riklam

مەلا بەختیار: پێویستە لەبنچینە وردەكانی دیموكراسی تێبگەین‌

ی.ن.ک‌‌ 10:14 AM - 2019-03-20
.

.

هەریەك لەڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی (رێكخراوی شاوڵین كلاسیك، ڕێكخراوی تەندروستی كوردستان، رێكخراوی سروشتی شاخەوانی كوردستان، ڕێكخراوی هەڵوی سور، ڕێكخراوی گەشەپێدانی گەشتوگوزار) سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان كرد.

لەدیدارێكیشدا كە دوێنێ 19ی ئاداری 2019 بەڕێوەچوو، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە گرنگە كۆمەڵێك رێكخراو لەڕوانگەی جیاواز جیاوازەوە تێبكۆشن بۆ كۆمەڵی مەدەنی و ئێستا كۆمەڵی مەدەنی لەدەرەوەی دەسەڵاتی حزب و حكومەت، بۆتە ئامانجێكی گشتگیرو هەمەلایەنە، بۆ هەمو رێكخراوەكان، لایەنەكان، ئێجی ئۆكان‌و تەنانەت بۆ هەر تاكێكیش بۆتە ئامانج.

رونیشكردەوە: ئەگەر لەرابردوودا خەبات لەپێناو كۆمەڵی مەدەنی، تێگەیشتنی كەم بووبێت‌و قبوڵكراو نەبووبێت، بەڵام وردە وردە لەدوای ساڵی (1999)ەوە ئەم خەبات‌و تێگەیشتنە بۆ كۆمەڵی مەدەنی، بۆ مافە مەدەنییەكان‌و ئەركە مەدەنییەكان پەرەیسەندووە.

وتیشی: ئێستاش لەدوای چارەكە سەدەیەك لەخەبات بۆ كۆمەڵی مەدەنی، دەتوانم بڵێم هۆشیاری بۆ ئەوەی كە كۆمەڵی مەدەنی گرنگە، هۆشیاری بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵی مەدەنی و پێگەیاندن‌و تێگەیاندنی كادرو هەڵسوڕاو بۆ ئەوەی كۆمەڵی بونیادبنرێت، فراوانبووە‌و ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: ئێستا هیچ حزبێك نییە لەكوردستان‌و لەبەرنامەی خۆیدا، باسی بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی نەكردبێت، بەچەپ‌و راستەوە.

ئەمەشی بە بەڵگەی ئەوە هێناوە كە نەك هەر لەناوخۆماندا خەریكە بەرەو پیری كۆمەڵی مەدەنی‌و خەبات بۆ بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی دەكەین، بەڵكو تێگەیشتنمان بۆ مەدەنییەت، تێگەیشتنێكی فراوانترە لە تێگەیشتنە لۆكاڵی نیشتمانییەكە‌و بۆتە تێگەیشتنێكی جیهانی بۆ ئێمە. هەروەك چۆن هەندێك رۆژ هەیە لەدنیادا، لەڕۆژێكی نیشتمانییەوە، خەریكە بەتەواوی دەبێتە رۆژی مرۆڤایەتی.   

هەر لەو روانگەیەشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەگەر هەر چینێك، كۆمەڵێك‌و نەتەوەیەك ئەگەر گرێ‌و ئاڵۆزی دەرونی زۆری هەبێ‌، بێگومان ناتوانێ‌ لەكۆمەڵ‌و وڵاتێكی دواكەوتووەوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتێكی پێشكەوتوو، ببێ‌ بەهێزێك یان كۆمەڵێكی دیموكراتی راستەقینە. 

مەلا بەختیار، تەئكیدیشی كردەوە كە دیموكراسی بەتەنها رستە دروستكردن‌و دروشم بەرزكردنەوە نییە، بەڵكو دیموكراسی كەلتورە، نەریتە، گۆڕانكاریی ریشەییە لە پەیوەندی كۆمەڵایەتی، لەزهنییەتی دواكەوتنەوە بۆ زهنیەتی پێشكەوتن. لەتێنەگەیشتن لەفەلسەفەوە بۆ تێگەیشتن لەفەلسەفە، لەنەبونی پرسیارەوە بۆ دروستكردنی پرسیار. لنەبونی وەڵامی پرسیارەوە بۆ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە نەزانراوەكان، بزانرێت. هەروەك جەختیشیكردەوە كە: پێویستە لەبنچینە وردەكانی دیموكراسی تێبگەین‌و خەباتی بۆ بكەین‌و وتی: هەتا بەرۆتینی بژین‌و لەدوبارەكردنەوەی بابەتەكان بەردەوامبین، بێگومان پێشكەوتنی گەورە، وەرچەرخانی گەورە‌و گۆڕانكاری گەورە نایەتەدی‌و بەپێچەوانەشەوە.

PUKmedia راگەیاندنی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket