riklam

كۆڕەو .. وێستگەیەك بۆ

بیروڕا 12:06 PM - 2019-03-30
.

.

لە 28 مین ساڵیادیدا ... كۆڕەو .. وێستگەیەك بۆ یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردو باشتركردنی گوزەرانی هاوڵاتیان

دوای ئازادكردنی تەواوی شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەژێر دەستی رژێمی داگیركەری بەعس لەمانگی ئازاری 1991دا ، بەهۆی دڕندەیی رژێمی بەعس و كاریگەری ئەو سیاسەتە گڵاوانەی كە پیًشتر ئەو رژێمە فاشیستە بەتایبەتیش  كە لەهەشتاكانی سەدەی رابردوو  لەكوردستاندا پەیڕەوی دەكردن و لەهەمان كاتیش بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی تەرازووی هێز لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو جەماوەری خۆڕاگری كوردستان لەلایەك و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی داگیركەر بەتایبەتی لەرووی لۆجستی و تەكنیكی سەربازیەوە لەلایەكی ترەوە ، زۆری نەبرد بارودۆخەكە لە كوردستاندا بەئاراستەیەكی پێچەوانە لەراپەڕین و هێرش بردنەوە گۆڕاو بووە هۆی شلۆق بوونی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەو دابەزینی وورەی جەماوەرو پاشە كشە كردنی هێزی پێشمەرگە لەزۆربەی ناوچە ئازادكراوەكان و لەئەنجامیشدا  كۆڕەوە مەزنەكەی بەهاری 1991ی لێكەوتەوە ، كە لەم كۆرەوە مەزنەدا سەدان هەزار خێزانی كورد ماڵ وحاڵی خۆیان جێ‌ هێشت بەرەو ناوچە شاخاویەكانی سنووری هەردوو ووڵاتی توركیا وئێران سەرگەردان ودەربەدەر بوون ، لەم كاتەشدا خەڵكی كوردستان گەورەو بچوك بەپیاو و ژن و منداڵ لەتەواوی پێكهاتە وچین وتوێژەكانەوە  بۆ رزگاربوون لە چنگی رژێمی داگیركەری بەعس وڕەتكردنەوەی زوڵم و سیاسەتە چەپەڵەكانی لەكوردستاندا ، یەك بڕیارو یەك هەڵوێستی خۆی پیشاندا، ئەویش جێ‌ هێشتن و چۆلكردنی ناوچە ئازاد كراوەكان بوو، بۆیە خەڵكی كوردستان بەكۆچێكی ملیۆنیەوە رووی لە ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان كرد.

جێگەی داخە كە دیمەنەكانی ئەوكاتەی كۆڕەوە مەزنەكە پڕبوون لە ئازارو نەهامەتی وساردی وسڕی وحەسرەت وغوربەتی ئاوارەیی و دوورە ووڵاتی وپەڕاگەندە بوونی خێزانەكان لەیەك دابڕانی خزم وكەسان لە یەكتری، كەهیچ كەسێكیش نەبوو لەم رۆژگارەدا نازی نەخۆش وپیرو پەككەوتە و منداڵە چاوگەشەكان هەڵ بگرێت، هەموو ئەو مەینەتی و دەردەسەری ئەو كاتانە گوزارشت بوون لەمەزڵومیەت و ئیرادەی  میللەتێك كە چیتر نایەوێت لەژێر زوڵم وچەوسانەوەدا بژێت ، بۆیە ئەم گەلە چەوساوەیە بەتێكڕاییەوە وای بەچاك زانی كەئەگەر خاكەكەشی لێ‌ داگیر بكرێت ، بەڵام دەیەوێت مێژوویەكی پاك و بێگەرد بۆ خۆی و نەوەكانی داهاتووی تۆمار بكات و چۆك بو دوژمنەكانی دانەدات، هەروەها دەبێت ئەوەشمان لەیاد نەچێت كە گەلی كورد هەمیشە بەهیواو ئیرادەیەكی بەهێزەوە درێژەی بە شۆڕش وخەباتی چەكداری و سیاسی خۆی داوە لەپێناوی هێنانەدی ئامانجە ڕەواكانی، بۆیە ئەم كۆڕەوە مێژوویەش وەك بەشێكی گرنگ لەدرێژەدان بەخەبات و تێكۆشانی میللەتەكەمان هەژمار دەكرێت.

    كۆڕەوە مەزنەكەی بەهاری 1991 ویژدانی مرۆڤایەتی ورای گشتی جیهانی هێنایە هەژان، لەهەمان كاتیش مەینەتی و تراژیدیاكانی ئەم رووداوە جەرگبڕە زەنگێكی مەترسیدار بوو كە بەهۆیەوە هاوپەیمانان ووڵاتە بڕیار بەدەستەكانی جیهان لە كێشەی كورد ومەینەتیەكانی بەخەبەر بێنەوە بەهانای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێن لە ژێر زوڵم وستەمی رژێمی كۆنەپەرستی بەعسی خوێنمژی ئەو كاتە رزگاری بكەن ، سەرەنجامیش بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی لێكەوتەوە كە بە پێ‌ ی ئەم بڕیارە ناوچەیەكی ئارام ودژە فڕین لە كوردستاندا دیاری بكرێت و هێڵی سوور بۆ هەرەشەو مەترسیەكانی ئەوسای رژێم دابنێن و پارێزگاری لە ژیان وگوزەران و مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن ، بۆیە لێرەشەوە پێویستە ئاماژە بەم راستیە بكەین كە هەرچەندە زۆرینەی خەڵكی كوردستان روویان لە ناوچە سنووریەكان كردبوو،  بەڵام بەشێكی زوری هێزی پێشمەرگە و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانیش لەدەرەوەی شارە گەورەكان و ناوچە شاخاویەكان مابوونەوەو بەوورەیەكی پۆڵایینەوە لەچوارچیوەی بەرەیەكی یەكگرتوودا رووبەڕووی پەلامارەكانی رژێم ببونەوەو توانراش لەدوا ساتەكانی پەلامارو رووبەڕووبونەوەكاندا گەورەترین سەركەوتن وداستانی رزگاری  لەناوچەكانی هێڵی تەماس لەكۆڕێ‌ وشاخی ئەزمەڕدا تۆماربكەن و بەگوڕوتینێكی بەهێزەوە بەر لەهێرش و پەلامارەكانی دوژمن بگرن و زەبرێكی كوشندە لەرژێم و هێزە فشۆڵەكەی بوەشێنێت و شوێنەواری ئەمەش ئێستاش بەدەبابە سووتاوە جێ‌ ماوەكانی رژێمەوە لەم شوێنانەدا دیارە .

    دوای دەركردنی بڕیاری (688) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوكاری كردنی وڵاتانی هاوپەیمان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بۆ خەڵكی لێقەوماوی كوردستان و هەروەها بەهۆی خۆڕاگری ئیرادەی جەماوەرو هێزی پێشمەرگە ئەوەبوو زۆری نەبرد پەیتا پەیتا خەڵكانی ئاوارە گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ وحاڵ و شوێنی خۆیان ، ئەمەش وایكرد كەرژێم ناچاربێت هێزەكانی خۆی لەزۆربەی هەرە زۆری ناوچە ئازادكراوەكانی ئەم كاتە چۆل بكات ، بەڵام بەمەبەستی پەكخستنی كاروباری ئیداری و خزمەتگوزاری ناوچە رزگاركراوەكانەوە لەم كاتەدا ڕژێم هەوڵیدا تەواوی دام ودەزگا ئیداریەكانی خۆی لەهەرێمی كوردستان بكێشێتەوە، بەڵام بەمەبەستی پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە ئیداریە كە لەهەرێمی كوردستان دروست بوو بوو ، ئەوەبوو بەهەوڵ و كۆشش و یەكریزی و ئیرادەی پۆڵایینی بەرەی كوردستانی ئەو كاتەوە، خەڵكی كوردستان لە 19/5/1992 توانی بە تەواوی پێكهاتە وچین وتوێژە جیاجیاكانەوە بەشداری لەیەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستاندا بكات ویەكەمین پەرلەمان وحكومەتی هەرێم بهێنێتە بەرهەم و دواتریش هەر لە هەمان ساڵدا دروشمی فیدراڵی لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بەرز كرایەوەو ئێستاش كە 25 ساڵ بەسەر ئەم كۆڕەوە مەزنە تێ‌ دەپەڕێت و لەسایەی ئەم كۆڕەوەو خەباتی خەڵكی كوردستاندا هەشتەمین كابینەی حكومەتی هەرێم درێژەی بەكاروانی حوكمڕانی و ئیداری لەهەرێمی كوردستان دەدات و لەسایەیدا تەواوی ناوچەكانی هەرێم لەهەموو بوارەكانەوە پێشكەوتن و گەشەكردنی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە .


لە كۆڕەوە مەزنەكەی بەهاری 1991دا گەیشتینە چەند دەرئەنجامێك لەوانە :

1- كۆڕەو هەڵوێستی نەتەوەیەكی بەش خوراو بوو كە چارەنوسێكی نادیاری قبووڵ كرد لە پێناو سەرفرازی ورزگاربوون لە زوڵم وچەوساندنەوەو رەتكردنەوەی دەسەڵاتی داگیر كەر لە كوردستاندا .

2- كۆڕەو وێستگە یەكی گرنگی گەیاندنی مەینەتیەكانی خەڵكی كوردستان و كێشە ڕەواكەی بوو بە رای گشتی نێوەندە بڕیار بەدەستەكانی جیهان ولە هەمان كاتیش رووداوێكی سەرنج راكێش ودڵتەزێن بوو كە بەهۆیەوە ویژدانی مرۆڤایەتی هێنایە خرۆشان، هەرچەندیشە لە مێژووی خەباتی رزگاری گەلەكەماندا خەڵكی كوردستان چەندین كارەساتی تری وەكو ئەنفال وزیندە بەچاڵكردن وكیمیا بارانكردنی بەسەردا هاتووە ، بەڵام بەهۆی كپ كردنی دەنگ وئازارەكانی خەڵكی كوردستان بەڕووی جیهانی دەرەوە وپشتگیری نەكردنی گەلی كورد وەكو پێویست لەم كاتانەدا لە لایەن نێوەندە بڕیار بەدەستەكانی جیهانەوە وایكرد كە مەینەتیەكانی خەڵكی كوردستان وكێشە ڕەواكەی بە دەرەوە نەناسرێت وپشتگیری لێ‌ نەكرێت .

3- كۆڕەو دەروازەیەك بوو بۆ خستنە ڕووی تەواوی جینۆسایدو تراژیدیا جەرگبڕەكانی خەڵكی كوردستان كەرژێمی داگیر كەری بەعس لەقۆناغە جیاجیاكانەوە دژ بەم گەلە ستەم دیدەیە ئەنجامی داوون.

4- كۆڕەو فاكتەرێكی بەهێزی هەبوو بۆ جووڵاندنی ویژدانی مرۆڤایەتی و هەست و سۆزی رێكخراوە خێرخوازو مرۆڤ دۆستەكانەوە بۆ ئەوەی زۆر بە گەرمیەوە بەهانای خەڵكی كوردستان بێن وكۆمەك وهاوكاری پێشكەش بە خەڵكە لێقەوماوەكەی بكەن ، بۆیە لەئێستاو داهاتووشمان كۆڕەوە مەزنەكە فاكتەرێكی بەهێزی ناساندن وپشتیوانی كردنی كێشەی ڕەوای گەلەكەمانە بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و تەواوی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان وئاوەدانكردنەوەی شارو دێهاتەكانی هەرێم وبوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری لەكوردستاندا .

  لەكاتی ئێستاشدا كە (28) ساڵ بەسەر ئەم رووداوە مێژووییە جەرگبڕە تێ‌ دەپەڕێت دەبێت ئاكامەكانی ئەم كۆڕەو بكەین بەخاڵێكی وەرچەرخان و دەستكەوتێكی مێژوویی گرنگ بۆ زیاتر لەیەك نزیك بوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەك گوتاری سیاسی كورد لەبەغداو یەكریزی و تەبایی میللەتەكەمان لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەو لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی هاوڵاتیان و خستنەرووی راستیەكان و شەفافیەت بوون لەگەل میللەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەئاستەكانی سەرەوە بۆ خوارەوەو سوود وەرگرتن لەوەبەرهێنانی دەرامەت و سامانە سروشتیەكانی هەرێم بۆ خزمەت و بەرژەوەندی خەلك بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو خەرج كردنی داهاتی نەوت و سوتەمەنی لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژیەكان و داڕێشتنی پلانی ئابووری و ستراتیژی توكمەو كاریگەر بۆ بوژاندنەوەی رەوشی ئابووری لەهەرێمی كوردستاندا.

- فەتاح حەسەن قەڵاتی

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket