riklam

هه‌سه‌ده‌ سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌سه‌ر داعشدا راده‌گه‌یه‌نێت

کوردستان 03:40 PM - 2019-03-23
.

.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" به‌ره‌سمی سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌سه‌ر رێكخراوی تیرۆرستی داعش له‌ سوریا راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ 23-3-2019، له‌ رێوره‌سمێكی فراواندا به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و چه‌ندین به‌رپرسی باڵای ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات"هه‌سه‌ده‌"، به‌ره‌سمی سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌سه‌ر رێكخراوی تیرۆرستی داعش له‌ سوریا راگه‌یه‌نرا.

له‌سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌كه‌دا مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات وتارێكی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌شكردو تێیدا به‌ره‌سمی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر رێكخراوی تیرۆرستی داعشدا له‌ سوریا راگه‌یاند، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌سه‌رجه‌م گه‌لانی سوریا كرد به‌بۆنه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر رێكخراوی تیرۆرستی داعش له‌ سوریا هاتۆته‌دی.

 وتیشی: فاكته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌ بۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ توانیان دوای 5  ساڵ شه‌ڕی به‌رده‌وام و قوربانیدان كۆتایی به‌ گروپی تیرۆرستی داعش له‌ سوریا بهێنن.

راشیگه‌یاند: سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارمان بوون له‌ كۆتایی هێنان به‌ تیرۆرستانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا.

مه‌زڵوم عه‌بدی وتیشی: زۆرسوپاسی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ین له‌ به‌شداریان له‌ كۆتایی هێنان به‌ داعش و داواش له‌ رایگشتی و هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ین به‌رده‌وامبن له‌ هاوكارییه‌كانیان بۆ گه‌لانی سوریا.

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆرستانی داعشدا به‌ خوێنی هه‌زاران تێكۆشه‌ری هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بووه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانیش به‌شداربوون له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا.

 راشیگه‌یاند: هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئازادیان كردووه‌ ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێن.

دواتر نوێنه‌ری ئه‌مریكا له‌ رۆژئاوای كوردستان وته‌یه‌كی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: پیرۆزبایی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م گه‌لانی سوریا ده‌كه‌ین، وتیشی: هه‌سه‌ده‌ قوربانی زۆری به‌خشی بۆ كۆتایی هێنان به‌ رێكخراوی تیرۆرستی داعش له‌ سوریا، كه‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ی رێزو سوپاسه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌.

نوێنه‌ری ئه‌مریكا راشیگه‌یاند: كاری زۆرمان ماوه‌ بیكه‌ین و به‌رده‌وامده‌ین له‌ هاوكارییه‌كان بۆ گه‌لانی سوریا، وتیشی: هێشتا داعش مه‌ترسی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهان بۆیه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وامبین، له‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌.

پاشان ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات رایگه‌یاند: پیرۆزبایی له‌ گه‌لانی سوریا ده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ به‌سه‌ر تیرۆرستانی داعشدا، وتیشی: هه‌سه‌ده‌ هه‌زاران قوربانی به‌خشی له‌ جه‌نگی دژی داعشدا، بۆیه‌ به‌خوێنی ئه‌وان ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌دیهات.

 ئلیهام ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند: هێشتا مه‌ترسی داعش ماوه‌ بۆیه‌پاش ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ش قۆناغێكی تری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ ئه‌ویش له‌ناوبردنی شانه‌ نوستووه‌كانی رێكخراوی تیرۆرستی داعشه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌یان زۆر گرنگه‌.

 وتیشی: ئۆپراسیۆنه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ناده‌ین هزرو كلتووری تیرۆرو تۆقاند بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێنج ساڵه‌ له‌ جه‌نگداین بۆ له‌ناوبردنی سته‌مكاری و توندڕه‌وی له‌ناوچه‌كه‌داو له‌و پێناوه‌شدا هه‌زاران قوربانیمانداوه‌، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆرو تۆقاندن و توندوتیژی ناده‌ین.

PUKmedia تایبه‌ت  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket