی نەدا و لە كونجی زیندان دابنیشێت تاوەكو دواڕۆژی بەچی دەگات، ویستی لەناو كونجی زیندانیشدا بیسەلمێنێت بۆ هەموو جیهان، كە وەك ژنێك خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی و خۆی بڕیار لە دواڕۆژی خۆی دەدات، بۆ پرسێك كە خۆی باوەڕی پێیەتی.

-ئەم مانگرتنانە لە هەرچوار پارچەی كوردستان و تاراوگەش بەردەوامە، تاچەند گرنگە لایەنە سیاسییەكانیش هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن؟

"ئەگەر پارتە سیاسییەكان گوێ لە داخوازیی گەلەكەی خۆیان نەگرن، لە مێژوودا نامێنن"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : بێگومان زۆریش پێویستە، پارتی سیاسیی كێن بەبێ گەل، ئەگەر پارتە سیاسییەكان گوێ لە داخوازیی گەلەكەی خۆیان و داخوازیی جەماوەی خۆیان نەگرن، سبەینێ لە مێژوودا نامێنن، هەموو شتێك لە شەڕ و كوشتن و بڕین تاقیكرایەوە، بەڵام هیچی سەری نەگرت، بەدرێژایی مێژوو شەڕ نەبووەتە هۆی ئاشتی، بۆیە ئەو كەسانەی كە شتێكیان هەیە و باوەڕیان پێیەتی، زۆر جار بە مانگرتن خۆیانی بۆ دەكەنە قوربانی، لە پێناو ئازادییەكدا لە پێناو سڕینەوەی فرمێسكی چاوی دایكان، لە پێناو ئەوەدا كە ڕێگا نەدەن هیچ دایكێكی دیكە فرمێسكی بكەوێتە بەرچاو، ئەوەش بەڕاستیی دەبێت بە گەورەیی سەیربكرێت، لە ڕابردووشدا ئێمە نموونەی یەكگرتنی كوردمان بینی لە بەرخۆدانی كۆبانێدا، كە باشترین نموونە بوو بۆ گەلی كورد، كورد توانی لە پرسی كۆبانیدا نیشانی هەموو جیهانی بدات، كە ئێمە یەكین و پشتی یەكتر دەگرین، ئەگەر ئێمە یەكبین هەرگیز دوژمنەكانمان ناتوانن بەكارمانبهێنن، هەرگیزیش ناتوانن لایەنێك دژ بە لایەنێكی دیكەی كوردی بەكاربهێنن.

- دەوترێت ئەگەر دەوڵەتی تورك نەگەڕێتەوە بۆ ئیمرالی پرۆسەی ئاشتیی پێكنایەت، ئێوەش لەگەڵ ئەم بۆچوونەن؟

"ناتوانی باس لە ئاشتیی بكەی لەكاتێكدا هەموو كۆترەكانی ئاشتیت خستبێتە قەفەزەوە"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : لە ڕاستیدا ناتوانی باس لە ئاشتی بكەی لەكاتێكدا كە هەموو كۆترەكانی ئاشتیت خستبێتە قەفەزەوە، ناتوانی باس لە پێكەوەژیان بكەی، لەكاتێكدا نیوەی خەڵكت لە ژیان بێبەش كردبێت، ئەگەر تۆ باسی ئاشتیی دەكەی، بەڕاستیی دەستی ئاشتیی و دۆستایەتی درێژ بكە، ناكرێت تۆ ماوەی ٢٠ ساڵە سەرۆكێكت خستووەتە زیندانەوە و باسی ئاشتیش دەكەیت، هەركەسێكیش دێت دەستی ئاشتیت بۆ درێژ دەكات و بەرەو سندووقەكانی دەنگدان دەچێت و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە ئاشتی بچەسپێنێت، بەڵام ئەویش دەخەیتە زیندانەوە، ئەی كام ئاشتییە كە تۆ باسی لێوە دەكەی؟

- لە نەورۆزدا دەوڵەتی تورك ناپاڵمی لە شارۆچكەی قەڵادزێ خستەخوارەوە، ئەمە چ پەیامێك بوو، پێویستبوو حكومەتی هەرێم چ هەڵوێستێكی هەبێت؟

"ئەوەی من و سەدان هەزار كەسی دیكە نیگەران دەكات، بێدەنگیی خۆمانە"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : من چەندین جاری دیكە هەڵوێستی خۆم سەبارەت بە بێدەنگیی حكومەت و پەرلەمانی باشوری كوردستان و عێراقیش دەربڕیوە، هەركات كە باسی ئازادیی و سەربەخۆیی بكەین، ئەوەمان بەگوێدا دەدەنەوە كە ئێمە بەشێكین لە عێراق، بەڵام كە هاتە سەر باسی بۆردوومان، بیریان دەچێتەوە كە ئێمە بەشێكین لە عێراق، عێراقیش بەرامبەر ئەو بۆردوومانانە بێدەنگە، بەڵام ئەوەی كە من و سەدان هەزار كەسی دیكەش نیگەران دەكات، بێدەنگیی خودی خۆمانە بەرامبەر بەو تاوانانەی كە دەكرێت، هیچ ناپاڵمێك لە خۆڕا لە ئاسمانەوە بەرنابێتەوە وەك ئەوەی كە باسیان دەكرد كە نەناسراوە، تەنانەت ئاماژەكردن بە هەواڵەكەش زۆر ناشرین بوو.

-لە هەرچوار پارچەی كوردستان بەشدارییەكی فراوان هەبوو بۆ جەژنی نەورۆز، پێتان وایە نەورۆزی ٢٠١٩ چ پەیامێكی گەیاند بۆ یەكگرتنی كورد؟

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە چاوی بە فرمێسكەوە ئەم پارچە شیعرەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی باوكی و سیاسەت مەداری گەورەی گەلی كورد دەخوێنێتەوە :

كوردە توو خاكی لەت لەت كراوت

توو بەری ڕەنجی بەزۆر براوت

توو كوردستانی بە خوێن گوڵگونت

تووبی قەندیل و پیرەمەگرونت

توو دڵی بوكی زاوا كوژراوت

توو شەهیدانی گشت كوردستانت

كوردە قوربانە ڕۆژێكە و ئەمڕۆ

بە قسەی دوژمن مەبە دەستخەڕۆ

هەر بە ویستن و تەبایی و خەبات

گەلانی جیهان گەیشتوونە ئاوات

تەبایت هەبێ چیت لەوان كەمە

هەر ناتەبایت سەرچاوەی خەمە

-لە كۆتاییدا چۆن دەتوانن گوزارشت لە هەستی خۆتان بكەن بۆ پشتیوانیی هەدەپە؟

"پێمخۆش بوو لەوێ بوومایە و دەرگا بە دەرگا دەنگم بۆ هەدەپە كۆكردایەتەوە"

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : لە ناخی دڵمەوە هیوای سەركەوتن بۆ هەدەپە دەخوازم، پێمخۆش بوو كە لەوێ بوومایە، بۆ ئەوەی كە دەرگا بە دەرگا بگەڕامایە و داوام لە هەموو كەسێكی ئاشتیخواز بكردایە، كە دەنگ بە هەدەپە بدەن، دووبارە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، دەستی هەموو ئەوانە دەگووشم كە دەنگ بە هەدەپە دەدەن، وە سەری ڕێز بۆ هەموویان دادەنەوێنم، هیوادارم كە بتوان دژ بە داگیركەران و ستەمكاران و شەڕخوازان بووەستنەوە.

PUKmedia  رۆژنیوز 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket